ئایا قورئان موسڵمانی ناچار نه‌كردووه‌ به‌ڕۆژوو ببێت؟

به‌رایی: ڕۆژوو، له‌ زۆربه‌ی ئایینه‌كاندا هاتووه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ست لێی، خۆگرتنه‌وه‌یه‌ و جۆری زۆره‌، وه‌ک خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌ گشتی، یان له‌ جۆرێک خواردن و خواردنه‌وه‌، یان خۆگرتنه‌وه‌ له‌ قسه‌، خۆگرنه‌وه‌ له‌ سێكس. ڕۆژووش هه‌بووه‌، خۆگرتنه‌وه‌ بووه‌ له‌ هه‌موو خۆشییه‌كانی ژیان، وه‌ک ڕۆژووی زه‌رده‌شتی. ئیسلام ئه‌م په‌رستشه‌ كۆنه‌ی وه‌رگرتووه‌ و ئاسانی كردووه‌ (وه‌ک چۆن زۆرێک حوكمی تریشی ئاسان كردووه‌.). خۆگرتنه‌وه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌و كاتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خۆر به‌ده‌ره‌وه‌یه‌ و تێیدا قسه‌كردنیش ئازاد كراوه‌ و له‌ شه‌وانی مانگی ڕۆژوودا، هه‌موو شتێک ئازاده‌، بۆ نموونە لێكنزیكبوونەوەی هاوسەران. یه‌كێكی دی له‌و ئاسانكارییانه‌، بژاره‌. ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بوویت، له‌ سه‌فه‌ر بوویت، كارێكی گرانت هه‌بوو، هه‌ر هۆكارێكت هه‌بوو، ده‌توانیت نه‌یگریت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ هۆكارێكیشت نه‌بوو، ده‌كرێ نه‌یگریت و به‌ پاره‌ بۆ هه‌ر ڕۆژێک تێركردنی هه‌ژارێک ڕزگارت ده‌بێت. مشتومڕه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ی كۆتایییه‌.

مێژووی ڕۆژوو

له‌وه‌ته‌ی ئایین له‌سه‌ر زه‌وی هه‌یه‌، ڕۆژووش هه‌یه‌. كۆنترین وشه‌ی ڕۆژوو تا ئێسته‌یش به‌كار دێت “صوم”ـه‌، له‌ “صئوم”ی قیبتییه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌. “صئو” واته‌ خۆگرتنه‌وه‌، “م”یش واته‌ی “له‌”، ده‌بێته‌: “خۆگرتنه‌وه‌ له‌” ئه‌مه‌یش ده‌ری ده‌خات، هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ جۆران خۆگرتنه‌وه‌ هه‌بووه‌. خۆگرتنه‌وه‌ له‌ قسه‌، یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین جۆره‌كانی ڕۆژوو، پاشان خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن به‌ گشتی، یان خۆگرتنه‌وه‌ له‌ چه‌ند جۆرێكی خواردن وه‌ک به‌روبوومی ئاژه‌ڵ، خۆگرتنه‌وه‌ له‌ سێكس، خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی كهوولی و زۆری تر.

له‌ زۆربه‌ی ئایینه‌كاندا، ڕۆژوو شه‌ش هه‌فته‌ بووه‌، به‌ڵام درێژترین ماوه‌ی ڕۆژوو، جۆرێكی زه‌رده‌شتییه‌، ده‌گاته‌ پێنج ساڵ و خۆگرتنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو خۆشییه‌كانی ژیان، ئه‌مه‌ش ڕۆژوویه‌كی تایبه‌ته‌ و به‌هۆیه‌وه‌ پله‌ی ئایینی پێ به‌رز بووه‌ته‌وه‌. ڕۆژووی ئاساییی پیاوانی ئایینیی زه‌رده‌شتی، چل ڕۆژ له‌ هاوین و چل ڕۆژ له‌ زستانە. ڕۆژووی خه‌ڵكی ئاساییی ئەو ئایینە، سێ ڕۆژه‌. له‌ ئایینی مانه‌ویییه‌كاندا ڕێک وه‌ک ئیسلام، سی ڕۆژ بووه‌ و له‌ خۆرهه‌ڵاتن بۆ خۆرئاوابوون بووه‌.

