1- بەرایی
ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” بە بەراورد بە زۆربەی ڕۆمانەکانی تری بەختیار عەلی، قەبارەی بچووکترە و ئاسانتر دەخوێندرێتەوە. ئەگەرچی لەمیشدا شوێن ناڕوونە، بەڵام بۆ خوێنەر ڕوونە کە مەبەست لەو شار و گوندانەی باسیان دەکات، کوێن. کات ڕوونە و باسی نیوەی دووەمی سەتەی ڕابردووە، تا ساڵانێکی نزیک لە ئێستە، بەڵام باسەکانی بە شێوەیەک هەڵبژاردوون، لەگەڵ ئەم سەردەمەی تێیداین، یەک بگرنەوە. پاڵەوانی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا، کارەکتەر نییە، بەڵکوو وێنەیەکی ڕووتە و دەبێتە نەفرەتی. کارەکتەرەکان دێن و دەچن؛ وێنەکە هەر زیندووە و دەیەوێت ئەو ڕاستییە بسەلمێنێت کە لە ڕۆمانەکەدا دووپاتی دەکاتەوە: ئیدی سەردەم سەردەمی وێنەیە. باسە سەرەکییەکان نوێ نین، هەر ئەو قسانەن لە ڕۆمانی کوردیدا، لە ژانی گەلەوە پێیدا بێ، دەگوترێن و نابڕێنەوە: ئاغا و دەرەبەگ، شۆڕش و ڕەخنە لە شۆڕش، شەرەفی پیاو و جەستەی ژن و زۆری تر.
2- جیهانیبوونی بەختیار عەلی
جیهانیبوون وشەیەکی زەقە، مەرج نییە ئەو مانایە بگەیەنێت کە خێرا دێتە مێشکمانەوە. واتە کاتێک دەڵێین خەریکە بەختیار عەلی دەبێتە جیهانی، مەبەستمان لەوە نییە ئیدی بووە بە دۆستۆیڤسکی و کامو و کافکا، یان پێمان وا بێت، “شاری مۆسیقارە سپییەکان” وەکوو “سەت ساڵ تەنیایی” و “جەنگ و ئاشتی” لێ بێت کە زۆربەی خوێنەرانی دونیا خوێندوویاننەتەوە. مەبەستمان لەوەیە، ئیدی ئەوی دیکەی جگە لە کورد و فارس، دەتوانن بەختیار بخوێننەوە، چونکە ڕۆمانەکانی وەردەگێڕدرێن بۆ سەر زمانەیلی جیاواز. هەڵبەت ئەم هەنگاوە، زۆر پێشتر ڕۆماننووسانی تری کورد بڕیویانە. هەندێک ڕۆماننووسمان هەن، هەر خۆیان کە دەستیان پێ کردووە، ئەوی تر ناسیونی و ڕەنگە ناوبانگەکەی لای ئەوان، زۆر زیاتر بووبێت لە ناوبانگی ناوخۆیی؛ بۆ نموونە یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات کە ناوی زۆر گەورەی جیهانین. یان ئەو ڕۆماننووسانەی بە زمانێکی دراوسێ دەنووسن، وەکوو ژاندۆست و ئەو بەرهەمانەی بە عەرەبی نووسیونی، ئیدی عەرەب هەم بەناو نیشتیمانی خۆیدا دەیگێڕێت، هەم دەرفەتی بەجیهانیبوونیشی پێ بەخشیوە.
خەریکە بەختیار عەلی خۆی لەم جیهانیبوونە ڕادێت و ئیدی ناتوانێت ڕۆمانی وەک “دەریاس و لاشەکان” بنووسێت، بەڵکوو کاتێک دەزانێت ئەوی تر دەیخوێنێتەوە، وەک هەر نووسەرێک مامەڵە دەکات کە دەقەکەیان کەوتووەتە دەستی خوێنەرانی میللەتانی دیکەوە و هەوڵ دەدات باڵیۆزی میللەتەکەی خۆی بێت. دوایین سێ ڕۆمانی نووسەر، قۆناغی بەجیهانیبوونی بەختیار عەلین؛ هەوڵی داوە مەزڵوومیەتی گەلەکەی و داگیرکراوییی خاکەکەی و جوانیی کولتوورەکەی بە جیهان بگەیەنێت، بەڵام نەبووە بە کارمەندی گەشتوگوزار کە هەندێک ڕۆماننووسی دیکە وا دەکەن؛ تەنیا دیوە جوانەکە باس دەکەن، بەڵکوو دیوە ناشرینەکەش بە زەقی دەهێڵێتەوە. بگرە هێندە زەقی کردوونەتەوە، هێشتا ماوێتی فێر ببێت کەمێک کاڵتر باسیان بکات، چونکە ئێستە جیهانییە، یان ڕەنگە نەوێرێت بە ئاسانی لەو خوێنەرانە بترازێت کە بە ڕۆمانی پەیامی دژ بە دەسەڵاتی کوردی خۆشیان ویستووە و قەبووڵیان نییە شتی تریان پێ بدات، بۆیە پێویستە وردە وردە بیانهێنێتە سەر ڕێچکە نوێیەکەیەوە.
