بێبڕوایی، لەنێوان هه‌ڵوێستی زانستی و گرێی دەروونیدا

لە مێژوودا، دیاردەی بێبڕوایی وەک بابەتێکی تێکەڵ و ئاڵۆز تەماشا کراوە، چونکە ناکرێ بۆ یەک هۆکاری ڕوون و ڕەوانی بگەڕێنیتەوە و هۆکارەکانی مرۆڤ بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەبات زۆرن  و شێوەکانی بێبڕواییش هەر جیاوازن. ئەمەیش وای کردووە، پێناسەکانی سەر ئەم دیاردەیە هیچیان پڕبەپێست نەیپێکابێت. ڕەنگە خێراترینیان ئەوە بێت: هه‌ستنه‌كردن به‌ بوونی خوایه‌ك كه‌ خوڵقێنه‌ر و دروستكه‌ری گه‌ردوونه‌.

بەڵگە و نەبوونی بەڵگە

ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌ بوونی خوا نییه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكی له‌وپه‌ڕی گێلێتی بێت و هه‌رگیز بیرێكی قووڵی لێ نه‌كردبێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانی دی زۆربه‌یان له‌ ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتوون به‌و بڕیاره‌. ئه‌وانه‌ی زۆر له‌سه‌ر بوونی خوا ده‌كۆڵنه‌وه‌، هه‌ندێكیان بەتەواوی له‌سه‌ر بوونی ده‌گه‌ن به‌ یه‌قین، هه‌ندێكیشیان بۆ هه‌ردەم بێبڕوا ده‌بن. بۆچی؟

نه‌وه‌ك خوا، هه‌ر شتێك له‌ ژیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی بڕوای پێ بكه‌ین، ده‌بێ به‌ڵگه‌مان هه‌بێ، ئه‌گه‌ر نه‌بوو، هیچ نه‌بێ ده‌بێ نیشانه‌ هه‌بن. سه‌باره‌ت به‌ بوونی خوا، تا ئێسته‌ مرۆڤ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی فیزیكی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وای كردووه‌ زۆربه‌ی فه‌یله‌سووف و به‌شێك له‌ زاناكانی تر، بڕیاری نه‌بوونی خوا بده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیشانه‌ بكرێنه‌ پێوه‌ر، ڕۆژانه‌ سه‌دان و هه‌زاران نیشانه‌ دێنه‌ به‌رده‌ممان كه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوڵقێنه‌رێك هه‌یه‌. هه‌ر سه‌یری ده‌ورپشتت بكه‌، سه‌یری ئاسمان و ئه‌ستێره‌كان بكه‌، سه‌یری ئه‌م هه‌موو مادده‌یه‌كی گه‌ردوون بكه‌، ناچێته‌ ئه‌قڵته‌وه‌ كه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ دروست بووبن. زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی بڕوایان پێ هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌م نیشانانه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وانی دی كه‌ به‌ نیشانه‌ تێر نابن و ده‌ڵێن هه‌ر ده‌بێ به‌ڵگه‌ هه‌بێ، ئه‌وا خۆیان به‌ ناچار ده‌زانن بڕوای پێ نه‌كه‌ن.

هۆکاری ئابووری

ئێمە ئەگەر ئەو پێناسەیە بەتەنیا شیی بکەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە بێبڕوایی لە ئەنجامی تێفکرانی زانستیی ڕووت دروست بووە، لە کاتێکدا مەرج نییە هەموو بێبڕوایییەک بە قووڵبوونەوەی زانستی ڕووی دابێت.

لە ڕاپرسییەکدا کە ئەنجوومەنی زانستیی “سیگما ئێکس ئای” لە ئەمەریکا باکوور ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە، ئەو تاکانەی داهاتی ساڵانەیان دەگاتە 50  هەزار دۆلار، ڕێژەی بێبڕوایییان بەرزتر بووەتەوە. ئیدوارد لارسۆن توێژەری ئەو ئەنجوومەنە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، ئەوانەی داهاتی ساڵانەیان دەگاتە 150 هەزار دۆلار، ئەوا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوو لە بێبڕوایی دەکەن، ئەمەیش هەمووی دوو خاڵ دەسەلمێنێ، ئەوانیش بریتین لەوەی: یەکەم مەرج نییە هەموو بێبڕوایییەک بیرکردنەوەیەکی زانستیی قووڵی لەپشتەوە بێت، دووەمیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی داهات، مرۆڤ ئیدی گوێ بە بڕوابوون نادات.