نزیكترینیان له‌ ڕۆژووی ڕه‌مه‌زانی ئیسلام، ڕۆژووی سابیئه‌یه‌؛ سی ڕۆژ به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ هه‌مان خه‌سڵه‌ته‌كانی ڕۆژووی موسڵمان و پێوه‌ره‌كه‌شیان مانگه‌ نه‌وه‌ک خۆر و له‌ ده‌ستپێكی مانگی نوێ تا كۆتاییی مانگه‌كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بن، ئیتر 29 ڕۆژ بێت یان 30 ڕۆژ و یه‌كه‌م ڕۆژی دواتر ده‌كه‌نه‌ جه‌ژن. ئه‌و مه‌رجانه‌یش كه‌ پێی به‌ڕۆژوو ده‌بن، وه‌ک خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و سێكس، هه‌مان مه‌رجه‌كانی ئیسلامه‌. ڕاستتره‌ بگوترێ، مه‌رجه‌كانی ئیسلام كۆپی هه‌مان ڕۆژووی سابیئه‌یه‌.

لای جوو، چه‌ندان جۆر ڕۆژوو هەن، وه‌ک چۆن له‌ ئیسلامیشدا چه‌ندان جۆر هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ئیسلامدا “واجبه‌” مانگی ڕه‌مه‌زانه‌. لای كریستیانیش چه‌ند جۆر ڕۆژوو هه‌ن، له‌ هه‌موویان گرنگتر “ڕۆژووی مه‌زن”ـه‌ و ده‌گاته‌ 55 ڕۆژ. خۆی سێ جۆر ڕۆژووه‌ پێكه‌وه‌. لای هیندۆس، هه‌موو دووشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌یه‌ک به‌ڕۆژوو ده‌بن و ئه‌م جۆره‌ ڕۆژووه‌ش له‌ ئیسلامدا وه‌رگیراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی پاداشتی زۆری له‌سه‌ر باس كراوه‌، به‌ڵام وه‌ک یه‌كێک له‌ باشترین سوننه‌ته‌كان دانراوه‌، نەوەک واجب.

به‌كورتی ده‌توانین بڵێین ڕۆژووی ئیسلام سوودی له‌ ڕۆژووی هه‌موو ئایینه‌كانی دی كردووه‌، مامناوه‌ندێكی وه‌رگرتووه‌ و ئاسانكاریی زۆریشی تێدا كراوه‌. قورئانیش ددانی پێدا ده‌نێ، ڕۆژوو له‌سه‌ر موسڵمان نووسراوه‌، وه‌ک چۆن له‌سه‌ر ئه‌وانی پێشتر نووسرا بوو: “ياأيها الذين آمنوا كتب عليكم الصيام كما كتب على الذين من قبلكم”.

له‌ خۆگرتنه‌وه‌ له‌ گوتن بۆ خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌

به‌پێی ئایینه‌كان، شێوازی ڕۆژووگرتن جیاواز بووه‌، هه‌ندێكیان ماوه‌ی ڕۆژووه‌كه‌ چه‌ند بووبێ، شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وام بووه‌، هه‌ندێكی تریان تا خۆرئاوابوون بووه‌. هه‌ندێک ڕۆژوو، خۆگرتنه‌وه‌ بووه‌ له‌ “هه‌موو خۆشییه‌كی ژیان”: خواردنی گه‌رم و گۆشت و سپیایی، خواردنه‌وه‌ی كهوولی و خۆشاوی میوه‌، قسه‌كردن، سێكس، سه‌یركردن… هتد، هه‌ندێک ڕۆژوو، وه‌ک به‌شێكی كریستیانه‌كان، ته‌نیا خۆگرتنه‌وه‌یه‌ له‌ گۆشت و سپیایی. هه‌ندێک ته‌نیا خۆگرتنه‌وه‌ بووه‌ له‌ قسه‌كردن، ئه‌مه‌ش له‌ سه‌رده‌می زه‌رده‌شت، ئیبراهیم، داوود، یه‌حیا و زه‌كه‌ریا هه‌بووه‌. قورئان له‌ گێڕانەوەی چیرۆكی مه‌ریه‌مدا، باسی كردووه‌: “فَكُلِي وَاشْرَبِي وَقَرِّي عَيْنًا فَإِمَّا تَرَيِنَّ مِنَ الْبَشَرِ أَحَدًا فَقُولِي إِنِّي نَذَرْتُ لِلرَّحْمَٰنِ صَوْمًا فَلَنْ أُكَلِّمَ الْيَوْمَ إِنسِيًّا”.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هۆكاری ڕۆژوو بكرێت، ده‌زانین بۆچی له‌ ڕۆژووی زمانه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ ڕۆژووی خواردن و خواردنه‌وه‌. ڕۆژووی قسه‌نه‌كردن، خۆگرتنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌زاندنی سنووری ئه‌وی دی به‌ زمان، به‌ڵام ڕۆژووی خواردن و خواردنه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ به‌خشینی به‌شێک له‌وه‌ی هه‌ته‌ بۆ ئه‌وی تر. به‌خشین و گه‌یاندنی سوود به‌ به‌رانبه‌ر باشترینه‌. پله‌ی خوارتر ئه‌وه‌یه‌ خراپه‌یان به‌رانبه‌ر نه‌كه‌یت، ئه‌ویش وه‌ک ڕۆژووی زمان. كاتێک ئه‌مه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئینجا ده‌توانین له‌وه‌ تێ بگه‌ین كه‌ له‌ داهاتوودا باسی ده‌كه‌م و ده‌یسه‌لمێنم قورئان بژاری له‌ به‌رده‌م موسڵمان داناوه‌، له‌ نێوان به‌ڕۆژووبوون و نه‌بوون.

