یەکەم بینین

 لە گفتوگۆیەکی خێرای نێوان من و هاوڕێیەکم لە شوێنی کارەکەمدا، گوتی: دەزانیت کاتێک سەرەتا هاتیتە ئێرە، لەناوماندا وەک مەتەڵێک و گرێیەکی نەکراوە بوویت؛ کڵاوێکی نووسەرانەت بەسەرەوە بوو، سەکسووک و تەنکەڕیشت تێکەڵ کردبوو، چاکەتێکی فشت لەبەردا بوو، ڕەنگەکەی لە پانتۆڵ و کراسەکەت جیا و بێتەنسیق… لە ژووری خۆت نەدەهاتیتە دەر، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەبێت ئەو سەرە چی تێدا بێت! ئێستە پاش تەواو ئاوێتەبوونت لەگەڵ کاری وەزارەت، کڵاو و ڕیش نەمان، چاکەتە فشەکە بوو بە قاتی ئووتووکراوی قاڵبی و بۆینباخ؛ سیحرەکەت بەتاڵ بووەوە، ئێستە تۆش هەر بەڕێوەبەرێکی وەک ئێمە.

زۆرێک لە بڕیارەکانمان لەمەڕ کەسی بەرانبەر، لە یەکەم دیتنەوە سەرچاوە دەگرێت. پسپۆڕانی گەشەپێدانی مرۆیی، زۆریان گوتووە، داخۆ چۆن ئەو یەکەم دیتنەمان، بەتایبەتی ئەگەر بۆ چاوپێکەوتنی کار، یان تەنانەت ژوان بێت، بە سەرکەوتوویی بەڕێ بکەین! ڕاهێنەرانی ئەتیکێتیش بە هەمان شێوە دووپاتی دەکەنەوە. لەمان گرینگتر، خوێندنەوەی سایکۆلۆجییە؛ لە پێناسەیدا دەبێژن: بریتییە لەو یەکەم دیدارەی نێوان دوو کەس کە وێنەیەک لە ناخدا تۆمار دەکات و بەهۆیەوە، تەمەن، ڕەگەز، کولتوور و ڕادەی تێگەیشتووییی کەسەکەمان بۆ دەردەکەوێت و دەشزانین تا چەند بایەخی بە خۆی داوە یان نا، خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزە یان لاواز.

پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم یەکەم دیدارە لە چاوی بەرانبەردا، پێناسەیەکی چەسپیومان بۆ دروست دەکات، بۆیە ئەگەر هەڵە بێت، زۆری دەوێت تا پێمان ڕاست دەبێتەوە. بۆ نموونە: ئەحمەد و شێروان، بۆ یەکەم جار لە ساونای هۆڵێکی لەشجوانیدا کە هەردووکیان ڕووتن، تەنیا شۆرتێکی کورتیان لەپێیە و خاولییەکیان بەدەستەوەیە یەکترییان ناسیوە. کاتێک ئەحمەد دەچێتە ژوورەوە، دەبینێت شێروان بە دەستی ئارەقەی سەر ورگی کە جۆگەلەی کردووە، فڕێ دەدات و خۆی بەوەوە سەرقاڵ کردووە. پاش مانگێک، ئەحمەد بە ڕێکەوت دەبینێت شێروان لە یەکێک لە کەناڵە هەواڵییەکاندا خەریکی شیکاریی دۆخی ئابووریی جیهانە، پاش شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا. لەوێدا ئەحمەد ڕەنگە یەکسەر بڵێت: ورگت جوانە! بە ئاسانی مێشکی ئەم دیمەنە نوێیە وەرناگرێت.

ئەمە دیمەنێکی هەرەمەکییە و حەق نییە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر خوێندنەوە بۆ کەسایەتیی کەسەکاندا هەبێت، بەڵام هەیەتی، هەر بۆیە سیاسییەکان بە ئەرکی دەزانن، هەردەم بە وێنەیەکی قەبووڵکراو دەربکەون. سیاسییەک زیرەک بێت، هەگیز ناهێڵێت کاتەکانی تووڕەییی ئەو ببینیت، ناهێڵێت بە بیجامەوە بیبینیت، ناهێڵێت هیچ دیمەنێک ئاشکرا بکات لە دەرەوەی ئەو وێنەیەی خۆی ویستوویەتی لە مێشکتدا دروستی بکات.

سیسرۆ، ئەدیب و گوتاربێژی ڕۆمانیی کۆن دەبێژێت: “ڕوو، وێنەی ئەقڵە لەبەردەم چاودا.” ئەرستۆ پێی وایە: “دەتوانین لەڕێی تایبەتمەندییە دەرەکییەکانی هەر کەسێکەوە، پێناسە بۆ کەسایەتییەکەی بکەین.”