بێبڕوایی وەک ئایدۆلۆجیا

قۆناغەکانی بێبڕوایی لە گومانەوە دەست پێ دەکات تا ڕەتکردنەوەی هەموو شتەکانی پێوەستن بە بڕواوە: ئایینەکان، خوا، کتێبە پیرۆزەکان، پەیامهێنان… لەم لۆژیکەشەوە، هەندێک لە پسپۆڕان وەک فلیپ جۆنسۆن پرۆفیسۆر و ئەکادیمیی ناوداری ئەمەریکی پێیان وایە، ئەو مرۆڤانەی ئەو ژمارە زۆرە بڕوایە ڕەت دەکەنەوە، بەدڵنیایییەوە ژمارەیەکی دیکەی بڕوا هەیە پێوەی پابەند بن، ئەگەرچی بانگەشە بۆ ئەوە بکەن کە هیچ جۆرە بڕوایەکیان نییە.

وەک تەواوی بۆچوون و فکرەکانی تری مرۆڤ، بێبڕواییش بەبێ پێشخانی ئایدۆلۆجی و مێژوویی دروست نەبووە، بەڵکوو ژمارەیەک بۆچوونی بڕوا و کولتووری و ئایدۆلۆژی و بناغەی پێوە بەندە، ئەمیش وەک هەر بۆچوونێکی تری بڕوا، بەهۆی پرسیارە بنەڕەتییەکانەوە، وردەکاریی و لق و بەشی لێ دەکەوێتەوە، وەک پرسیارەکانی ئێمە کێین؟ ڕاستیی چییە؟ ژیان چییە؟ چۆن دەژین، لەکوێوە هاتووین، چۆن دروست بووین، کەی دەستی پێ کردووە، کەی تەواو دەبێ… ئینجا لەژێر سێبەری چۆنییەتی دروستبوونی ئەو بێبڕوایییە دەردەکەوێ چ شتێک لە بنەڕەتێکی بێبڕوایییەوە هاتووە و چی لە بنەڕەتێکی بڕواوە گۆڕاوە بۆ بێبڕوایی.

با لێرە کەوانەیەک وەربگرین، ئەویش سەبارەت بە وشەی بێبڕوایی کە زۆرینەی خەڵک زیاتر وشەی “مولحید”ـی عەرەبی بەکار دەهێنن. ئه‌گه‌ر مانا زاره‌كییه‌كه‌ی وه‌ربگرین، واته‌ ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه‌ ژیان تا گۆڕه‌ و ئیدی دوای ئه‌وه‌ كۆتایی دێ. “لحد”، واته‌ گۆڕ. هه‌روه‌ها “لحد” به‌مانای خواروخێچیش دێ.

گرنگترین بنەمای ئایدۆلۆجیی بێبڕوایی بریتییە لە “ئەزەلییەتی ماددی” کە بناغەی گفتوگۆی زانستی و گفتوگۆی ئایینییە لەسەر بڕوا. گەردوون هەر هەبووە و بەبێ پابەندبوونی کات و شوێن، بەڵام بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کات و شوێن دروستی دەکەن، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەردەوامیش دەبێ. ئەمە چەقی بڕوای بێبڕواکانە لەسەر ئەزەلییەت و لە بەرانبەردا، بڕواداران پێیان وایە هەموو شتێک سەرەتایەکی هەیە و گەردوونیش لە سەرەتایەکەوە دروست بووە و خوڵقێنەرێک دروستی کردووە. مارتن ڕۆدریک مامۆستا لە زانکۆی کامبریج دەڵێ، مەبدەی ئەزەلیی ماددی، هەڕەشەیەکی قووڵە بۆ سەر هەموو ئایینەکان بەگشتی، تەنانەت هەڕەشەشە بۆ سەر سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە باوەکان، ئەمەیش بەهۆی ڕەتکردنەوەی بنەمای دروستکەر و دروستکراو کە لەمێژە مرۆڤ لەسەری ڕۆیشتووە.

وێڕای ئەوەی بێبڕوایی لە ئاسیادا زیاتر لە ڕۆژئاوا بڵاو بووەتەوە، کەچی بێبڕوایی ڕۆژئاوایی زیاتر کاریگەری بەسەر ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، ئاخر ئەوەی ئەوان قووڵتر وەک بابەتێکی ئایدۆلۆجی چووەتە ناو بابەتەکەوە.

