“بۆ نان سەرت شۆڕ مەکەرەوە، کەوچکەکە ببە بۆ دەمت، تەنیا بۆ کتێب دەتوانی سەرت نەوی بکەی.”
باوکم
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بینووسم، ئەزموونی خۆمە لەگەڵ خوێندنەوەدا، ئەزموونێکی ناڕێک، ناجێگیر و دانەڕێژراو. بەهۆی گۆشی خانەوادەوە، سەرەتای خوێندنەوەکانم لە کتێبی ئایینی و چیرۆکی ئایینی دەستی پێ کردوە. ڕەنگە یەکەم چیرۆک کە خوێندبێتمەوە و سەرنجمی ڕاکێشابێت، چیرۆکی مووسای پەیامهێن بێت، جیهانێکی ئەفسانەیی بارگاوی بە پەیامی ئایینی.
لەوانەیە بۆ ئەو سەرەتایەی تەمەنم کە هێشتا نەگەیشتبوومە 10 ساڵ، پەیامەکە زۆر ڕوون نەبووبێ، بەڵام ئەوە ڕوون بوو، چۆن مووسا گۆچانەکەی دەستی کرد بە هەژدیها و هەموو مارەکانی تری قووت دا، چۆن پێشتر بە زللـەیەک کابرایەکی کوشت، چۆن ساڵانێکی درێژ شوانێتی کرد تا کچێکی بدەنێ، خوا شاخێکی بۆ داڕووخان تا بزانێ هێزی بینینی ئەو چییە، بە گۆچانەکەی لە دوا قۆناغی پەیامیدا، دەریای سووری شەق کرد! ئەمانە لە منداڵییەوە بخوێنیتەوە، ئیدی بۆ هەمیشە حەز لە خوێندنەوەی چیرۆکی ئەفسانەیی و رۆمانی پڕ لە چیرۆکی جۆراوجۆر دەکەیت. چیرۆکی یووسف و زوڵەیخا، نووح و کوڕەکەی، ئیبراهیم و ئاگرەکە، سلێمان و قسەکردنی لەگەڵ ئاژەڵان و بە چاوتروکانێک هێنانی عەرشی بەلقیس، ئیبراهیم و چەقۆکەی دەستی بۆ کوشتنی ئیسماعیل، یاقووب چاکبوونەوەی چاوی بە گەڕانەوەی کراسی کوڕەکەی، یوونس و حووتەکەی قوتی دا و نەمرد و هاتیشە دەرەوە، ساڵح و حوشترەکەی، عوزەیر و کەرەکەی، پیاوانی ئەشکەوت و سەگەکەیان و سێ سەدە خەوتنیان، عیسا و زیندووکردنەوەی مردوو، ڵووت و گوندە هاوڕەگەزبازەکەی، داوود و گۆرانییەکانی، ئەیووب و بۆگەنەکەی، زەکەریا و یەحیا و دووکەرتکردنیان، یووسف و بیرەکەی و دەیان ئەفسانەی دیکەی موحەممەدیش، هەموو ئەمانە پێکەوە یەکەم سەرەتای چیرۆکە ئەنتیکەکانی منداڵی من بوون. هەندێکیشیان بۆم دەبوونە مۆتەکەی شەو و لە خەوی قووڵ خەبەریان دەکردمەوە. ئەم چیرۆکانە هەمان هەوێنی حەزی خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان بە کەسێک دەبەخشن کە لەسەر چیرۆکە ئەفسانەیییە ئەورووپییەکان ڕاهاتووە و ئێستە هەموویان کراون بە فیلم، وەک ساندرێلا، شازادە و کورتەباڵاکان، شاجوان و دێو، قەنبوورەکەی نۆرتردام و زۆری تر.
یەکەم دارەدارەم بۆ ئەوەی پێ بگرم، بە ڕەفەی کتێبەکانی کتێبخانەکەی باوکم بوو، لە ژوورێکدا، تەنیا بە کتێب ڕازێندرابووەوە. دایکم بۆمی باس کردووە، یەکەم لێدانیشم بە دەستی باوکم، لە خستنەخوارەوەی کتێبەکانی بووە. باوکم هێندەی خوێندنەوەی کتێبەکانی، چێژی لە دیمەنی کتێبخانەکەی وەردەگرت و بەردەوام خەریکی پۆلێن و ڕێککردنیان بوو. مامێکی باوکم، ڕۆژێکی نزا دەکات: “خوایە نەمکەیت بە کتێب و لەبەردەست عومەر دامنێی” ئاخر هەر جارێک بۆ ماڵمان هاتبێ، باوکم ئەگەر کتێبێکی لەبەردەست نەبووبێ بۆ خوێندنەوە، بە دڵنیایییەوە خەریکی ڕێکخستنیان بووە.