گوتەیەکی بەنێوبانگی دەروونناسان هەیە، دەڵێن: هەرگیز دوو جار دەرفەتی ئەو یەکەم دیمەنەت بۆ ناڕەخسێتەوە. لە ژیانتدا هەرچی بکەیت بۆ ئەوەی یەکەم دیمەن لە مێشکی بەرانبەردا بسڕیتەوە، ئەستەمە. هەرچەندە گۆڕانکاری بە خوێندنەوەکانی بۆ تۆ دروست ببێت، هەر کاریگەریی ئەو یەکەم دیمەنەی لەسەر دەمێنێت. بۆ نموونە، ئەو بەڕێوەبەرەی هاوڕێم، ڕاستە پێم دەڵێت سیحرەکەت بەتاڵ بووەوە، بەڵام لە دانیشتن و کۆبوونەوەکاندا باسی هەرچی بکەین، پێم دەڵێت: ئادەی کاک کوردۆ ئێوە نووسەرن، چۆن بۆی دەچن؟ قسەکانی شێروان چەندە جوانیش بێت، ئەحمەد هەر دیمەنی ئارەقەی سەر ورگی لەبیر ناچێتەوە.

وێڕای ئەم هەموو کاریگەرییەی دیمەنی یەکەمی هەر کەسێک بەسەرمانەوە، بەردەوام دەبێت بیری خۆمان بهێنینەوە، نابێت لە ناونیشان و بەرگەوە، بڕیار لەسەر ناوەرۆکی کتێب بدەین، نابێت بەرگ و شێوەی دەرەکی، ئیدی بۆمان ببێتە بڕیاری کۆتایی لەسەر کەسەکان. خۆ ئەگەر پێش ئەوەی هیچ ڕۆمانێکی تۆلیستۆیت بخوێندایەتەوە، لەسەر جادە بەو شپڕێوییە بتدیبایە، ڕەنگە هەرگیز لاپەڕەییت هەڵنەدایەتەوە. ئەدی نیتچە کەم پەڕپووت بوو؟ هەرگیز بە درۆی مەزانە کە هۆکارێکی ناوداریی بەشێکی نووسەران پاش مردنیان، لەبەر ئەوە بێت کە ئیدی دیمەنی خۆیان نامێنێت، تەنیا ناخیان لەڕێی بەرهەمەکانیانەوە دەبینین، بۆیە دواتر ئەستێرەیان دەگەشێتەوە. دەڵێن حەسەن زیرەکی خۆشمان، کیژێک کە شەیدای دەنگی بووە و هەوڵی زۆری داوە بیبینێت، هێندە شێوەی پێ ناشرین بووە، دەنگەکەشی لەبەر چاو کەوتووە!

لەگەڵ ئەوەی هەرگیز بانگەشەی ئەوە ناکەین شێوە ببێتە بڕیاردەر لەسەر کەسەکان، بەڵام نابێت بیرمان بچێت، لە چاوی بەرانبەردا، بمانەوێت یان نا، شێوە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات، بۆیە ناچارین بزانین چی پیشانی چاوی بەرانبەر دەدەین، بەتایبەتی لە یەکەم دیداردا.

هێشتا لە زانکۆ بووم، دایکم دوو سێ مەنجەڵ خواردنی ئامادە کرد و لە یەکێک لە بەشەناخۆیییەکاندا لەگەڵ خوێندکاران کۆ بووینەوە. کۆبوونەوەکە بەبۆنەی هاوڕێیەکی نوێمان بوو. یەکێک لەوانەی لە بەشەناوخۆیییەکە بوون، کاتێک زانی میوانێکمان دێت کە یەکەم جارە دەیبینێت، جوانترین بەرگی خۆی لەبەر کرد. هەموومان گاڵتەمان لێی دەهات، چونکە تەواوی خوێندکارانی دیکەی ناو بەشەناوخۆیییەکە بە بیجامەوە بوون و ئێمەش کە ماڵمان لە شار بوو، بە جلێکی زۆر سادەی ئاسایی بەشداریی خوانەکەمان کرد. ئەو هاوڕێیەمان کە خوێندکاری بەشی دەروونناسی بوو گوتی: ناهێڵم یەکەم دیدارم لە چاوی ئەو میوانەماندا بە بیجامەوە بێت. وا ئێستە دەزانم بۆ وای گوت.

مالکۆلم گلادیۆل، کتێبێکی لەو بارەیەوە بەناوی “Blink” نووسیوە، تێیدا ئاماژە بە زیرەکیی مێشکمان بە یارمەتیی بەهێزیی وردبینی چاومان دەکات، چۆن لەو یەکەم دیدارەدا، تەنانەت ئەگەر چەند چرکەیەکیش بێت، هەموو وردەکارییەک تۆمار دەکات و بۆ هەموو تەمەن لە مێشکدا دەمێنێتەوە. ئەو نووسەرە بە شێوەی زانستی دەیسەلمێنێت، ئەو هێزەی مێشک و چاومان بۆ یەکەم نیگای هەر کەس و شتێک بەکاری دەهێنێت، دەیان هێندەی ئەو توانایییەیە لە کەسان و شتانێکدا بەکاری دەهێنێت کە پێشتر بینیونی و لێیان ڕاهاتووە.

ئەو خول و ڕاهێنانانەی بۆ ئەتەکێت و شێوازی دەرەکیمان بەردەوام دەگوترێنەوە، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کەسانێکی بەتاڵ بە دیمەنێکی جوانەوە بێتە بەر چاومان و تا ماوەیەک وەک کەسێکی گرینگ بێنە لێی بڕوانین، بەڵام لە بەرانبەردا زۆر سوودی بۆ ئەوانە هەیە کە پڕن، بەڵام بایەخیان بە شێوەی دەرەکییان نەداوە، ئاخر حەیفە خاڵییەکی کەشخە، لە پڕێکی پەڕپووت خێراتر بچێتە دڵەوە کە واشە.

هەر لەبەر ئەوەی نووسەریت، یان هونەرمەندیت، کێ گوتی ئیتر ناچاریت شێوەی دەرەکیت شێواو بێت؟ کێ گوتی بەوە گرینگ و فەلسەفیانە دەردەکەویت؟ کێ گوتی ئەگەر ناخێکی قووڵت هەبێت، نابێت قاتێکی جوانت لەبەر بێت، یان بنەماکانی ئەتەکیت نەزانیت؟ لەم بابەتەدا پەتێکی باریک هەیە ئەویش ئەوەیە: نەبیتە بەندەی شێوەی دەرەکی، بەڵام بێبایەخیشی نەکەیت.

مالکۆلم دەڵێت: ئەم هەڵسەنگاندەمان بۆ بەرانبەر لە یەکەم دیدارەوە، بەشێکی بنەڕەتییی ئینسانبوونمانە. مێشکمان لەو یەکەم دیدارەدا، خەریکی شیکردنەوەی ورد و درشتی بەرانبەرە. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە، مێشکمان بۆ هەموو ئەم شیکردنەوەیە، تەنیا چرکەیەک یان دوو چرکەی پێویستە.

نووسەری ناوبراو نموونەی سەرکردە لێهاتوو و مەزنەکان دەهێنێتەوە، چۆن لەو یەکەم دیدارەی هەر کەسێکدا دەتوانن خوێندنەوەی زۆر ورد بۆ کەسەکە بکەن، بەشێوەیەک هەڵی دەسەنگێنن کە بە زەحمەت هەڵەیەکی تێدا هەبێت. ناپلیۆن یەکێک بووە لەو سەرکردانەی سەرناس بووە و بەو یەکەم چرکەیە زانیویەتی ئەو کەسەی بەرانبەرێتی، بایی چەندە. گلادیۆل جگە لە سەرکردەکان، دەپەڕێتەوە بۆ قوتابی و خوێندکاران و دەڵێت: ئەوانیش هەر کە مامۆستایەکی نوێ دێتە پۆلەکەیانەوە، دەزانن کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە یان لاواز و دەزانن زیرەکە یان کەمتوانا، بۆیە ئەو مامۆستایە ئەگەر کەسایەتییەکی کاریزمایی نەبێت، هەرچەند هەوڵ بدات هاتوهاوار بەسەر قوتابییانی بکات، زیاتر دەبێتە جێی گاڵتەجاڕی و قەشمەریپێکردن.

وەک لە نموونەکەی ئەحمەد و شێرواندا باسم کرد، یان تەنانەت نموونەکەی خۆم و هاوڕێکەم، دەبینن هەڵسەنگاندەکان زۆر هەرەمەکین و ڕەنگە خۆمان نەمانەوێت ئەوەمان لەسەر بخوێننەوە کە خوێندوویانەتەوە، کەواتە خۆمان چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو یەکەم دیدارەی هەر کەسێک، هەڵە نەبێت؟ دانیێل کانیمان، پسپۆڕی دەروونناس دەبێژێت، پێویستە پێش ئەوەی مێشکمان شیکردنەوەکانی لەسەر ئەو یەکەم دیدارە بچەسپێنێت، لەخۆمان بپرسین، ئایا هەڵسەنگاندنەکانمان عاتفییە یان ئەقڵی؟

کۆی باسەکە دوو لایەنمان بۆ دەردەخات ئەویش ئەوەیە، هەوڵ بدەین هەردەم یەکەم دیدارمان لەگەڵ ئەوانەی بەلامانەوە جێی بایەخن، لە ڕووی گفتوگۆ، شێوەی دەرەکی و هەڵسوکەوت، بەتەواوی داڕێژراو بێت، بۆ ئەوەی یەکەم داخڵبوونمان بۆ مێشکی ئەو، ئەرێیی بێت. دووەمیش بۆ خۆمانە کە دەبێت هەوڵ بدەین ئەو یەکەم دیدارە هەڵبەسنگێنین و نەهێڵین لە دەرەوەی ئەقڵ، تەنیا سۆز بڕیارەکانمان پێ بدات و هەوڵیش بدەین بەشێکی هەڵسەنگاندنەکەمان بۆ ئەزموونمان لەگەڵ کەسەکان بهێڵینەوە.

error: Content is protected !!