پێم وایە خەریکە بەختیار عەلی لەدەست سلێمانی ڕزگاری دەبێت. ماوەی چەندان ساڵی ئەزموونی نووسەر، بەردەوام وەک کفتەی سابوونکەران، گەزۆی حەڵواچییەکان، شەقامی سەهۆڵەکە و زۆر باوی تری ئەو شارە، داکۆکیی ناڕۆشنبیرانەی لێ کراوە و نەیانهێشتووە کەس بە زمانی ڕەخنە لێی نزیک ببێتەوە؛ هەرکەسیش ئەو زاتەی کردبێت، شەڕیان پێ فرۆشتووە و تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵی کە ئەم لایەن یان ئەو دەسەڵات دنەیان دەدات.
بەختیار عەلی ڕۆماننووسێکی ڕەخنەگرە؛ سەرسامبووەکانی پێیان خۆشە بڵێن ڕۆمانەکانی ڕەخنەیی و فەلسەفیین. ئایا بنەمای فەلسەفە، گومان و پرسیار نییە؟ باشە کەسێک لەسەر بنەمای ڕەخنە، بنیادی ئەدەبەکەی نابێت، کەسێک هەموو بەهایەکی خستبێتە ژێر پرسیار و گومانەوە، بۆ دەبێت ئێمە نەتوانین بە گومان و ڕەخنەوە لە ئەدەبەکەی ئەو بڕوانین؟ جوانیی گومان لەوەدایە، ڕێ لە یەقین دەگرێت. هەوادارانی بەختیار، بە یەقینێکی هێندە پتەوەوە لە گومانەکانی ئەو دەڕوانن، ڕێگە نادەن کەس گومانی لە گومانەکانی هەبێت، ئەمەش بەڵگەیەکی کورت و پوختە کە ئەو لێشاوە، لە نووسەرەکەشیان حاڵی نەبوون، چونکە هەرگیز ڕێی تێ ناچێت خۆی ئەمەی ویستبێت، لە کاتێکدا پێش هەموو کەس، زیانی بە خۆی گەیاند و ئەودیو سلێمانی وا لێ کرد، یان نەیخوێننەوە، یان سەنگەرگرتوو بیخوێننەوە، یان ئەوانە بیخوێننەوە کە وەک نهێنییەکی گەورە سەرسامی سلێمانین و حەز دەکەن لە هەموو ڕوویەکەوە لەو شارە بچن. هەڵبەت لێرەدا مەبەستم لەوە نییە کە لەنگییە خەڵکی هەر شار و شوێنێکی تر هەوڵ بدات لە سلێمانی بچێت، وەکوو شارێکی گەشەسەندووی ئەدەبی و فیکری و پایەتەختی ڕۆشنبیری. لێرەدا گوتەیەکی بەختیار عەلی دێنمەوە یاد کە لە زاری بەیان سەلمانی ڕۆماننووسەوە، لە کۆڕێکی هەولێردا گوێم لێ بووە. گوتی: لەگەڵ بەختیار گلەییمان لە گەنجی ئێستە دەکرد کە ناخوێننەوە. پێم گوت، باشە ئێمە وا بڵێین قەینا، خەڵک لە سلێمانی سەرە بۆ کتێبەکانی تۆ دەگرن. پێی گوتم: نا بەیان خان، ئەوە هەر بۆ وێنەگرتنە.
3- سێ ڕۆمان، ڕوو لە جیهان
ڕۆمانەکانی “داگیرکردنی تاریکی”، “بەندەر فەیلی” و “نەفرەتی نەوبەهاران”، قۆناغی تازەی ڕۆمانی بەختیار عەلین. ئەوەی تا ئێستە هەموو ڕۆمانەکانی نووسەری خوێندووەتەوە و ئەو سێیەی هێشتا نەخوێندووەتەوە، بە دڵنیایی ئاگەداری شێوازی نوێی نییە. ئەوانەی لە ئێستەوە دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی نووسەر دەکەن، پێم باشە یەکسەر لەمانەوە دەست پێ بکەن، ئینجا بچنە سەر ئەوانی تر. ئەوانەش هەموو بەرهەمەکانیان خوێندووەتەوە، دەڵێن زۆر سەیرە، بۆچی ڕۆژ بە ڕۆژ لە خۆی ناچێت! تەنانەت حەزیش ناکەن لەسەر ئەم ئاراستە نوێیەی بڕوات.
ئەم سێ بەرهەمە، وێڕای ئەوەی سێ ژینگەی جیاوازن، بەڵام هێڵێک بە یەکیان دەبەستێتەوە، ئەویش بریتییە لە “کورد و ئەوی تر”. چیرۆکەکانی ناو هەر سێ ڕۆمان، ڕووداوی کورد و ئەوی تری داگیرکەرن کە هەردەم هەوڵی پلیشانەوەی کوردیان داوە. داگیرکردنی تاریکی، باسی ئەوی تری تورکە، دووەکەی تریش باسی ئەوی تری عەرەبن. ئەوەی ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهاران لە بەندەر فەیلی جیا دەکاتەوە، جارێکی تر گەڕانەوەیە بۆ چەمکی شۆڕش و دیسان هەوڵی هەڵوەشانەوەی پیرۆزیی شۆڕش دەدات، بەڵام بە هێڵێکی کاڵتر بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمانی پێشوویدا. هەڵبەت باسە تۆخەکە بریتییە لە شەرەف، ئەو چەمکەی هەزاران ژن و ماڵبات و خێزانی هەڵوەشاندەوە؛ ڕەنگە هەر پێناسەی شەرەف خۆی، ئەوە نەبێت لە بنەڕەتدا، ئەو هەموو خوێنەی لەسەر ڕژاوە.