زۆر موسڵمان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، یه‌كێک به‌ڕۆژوو ببێت، به‌ڵام نوێژ نه‌كات، یان زمانی نه‌گرێته‌وه‌، ئه‌وا ڕۆژووه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدایه‌ و به‌ڵگه‌ش چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كی په‌یامهێنن ده‌هێننه‌وه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و فه‌رموودانه‌ له‌ ڕیزی ئامۆژگاری جێیان ده‌بێته‌وه‌ نه‌وه‌ک حوكم. ڕۆژوو پاكێجێكی تایبه‌ته‌ و پێوه‌ست نییه‌ به‌ هیچ شتێكی تره‌وه‌؛ ته‌نانه‌ت پێوەست نییە بە نوێژیشەوە. فه‌رمووده‌یه‌كی قودسییش هه‌یه‌، په‌یامهێن له‌ زاری خواوه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌: هه‌موو كارێكی نه‌وه‌ی ئاده‌م بۆ خۆیه‌تی، ڕۆژوو نه‌بێت، بۆ منه‌. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاكێجی ڕۆژوو، جیایه‌.

واجبوونی ڕۆژوو

له‌ قورئاندا، له‌ چه‌ند ئایه‌تێكدا وشه‌ی “صوم- صیام” هاتووه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌مووی مه‌به‌ستی له‌ ڕۆژووگرتن بێت به‌و شێوه‌یه‌ی موسڵمان له‌ ڕه‌مه‌زاندا ده‌یگرێت. هه‌ندێكی به‌پێی ورده‌كاریی ئایه‌ته‌كه‌، ده‌زانین مه‌به‌ستی له‌ خۆگرتنه‌وه‌یه‌ له‌ شتی دیكه‌. ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان، ئایه‌ته‌كانی 183 بۆ 187ـی سووره‌تی به‌قه‌ره‌یه‌، تێیدا “به‌ ئه‌رک دانراوه‌” له‌سه‌ر هه‌موو موسڵمانێک (واجب كراوه‌) به‌ڕۆژوو ببێت.

ئایه‌ته‌كان ئاوا ده‌ست پێ ده‌كات: “يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ”، بڕواداران، ڕۆژووتان له‌سه‌ر نووسراوه‌، وه‌ک چۆن له‌سه‌ر ئه‌وانی پێش ئێوه‌ نووسرا بوو.

ئایا وشه‌ی “كُتِبَ” (نووسراوه‌)، مانای واجببوون ده‌گه‌یه‌نێت؟

هه‌ندێک بۆچوونی نه‌شاز و ده‌گمه‌ن هه‌ن، پێیان وایه‌ هه‌رگیز مانای واجببوون ناگه‌یه‌نێت. چوونه‌ته‌ كڕۆكی وشه‌كه‌وه‌، به‌بێ بایه‌خدان به‌ وشه‌ی پاش خۆی و ده‌لاله‌تی كۆی ماناكه‌ و به‌كارهێنانه‌كانی تری ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ناو عه‌ره‌بدا. له‌ به‌رانبه‌ریشدا بۆچوونی هه‌ره‌ باو ئه‌وه‌یه‌، مانای “فه‌رز” ده‌گه‌یه‌نێ و له‌سه‌ر هه‌موو تاكێكی موسڵمانه‌ به‌ڕۆژوو ببێت، به‌و مه‌رجه‌ی نه‌خۆش نه‌بێت و له‌ سه‌فه‌ریشدا نه‌بێت. (سووڕی مانگانه‌ی ژنان، له‌ ڕیزی نه‌خۆشی هه‌ژمار كراوه‌).