ئەزەلییەت وەک سەرەتای بێبڕوایی

ئەگەر بە خێرایی مێژووی بێبڕوایی تەماشا بکەین، دەبینین بابەتی ئەزەلییەتی ماددە، سەرەتای بۆچوونەکان و چەقی ئەو بڕوایەیە بەڵام بە گۆڕان لە دەستەواژەکان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر. لە فەلسەفەکانی پێش سوقرات، وەک تالیس، ئەنکسیمندریس، ئەنکسیمانس، پێیان وا بووە ئەزەلییەتی ماددی، لە ماددەیەکی دیاریکراوەوە دەستی پێ کردووە، وەک هەوا یان ئاگر و ئیدی هەموو گەردوو لەوەوە دروست بوون. قوتابخانەیەکی دیکەیش کە بە ناووکیش ناو دەبرێ کە بریتین لە لۆکیبۆس و دیمکریگس، پێیان وایە یەکەی زۆر بچووک لە گەردووندا کە هێندە گچکەن ناتوانی دابەشیان بکەین، ئەوانە ئەزەلییەتی ماددەن و سەرەتای دروستبوونی گەردوونن. بەڵام ئەبیکۆر پێی وا بووە، گەردوون چۆن بووە هەر وا دەبێمێنێتەوە و بەردەوامیش دەبێت بەبێ کۆتایی. تەنانەت ئەرستۆ وێڕای ئەوەی بڕوای وا بووە جووڵێنەرێک گەردوونی دروست کردووە، هێشتا لەسەر ئەزەلییەت هاوڕا بووە.

بێبڕوایی وەک گرفتێکی دەروونی

وەک لە پێشەکیی ئەم بابەتەدا باسمان کرد، بێبڕوایی تەنیا پاڵنەرێکی زانستی نییە و ئەوەیشمان خستە ڕوو کە زۆرجار پاڵنەرەکە سەقامگیریی ئابووری بووە، واتە هیچ لۆژیکێکی قووڵی لەپشت نەبووە. لێرەدا دووپاتی ئەو خاڵە دەکەینەوە، ڕەنگە زۆر جار بێبڕوایی لە ئەنجامی پاڵنەری کۆمەڵایەتی یان سیاسی دروست ببێ، یان بەهۆی دژەڕەفتارەوە بێت، ئەم دیاردانەش تەنیا لە شوێنێک نییە و لە هەموو دونیا بەگشتی بەو شێوەیەیە. یەکێک لە هۆکارەکانی بێبڕوایی، ئەگەری هەیە بەهۆی گرفتی دەروونییەوە دروست بووبێت. دکتۆر عەمر شەریف کە زانایەکی کۆمەڵناسی ئیسلامییە و دەیەوێ لەسەر ئەم خاڵە قووڵ ببێتەوە، کتێبێکی تایبەتی بەناوی “بێبڕوایی کێشەیەکی دەروونییە” نووسیوە. لە کتێبەکەیدا پشتی بە کۆمەڵێ توێژینەوەی جیاوازی زانستی لە سەرتاسەری جیهان بەستووە. بۆ نموونە لە ڕاپرسییەکدا کە لە ئەمەریکا کراوە، لە نێوان 320  بێبڕوای پیاو، نیوەیان پێش تەمەنی 20 ساڵی کەسێکیان لێ مردووە، بەشێکی زۆریشیان بە منداڵی تووشی گرفتی زۆر بوونەتەوە، هەر بۆیە یەکێک لە توێژەران پێی وایە هەرگیز ئەوانەی بێبڕوان نابێ وەک یەک تەماشا بکرێن و لەپێشا دخی پەروەردە و ڕەوشی ژیانیان تەماشا بکرێ، ئینجا ورد ببینەوە ئایا بزانن بێبڕوایییەکەیان هۆکارێکی زانستی هەیە یان نا.

ئەوانەی بڕوایان بەم جۆرە بۆچوونە هەیە کە زۆرینەی بێبڕواکان لە منداڵیدا گرفتیان هەبووە، نموونەی چەند گەورە فەیلەسووفێک دەهێننەوە وەک  ئارسەر شۆپنهاوەر، برتنارد ڕاسێل، جان پۆل سارتەر، ڤۆڵتێر، بارۆن دی هۆڵباخ و زۆری تر کە منداڵییەکی گرانیان هەبووە، وێڕای ئەوەی بێڕوایی ئەوان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی قووڵی لێ کەوتووەتەوە و ئەگەر هۆکارەکەشی دەروونی بێت، ئەوا ئەنجامی پێگەیشتنەکانیان هەرگیز ناکرێ تەنیا لەبەر ئەو هۆکارانە بخوێنرێتەوە. هەڵبەت لێرەشدا هەمیشە وەڵامێک هەیە ئەویش ئەوەیە: مەینەتی هۆکاری داهێنانە. زۆرینەی داهێنەر و بلیمەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، بەهۆی مەینەتییەکانیانەوە بوونەتە مرۆڤی مەزن.

error: Content is protected !!