ئەم سێ ڕۆمانە، جیا لەوەی “کورد و ئەوی تری داگیرکەر دەگێڕێتەوە”، هەوڵێکیشە بۆ پەلکێشی ئەوی تری خوێنەری بێلایەنی ڕۆژاوایی، بۆ ناسینی چیرۆکەکانی بەسەر کورددا هاتوون، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە بەلای منەوە، هەوڵی بەجیهانیبوونی بەختیار عەلییە و زۆر پێی خۆشحاڵم، بگرە هیواخواز بووم زووتر ئەم قۆناغەی بگرتایەتە بەر.
دەنگۆیەک هەیە، پێی وایە بەختیار عەلی لەمیانەی گرێبەستێکدا لەگەڵ وەشانخانەیەکی ئەڵمانی، لەسەر جۆری بابەتەکانیش گفتوگۆیان کردووە و یەکێکە لەو خاڵانەی واژووی لەسەر کردووە. خۆ ئەگەر واش بێت، هەر شتێکی باشە کاتێک بەختیار دەیەوێت لە بازنەی سلێمانی بچێتە دەرەوە و ڕوو لە جیهان بکات؛ بۆی دەرکەوتبێت لەو جیهانی ڕۆژئاوایەی ئەو لێی دەژی، ئەوەندەی پێیان خۆشە باسی ناشرینیی عەرەب و تورک بکات، هێندە ناشرینکردنی شۆڕشی کورد و دەسەڵاتی کورد و مرۆڤی کوردیان بەلاوە گرینگ نییە و لێی ناکڕن. وێڕای هەموو ئەو شتانەی نووسەر لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا بە ناشرینیان دەزانێت، لای ڕۆژئاوا، هێشتا زۆر جوانترن لەو تورکەی پێش چەند سەتەیەک داگیری کردووە و لەو عەرەبەی بە هەزار هۆ بێزی لێ دەکاتەوە.
4- کێ دەڵێ ئەم ڕۆمانە بەختیار عەلی نووسیویەتی؟
خوێنەرانی نووسەر لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، کاتێک دەیانەوێت ڕۆمانێکی بخوێننەوە، پێشەکی خۆیان بۆ ئەوە ئامادە کردووە، هێندەی چیرۆک و گێڕانەوە، وتار و شیکردنەوەی ناڕۆمان و فیکری و کۆمەڵناسیی تێدا بێت. ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” ڕۆمانێکی کەموتارە و کەمترین گوتەی دەرەوەی چیرۆکی تێدایە. بە تۆکمەیی ڕووداوی بە ڕووداوەوە گرێ داوە و ڕێگەت نادات هەناسە بدەیت. ئەم جۆرە ڕۆمانە بەلای ئەوانەی شارەزای ڕۆمان نین، بەڵام خوێنەری بەختیارن، هەست بە نامۆیییەکی زۆر دەکەن. ڕاستییەکەی زۆربەی خوێنەرانی بەختیار وتارخوێنن نەوەکوو ئەدەبخوێن. تەنانەت لە نووسینی کەسێکدا بینیم گوتبووی، ئەمە ڕۆمانی بەختیار نییە، هی نووسەرێکی ترە، تەنیا ناوی بەختیاری لەژێردا دانراوە. ئەوانەش کە شارەزای ڕۆمانن و ئاگایان لە ڕۆمانی مۆدێرنە، پێیان وایە دواجار بەختیار عەلی توانی مل بۆ مۆدێرنە کەچ بکات و لە کەلی خۆی بێتە خوارێ.
وەکوو خۆم، دوو سێ سیناریۆم بۆ ئەم گۆڕانە ڕیشەیییەی بەختیار عەلی لە نووسینی ڕۆماندا خستووەتە مێشکمەوە.
لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا بیرم لەوە دەکردەوە، ڕەنگە ویستبێتی ئەوانە بێدەنگ بکات کە پێیان وایە، بەختیار ناتوانێت ڕۆمانی لەم جۆرە بنووسێت؛ بەم ڕۆمانە، گرەوی لێ بردبنەوە. ڕاستییەکەی هەرگیز پێم وا نەبووە ناوبراو لە کەمتوانایی بێت کە بەو شێوەیەی خۆی نووسیویەتی، بەڵکوو یەکێکە لە ڕۆماننووسە دەگمەنەکانی کورد، هەموو تەکنیکەکانی نووسینی ڕۆمان شارەزایە.
تاوێکیش پێم وا بوو، لەبەر ئەوەی ئێستە ڕۆمانەکانی یەکسەر بۆ سەر زمانی جیهانی وەردەگێڕدرێن و ئەوانیش ئیدیتەرەکانیان زۆربەی وتارەکانی بۆ کورت دەکەنەوە و ئەوەندەی لەگەڵ چیرۆکەکان یەک بگرێتەوە، دەیهێڵنەوە، بۆیە ویستبێتی خۆی پێشوەختە ئەو کارە بکات، بەمەش ڤێرژنی کوردی و ڤێرژنی زمانەکانی تر، زۆر لە یەکدی جیاواز نەبن. وەکوو بیستوومە، جگە لە عەرەبی و فارسی، ڤێرژنەکانی تری ڕۆمانی بەختیار عەلی، کلکوگوێ کراون.