فه‌رز و واجب، لای به‌شێک له‌ مه‌زهه‌به‌كان هاوواتان و لای هه‌ندێكی دیكه‌یان وه‌ک “حه‌نه‌فی”، جیاوازییه‌كی وردیان كردووه‌. “فه‌رز” بۆ ئه‌و شتانه‌یه‌ به‌ ئایه‌تی قه‌تعی فرمانی پێ كراوه‌. “واجب” به‌ ئایه‌تی زه‌ننی فرمانی له‌سه‌ر دراوه‌. لای زۆربه‌ی زانایانی ئیسلام، ڕۆژوو فه‌رزه‌ و ئایه‌ته‌که‌ قه‌تعییه‌. به‌ڵام كێشه‌كه‌ لێره‌دایه‌:

له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا، له‌ دوای وشه‌ی “كتب” ئه‌گه‌ر پیتی جه‌ڕڕی “علی” هه‌بێت، ده‌بێته‌ فرمان و باسی هه‌ر شتێک بێت، ده‌بێته‌ واجب. واجببونی ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان، به‌ ئایه‌تی “فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ” یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌ و هیچ مشتومڕێک هه‌ڵناگرێت.

 به‌ڵام ئایا به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ بشبێته‌ فه‌رز و به‌ قه‌تعی ته‌ماشا بكرێ؟ نه‌خێر. به‌ به‌ڵگه‌ی هه‌موو ئه‌و ئایه‌تانه‌ی تری قورئان كه‌ حوكمه‌كه‌یان به‌ “كتب” هاتوون و پاشان “على، علیكم” هاتوون:

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ فِي الْقَتْلَى.

كُتبَ عليكم إذا حَضر أحدكم الموتُ إن تَرَك خيرًا الوصيَّةُ للوالدين والأقربين.

كُتِبَ عَڵیْكُمُ الْقِتَالُ ۆهُۆ كُرْهٌ ڵكُمْ.

كُتِبَ عَلَيْهِ أَنَّهُ مَن تَوَلَّاهُ فَأَنَّهُ يُضِلُّهُ وَيَهْدِيهِ إِلَىٰ عَذَابِ السَّعِيرِ.

ده‌بینی له‌و ئایه‌تانه‌ی فرمانه‌كه‌ به‌ “كتب علیكم” هاتووه‌، له‌ ورده‌كاریی جێبه‌جێكردنیدا، گفتوگۆ و ڕای جیاواز و شیكردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت و به‌ دۆگمایی كۆتایی پێ نه‌هاتووه‌. له‌ واجببوونی ڕۆژووی ڕه‌مه‌زاندا، هه‌ر قورئان خۆی و له‌ ئایه‌تی دواتر بژاره‌كان دیاری ده‌كات.

كه‌واته‌، ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان به‌و ئایه‌ته‌ و به‌شێک له‌ ئایه‌تی 185 واجبه‌، به‌ڵام به‌ پابه‌ندبوونی ئه‌و مه‌رج و شیكردنه‌وانه‌ی هه‌ر له‌ ئایه‌ته‌كاندا باسی ده‌كات.

كێ به‌ڕۆژوو ببێت و كێ نه‌بێت؟

“أَيَّامًا مَّعْدُودَاتٍ فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ فَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَهُوَ خَيْرٌ لَّهُ وَأَن تَصُومُوا خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ”.

