لە پێناسەی ئەو پرسیارەدا: ئایین چییە؟ ڕوانگەی جۆرێتیی ئایینمان بۆ دەردەکەوێ. کاتێک دەڵێین کام ئایین، یەکسەر ئەوە دێتە هزرەوە، باسی ئەو ئایینانە بکەین کە لەڕێی پەیامهێنەوە هاتبێت و کتێبی هەبێ و ئێستە پێڕەوی هەیە، وەک ئەو ئایینانەی بە ئاسمانی ناسراون: جوو، کریستیان و ئیسلام. جا ڕێک لێرە مەبەستی من لە وەڵامی ” کام ئایینە دەتوانێ لەگەڵ کۆرۆنا خۆی بگونجێنێ؟” ئەمە نییە. ئەگەر بە زوومێکی دوورتر لە ڕوانگەی زانستی ئایینناسی تەماشای بکەین، جیاوازییەکی زۆر لەسەر بنەچەکانی ئەو سێ ئایینەدا نییە. ئەوەی جیاوازیی دروست کردووە، بابەتی “یەکتاپەرستییە” ئەمەیش گفتوگۆیەکی زۆر هەڵدەگرێ، ئایا ئایینە ئاسمانییەکانی دیکەیش کە هەموویان نەوەی یەک ڕەچەڵەکی ئایینین کە بۆ ئیبراهیم دەگەڕێتەوە، یەکتاپەرست بوون یان نا. ئەمەیش زۆر هەڵدەگرێ و بۆ ئەوەی لە ناونیشانەکە نەیەینە دەر، تێیدا ڕۆ ناچین. بەڵام لە شوێنێکدا ئیشمان پێی دەبێ و بۆی دەگەڕێینەوە.
دوو ڕێگەی پێڕەوکردنی ئایین هەیە: ڕێگەی تەسەووف و عیرفانی، لەگەڵ ڕێگەی تەشریع و پابەندبوون بە دەقەکان. لەوەتەی ئایین هەیە، ئەم دووە دژەجەمسەر بوون. کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئایینەکان بکەین، ئینجا بچینە ناو وردەکارییانەوە، بۆمان دەردەکەوێ لە هەر ئایینە کامیان شیکردنەوەی زۆری تێدا باس کرابێت، پێڕەوانی زیاتر بەو لایەدا شکاونەتەوە و ئەو جەمسەرە بەسەر ئەوی تردا سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە ئایینی جوو، زۆرتر تەشریعییە، بۆیە یاسا و بنەما و دەستووری ئایینی و پابەندبوون بە دەق، زاڵە بەسەر ڕێگەی تەسەووفدا، بگرە کەمترین ڕێگە بە تەسەووف دراوە و بەگشتی هەڵگرانی ئایینی جوو، توندڕۆن بەرانبەر پابەندبوونەکانیان. هەر وڵاتی ئیسرائیل خۆی لەپاڵ سعوودیە، دەکرێ بە توندترین وڵاتی ئایینی هەژمار بکرێن کە ڕێگەیان بە یاسا لە دەرەوەی بنەمای ئایین بە دەگمەن داوە. لە بەرانبەردا، ئایینی کریستییان کە زیاتر ئایینێکی ئامۆژگاری و خواناسییە، بایەخی تەشریع و یاسا پلەی خوارترە، بۆیە ڕێگەی تەسەووف و عیرفانییەت لەو ئایینەدا زۆرتر جێی بووەتەوە، تەنانەت فەلسەفە لەژێر باڵی ئایینی کریستیاندا باشتر گەشە دەکات.