سیناریۆیەکیش ڕەنگە پێکەنیناوی بێت ئەوەیە، دەڵێم لەوانەیە بەختیار سەرەتا ئاوا چیرۆکەکانی ئامادە کردبێت، بۆ ئەوەی لە قۆناغی دوای ئەوەدا وتارەکانی تێ فڕێ بدات. ئیدی لەپڕ بەسەریدا هاتووە، دەی چی دەبێت ئاوا پێشکەشی خوێنەری بکەم، بزانم چۆن لێی دەڕوانن!
سیناریۆیەک هەیە، لەوانی دی زیاتر جێی بڕوای خۆمە، ئەویش گەڕانە بەشوێن خوێنەری نوێدا. خوێنەرانی بەختیار عەلی کێن؟ ئەوانەن لە ساڵانی نەوەتەوە یان سەرەتاکانی سەتەی نوێوە دەیخوێننەوە و لەگەڵیدا هاتوون. ئەم نەوە تازەیەی پێیان وایە فریای ئەو هەموو کتێبە گەورەیە ناکەون و بە ناچاری خۆیانی لێ دەدزنەوە، بەتەواوی لە بەختیار دوورن؛ تەنانەت ئەوانەش کە لافی ئەوە لێ دەدەن بەختیارناسن و دەیخوێننەوە. پێم وایە ویستبێتی بە ڕۆمانێکی ئاسان و خێرا کە خوێندنەوەکەی سێ چوار ڕۆژی بەسە، لەگەڵ خوێنەری نوێشدا خۆی ئاشنا بکات. واتە نووسەر ویستوویەتی لە ڕێی ڕۆمانێکی سادەوە، پردێکی پێوەندی لەنێوان خۆی و نەوەی تازەدا دروست بکات. خۆم بەم سیناریۆیە ڕازیم و بە هەوڵێکی باشیشی دەزانم هەر نووسەرێکی نەوەکانی پێشتر، هەوڵ بدات بە چەندان جۆر تەکنیک، خۆی بە نەوەی تازە بناسێنێت.
5- ڕۆمان مانا و پەیامە یان تەکنیک؟
خاڵێک هەیە کە جێی خۆیەتی لێرەدا لەمەڕ وتاری ناو ڕۆمان بیخەمە ڕوو. هەرگیز عەیبە و کەموکوڕی نییە، ڕۆمانێک پڕی بێت لە وتار، ئاخر وەک چۆن هەندێک ڕۆمان تەنیا گێڕانەوەن، جۆرە ڕۆمانێکیش هەن وتارئامێزن. لە دونیادا، ئەو نووسەرانەی خۆیان بیرمەند و فەیلەسووفن، ڕۆمانەکانیان وتارئامێزە، وەک میلان کۆندیرا. ئەوانەش خۆیان تەنیا ئەدیبن، بیرمەند نین، ڕۆمانی پڕ لە چیرۆکی تێکەڵ بەسەر یەک دەنووسن و بەهۆی ئەو هەموو تەکنیکەوە سەرسامی دەبین، وەک گابریێل مارکیز. بەختیار عەلی، نووسەرێکی بیرکارە، چۆن دەتوانێت ڕۆمانێکی وشکی بێ جێکردنەوەی بیرەکانی بنووسێت؟ ڕەنگە بۆ ئەدیبێک کە تەنیا شارەزای تەکنیکی نووسینی ڕۆمانە، گونجاو بێت ڕۆمانەکەی لە قاڵبی تەکنیکی نوێ لا نەدات، بەڵام بۆ مرۆڤێکی فرەکولتوور و زەنگین بە بیری جیاواز، ئەستەمە بەو شێوەیە. وای بۆ دەچم، وەک چۆن جۆرج ئۆرویل گوتی، من بۆیە ڕۆمان دەنووسم تا باسی سیاسەت بکەم، بەختیار عەلییش بۆیە ڕۆمان دەنووسێت، تا بیرەکانی بخاتە بەر دەستی خوێنەرانەوە. ئادەی چ کتێبێکی فیکریی ئەو هەیە، هێندەی نیوەی ڕۆمانێکی فرۆشرابێت و چاپ کرابێتەوە؟
پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە:
لەناو هەموو ئەو ڕۆمانانەی بەختیار عەلیدا کە بەردەوام خوێنەران قسەیان لەسەر دەکەن، باسی چی دەکەن؟
هەڵبەت باسی ئەو بابەت و باسانە دەکەن کە نووسەر لەژێر سێبەری گێڕانەوەدا ورووژاندوونی، یان ئەو ڕستانە دەردەهێنن کە پێیان سەرسام بوون، ئەمانەش ڕاستییەکەی هیچ پێوەندییەکیان بە ئەدەبەوە نییە، بەڵکوو وەک ئەوەیە وتارێکی فیکریی باشت خوێندبێتەوە و بەردەوام بۆچوونەکانی لە مێشکتدا بزرنگێتەوە.
با پرسیارێکی تر بخەمە تەنیشتییەوە: ئادەی کام کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، بەردەوام لەگەڵتدا دەژی و بیری لێ دەکەیتەوە؟ درۆی نییە بڵێم هیچیان! ئادەی کام ژینگە و ڕووداوەی ناو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، لە مێشکتدا هاوشێوەی دێڕە جوانەکانی کە خەتت بەژێریاندا هێناوە، پێوەی بەندیت؟ خۆت وەڵامی ئەمەشیان بدەوە.
