ساڵی 1992، له پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی قاهیره بۆ كتێب، له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆردا كه به‌شێكیان توندڕه‌و بوو، فه‌ره‌ج فۆده، نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری ناسراوی میسری، دیبه‌یتێكی سازد كرد… ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه نه‌ك هیچی ئه‌م نووسه‌ره‌ی نه‌خوێندووه‌ته‌وه، خۆی خوێنده‌واریشی نه‌بوو، كوژرا.
به‌یانیی هه‌شتی كانوونی دووه‌می ساڵی 1992، هۆڵی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كتێب پڕ بوو، له‌ناو جه‌ماوه‌ریشدا به به ده‌نگی به‌رز “تهكبییر الله اكبر، لااله الا الله، خوا ئامانجمانه، په‌یامهێن ڕێبه‌رمانه، قورئان ده‌ستوورمانه، جیهاد ڕێگه‌مانه، مردن له ڕێگه‌ی خوادا، پیرۆزترین ئاواتمانه” ئه‌مه‌ش وای كرد، دكتۆر سه‌میر سه‌رحان، كۆڕگێڕی نێوان به‌شداربوانی دیبه‌یته‌كه، داوا له‌و جه‌ماوه‌ر بكات كه له 30 هه‌زار تێپه‌ڕی كردبوو، هێمنی بپارێزن و گوێ بۆ میوانه‌كان ڕادێرن، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، ئه‌وان له‌سه‌ر دروشمه‌كانیان به‌رده‌وام بوون، تا وای كرد ناچار بێت، داوا له شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی بكات، پێیان بڵێ بێده‌نگی بنوێنن، هیچ نه‌بێ ده‌بێ به‌گوێ ئه‌و بكه‌ن.
ئه‌وه دیمه‌نی پێش دیبه‌یته‌كه بوو كه له‌ژێر ناوی “میسر له‌نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا” خه‌ڵك بۆی كۆ بووبوونه‌وه. به‌شداربووانی دیبه‌یته دوو به‌ش بوون، ئیسلامییه‌كان: محه‌مه‌د غه‌لی شێخی ئه‌زهه‌ر، مه‌ئموون هیزه‌یبی ڕابه‌ری ئیخوان موسلیمین، محه‌مه‌د عه‌ماره بیرمه‌ندی ئیسلامیی ناسراو. له به‌رده‌ی به‌رانبه‌ریشدا: فه‌ره‌ج فۆده و محه‌مه‌د خه‌له‌فه‌ڵڵا ئه‌ندامی پارتی ته‌جه‌موع بوون. دیبه‌یته‌كه له‌لایه‌ن “ده‌سته‌ی گشتی بۆ كتێب له میسر” ڕێك خرابوو، وه‌ك پاشكۆی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی قاهیره بۆ كتێب.
وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو لا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و مێژووی ئیسلامی و هه‌وڵی سیكۆلاره‌كان له مێژوو و ئێسته‌ی جیهانی ئیسلامی و ته‌واوبوونی به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه، به‌ڵام وا ته‌واو نه‌بوو. به‌ڵكوو بووه هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌شتی حوزه‌یرانی 1992، دوای شه‌ش مانگ له دیبه‌یته‌كه و پڕكردنی موسڵمانان له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینیی و گرووپی توندڕه‌وه‌وه، فه‌ره‌ج فۆده تیرۆر كرا.
فه‌ره‌ج فۆده كێیه؟
فه‌ره‌ج فۆده، نووسه‌ر و بیرمه‌ندێكی سیكۆلاری ناسراوی میسرییه، له 20ی ئابی 1945 له شاری دمیات (باكووری میسر) له‌دایك بووه، ماسته‌ری له كشتوكاڵ هێناوه و دكتۆراكه‌شی له فه‌لسه‌فی ئابووریی كشتوكاڵی وه‌رگرتووه. به یه‌كێك له سه‌رمه‌شقانی ڕۆشنگه‌ریی له میسر هه‌ژمار ده‌كرێ، چه‌ندان كتێبی له‌و لایه‌نه نووسیوه و كاره‌كانی هه‌مووی بۆ بره‌ودان بووه به سكۆلاری و جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت. ساڵی 1984 دوو كتێبی به ناوه‌كانی “پێش ڕووخان” و “ڕاستیی بزربوو” بڵاو كردووه‌ته‌وه، ساڵی 1985 به هه‌مان شێوه دوو كتێبی بڵاو كردووه‌ته‌وه: “یاریپێكراو” و “مه‌زه‌وگه‌رایی تا كه‌ی؟”، ساڵی 1987 كتێبی “گفتوگۆ له‌سه‌ر سیكۆلاری”ی بڵاو كردووه‌ته‌وه و بایه‌خێكی زۆری پێ دراوه و چه‌ندان جار چاپ كراوه‌ته‌وه و له زانكۆی هارڤارد و چه‌ندان زانكۆی تر خوێنداوه.