لەناو ئەو ئایینە ئاسمانییانەدا، ئیسلام لە ناوند جێی خۆی کردووەتەوە، ئەوەتا لە ئایەتی 143ی پەرژینی مانگادا هاتووە: “ئیدی بەم شێوەیە ئێوەمان کردووە بە ئوممەتێکی ناوەند”. لەم ئایینەدا، هاوشێوەی ئینجیل، بایەخ بە دەقی خواناسی دراوە و تەنانەت قورئان لە هەندێک دەقدا دەڵێی هاتووە وەڵامی ئەرستۆ و سوقرات دەداتەوە، وەک ئایەتەکانی باسی دروستبوونی گەردوون، توخمەکانی پێکهاتەی زەوی و ئاسمان، پێناسەی ڕۆح، خوا کێیە، خوا چییە و زۆری تر… لە بەرانبەریشدا لە ئایینی جوو زیاتریش بایەتی بە تەشریع داوە. بە شێوەیەک تۆ لەو ساتەی لەخەو هەڵدەستی، چۆن نەعلەکانت لەپێ بکەی، چۆن بچیت بۆ توالێت، چۆن بێیتە دەر، چۆن نان بخۆی، چۆن بچیتە دەر، چۆن سەلام بکەی، تا دەگاتەوە شەو، چۆن سێکسیش بکەی، هەمووی بە ڕێنوێنی توندوتۆڵ کۆنتڕۆڵ کراوە و تۆی موسڵمان بە دەقی قورئان و گوتەی پەیامهێن تەندراوی. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری بکەی، دەڵێی کەوتوویتەتە ناو ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروێل كە مافی بیرکردنەوەیشت لە دەرەوەی سنووری حیزب نییە. ئەگەر پابەندی هەموو ئەو ڕێنوێنی و کاتەلۆگانە بیت کە تەشریعی ئیسلام بۆی دیاری کردووی، بەهەمان شێوە کاتی بیرکردنەوەت بە تەواوی بۆ تەسک دەبێتەوە و بگرە هەر بە دەق سنوورداریش کراوە، ئەوەتا پەیامهێت پێت دەڵێ، زۆر پرسیارکردن باش نییە، تەنانەت ئەگەر پرسیارەکانت لەسەر گەردوون گەیشتە ئەوەی خوا کێیە و چۆن دروست بووە، ئەوە شەیتانە و دەبێ لەخۆتی دەربکەیت.
ئەو خاڵەی وای کردووە هەردەم ئیسلام جێی سەرنجی توێژەران بێت و گفتوگۆ و شیکردنەوەی زیاتری لەسەر بکەن، ئەم دوو ئاڕاستەییەیە، بەشێوەیەک دەتوانی وەک خاڵێکی نەرێیی و خراپ تەماشای بکەیت، چونکە خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و جارێک بەوپەڕی عیرفانییەوە لێت دێتە پێش و جارێکیش تەواو تەشریع، وا دەکات هەست بکەی دوو ئایینە لەناو یەک ناونیشاندا، هەر ئەمەیشە هۆکارێکی سەرەکی کە ئەم هەموو مەزهەب و ڕەوت و تیرە جیاوازەی لە ئیسلامدا دروست کردووە. ئەهلی کەلام، بڕوایان وایە ئیسلام هەموو دەرگەیەکی بۆ ئەقڵ کردووەتەوە و ئەهلی سوننەیش پێیان وایە مامەڵە لەگەڵ ئایین و ژیان، هەر ئەو ڕێگەیەیە کە پێشینە چاکەکان (سەلەفی ساڵح) لەسەری بوون. خۆ لەلایەکیشەوە دەتوانین بڵێین ئەو دووفاقییەی ئیسلام، دەرگەی کراوەنە و گەشاندنەوە و ڕیفۆرمی دروست کردووە. ئەوەتا وێڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، توانیویەتی بەردەوام بێت، چونکە لە هەر بارێکدا بیت، ژیان لە هەر دۆخێکدا بێت، زەوی لە هەر تەنگژەیەکدا بێت، ئیسلام دەتوانێ خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێ. لە کاتێکدا ئایینی جوو یان کریسیتیان، بەرگەی سەردەمەکانیان نەگرت. ئایینی جوو ئەگەر خۆیان بە چەکی نەتەوەوە نەبەستایەتەوە، هیچیان نەدەمایەوە، هەڵبەت ئەویشمان لەبەر چاوە، دوایین جار بەدەست نازییەکانەوە تووشی دووەم گەورەترین کارەساتی مێژووەکەیان بوونەوە. ئایینی کریستیان، بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێ و بمێنێتەوە، ڕیفرۆمی گەورە و ڕیشەیی کرد. هەر خۆی ئایینەکەی عیسا وەک پێشتر گوتمان، لەبەر ئەوەی دەرفەتی زۆرتری بە عیرفانییەت داوە، زووتر ئەقڵ تێیدا گەشەی کرد، هەر ئەمەیشە وای کردووە، هێشتا ئایینی یەکەمی سەر زەوییە.