لە دوایین سێ ڕۆمانی بەختیار عەلیدا، هەوڵی داوە ئەم گرفتە تەکنیکییە قووڵەش چارەسەر بکات؛ عیسمەت ئۆکتای و بەندەر فەیلی و وێنە ڕووتەکەی خانمی نەوبەهاران، لە مێشکدا دەزرنگێنەوە. هەڵبەت ئەوانیش دەکرا هێشتا باشتر بیانناسین.
6- کێ ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە؟
ڤەگێڕ (گێڕەرەوە) لە ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهاراندا، لە یەکەم ڕستەوە تا کۆتایی، کەسی سێیەمە. هیچ گۆڕانکارییەک لە ڤەگێڕدا نابینیت کە جۆرە تەکنیک و جێژبەخشییەکیشە بە خوێنەر کە لەسەر یەک ڕیتم و هەناسە کۆتایی نەیەت، بەڵکوو جار جار باز بدەیت بۆ کەسی یەکەم و لە کەسی یەکەمیشدا لە نێوان پاڵەوانێک بۆ پاڵەوانێکی تر بگوازیتەوە. تەنانەت هەندێک ڕۆماننووسی زۆر شارەزا، کەسی دووەمیش بەکار دەهێنن. ئەمەیان زۆر گرانە، هەم بۆ نووسەر و هەم بۆ خوێنەریش تێگەیشتنی ئاسان نییە.
ئەگەرچی بەپێی توێژینەوەکان، ئەو ڕۆمانانەی گێڕانەوەکە بە کەسی یەکەم سپێردراوە، زۆرتر چوونەتە ناو خوێنەرەوە و فرۆشیان زیاترە، بەڵام لایەنی خراپی ئەوەیە، ئێمە تەنیا ئاگامان لە دەروونی یەک کەسە، لەگەڵ پاڵەوانەکانی تردا مەودایەک دوورین و ئەو کەسەی لەسەریان دەدوێت و پاڵەوانی سەرەکییە، لە باسی کارەکتەرەکانی تردا بێلایەن نییە، هەر بۆیە ئێستە نووسەران کاتێک بەم شێوەیە دەنووسن، هەوڵ دەدەن لە هەندێک بەشدا، پاڵەوانێکی تر بکەنە گێڕەرەوە و ئەویش لە دیوی خۆیەوە هەمان چیرۆک بگێڕێتەوە. (من لە ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز”ـدا، ئەم ڕێبازەم هەڵبژاردووە.) بەڵام کاتێک گێڕەرەوە کەسی سێیەمە، وەک ئەم ڕۆمانەی بەختیار عەلی، ئیدی نووسەر دەستی کراوەتەوە لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر کارەکتەرەکانی بدوێت. نووسەری “نەفرەتی نەوبەهاران” چونکە کارەکتەرەکانی ئەوەندە خۆش ناوێت خۆیان قسەی دڵیان و قسەی نەستەقیش بکەن، پەنای بۆ جۆری گێڕەرەوەی هەمووشتزان بردووە کە گێڕەرەوەیەکی بێلایەن نییە، بەڵکوو وەک ئەوەی یەکێکی ناو ڕۆمانەکە بێت و لەگەڵ هەموو کارەکتەرەکاندا ژیابێت، ڕای خۆی لەسەر هەموویان هەیە، ئەمەش زۆر مۆدێرن نییە. لە ڕۆمانی مۆدێرندا، گێڕەرەوەی کەسی سێیەم، باشترە گێڕەرەوەی کامێرا بێت. ئەگەر بەختیار عەلی ماوەیەک ڕۆژنامەنووس بوایە، دەیتوانی ڕۆمان بە شێوەی کەسی سێیەمی کامێرا بنووسێت کە تەنیا ڕووداوەکان، وێنەکان و دەنگەکان دەگوازێتەوە. (مەبەستم لە ڕۆژنامەنووسی کورد نییە کە نازانێت بێلایەن بێت.)
خاڵێکی جوانی ڤەگێڕی کەسی سێیەمی تاکی هەمووشتزان ئەوەیە، دەچێتە ناو دەروونی کارەکتەرەکانیەوە. لە ڕۆمانی نەفەرەتی نەوبەهاراندا، تەنیا ئاگامان لە دەروونی “خەتیبی گەورە”یە زۆر بە باشی. کارەکتەرەکانی تر بە زۆری، هەر ئەو شتانەیان لێ دەبیستین کە بە زار دەیڵێن.