له ساڵی 1989 كتێبێكی به‌ناوی “وریاكرهوه” بڵاو كرده‌وه، تێیدا باسی له گه‌شه‌ی ڕه‌وته ئیسلامییه‌كان له نێوان ساڵانی 1982 و1987 كرد كه توانیویانه ده‌وڵه‌تێكی شاراوه پێك بهێنن و ئابووریی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێ و سوپایان هه‌بێ كه بریتییه له گرووپی چه‌كدار و نووسینگه‌ی بانگخوازییان هه‌بێ وه‌ك ئیخوان موسلیمین، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له ڕووی یاساوه كاركردنیان قه‌ده‌غه بووه. ئه‌م ڕه‌وته ئیسلامییه، ته‌نانه‌ت دزه‌یان كردووه‌ته ناو دامه‌زراوه زانستییه ئیسلامییه‌كانی وه‌ك ئه‌زهه‌ر، هه‌روه‌ها له‌ناو حزبی نیشتمانیی دیموكراتیشدا جێگه‌یان دروست كردووه و به ته‌واوی په‌لیان بۆ ڕاگه‌یاندن هاویشتووه و پڕیان كردووه له گوتار و بابه‌تی ئایینی.
فه‌ره‌ج فۆده له كتێبه‌كانیدا، له هه‌موو كه‌س زیاتر مه‌ترسیی ته‌شه‌نه‌ی ئه‌و ڕه‌وته ئیسلامیانه‌ی باس كردووه كه به ده‌یان شێوه‌ی جۆراوجۆر ڕژاونه‌ته ناو هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه و بینه‌قاقایان گرتووه و به‌ناچاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هیچ به‌بێ ئه‌وه‌ی بژاری زۆریان له به‌رده‌ست بێت، له‌نێوان چه‌ندان بژاری ئیسلامی، هه‌ر ده‌بێ یه‌كێیان هه‌ڵبژێرن. ئه‌و زۆر له‌سه‌ر مه‌ترسیی ده‌وڵه‌تی ناو ده‌وڵه‌ت دواوه كه ئێسته دواین چه‌ندان ساڵ ئینجا ئه‌و مه‌ترسییانه به ته‌واوی ئاشكرا ده‌بن كه نه‌وه‌ت ته‌نیا له میسر، له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی زۆرینه موسڵماندا چه‌كه‌ره‌ی كردووه. ئه‌و زۆر به ڕوونی پێی وا بوو، له‌نێوان ئیسلامیی میانڕه‌و و ئیسلامیی توندڕه‌ودا، ته‌نیا پله‌به‌ندی جیاوازه نه‌وه‌ك جۆرێتی.
ئه‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ری پابه‌ند بوو و كاری بۆ ده‌كرد، ئه‌وه‌یه: “ناكرێ له شارستانییه‌تیی نوێ‌دا، چاومان له سیكۆلاری بنووقێنین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كیشمان له‌سه‌ری نییه، به كوفر تۆمه‌تباری بكه‌ین. هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌كردن بۆ ده‌وڵه‌تێكی ئایینی، نه‌شاره‌زایییه به‌رانبه‌ر مافی مرۆڤ و هه‌وڵدان بۆ دروستبوونی خه‌لافه‌ت، نه‌شاره‌زایییه به مێژوو” فۆده پێی وا بوو، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسلامی سیاسی، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌رده‌می شكسته‌كان، ئه‌مه‌شه وای كردووه به ته‌واوی له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه سه‌نگه‌ری لێ بگیرێ.