لە سەردەمی کۆرۆنادا، ئیسلام چۆن دەتوانێ جێی خۆی بکاتەوە، لەکاتێکدا پەیامهێنی ئیسلام گوتوویەتی، ڕەشکە چارەی هەموو نەخۆشییەک دەکات، ئاوی زمزم بە هەر نیازێک بیخۆی، بۆت دێتە دی، واتە بیخۆ و بڵێ ئیشەڵا لە کۆرۆنا ڕزگارم دەبێ، کەواتە تووش نابیت! دەیان دەق و بەڵگەی دیکە. هەڵبەت ئەمە تەنیا ڕوویەکە، دەیان ڕووی دیکە بە هەمان شێوە دەیسەلمێنن، ئیسلام بە ڕووە تەشریعەکەی، ناتوانێ لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی ئەم سەردەمە خۆی بگونجێنێ، بۆیە هەر دەبێ موسڵمانان ڕوو لە ڕووە عیرفانییەکە بکەن. باشترین بەڵگەیش، عەربستانی سعوودیە کە یەکەم وڵاتی موسڵمانانە بە تەواوی داکۆکی لە ئیسلامی تەشریعی دەکات و “دەستەی فرمان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە”ـی هەیە کە لەژێر بڕیاری ئەوان، دەستی دز دەبڕدرێ و جەڵدە لە خەڵک دەدرێ و ژن لەسەر شەقام بەبیانووی ئەوەی حیجابەکەی باش نییە، دەگیرێ، کەچی ئێستە وڵاتی ئەو توندوتیژییە ئایینییە، بۆیان دەرکەوتووە، باشترین ڕێگەی پابەندبوونی ئایینی، عیرفانییەکەیە.
ئایینی عیرفانی، ئیسلام بێت یان کریستیان و جوو، یان تەنانەت بودایی و کۆنفۆشیوس و زەردەشتی، هیچ دەقێکت ناخاتە بەردەم تا لە دۆخە نوێیەکانی تووشی مرۆڤ دەبێ، پشتی پێ ببەستیت. ئەم ڕێگەیەی پێڕەوی ئایین، لە ئیسلامدا ئیبن سینا و فارابی وەک گەورە پزیشکی مێژوویی بەرهەم هێنا، لە ئایینەکانی دیکەیش بەردەوام پزیشک و ئەندازیار بەرهەم دەهێنێ. باشترین بانگخوازانی ئایینەکان لەم کاتەدا، ناڵێن ئەم دەقە وای گوتووە، بەگوێی بکە با تووشی کۆرۆنا نەبیت، ئەو بانگخوازانە، تەنانەت ئەگەر تا دوێنێش بڕوایان بە ڕێگەی تەشریع بووبێ، وەک مەلاکانی سعوودیە، ئێستە ڕوویان لە ڕێگە عیرفانییەکە کردووەتەوە. هەڵبەت وەک پێشتر گوتمان، ئیسلام لەبەر ئەوەی ئایینێکی یەکتاپەرستییە، هەروەها لەبەر ئەوەی بە یەکسانی هەردوو ڕێگەکەی بایەخ پێداوە، تەشریع و تەسەووف، موسڵمانان بە ئاسانی دەتوانن، لەمیانەوە بپەڕنەوە بۆ ئەویان. بەڵام هەمیشە هەر ئەو ڕێگەیە ڕاستە کە دەرگەی ئەقڵی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.