دوای ئه‌وه‌ی ئایه‌تی 183 ڕوونی كرده‌وه‌، ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان له‌سه‌ر هه‌موو موسڵمانێک واجب بووه‌، له‌ ئایه‌تی دواتر ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شتانه‌ چیین له‌خۆی گرتووه‌ و بواری ئاسانكاری و ده‌ستكاری تێدایه‌. چونكه‌ وه‌ک پێشتر گوتمان، ماده‌م حوكمه‌كه‌ به‌ “”كتب علیكم” هاتووه‌، به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ده‌بێ قورئان بواری ده‌ستكاری تێدا هێشتبێته‌وه‌. ئینجا با بزانین خاڵه‌كان چین؟

1-            هه‌ر موسڵمانێک، “پێی خۆش بوو” به‌ڕۆژوو بێت، به‌ڵام نه‌خۆش بوو یان له‌ سه‌فه‌ر بوو، ده‌توانێت دواتر بیگرێته‌وه‌. به‌ڵگه‌: فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ.

2-            ئه‌وانه‌ی ده‌توانن “فیدیه‌” بده‌ن، كه‌ تێركردنی یه‌ک هه‌ژاره‌ بۆ هه‌ر ڕۆژێک، ئه‌وا ده‌توانن به‌ڕۆژوو نه‌بن. به‌ڵگه‌: وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ.

3-            ئه‌وه‌ی ده‌توانێ بۆ هه‌ر ڕۆژێک، زیاتر له‌ تێركردنی یه‌ک هه‌ژار فیدیه‌ بدات، كارێكی باش بۆ خۆی ده‌كات: فَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَهُوَ خَيْرٌ لَّهُ.

4-            به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو ببن و به‌ فیدیه‌ خۆتانی لێ ده‌رباز نه‌كه‌ن، باشتره‌ بۆتان، ئه‌گه‌ر بیزانن. به‌ڵگه‌: ۆأَنْ تَصُومُوا خَیْرٌ ڵكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْڵمُونَ.

ئه‌مه‌ ئه‌و ته‌فسیره‌یه‌ كه‌ من پێی گه‌یشتووم و حاڵی بووم. خۆشبه‌ختانه‌ دوای گه‌ڕانێكی زۆر و خوێندنه‌وه‌ی ده‌یان ته‌فسیری كۆن و نوێ، گه‌یشتمه‌ هەمان ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌. جێی ئاماژه‌یه‌، له‌ كاتی گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی خۆم، بۆم ده‌ركه‌وت پێشتریش چه‌ندان ڕاڤه‌كه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌یان هه‌بووه‌.

ته‌فسیره‌ باوه‌كه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له‌سه‌ری ده‌ڕۆن ئه‌مه‌یه‌: ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌ یان له‌ سه‌فه‌ره‌، با ڕۆژانی دواتر بیگرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش ده‌توانن فیدیه‌ی ڕۆژووه‌كه‌ بده‌ن، ئه‌وا با فیدیه‌ بده‌ن به‌ڵام بیگرنه‌وه‌ باشتره‌.

فیدیه‌ یان كه‌فاره‌ت؟

ئه‌گه‌ر زانیمان جیاوازییی فیدیه‌ و كه‌فاره‌ت چییه‌، ئه‌وا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ قورئان زۆر به‌ ئاسانی ڕێگه‌ی به‌ “هه‌ر كه‌سێك” داوه‌ به‌ڕۆژوو نه‌بێت و فیدیه‌ بدات. ئه‌مه‌ش له‌ حوكمی واجببوون كه‌م نابێته‌وه‌. شتێک واجب نه‌بێ، ناچار نیت فیدیه‌ی بۆ بده‌یت.

زۆرینه‌ی زانایان ئه‌م پێناسه‌یه‌ ده‌كه‌ن: فیدیه‌ یان كه‌فاره‌ت، بریتییه‌ له‌ خۆپاككردنه‌وه‌ له‌ تاوانێكی دیاریكراو، شه‌رع داوای كردووه‌ و پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بووی. وه‌ک پابه‌ندنه‌بوون به‌ كردنی شتێک، یان نه‌كردنی شتێک.

ئه‌م پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، ته‌نیا بۆ كه‌فاره‌ت دروسته‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک فیدیه‌ ناگرێته‌وه‌. پێناسه‌ی فیدیه‌ ئه‌مه‌یه‌: له‌سه‌رته‌ حوكمێكی شه‌رعیی واجب جێبه‌جێ بكه‌یت، به‌ڵام تۆ نایكه‌یت و جێگره‌وه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كه‌یت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكت له‌سه‌ر بێت، به‌و جێگره‌وه‌یه‌ ده‌گوترێ فیدیه‌. كه‌فاره‌ت خۆپاكردنه‌وه‌یه‌ له‌ تاوان، له‌ فیدیه‌دا تاوانت نه‌كردووه‌ تا خۆت پاک بكه‌یته‌وه‌. بۆ نموونە ده‌ته‌وێت ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژوو نه‌بیت و له‌ جێگه‌یدا پاره‌ بده‌یت (هۆكار هه‌بێت یان نا).

هه‌ندێك كات فیدیه‌دان له‌ ڕۆژوو باشتره‌

هیچ حوكمێک له‌ قورئاندا، هێنده‌ی ئاگابوون له‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ته‌نیا سزا بۆ ئه‌وانه‌ به‌ ڕوونی دانراوه‌ كه‌ زه‌كات ناده‌ن، چونكه‌ مافی هه‌ژارانه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا حوكمی وازهێنان له‌ نوێژ، ڕۆژوو، حه‌ج و هه‌ر حوكمێكی تر، سزاكه‌ی له‌ قورئاندا باسی نه‌كراوه‌.

بۆ نموونه‌، له‌ ساڵانی ڕابردوودا كه‌ كوردستان كه‌وتبووه‌ قه‌یرانێكی ئابووریی سه‌خته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌، واته‌ ئه‌وانه‌ی پاره‌یان هه‌یه‌ و ده‌توانن به‌ڕۆژوو نه‌بن، فیدیه‌كه‌یان به‌ پاره‌ بدایه‌، نزیكتر نه‌بوو له‌ كڕۆكی تێگه‌یشتن له‌ قورئان؟ ڕوونتر بڵێم، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر وه‌ربگرین و گریمان نیو ملیۆن كه‌س به‌ڕۆژوو ده‌بن. ئه‌گه‌ر 250 هه‌زار كه‌سیان بڕیاریان دا، له‌جیاتی ڕۆژوو، فیدیه‌ بده‌ن كه‌ كه‌مترین نرخ بۆ مانگه‌كه‌ ده‌كاته‌ 150 هه‌زار دینار. ئایا كامیان بۆ خوا خۆشتره‌، به‌ڕۆژوو بوونایه‌ یان 37500000000 (سی و حەوت ملیار و پێنج سەت ملیۆن) دینار بخه‌نه‌ گیرفانی هه‌ژارانی شاره‌كه‌وه‌؟

به‌ڵگه‌یه‌كی قورئان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نێوان ڕۆژووگرتن و فیدیه‌دان، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ژاری له‌سه‌ر بێت، دووه‌م خێرتره‌:

كاتێک موسڵمان ده‌چێت بۆ حه‌ج، به‌ چه‌ند ڕێگه‌یه‌ک ده‌یكات، یه‌كێكیان پێی ده‌گوترێت “ته‌مه‌توع” ئه‌و جۆره‌یه‌ كه‌ ئێسته‌ باوه‌ و حاجییانی كوردیش ده‌یكه‌ن، تێیدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوای عومره‌كردن، ئیحرام داده‌كه‌نی و خۆت ده‌شۆیت و له‌به‌ری ناكه‌یته‌وه‌ تا یه‌كه‌م ڕۆژی كاتی حه‌ج، ده‌بێت فیدیه‌ بده‌یت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش كه‌فاره‌ت نییه‌ و فیدیه‌یه‌ (پێشتر جیاوازییه‌كه‌یمان باس كرد) له‌وێ چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆری لێیه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌شێكیان هه‌ژار بن، له‌ فیدیه‌كه‌دا قورئان سه‌ربڕینی مه‌ڕێكی پێش خستووه‌، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ژاران. ئه‌وانه‌ی پێیان ناكرێ، ده‌توانن له‌وێ سێ ڕۆژ به‌ڕۆژوو بن و كه‌ هاتنه‌وه‌ حه‌وتی تر به‌ڕۆژوو بن. ئایا له‌م به‌ڵگه‌یه‌ ڕوونتر هه‌یه‌؟

خۆزگە موسڵمانان باشتر لە ئایەتی واجبوونی ڕۆژوو تێ دەگەیشتن و سوودیان لەو بەشەی ئایەتەكە دەكرد كە باسی فیدیە دەكات، بۆ ئەوەی لە دۆخی قەیراندا، موسڵمانانی هەژار ڕزگار بكەن.

error: Content is protected !!