من لەو ماڵەدا گەورە بووم، هەمیشە گرنگترین و سەرەکیترین ژوورەکانی لە هەر شوێنێک ژیابین، ژووری کتێبخانە بووە. ئێستەیش گرنگترین ساتەکانی باوکم، ئەو کاتانەیە کە لە کتێبخانەی ماڵەوە یان ژووری کتێبخانەی مزگەوتەکەی دانیشتووە. هێشتا نەچووبوومە قوتابخانە، بردمییە حوجرە، لەوێ بە عەرەبی فێری نووسین و خوێندنەوە بووم. پێش ئەوەی بزانم دارا دوو داری دیوە، دەمزانی ئەگەر بەرگێکی کتێبێکی تەفسیر دەرهێندرابێت، شوێنەکەی کوێیە و سواری پەیژەکە دەبووم و لە شوێنی خۆی دام دەنا. مێوژە نایابەکەی مام زۆرابم نەدیبوو، چاوم پڕ بوو لە سەدان ناونیشان و ڕۆژانە بەشێکی چێژەکانم بریتی بوو لە دۆشدامان لەو ژوورەدا و هەوڵدان بۆ نووسینەوەی ناونیشانی کتێبەکان، یان دروستکردنەوەی نەخشەی کتێبخانەکە.
گەورەترین کۆست و کارەساتی ژیانی باوکم، ئێستەیشی پێوە بێت هەر ئەوە بوو لە سەرەتای ساڵانی نەوەتی سەدەی پێشوو، سەروەختی دەمارگیریی زیاتر لە ئێستەی حیزبەکان، یەکێک لەو لایەنانە هەڵیان کوتایە سەر مزگەوتەکەی، بەر “ئار بی جی” درا و کتێبخانەکەی سووتێندرا کە هەزاران ناونیشانی کتێبی تێدا بوو. لەو قۆناغانەی خوێندنی بنەڕەتیمدا، باوترین گوتەی باوکم، هەرگیز بیرم ناچێتەوە، کاتێک کتێبێکی لە ماڵێک یان کتێبخانەیەک ببینیایە، هەناسەیەکی قووڵی تا دەگاتە تەواوی هەناوی هەڵدەکێشا و دەیگوت: “ئەو کتێبەم هەبوو”، ئەو هەناسەیە وەک چەکوچێک هەموو جارێ دەیکێشا بەسەرمدا: ئەوە چ سیحرێک لە کتێبدا هەیە، بۆچی باوکم هەرچییەکی لەبیر بچێتەوە، ئەوەی هەر لەبیر دەمێنێ؟
هەمیشە لە کتێبخانەکانی باوکمدا، وێڕای ئەوەی زۆرینەی عەرەبی و ئایینی بوون، ڕێک ئەو بابەتە سەرچاوەیییانەی بۆ ئەو گرنگە، پڕیشیان بوو لە کتێبی کوردیی ئەدەبی. بە دەگمەن دیوانی شاعیرێکی کورد هەبووبێ و لە ماڵی ئێمە نەبێت. من لە قۆناغی ناوەندی، هەموو شیعرە کلاسیکییەکانم خوێندبووەوە و بەشێکیشیم لەبەر کردبوو. باوکم عاشقی مەحوی، حاجی قادر، پیرەمێرد و گۆرانە. هەوڵم دا لاسایی بکەمەوە، خۆم لەجێی مەحوی، عاشقی نالی بووم، ئێستەیشی لەگەڵدا بێت. گۆران لای منیش بووە لووتکە. هێمن، شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو و زۆری تری هاتە سەر. مامە گەورەکەم حەزی لە مەولەوی بوو، نەمتوانی ئەو حەزە بۆ خۆم بگوازمەوە، لە مامە بچووکەکەمەوە، هەژار و حەسیب قەرەداغی، هاتنە ناو لیستی شاعیرە دڵخوازەکانمەوە.
لەو جیهانەی ماڵی خۆماندا، هەرچیم خوێندەوە و هەرچی توانیبێتم چێژی لێ وەربگرم، پێش ئەوەی تێر بم، ئاوێتەی جیهانێکی دیکە بووم کە لەودیو سنووری ماڵ و ئایدیا و بۆچوونەکانی باوکم و هاوڕێیانی هەبوون، جیهانێک کە زۆر شتی جیاوازن لەمەی ئێمە. هەموو ئەم جیهانانەی دامناون، مەبەستم لە جیهانی کتێبە. لە کتێخانەی باوکمدا، بە دەگمەن ڕۆمانی تێدا بوو، ئەگەرچی خۆی لە گەنجێتیدا، خوێنەرێکی ڕژدی ڕۆمان بووە. کتێبی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و دەروونناسی تەنیا لە روانگەیەکی ئیسلامییەوە تێدا بوو. ئەمە وای کرد، کاتێک تێکەڵی کتێبخانەی دیکە بووم و بینیم کتێبگەلێکی زۆر هەن و لە ماڵی ئێمەدا نین، هەستێکی سەیر ناخی داگیر کردم، تووشی شڵەژان بووم، وام زانی ئەوەی تا ئێستە خوێندومنەتەوە، ناکاتە هیچ، چونکە جیهانێکی زۆر تایبەت و داخراوی باوکمە و ئەگەر لەسەری بەردەوام بم، لە کۆپییەکی تەنبەڵی ئەو زیاتر، هیچی دیکەم لێ دەرناچێ!
بیرت ماوە لە سەرەتادا نووسیم: ئەزموونی من، ناڕێک و ناجێگیر و دانەڕێژراوە؟ لێرەوە وەڵامەکەی بە باشتر دەبیستی. تووشی دۆخێکی دەروونی بووم، پێم وا بوو خەڵکی هەنگاوێکی زۆریان بڕیوە و من دواکەوتووم، بۆیە بەپەلە دەستم بە خوێندنەوەی ئەو بابەتانە کرد کە لای خوێنەری دیکە باون. بە ساڵێک زیاتر لە سەد کتێبم دەخوێندەوە. دەمویست فریا بکەوم. ئەمەیش لە کاتێدایە، خۆم هێشتا بە خوێندن، لەسەر ڕێچکەکەی باوکمم، وردە وردە وا گەورەتر بووم، چوومەتە خوێندنگەی ئیسلامی و بەشێک لە من ڕووی لە جیهانێکی زۆر جیاوازە، یان با بڵێین چەندان جیهانی جیاواز. چوومە کۆلێژی شەریعە کە بریتییە لە فێربوون لەسەر یەقینەکانی ئیسلام، لەو کاتەدا سەرەی جۆری خوێندنەوەکانم گەیشتبووە فەلسەفە. فەلسەفەیش هەمووی گومانە لە هەموو شتێک، تەنانەت لە بوونی خوا! بەم شێوەیە، دەیان کتێبی فەلسەفە، دەیانی کۆمەڵناسی، دەیانی ئەدەبی و فیکریی جۆراوجۆر و جارجار مێژوویشم دەخوێندەوە و لەگەڵیاندا کتێبە ئایینییەکانیشم بە هەمان شێوە دەخوێندەوە. تەنانەت ماوەیەک خۆم بە خوێندنەوەی کتیبی پیرۆز و ڕاڤەکانی، پاشان ئایینەکانی تر قاڵ کرد.
نایشارمەوە، ئەزموونی خوێندنەوەی من، ڕۆمانی لێ دەرچێ، هەرگیز بەشێک نەبووە لە چێژ، بەڵکوو بریتی بوو لە ئاڵنگارییەکی گەورە لەناو کەتەگۆرییەکدا کە کۆمەڵێ ئاڵنگاریی لەخۆی گرتووە، یەکێکیان تەحەددای خۆم بوو، ئەوی دیکە تەحەددای ئەو ژینگەیەی لێی گەورە بووم، یەکێکیشیان تەحەددای چواردەورێک کە هەمیشە وام دەزانی لە شتگەلێک شارەزان و من هیچی لێ نازانم، تا ئەو کاتەی لەپڕ بۆم دەرکەوت، ئەوەی وا دەزانم ئەوان دەمێکە بەسەریدا ڕۆیشتوون، زۆربەیان هێشتا نەیان بڕیوە.
ئەها لەسەرەتادا باسی چیرۆک و ئەفسانە ئایینییەکانم کرد! من کە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنەوەمدا، هەرگیز ڕۆمانم لەبیر نەکردووە، وا هەست دەکەم بۆ ئەو چیرۆکانە بگەڕێتەوە و ئەو تامەزرۆیییە بێت، چووەتە دەمارەکانمەوە و بەرم نادات. ئێستەیش هەمیشە بەشێک لە خوێندنەوەکانم ڕۆمانن. خۆشبەختانە لەم بوارەدا، پێش ئەوەی ئەملاوئەولا بکەم، لە ڕووسییەکانەوە دەستم پێ کرد. بیرم ماوە، دوای چەند بەرهەمێکی عەزیز نەسین، ڕۆمانی “دایک”ـی مەکسیم گورکیم خوێندەوە. زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ڕای کێشام بۆ خوێندنەوەی تۆلستۆی و دۆستۆیڤسکی و چیخۆڤ. من لە خوێندنەوەی گورکی، ئەوەندە سوپاسی دەکەم کە ئەوانەی پێ ناساندم، ئەگینا دوای ئەزموونێکی درێژ لە ڕۆمان، ئێستە ئامۆژگاری کەس ناکەم لەم سەردەمە جەنجاڵەدا کە کات فریای ئەو هەموو بەرهەمە ئەدەبییە ناکات، ئەوانەی ئەو بخوێنێتەوە. با ئەو کاتە لە فیۆدۆر خەرج بکات.
ئەگەر باس بێتە سەر خوێندنەوە، پێم بڵێن قەرزاری کێی؟ خۆم بە قەرزاری باوکم و کتێبخانەکەی دەزانم. هەموو جار دەپرسم، ئەگەر لە ماڵێکی ئاوا کە هەمیشە کتێب پێش هەموو شتێکە و بەشێکی زۆری داهاتی باوکمی لێ خەرج کراوە، گەورە نەبوومایە، تۆ بڵێی ببوومایە بە خوێنەر؟
ئەزموونێکی تایبەت

بڵاوی بکەرەوە لە