“ئه‌گه‌ر نه‌تتوانی ئه‌و کتێبه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه، جارێکی تر به هه‌مان چێژه‌وه بیخوێنیته‌وه، ئه‌وه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا پێویستی نەدەکرد بیخوێنیته‌وه.”
ئۆسکار وایڵد
به‌رده‌وام چه‌ندان ده‌قی بیرمه‌ند و ڕۆشنبیران لەبارەی چێژی خوێندنه‌وه ده‌بیستین، به‌ڵام کاتێک بابه‌ته‌که دێته سه‌ر فه‌لسه‌فه، که‌مێک ساردبوونه‌وه و ترس لێمان ده‌نیشێ و ئیتر بێده‌نگ ده‌بین.
ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه نییه، فه‌لسه‌فه ناوبانگێکی خراپی له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه پێیان وایه، بابه‌تێکه ئاسان قووت نادرێ، وه‌ک بڵێی پیشه‌ی ته‌نیا کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی دیاریکراوه و وه‌ک کتێبه جادووییه کۆنه‌کان، هه‌ر ده‌بێ ئه‌وان ده‌ستی بده‌نێ. ڕاسته فه‌لسه‌فه گرانه، به‌ڵام کێشه‌که له گرانیی خودی زانسته‌که‌دا نییه، هێنده‌ی کێشه له‌سه‌ر شێوازی گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆکه‌که‌یه‌تی. ئێمه هه‌میشه وا ڕاهاتووین، کتێب ده‌بێ خۆش بێت به‌ده‌سته‌وه، وه‌ک چۆن ڕووبار خوڕ ده‌بێته‌وه، ئاوا به ئاسانی بتوانین بیخۆینه‌وه، کاتێک ده‌بینین بابه‌ته‌کانی فه‌لسه‌فه، وه‌ک سه‌رکه‌وتنه به‌سه‌ر قه‌ندیلدا، ئیتر لێی ڕا ده‌که‌ین.
یازده جار!
له‌پێشدا ده‌بێ ئه‌وه ڕوون بێت، ئه‌وه درۆیه‌کی شاخداره که باس له خوێندنه‌وه‌ی خێرا ده‌کات. هه‌رگیز به خێراخوێندنه‌وه‌ی هیچ بابه‌تێک، ناتوانی به‌ته‌واوی تێی بگه‌یت، که‌واته کاتێک ئه‌وه له مێشکی خۆمان ده‌ربهێنین، نابێ خێرا بخوێنینه‌وه، ئه‌و کات ده‌توانین هه‌نگاوی یه‌که‌می خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه ببڕین که به‌وپه‌ڕی هێواشی ده‌بێ بخوێنرێته‌وه. جارێکیان مامۆستایه‌کی فه‌لسه‌فه به قوتابییه‌کانی گوت: کتێبی “ڕه‌خنه له ئه‌قڵی په‌تی”ـی کانت، ده‌بێ 11 جار بخوێننه‌وه، به‌ڵام خه‌م مه‌خۆن، له جاری ده‌یه‌م ده‌توانن تێی بگه‌ن”. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م گوته‌یه زێده‌گۆییشی تێدا بێت، ئه‌و ڕاستییه‌شی تێدایه، خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه، پێویستی به ته‌واوی هۆشه و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی قبووڵ ناکات.
خوێندنه‌وه، سه‌لیقه و لێهاتوویییه‌کی زۆری ده‌وێ و به زۆرخوێندنه‌وه و ئه‌زموون، باشتر پێی ده‌گه‌ی، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌رگیز بگه‌یت به خێراخوێندنه‌وه، مه‌گه‌ر له‌م دۆخانه‌دا نه‌بێ: جاری چه‌نده‌مت بێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان کتێب که له‌گه‌ڵ هه‌ر جارێکدا شتێکی زیاتری لێ فێر ده‌بیت و وشه گیره‌کانیش خێراتر دێنه به‌ر زارت، ئه‌مه‌ش ئه‌و گوته‌یه به‌تاڵ ده‌کاته‌وه، گوایه ئه‌گه‌ر جارێک تێی نه‌گه‌یشتی، له جاری دووه‌م و سێیه‌میش هه‌ر تێی ناگه‌ی.