له كتێبی “پێش ڕووخان” نووسیویه‌تی: “گرنگ نییه به‌لامه‌وه، ئه‌گه‌ر من له‌لایه‌ك و هه‌موو له لاكه‌ی تر بن. دڵته‌نگیشن نابم ئه‌گه‌ر ده‌نگ و شمشێریان له‌سه‌رم به‌رز بكه‌نه‌وه. تووشی شۆك نابم، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به گوتهكانمه، دوو ڕۆژی تر نائومێدم بكه‌ن. ناتۆقێم، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی به گوته‌كانم ده‌تۆقێن، هێرشم بكه‌نه سه‌ر. ئه‌وه‌ی ده‌مترسێنێ ئه‌وه‌یه، ئه‌م په‌یامه‌م نه‌گاته ئه‌و شوێنه‌ی ده‌مه‌وێ بگات. من ڕووم له‌وانه كردووه كه خاوه‌نی بۆچوونن، نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیخوازان، ئه‌وانه‌ی پشتیوانیی پره‌نسیب ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك ئه‌وانه‌ی پسپۆڕن له پێفرۆشتنه‌وه. ئه‌وانه‌ی وێڵی ڕاستین و نه‌وه‌ك كورسی، پشتیوانانی دانایی نه‌وه‌ك ده‌سه‌ڵات”.
فه‌ره‌ج فۆده، له كتێبی “ڕاستیی بزربوو”دا، زۆر به درێژی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی داوه‌ته‌وه، ئایا به‌ڕاست “ئیسلام چاره‌سه‌ره”، وه‌ك چۆن ئیسلامییه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن؟ تێیدا ده‌پرسێ، ئا‌یان هیچ سیسته‌مێكی حوكڕانیی ڕوون له بنه‌ماكانی ئیسلامدا هه‌یه؟ ئایا هیچ بناغه‌یه‌ك له قورئان و فه‌رمووده‌دا هاتووه، بۆ موسڵمانانی ڕوون بكاته‌وه، چۆن به‌یعه‌ت به فهرمانڕهواكهیان بده‌ن و كاتی نوێبوونهوهكهشی دیاری بكات؟ ئایا شێوه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕاوه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه لا ببرێ، ئه‌گه‌ر له بنه‌ماكان ده‌رچوو، مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه بدات به خه‌ڵك، وه‌ك چۆن مافی به‌یعه‌تدانیان هه‌یه؟ ئه‌رێ به‌ڕاست، سیسته‌می خه‌لافه‌ت ئیسلامی بوو؟ زۆرێكی تر له‌و جۆره پرسیارانه، له كتێبه‌كه‌دا ورووژاندوونی و خۆیشی وه‌ڵامی ڕژدی داونه‌ته‌وه و به كورتی ده‌ڵێ: ئیسلام وه‌ك ئایین شتێكه و ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می حومڕانی شتێكی تره.
دروستكردبوونی مشت‌ومڕ
هه‌ر له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆچوونه فیكرییه‌كانی فه‌ره‌ج فۆده، مشتومڕی زۆری له‌ناو ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندان و پیاوانی ئایینی دروست كرد و و هێرشێكی زۆری له‌لایه‌ن ئه‌زهه‌ر و گرووپه ئیسلامییه‌كانه‌وه بۆ چوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی ته‌كفیر كرا و بڕیار له‌سه‌ر تیرۆركردنی درا، ئه‌و كاته‌یش كه كوژرا، هه‌وڵ درا پارێزگاری له بكوژه‌كه‌ی بكرێ، چونكه پێیان وابوو ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی ناچێته قاڵبی كوشتنه‌وه، به‌ڵكوو جێبه‌جێكردنی یه‌كێك بووه له بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌ت، ئه‌ویش كوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌مانه له‌لایه‌ن محه‌مه‌د غه‌زالی له دادگه گوتران.