7- کارەکتەرسازی
لەگەڵ بەردەوامیی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، وردە وردە نووسەر هەموو کارەکتەرەکانمان بۆ دەناسێنێت، ئەمەش توانایی و لێهاتوویی پێویستە، بە شێوەیەک دەتوانیت لە مەرامی هەموویان تێ بگەین. ئەوەی جێی نیگەرانییە، لە وەسفی کارەکتەرەکاندا، ئێکجار کلاسیکە و یەک یەک وەکوو ڕۆمانە ڕیالیزمە کلاسیکە ڕووسییەکان، لە بنی پێیەوە تا تەوقی سەری بۆ باس کردووین، بە شێوەیەک وێنەکێش دەتوانێت هەموویان دروست بکاتەوە. لە ڕۆمانی نوێدا، دەرفەت بە خەیاڵی خوێنەر دەدرێت، وەک چۆن بەشێک بێت لە تەواوکردنی چیرۆکەکان، بەشێکیش بێت لە تەواوکردنی وێنەی کارەکتەرەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کارەکتەرەی دەبوو باش بزانین چۆنە، خانمی نەوبەهارانە، کەچی تەنیا نازانین ئەو چۆنە! وێنەیەکی ڕووتی ئەو خانمە، لە ساڵانی پەنجای سەتەی ڕابردووەوە بۆ سەرەتاکانی ئەم سەتەیە، شارێکی بە خۆیەوە گیرۆدە کردبێت، نابێت وەسفێکی ڕازیکەرمان بدەیتێ، ئێمەش بڕوا بکەین وێنەیەک دەتوانێت نیو سەتە نەفرەتی بڵاو بکاتەوە؟ هەڵبەت لێرەدا نووسەر ویستوویەتی خۆی لە هەموو ئیرۆتیک و ورووژاندنێک بپارێزێت و دژەڕەفتاری نووسەرانی تری کوردە کە بە زەبری ئیرۆتیک و جار جار پۆڕنۆگرافی، خوێنەر ڕادەکێشن.
ئەگەرچی کارەکتەرەکان خولقێنراون، بەڵام مرۆڤی هۆشیار دەتوانێت هەر یەکەیان لەگەڵ کەسێکی ڕاستیدا بگونجێنێت، ئەمەش تەکنیکێکی نوێی نووسەر نییە و لەمێژە ئەو جۆرە گەمەیە لەگەڵ خوێنەری خۆیدا دەکات، بە تایبەتی لە دروستکردنی کارەکتەر کە لە سیاسییەکان بچێت و بە کەیفی خۆی، دیدەکانی لەبارەی ئەو کارەکتەرە ڕاستییانە بخاتە ڕوو.
ئەوەی لێرەدا زۆر بەلامەوە جێی سەرنج بوو، کارەکتەری “خەتیبی گەورە” بوو! لە ڕێیەوە ئەو قسانەی بەرانبەر مەلا و بانگخواز هەیبوو، دەری بڕین و مافی خۆیەتی، بەڵام هەڵبژاردنی ئەو ناوە و وەسفەکانیشی، لە کەسێک دەچێت لە سلێمانیدا هەمان ناسناوی هەبووە، ئەویش شێخ محەمەد قەرەداغییە. ئایا بەڕاست، خەتیبی گەورەی سلێمانی، ئەوەندە دژەزانست و دژەئازادی بوو؟ بڕۆن لە ئەنوەر قەرەداغی و ئەسعەد قەرەداغیی برای بپرسن، بڕۆن دیاری قەرەداغیی برازای بدوێنن، بڕۆن زانیاری لە خەڵکی گەڕەکەکەیان وەربگرن کە کچەکانی خەتیب بە جلوبەرگی مۆدێلی سەردەمەوە دەسووڕانەوە، ئایا ئەوە مرۆڤێکی هێندە قینلەدڵ و نامرۆڤ بوو؟ ڕاستە لە سەردەمێکدا خەتیب نزیکی سەددامی گۆڕبەگۆڕ بووە، بەڵام ئەی بۆ ئەوەش نەڵێین، چەند پێشمەرگە و چەند گیراوی بەهۆی نزیکی لە بەعسەکانەوە لە پەتی سێدارە ڕزگار کردووە؟ داخۆ شێواندنەی مێژووی خەتیبی گەورەی سلێمانی، شێواندنی بەشێکی مێژووی شارێکیش نییە! هەڵبەت ئەمە گوتەیەکی لابەلایە و نووسەر ئازادە کێ ناشرین و کێ جوان دەکات. خۆ ئەگەر ئاوا ڕەخنەی لێ بگرین، دەبێت لە وەسفکردنی ئەو هەموو سەرکردە و کەسە مێژوویییەی کورد کە زۆر ناشرینی کردوون، دەبێت لێی بپرسینەوە.
ئایا دەنگەکان لە پیشەکانیان دەچن؟ بەردەوام ئەو ڕەخنەیە لە ڕۆمانی بەختیار عەلی دەخوێنینەوە کە دەنگەکان هەموویان یەک ئاستی ڕۆشنبیری و توانای بیرکردنەوەیان هەیە. منداڵێک و پیرێک، هەر بە قووڵی بیر دەکەنەوە، خوێنەوارێک و کاسبێک و پۆلیسێک، ڕەوتار و گوتاریان لە یەکدی دەچێت و هەمووشی دەنگی نووسەر خۆیەتی. هەمان ئەم ڕەخنەیە لەگەڵ ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهاراندا هاتووە. هەڵبەت دەنگی نەشازیشی تێدایە کاتێک ویستوویەتی زۆر پسپۆڕانە بەناوی خەتیبی گەورەوە قسە بکات، هەرگیز ئەو گوتە و بیرکردنەوانە، هی مەلا نین، بەڵکوو هی قەشەن. نووسەر چونکە زۆر شارەزای ئیسلام نییە و توانای ئەوەی نییە جیاوازی لە دەربڕینی مەلا و قەشەدا بکات، لە شوێنێکی ئاوادا تووشی چاڵ دەبێت. مەلا کەس نانێرێت بۆ بەهەشت، کەس بۆ ددانپێدانان بە تاوان ناچێتە لای مەلا، کەس لە ئیسلامدا بە شەهوەت تاقی ناکرێتەوە، بەڵکوو ئەوانە زوهدی کریستیانە.
