هەڕەشە گەورەكە

عەرەب توانییان مەلا بخەنە سەر ئەو بڕوایەی، مادەم زمانی عەرەبی زمانی قورئانە و مەككە و مەدینە شاری دابەزینی ئەو ئایەتانەن، ئیتر زمانەكە و شارەكانیان لە زمان و شاری ئێمە پیرۆزترن. كاریگەریی مەلا، بەسەر توێژێكەوە زاڵە، بەڵام زۆرینە، موسڵمانێكی كوردن یان کوردێکی موسڵمانن؛ هەرگیز پێیان وا نییە مادەم موسڵمانن، ئیدی دەبێت ددان بەوەدا بنێن كە زمانی عەرەبی لەو زمانە شیرینەی خۆیان خۆشتر و جوانتر و پیرۆزترە.

تورک، توانییان بە زەبری قەدەغەكردن، دوو نەوەی كرمانج لە زمانی شیرینی كوردی دوور بخەنەوە و بیرۆكەیەكیش بڵاو بكەنەوە، زمانی كوردی زۆر لەوە لاوازترە بتوانیت زانستی پێ بخوێنیت، بۆیە ئێستە كە قەدەغەكەش كەم كراوەتەوە، خەڵكی زۆر تاقەتی خوێندنیان نییە بە كوردی، هەر بە توركی دەنووسن و دەخوێننەوە. لەو بڕوایەشدان، زمانی توركی بەڕاستی زمانێكی گونجاوترە بۆ خوێندن.

ئەو چەكەی عەرەب و تورک لە دژی زمانی كوردی بەكاریان هێناوە، بە ئاسانی دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین. ئەوەتا ئێستە زۆربەی كورد لە باشوور، نەوەک زمانی عەرەبی پێ پیرۆز نییە، هەر تێشی ناگەن. ڕۆژێک دێت لە باكووریش وای لێ بێت. ئەوەی گرانە و ئیشی زۆری دەوێت، ئەو چەكەیە كە فارس بەرانبەر زمانی كوردی بەكاری دەهێنێت و وای كردووە، كورد هەرچەندە بە زمانی كوردی دەدوێت و گۆرانی دەڵێت و دەخوێنێتەوە، بەڵام پێی وایە زمانەكەی درێژەپێدەر و لێبووەوەی زمانی فارسییە و خۆی بە بەشێك لە هەژموونی كولتووری ئەو بزانێت. كێشەكە لەوەدایە، كوردانی خەباتگێڕ لە ڕۆژهەڵات، توانیویانە نەوە لە پاش نەوە، كوردی خۆمان تێ بگەیەنن كە نەخێر زمان و كولتووری كوردی وێڕای هەموو بەربەستێک، لە زمانی فارسی زەنگینترە، كەچی خوێنەواری كورد لە باشوور، زۆر بە كەیف و شانازی و خۆشحاڵییەوە، خۆی خستووەتە ژێر باوەشی كولتوور و زمانی فارسی و وای لێ هاتووە، نیشانەیەكی نوێخوازی و ڕووناكبیری ببێتە فارسیزانی و گوێگرتن لە هونەر و چێژوەرگرتن لە كولتووری ئەوان. لە كاتێكدا كەس نییە لە باشوور عەرەبی یان توركی بزانێت، پێی وا بێت بەشێكە لە خوێندەواری، بەڵكوو تەنیا بە بەشیک لە زمانزانی تێی گەیشتووە، وەک چۆن هەر زمانێكی دیكەی دونیا فێر دەبێت.

زۆر گرینگە دژی ئەو فەریكە نووسەر و خوێندەوارانە ببینەوە كە فارسیزانییان كردووەتە سەنگی مەحەكی شتزانی، لەكاتێكدا گرینگە فێری زمانەكە ببین، وەک هەر زمانێكی دیكە. ئەوانە پێی بزانن یان نەزانن، كەوتوونەتە ژێر چەتری پیلانگێڕییەكی ئێرانییەوە كە شەونخوونی كراوە تا ئاوا بە ئاسانی بكەونە داوەكەوە. نموونەیەكی زۆر سادە: ببینن، هەموو یان زۆربەی ئەوانەی لەژێر هەژموونی زمان و فەرهەنگی فارسیدان، دژی قەوارەی كوردستانن و هەوڵ دەدەن هەموو بەهایەتی ئەم وڵاتە بێبەها و بچووک نیشانی لاوان بدەن. ئێسته لەناو گەنجاندا، ئەم هەوڵە ئێرانیزمییە بەتەواوی بڵاو بووەتەوە. وای لێ هاتووە، هەر ئەوەندەی كوردستان و ئاڵا و ناسنامەی نەتەوەییی خۆت خۆش بوێت، پێت دەڵێن كۆیلە و گەندەڵ. ئەمە پیلانگێڕی و موئامەرەیەكی پیسە، بەداخەوە “ڕۆشنبیران!” سەرقافڵەی ڕەوتەكەن.

error: Content is protected !!