هه‌ر له‌ناو دیبه‌یته‌كه‌دا، به ڕوونی تۆمه‌ت بۆ فه‌ره‌ج فۆده درێژ ده‌كرا و شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی به‌وه ده‌ستی پێ كرد، پێویسته پارێزگاری له ناسنامه‌ی ئیسلامێتیی كۆمه‌ڵگه بكرێ. مه‌ئموون هزێبی كه به‌ناوی ئیخوانه‌وه ده‌دوا، ده‌ویستی دیبه‌یته‌كه به‌و شێوه‌یه لێ بكات كه باسه‌كه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی نا ئیسلامییه، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ ئیسلام ئایین و ده‌وڵه‌ته نه‌وه‌ك ته‌نیا ئایین و هه‌ركه‌س پێی وا بێت ئایینداره و ده‌وڵه‌تی نائیسلامی قبووڵ بێت، ئه‌وا بنه‌مای ئایینه‌كه‌ی كه‌موكوڕی تێدایه.
دواهه‌مین كه‌س له‌و دیبه‌یته، فه‌ره‌ج فۆده بوو، مایكه‌كه‌ی گرت به‌ده‌سته‌وه و گوتی: “ئیسلامییه‌كان سه‌رقاڵن به گۆڕینی ده‌سه‌ڵات یان گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بۆ ئاماده كردبێ”. ئینجا كۆمه‌ڵێ نموونه‌ی گرووپه ئیسلامییه‌كانی هێنایه‌وه كه چی ده‌كه‌ن و چۆن خوێند ده‌ڕێژن، ئایا ئاوا ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن. هه‌روه‌ها ناوی ده‌وڵه‌ته ئایینییه‌كانی وه‌ك ئێرانی هێنایه‌وه و گوتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌وڵه‌تی ئایینی بێت، هاوار له‌ده‌ست كۆتایییه‌كه‌ی.” ڕووی له به‌شداربووانی دیبه‌یته‌كه كرد و گوتی: “ئێوه له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا لێره دیبه‌یت له‌گه‌ڵ من ده‌كه‌ن و كاتێكیش ده‌چنه ده‌ره‌وه، سه‌رتان به ملتانه‌وه‌یه، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تی ئایینی‌دا، ئه‌وه‌ی ڕای جیاوازی هه‌بێ و به‌رهه‌ڵستی بكات، سه‌ری له جه‌سته‌ی جیا ده‌كرێته‌وه.”
“كه‌س له‌سه‌ر ئیسلام وه‌ك ئایین گومانی نییه، ئێمه لێره نه‌هاتووین قسه له‌سه‌ر ئایین بكه‌ین، هاتووین باسی ده‌وڵه‌تی ئایینی ده‌كه‌ین، جیاوازیی نێوان ئیسلام وه‌ك ئایین و ئیسلام وه‌ك ده‌وڵه‌ت باس ده‌كه‌ین. ئیسلام وه‌ك ئایین له‌ژوور سه‌رمانه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت، بابه‌تێكی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه و پێویستی به پڕۆگرامێكی ته‌واو هه‌یه تا سنووری حوكمه‌كه‌ی دیاری بكات.” له كۆتاییدا، فۆده گوتی: “هیوادارم هه‌مووتان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هیدایه‌تی ئیسلام و له شوێنی به‌رزی خۆی دابنرێ و دووری بخه‌نه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانتان”.
له دوای ته‌واوبوونی دیبه‌یته‌كه‌وه، ده‌ست كرا به هێرشكردن له دژی فه‌ره‌ج فۆده و سوپایه‌كی ڕاگه‌یاندنی بۆ خرایه كار، تا گه‌یشته ڕۆژی سێی حوزه‌یرانی 1992، كاتێك ڕۆژنامه‌ی “نوور”ی ئیسلامی به‌یاننامه‌یه‌كی زانایانی ئه‌زهه‌ری به واژووی ژماره‌یه‌كی زۆریان بڵاو كرده‌وه، تێیدا ئه‌و بیرمه‌نده كافر ده‌كه‌ن و داوا له لیژنه‌ی كاروباری حیزبه‌كان ده‌كات، ڕێگه نه‌ده‌ن پارتی “موسته‌قبه‌ل” دامه‌زرێنێ كه له‌وكاته‌دا به‌ته‌مای بوو.