دووه‌م: له‌سه‌ر بابه‌تێک، چه‌ندان کتێب و سه‌رچاوه‌ی جیاواز بخوێنیته‌وه، وا ده‌کات ده‌سته‌واژه‌کانی له مێشکت‌دا ده‌چه‌سپن و زۆر ئاسانتر و خێراتر له جاری یه‌که‌م ده‌توانی تێی بگه‌یت.
سێیه‌میش: کاتێک چه‌ند کتێبێکی نووسه‌رێک ده‌خوێنیته‌وه، ئیتر به ته‌واوی له شێوازه‌که‌ی ڕادێیت و هه‌رگیز وه‌ک یه‌که‌م کتێب تێگه‌یشتن لێی گران نابی، بابه‌ته‌که ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش بێت.
ڕێنێ دێکارت که ناسراوه به‌وه‌ی بۆ هه‌ر شتێک، ڕێچکه ده‌دۆزێته‌وه له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک دایده‌ڕێژێ، چوار قۆناغی بۆ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه نووسیوه، قۆناغه‌کانیش ئه‌مانه‌ن:
- خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م: هه‌موو کتێبه‌که به خێرایی بخوێنه‌ره‌وه، وه‌ک چۆن ڕۆمانێک ده‌خوێنیته‌وه. ئامانج له‌م خوێندنه‌وه‌یه، بیرۆکه‌یه‌کی گشتیت لەسەری هه‌بێ و به ده‌سته‌واژه و وشه‌کان ئاشنا بیت.
- خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م: ئه‌م جاره، قه‌ڵه‌مێک بگره به‌ده‌سته‌وه و ئه‌و بیرۆکانه‌ی که له کتێبه‌که‌دا هه‌ن، خه‌تیان به‌سه‌ردا بهێنه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک خاڵی جیاواز له‌به‌ر چاوت زه‌ق ببنه‌وه، هه‌روه‌ها له ته‌نیشته بۆشه‌کانی کتێبه‌که یان کاغه‌زێک، ئه‌و ده‌سته‌واژه و بابه‌تانه‌ی تێی ناگه‌ی بنووسه.
- خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م: ئه‌م جاره که ده‌خوێنیته‌وه، هه‌موو سه‌رنجه‌که‌ت با له‌سه‌ر ئه‌و تێبینییانه بێت که له جاری دووه‌م به قه‌ڵه‌می خۆت ده‌ستنیشانت کردوون، ئه‌مه هاوکاریت ده‌کات له‌م جاره‌دا شیکردنه‌وه‌یان بۆ بکه‌ی.
- خوێندنه‌وه‌ی چواره‌م: ئه‌م جاره، کاتێک کتێبه‌که ده‌خوێنیته‌وه، هه‌رچی ئه‌وه‌ی مابێ که تا ئێسته تێی نه‌گه‌یشتووی، هه‌مووی حاڵی ده‌بیت ئیتر پێویست ناکات جارێکی تر بیخوێنیته‌وه.
دانیال کۆفمان مامۆستای فه‌لسه‌فه له زانکۆی میزۆری، دووپات له‌سه‌ر خاڵێکی دێکارت ده‌کاته‌وه و وه‌ک ئامۆژگاری هه‌میشه به قوتابییه‌کانی ده‌ڵێ، هه‌رگیز به‌بێ قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز، فه‌لسه‌فه مه‌خوێننەوه. ئه‌وه بۆ فه‌لسه‌فه نابێ، له‌سه‌ر لا به‌دیار قاوه‌یه‌که‌وه دانیشیت و به تاقه‌ت خه‌ریکی خوێندنه‌وه بیت.
هه‌رسێ پسپۆڕی بواری فه‌لسه‌فه: جێراڵد جۆنز، جێرمی هایوارد و دان کاردیناڵ، له فه‌رهه‌نگی “AQA AS Philosophy” باسیان له شێوه‌یه‌کی ئاسانی خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه کردووه و ده‌ڵێن: پێویسته به پێنج چاویلکه‌وه ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی بکه‌ی تا باشتر تێی بگه‌یت:
یه‌که‌م، چاویلکه‌ی ڕووپێوی: کێ ئه‌و ده‌قه‌ی نووسیوه؟ بۆ نووسراوه؟ که‌ی نووسراوه؟ هه‌موو ئه‌مانه یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی له کتێبه‌که باشتر بگه‌یت و زۆر شتت بۆ ده‌رده‌که‌وێ.
دووه‌م، چاویلکه‌ی ده‌سته‌واژه: ئه‌و وشانه چین که وه‌ک ده‌سته‌واژه له کتێبه‌که‌دا به‌کار هاتوون، ما‌نایان چییه؟ تێگه‌یشتن له مانای ئه‌و ده‌سته‌واژانه، ده‌رگه‌یه‌کی گه‌وره‌ت به ڕووی تێگه‌یشتنێکی فراوان بۆ ده‌کاته‌وه، وه‌ک چۆن شۆفێریی بکه‌یت و هه‌موو هێماکانت بۆ دانرابێت و تۆیش له هه‌مووی حاڵیی بیت.
سێیه‌م، چاویلکه‌ی چه‌مکه‌کان: ئه‌و چه‌مکه سه‌ره‌کییه چییه که ده‌قه‌که له‌سه‌ری ده‌ڕوات؟ مه‌به‌ستی نووسه‌ر چییه؟ پێوه‌ندی ئه‌و چه‌مکانه به ده‌سته‌واژه‌کانه‌وه چییه؟ له‌ڕێی چاویلکه‌ی یه‌که‌م و دووه‌مه‌وه، ده‌توانی له چه‌مکه‌کان بگه‌ی.
چواره‌م، چاویلکه‌ی سه‌لماندن: لێره‌دا ده‌بێ بیدۆزیته‌وه، نووسه‌ری کتێبه‌که بۆ هه‌ر چه‌مکێک که ده‌یه‌وێ تێت بگه‌یه‌نێ، چ بیانوویه‌کی بۆ سه‌لماندنی بابه‌ته‌کانی هێناوه‌ته‌وه؟ ده‌یه‌وێ چی بسه‌لمێنێ و چۆن ده‌یسه‌لمێنێ؟ بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژانه بگه‌ڕێ: له‌به‌ر ئه‌وه، بۆیه، گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی..هتد بزانه لێره‌دا بیانووه‌که‌ی تا چه‌ند ده‌توانێ ڕازیکه‌ر و لۆجیکی بێت.
پێنجه‌م، چاویلکه‌ی ڕوونکردنه‌وه: لێره‌دا ده‌توانی ته‌واوی ئه‌و به‌شانه‌ی کتێبه‌که‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، به شێوه‌ی خۆت دابه‌شی بکه‌یته‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکه‌ی، خاڵبه‌ندی بۆ دابنێیت. ئیتر به‌م چاویلکه‌یه، پێت ده‌کرێ کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ته‌واوی کتێبه‌که بۆ خۆت بنووسی.
کاتێک فه‌لسه‌فه ده‌خوێنیته‌وه، هه‌ر پێنج چاویلکه‌که بکه‌ره چاوت و له ده‌قه‌که‌دا به‌کاری بهێنه، وه‌ک بڵێی لێکۆڵه‌ریت و بۆ به‌ڵگه له‌سه‌ر تاوانێک ده‌گه‌ڕێی. ئه‌مه‌یش شتێکی هێنده گران نییه و به ته‌واوی به‌سه‌ر خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه زاڵت ده‌کات.
ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێ، له سایه‌ی ئینته‌رنێته‌وه، تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه ئاسان بووه. کاتێک کتێبێکی فه‌لسه‌فی ده‌خوێنیته‌وه، به سانایی، ناوی نووسه‌ره‌که و ژیانی، ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی باس کراون، چه‌مکه‌کان، گه‌ڕان بۆ هه‌مووی بکه و ده‌بینی له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێک، کێی تر نووسیویه‌تی، دێنه به‌ر چاوت، بۆیه هه‌رگیز ئه‌و کتێبه‌ی به‌رده‌مت وه‌ک کۆدێکی نه‌کراوه و ئاڵۆز نامێنێ.