8- کات و شوێن
لەم ڕۆمانەدا کات دیارە. دیسان شوێن بزرە؛ بزرێکی دیار. دەزانین باسی کوێ دەکات، بەڵام هیچ وەسفێکی شوێن و ناوهێنانی شوێنە سەرەکییەکان کە سلێمانی و گەڕەکەکانی سلێمانییە، لەم ڕۆمانەدا نەکراوە. ڕاستییەکەی ئەمە تەکنیکە، بەڵام دەبوو هیچ نەبێت لەم ڕۆمانەدا بەختیار عەلی لە ناونهێنان و وەسفی شوێندا ئازاتر بێت. تێ ناگەم بۆ ناوهێنانی بەغدا ئاسایییە، بەڵام ناوهێنانی سلێمانی کوفرە؟ چ خوێنەرێکی ڕۆمان هەیە، بەهۆی دۆستۆیڤیسکییەوە حەزی نەچووبێتە سەر شاری پترسبۆرگ، یان بەهۆی زاڤۆنەوە، نەیەوێت بارسێلۆنا ببینێت، چیکی کافکا، ژاپۆنی موڕاکامی و ئیستانبووڵی ئۆرهان پاموک زۆری تر. خۆزگە بەختیاریش خوێنەرەکانی ئەوی ئەودیوی، ئەوانەی لە دووریی کیشوەرێکی ترەوە دەیخوێننەوە، بە سلێمانی ئاشنا بکردایە و بماندیتایە کەسێک لە سلێمانی وێنە دەگرێت و بڵێت، ئەوەتام لەو شارەی بەختیار عەلی باسی دەکات! بەجیهانیبوونیش ئەمانەتە، پێویستە نووسەر ئەو ئەمانەتە بەتەواوی هەڵبگرێت. هیوادارم لە داهاتوودا، مەڵکەندی، سابوونکەران، زەرگەتە، تووی مەلیک، سەرچنار و ئەقاری، شەقامەکانی نالی، سالم و پیرەمێرد، باخی گشتی و سەهۆڵەکە، هۆتێل تایتانیک و شاری جوان، چایخانەی شەعب و کەباب قایەر و زۆر شوێن و وردەکاریی تری ئەو شارە بە خوێنەرانی دوور بناسێنێت.
9- بەردەنگ
یەکێک لە گرفتەکانی ڕۆمانی کوردی، دووبارەکردنەوەی گوتەیەکە لە لاپەڕەکانی پێشوودا گوتووتە. تکایە دووبارەی مەکەوە، تێ گەیشتم. لەم ڕۆمانە و هەموو ڕۆمانەکانی تری بەختیار عەلی، ژاندۆست، کاروان کاکەسوور، جەبار جەمال غەریب و هەر ناوێکی تری مەزنی کورد دەگریت، پڕە لە گوتەی دووبارە کە یەک جاری بەس بوو بیڵێیت. لە وەرگێڕانی ڕۆمانی “ئەوان چاوەڕێی کازیوەن”ـدا چەند جارێک بە ژاندۆستم گوت، مامۆستا لەم شوێنە و لەم شوێنە هەمان شتت گوتوون، وەڵامەکەی ئەوە بوو، جۆرە تەکنیکێکە. پاشان کاتێک خۆی ڕۆمانەکەی لە عەرەبییەوە بۆ کرمانجی وەردەگێڕا، پۆستێکی لەفەیسبووک کرد و نووسی: بەڕاستی داوای لێبوردن لە خوێنەر دەکەم، دووبارەی زۆر تێدایە.
زەقترین پاتەبووی گوتە لەناو ئەم ڕۆمانەدا، سەلماندنی ناونیشانە کە وێنەکەی خانمی نەوبەهار، نەفرەتییە. لە هەر دوازدە چیرۆکەکەدا بە شێوەی جیاواز ئەمەی گوتووە، وەک بڵێی پێشتر نەیگوتبێت! لە قسەکانی مەلاشدا کە دەیەوێت پاکیی ئیمانی خۆی بسەلمێنێت، هێندەی دەڵێتەوە، خواخواتە بیپەڕێنیت و نەجاتت ببێت.