دوایین ساته‌كان
دوای ته‌نیا پێنج ڕۆژ، له هه‌شتی حوزه‌یران، دوو گه‌نج له كۆمه‌ڵی ئیسلامیی میسری، له‌سه‌ر مانتۆڕسكیلێك له‌به‌رده‌م سه‌ندیكای “ته‌نویر”ی میسری كه فه‌ره‌ج فۆده سه‌رۆكی سه‌ندیكاكه بوو، وه‌ستابوون و چاوه‌ڕێی هاتنه ده‌ره‌وه‌یان ده‌كرد. له سه‌عات شه‌شه و نیوی ئێواره، كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی كوڕی و هاوڕێیه‌كی دێته ده‌ر، گوللـه‌باران كرا.
له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه له یه‌كێك له‌و بكوژانه گوتی، به‌پێی فه‌توایه‌كی ئایینی كه حوكمی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، كوشتوویانه. كاتێك لێكۆڵهوهر لێی پرسی: بۆچی فه‌ره‌ج فۆده‌ت كوشت؟ گوتی: چونكه كتێبی كوفر و بێباوه‌ڕی بڵاو ده‌كرده‌وه. پێی گوت: هیچ كتێبێكیت خوێندووه‌ته‌وه؟ گوتی: نه‌خێر، من خوێنده‌واریم نییه. لێكۆڵه‌ر پێی گوت، بۆچی پێش جه‌ژن كوشتتان؟ گوتی ئاخر بۆ ئه‌وه‌ی ببێته قوربانیی جه‌ژن و دڵی خانه‌واده‌كه‌ی زیاتر بسووتێنین.
كێ فه‌تواكه‌ی ده‌ركرد؟
فه‌تواكه له‌لایه‌ن دكتۆر مه‌حموود مه‌زرووعه مامۆستای عه‌قیده له زانكۆی ئه‌زهه‌ر ده‌ركرا كه یه‌كێك بوو له شایه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی دۆسییه‌ی فه‌ره‌ج فۆده. له دانپێدانانه‌كه‌یدا له‌به‌رده‌م دادگه گوتی: له‌لایه‌ن گه‌نجانی گرووپێكی ئیسلامییه‌وه پێوه‌ندی پێوه كرا، ڕاوێژیان پێ كرد: ئایا حوكمی هه‌ڵگه‌ڕاوه چییه؟ ئه‌ویش گوتبووی كوشتنه؟ پێیان گوتبوو: ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌یكوژێ؟، وه‌ڵامی دابووه‌وه: ئه‌و كاته ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ته‌واوی موسڵمانان. هه‌ر له شایه‌تییه‌كه‌یدا گوتبووی: فه‌ره‌ج فۆده ڕای گه‌یاندووه كه شه‌ریعه‌تی ئیسلام جێبه‌جێ ناكات و خۆی بۆ دژایه‌تیی حوكمی خوا ته‌رخان كردووه و هه‌میشه گوتوویه‌تی نابێ شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێ بكرێ، كه‌واته ئه‌وه به‌پێی ئیجماعی موسڵنانان كافره و پێویستی به ده‌سته‌یه‌ك نییه تا بڕیاری له‌سه‌ر بدات.
شایه‌تیی ئه‌وانه‌ی له دیبه‌یته‌كه‌دا له‌گه‌ڵی بوون
دوای دادگاكردنی درێژخایه‌ت و وه‌رگرتنی شایه‌تیی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له دیبه‌یته‌كه‌دا له‌گه‌ڵیدا بوون، ئینجا دادگه بڕیاری خۆی دا. شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی له دادگه گوتی: ئه‌وه‌ی كوژراوه، هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه و خوێنی حه‌ڵاڵه و شایه‌نی كوشتن بووه. ئه‌و گوته و كردارانه‌ی ده‌یكردن، خستبوونییه بازنه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه، هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ش خوێنی ده‌ڕێژرێ و وه‌لی ئه‌مر ده‌بێ پێی هه‌ستێت. ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌پشت قه‌فه‌زه‌وه وه‌ستاون، نابێ تۆمه‌تی كوشتن‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێ، به‌ڵكوو ئه‌وان شتێكیان كردووه كه ده‌بوو حكوومه‌ت بیكات، ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ.