گوته هه‌ره باوه‌كه ئه‌وه‌یه، ئایین و زانست دوو ڕێگه‌ی جیاوازن و هه‌رگیز هیچ تووله‌ڕێیه‌ك نییه به یه‌كترییان ببه‌ستێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی تێپه‌ڕبوونی هه‌نگاوه‌كانی زانست بكۆڵینه‌وه، ده‌بینین هه‌ندێك جار، زانست له ڕێی ئایینه‌وه گه‌یشتووه به ده‌رئه‌نجامه‌كانی.
تۆم ماكلیش مامۆستای فیزیا له زانكۆی دۆرهامی به‌ریتانی ده‌ڵێ، له مێژه ئه‌و گفتوگۆیه هه‌یه و به‌رده‌وامیشه له‌سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان ئایین و زانست كه هه‌رگیز به‌یه‌كتری ناگه‌نه‌وه، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند زانیارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ نموونه هه‌رگیز زانست بڕوای به ڕاستیی نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵام ئایین پێوه‌سته به‌وه‌ی مرۆڤ بڕوای پێیه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیشی نه‌بێت تا بیسه‌لمێنێ.
ئه‌م مامۆستا فیزیایییه ده‌ڵێ، وێڕای ئه‌و هێڵه گشتییه، ناتوانین بڵێین هه‌رگیز ئایین و زانست له ڕێیه‌كدا یه‌كیان نه‌گرتووه، ئاخر پێوه‌ندیی ئایین و گه‌شه‌ی زانستی زۆر ئاڵۆزتره و له‌وه گرنگتره كه زۆر كه‌س باسی لێوه ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر جارێكی تر سه‌یرێكی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی نێوان زانست و ئایین بكه‌ین، ده‌بینین له زۆر خاڵدا زانست به ته‌واوی له‌لایه‌ن ئایینه‌وه پشتیوانیی كراوه.
هه‌ڵبه‌ت له‌سه‌ر پێوه‌ندیی بیركردنه‌وه‌ی زانستی و بیركردنه‌وه‌ی ڕۆحی پێشتر زۆر گوتراوه. یه‌كه‌م كه‌س ئه‌رستۆ فه‌یله‌سووفی مه‌زنی یۆنانی له سه‌ده‌ی چواری پێش زایین دركی به‌و پێوه‌ندییه كردووه و دواتریش ئیبن سینا و چه‌ند فه‌یله‌سووفێكی تر هه‌مان ئه‌و بیردۆزه‌یان نوێ كردووه‌ته‌وه.
دۆزینه‌وه‌كه‌ی ئه‌رستۆ كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر زانایانی ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خۆیان هه‌ڵگری ئایینی كریستیان بوون، بۆ نموونه لینكن و ئۆكسفۆرد له سه‌ده‌ی سیازده، ڕۆبێرت گرۆستیست چه‌ندانی دیكه‌یش له دواتردا. بۆیه ده‌بینین زۆرێك له دۆزینه‌وه زانستییه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه ئایینییه‌كاندا لێكچوونێك هه‌یه، هه‌ر وه‌ك چۆن بیرۆدۆزی “ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زن” دۆزرایه‌وه كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ ده‌قی ئایینی‌دا یه‌ك ده‌گرێته‌وه. گرۆستیست كه شیكردنه‌وه‌ی زۆری بۆ تێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌رستۆ كردووه، پێی وایه توانایی بیركردنه‌وه له بابه‌ته‌كانی گه‌ردوون له كڕۆكه مادییه‌كه‌ی بۆ ناوه‌وه‌ی، له بنه‌ڕه‌تدا له بیرێكی ئایینییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه.
ماكلیش ده‌ڵێ، ئه‌و بۆچوونانه‌ی گرۆستیست تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ڕێگه‌ی زانستیی ئێسته یه‌ك ده‌گرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت گرۆستیست له بنه‌ڕه‌تدا بۆچوونی ئایینی هه‌بووه، بۆیه ده‌ڵێ، ئه‌و توانایه‌ی پێمان به‌خشراوه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر قووڵ ببینه‌وه، له خواوه بۆمان هاتووه. له به‌رانبه‌ردا ئیسحاق نیوتن كه بڕوادار بووه ده‌ڵێ “بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵتر له بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر”.
هه‌ر له‌مێژوودا وا بووه، زۆرێك له پاڵنه‌ره زانستییه‌كان، هۆیه‌كی ئایینی هه‌بووه. فرانسیس باكۆن فه‌یله‌سووفی لاهووتیی كریستیان ڕێچكه‌یه‌كی نوێی له سه‌ده‌ی شازده‌دا به پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی نێوان ئایین و زانست دامه‌زراند. پیته‌ر هاریسۆن مێژووناسی زانستی ده‌ڵێ، هه‌ڵكه‌وتووانی ڕێگه‌ی زانسا وه‌ك باكۆن، نیوتن و ڕۆبێر بوێل، پێیان وا بووه به‌هره‌كه‌یان ته‌نیا بریتی بووه له به‌كارهێنانێكی باشتری ئه‌و هه‌سته‌وه‌رانه‌یه كه خوا پێی به‌خشیون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و زانسته بزربووانه‌ی سرووشت بدۆزنه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت له‌ناو ئیسلامیشدا ده‌یان زانای گه‌وره‌ی وه‌ك ئیبن سینا، فارابی و زۆری دیكه هه‌بوون كه چه‌ندان دۆزینه‌وه‌ی زانستی‌یان دامه‌زراندووه و له چه‌ندان بواری جیاوازدا ئه‌سپی خۆیان تاو داوه و هه‌مووشیان موسڵمان بوون، به‌ڵام ئایا ده‌كرێ به‌هۆی هه‌ڵگرتنی ئایینه‌كه بگوترێ ئه‌وانه له ده‌رئه‌نجامی ئاوێته‌كردنی ئایین و زانست گه‌یشتوون به‌و داهێنانه؟ چونكه له‌لایه‌كی تره‌وه چه‌ندان زانا پێیان وایه، هه‌موو ئه‌و زانایانه‌ی خۆیان هه‌ڵقوڵاوی ئایینێك بوون، بۆیه توانیویانه له زانست‌دا پێش بكه‌ون، دوای ئه‌وه‌ی توانییان خۆیان له ده‌قه ئایینییه‌كان ڕزگار بكه‌ن.
سۆزان نیمان فه‌یله‌سووفی ناسراو ده‌ڵێ، له كتێبی پیرۆزبدا، به تایبه‌تی له “سیفری ئه‌یووب” به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ جیهانی جه‌نجاڵدا ده‌وێ و وه‌ك خاڵێكی سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه چووه‌ته ناو بابه‌ته‌كانه‌وه، كه‌واته زانستێكی گرنگی فه‌لسه‌فی سه‌رچاوه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵێ ده‌قی ئایینی ده‌رهاتووه.
زۆرێكیش پێیان وایه، له قورئاندا پڕه له ده‌قی وه‌ها كه سه‌ره‌تا زانست ده‌ركی پێ نه‌كردووه و دواتر كاتێك گه‌یشتوون به‌و ڕاستییانه ئینجا بۆیان ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌ی له قورئاندا هاتووه ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌كانی زانست یه‌ك ده‌گرێته‌وه. بۆ نموونه قۆناغه‌كانی كۆرپه له سكی دایكی‌دا، هه‌روه‌ها پله‌كانی قووڵی ده‌ریا و تێكه‌ڵبوونی ئاوی نێوان دوو ده‌ریا و زۆری تر.
وێڕای ئه‌وه‌ی تۆم ماكلیش مامۆستای فیزیا له زانكۆی دۆرهامی به‌ریتانی به ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌وه پشتڕاست بووه‌ته‌وه، ئایین سه‌رچاوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیی زانسته، به‌ڵام هێشتا ڕای زۆرینه‌ی زانایان له‌سه‌ر ئه‌وه جێگیره كه ڕێگه‌ی نێوان ئایین و زانست زۆر جیاوازه، ئه‌گه‌رچی دوور نییه له هه‌ندێك خاڵدا یه‌كیان گرتبێ، به‌ڵام خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كه كه میتافیزیك و په‌رستنی ئه‌و زاته‌ی كه زانست بۆی شی نابێته‌وه، زۆر له یه‌كتری جیاوازن.