خاڵێک کە وا دەکات هەر ڕۆمانێکی دەیخوێنینەوە، بەردەوام لە یادگەماندا بمێنێتەوە، هەندێک شتی نەگوتبێت و بۆ ئێمەی بەجێ هێشتبێت. ئەمە کردارێکی زانستییە. کاتێک مێشکت لەگەڵ خوێندنەوەکەدا بە دروستکردنەوەی وێنە یان بە تەواوکردنی چیرۆک ماندوو دەکەیت، ئیدی لە یادگەت نایەتە دەرەوە. لە ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهاراندا، لە چەند شوێنێکدا نووسەر دەیتوانی ئەو یارییەمان لەگەڵدا بکات، بەڵام وەکوو هەمیشە هەمووی بۆ ڕوون کردینەوە و ڕێگەی نەدا مێشکمانی پێوە ماندوو بکەین. لە ڕوانگەی منەوە، نووسەرانی کورد بە گشتی، متمانەیان بە توانای بیرکردنەوەی خوێنەرانیان نییە و بە گێلیان دەزانن، بۆیە خۆیان هەموو شتێکی بۆ ڕاڤە دەکەن. لێرەدا چەند نموونەیەک دەهێنمەوە:
کاتێک خەتیبی گەورە لەگەڵ غەننام دەدوێت و باسی ئەوەی بۆ دەکات پێویستە ئەو کچەی لا بێت بۆ ئەوەی ئیمانی خۆی تاقی بکاتەوە، یەکسەر لای خوێنەر گومانێک دروست دەبێت، ڕەنگە ئەویش کەوتبێتە داوی جوانیی وێنەکەیەوە. دەبوو ئەم گومانەی لە مێشکماندا بهێشتایەتەوە، تا لە ڕووداوەکانی داهاتوودا بۆمان ڕوون دەبووەوە. کەچی ئەفسەرەکە ڕێک گومانەکانی مێشکی ئێمەی خوێنەری پێ دەڵێت و سیحرەکەی بەتاڵ دەکاتەوە!
کوڕە پێشمەرگە یاخییەکەی کامیل ئاغا، لە خەڵتانی خوێنی خۆیدایە و خەریکە گیانی دەردەچێت، دوایین چەند وشەی بە زەردەخەنەیەکەوە دەردەبڕێت و دەڵێت: “بێ ئازادی، شەرەف بوونی نییە.” من وەکوو خوێنەرێک لێرەدا وەستام، گوتم ئەمە ڕستەیەکە دووبارەیە! بیرم کردەوە تا زانیم ئەو تاکە ڕستەیەیە کە پێش چەندان ساڵ، مامی لە نامەیەکدا بۆ خۆی و خوشکەکەی نارد. یەکسەر گوتم: ئای دەست خۆش کاک بەختیار، بەڕاستی جوانە. واتە ئێستە لەو نامەیەی مامی گەیشت. زۆر بەداخەوە، لە ڕستەکانی خوارتردا هەموو ئەو قسانەی شی کردەوە. واتە ئەگەر نەوەستامایە و لە خوێندنەوە بەردەوام بوومایە، هیچ بوارێکی بۆ نەهێشتبوومەوە تا بیر لە شوێنی یەکەمی ئەو ڕستەیە بکەمەوە. ئای بەداخەوە کاک بەختیار.
ئەو ژنە پیرەی ماڵی حەوت خانم بەڕێوە دەبات کێیە، خانمی نەوبەهارانە؟ چەند جوان دەبوو ئەو گومانەی موعتەسەم خستییە سەر مێشکی زیائەددین و دواتر کاتێک ئەو چوو، بۆ خوێنەر ڕوون نەبووەوە خۆیەتی یان نا، هەر ئاوا بمایەتەوە و چیرۆکەکەی تەواو نەکردایە. ئەم تەواوکردنە، ڕۆمانەکەی لاواز کرد. بەڕاستی تەنیا لە چیرۆکی منداڵان و مێرمنداڵاندا ماوە، لە کۆتاییدا ئەوانەی ناحەقییان بەسەردا کراوە، بە هەمان چەک تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە و دادپەروەری دروست دەبێت!
لێتان ناشارمەوە، منیش لە کاتی نووسینی ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز”ـدا، چەندان هەڵەی لەم جۆرەم کردبوو، بەڵام چونکە بڕوام وا بوو دەبێت پێش بڵاوکردنەوە، ئیدیتەر پێیدا بچێتەوە، ئەم خواروخێچییانەی بۆ چاک کردم و لە زۆر ڕاڤە و زیادەگوتن ڕزگارم بوو.
10- زمان
کاتێک لە باسی هەر ڕۆمانێکدا دێینە سەر قسەکردن لەبارەی زمانەوە، مەبەستمان لە سێ پایەی زمانە. یەکێکیان جوانی و چێژی گێڕانەوەیە، دووەم لێزانی لە وشەسازی و سێیەمیش لایەنی گرامەرە. گومانی تێدا نییە، زمانی بەختیار بۆ گێڕانەوە، زۆر بەچێژە، بەڵام هیچ وشەسازی و دەوڵەمەندییەک لە زمانەکەیدا نییە. ڕۆمان دەبێت زمان دەوڵەمەند بکات، وشەی نوێ بخوڵقێنێ و وشەی مردوو زیندوو بکاتەوە. لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی بە گشتی و ئەم ڕۆمانەش بە هەمان شێوە، هیچ خۆماندووکردنێکی لەو ڕووەوە پێوە دیار نییە. بۆ نموونە وشەی “سەیر”، ڕەنگە زیاتر لە پەنجا جار پاتە بووبێتەوە کە بۆ هەر یەکەیان دەیتوانی وشەیەکی جێگرەوە بەکار بهێنێت، زۆر شیاوتر لەو وشەیە. لایەنی سێیەمیش کە گرامەرە، لێرەدا نامەوێت هیچی لەسەر بڵێم، چونکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، تەنیا لەسەر خراپیی ڕێزمان و ڕێنووسی بەختیار عەلی قسەم کردووە و ئەمە یەکەم جارە بێمە ناوەڕۆک و تەکنیکەوە، بۆیە لێرەدا باسی ئەو خاڵە ناکەم.