بۆچی ناچارین مێژوو بخوێنینەوە؟

مێژوو بخوێنەوە و لەگەڵ ئەو جیهانەدا گەشت بکە، ئەمە ڕێگەیەکی ئاسانە تا گەشتێک بۆ ڕابردوو بکەیت، دوور لەو خەیاڵە زانستیانەی گوایە مرۆڤ لە ڕێی ئامێرێکەوە دەتوانێ بۆ سەردەمەکانی تر بڕوات. ئامێری تۆ، کتێبە مێژوویییەکانە، تەنیا بە خوێندنەوەیان دەتوانی ڕابردوو بە ئێستەوە ببەستیتەوە.
ئامێری گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، ئەمە نا کە چەند ساڵێکە بووەتە خەیاڵی زانستی، ئەوەی تر کە کتێبە، لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە، مرۆڤ ئاشنای بووە، بەبێ ئەوەی لە پۆڵا و دوگمە و وایەر دروست کرابێت، تەنیا هەڵدانەوەی لاپەڕەیە و بەهۆیەوە دەگەی بە نهێنی و کۆدەکانی لە ڕابردوودا هەبوون و بەناو شەڕ و قارەمانییەتییەکانیاندا دەڕۆین، کوشتار و سەرکەوتنەکانیان دەبینی، تەنانەت خۆت لەسەر هەندێک لەو ڕووداوانە بڕیاری تایبەتیشت دەبێت.
کتێبی مێژوو بخوێنەوە و دەست بە گەشتەکەت بکە، بۆ ئەوەی دونیا لە سووچێکی ترەوە ببینی، سووچێکی ئێجگار جیاواز لەوەی خۆت لەم دۆخەدا بیرت لێ کردبووەوە. ئەمە هیچت پێ نەبەخشێ، ئەوەت دەداتێ کە بیرکردنەوەکانت لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا نەمێنێ و گەشە بکات. بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، سەردەمانێکت بۆ دەردەکەوێ کە هەرگیز بیرت لێ نەکردبووەوە.
هەموومان کاتێک دەست بە خوێندنەوەی مێژوو دەکەین و لەگەڵ ئێستەدا دەیخەینە تەرازووی بەراوردەوە، لەخۆمان دەپرسین: من کێم، من چیم؟ ئایا من مەترسی نیم بۆ گەردوون؟ ئایا قازانج نیم بۆ ژیان؟ ئایا نابمە بەشێک لە تووڕەیی هەموو جیهان؟ ئەم پرسیارانە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو ڕووداوە مێژووییانە دروست دەبێت کە بینیوتە چۆن تاکە مرۆڤێک دەتوانێ ڕەوشی مێژوو بگۆڕێ.
چەند هۆکارێک، هانمان دەدات دەست بە خوێندنەوەی مێژوو بکەین:
یەکەم: لە قوتابخانەکاندا، هەر لە منداڵییەوە مێژوو دەخوێنین، بەڵام ئەوەی لەو کتێبانە لەسەرمانە تا نمرەی پێ بهێنین، بەراوردی بکەیت بە ڕووی ڕاستەقینەی مێژووەکان، ڕەنگە شێواندنێکی زۆری تێدا بێت، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە قوتابخانە بوون کە هەموو مێژووەکە بۆ خزمەتی عەرەبچێتی تەرخان کراوە. ئەمە ناچارمان دەکات جارێکی تر جیا لەو خوێندنەوەیەی قوتابخانە، لاپەڕەی مێژوو هەڵبدەینەوە و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکانمان بۆ دەربکەوێ.
دووەم: زۆربەمان بابەتی مێژووییمان بەلاوە بێزارکەرە، ئەو هەموو ڕووداوە دوور و درێژ و ئەو هەموو ناوی شوێن و کەسایەتییانە نابڕێنەوە و بۆمان لەبەر ناکرێن! بەڵام دەبێ ئەوەیش بزانین، ڕووبارێک بە دڵۆپێک دەستی پێ کردووە و پڕیش بووە، بیابانێک بە دەنکە لمێک دەستی پێ کردووە، هەورامان لە دارگوێزێکەوە بووە بەو بەهەشتە. کاتێک ئێمە لە ڕۆمانە مێژوویی و یاداشتی کەسەکانەوە دەچینە ناو ئەو بابەتەوە، دەبینین پاش ماوەیەک بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین، ڕووبارێک لە زانیاریی مێژووییمان لە مێشکدا کەڵەکە کردووە. ئەمەیشی بخەینە سەر، هەر بۆ ئاسانکردنی چێژوەرگرتن لە بابەتی مێژوویی، دەکرێ سەیری فیلم و دراماکانیش بکەین، ئەوانەی ڕووداوی مێژوویی دەگێڕنەوە. ئیتر دواتر کە پڕ بووین لە زانیاری، ئینجا دەتوانین بە ئاسانی کتێبی مێژوویی بخوێنینەوە، بەبێ ئەوەی لێی بێزار بین.
سێیەم: خوێندنەوەی کتێبی مێژوو، فێرمان دەکات کەسایەتیمان بەهێز بێت، شانازی بە ڕابردووی خۆمانەوە بکەین، ڕابردووی خاکەکەمان، ئەو قارەمانییەتی و سەروەریانەی تۆمار کراون، بۆمان ببێتە بەشێک لە ناسنامەکەمان و هەمیشە بە تەوێڵمانەوە بێت و وەک پاسپۆرت هەڵی بگرین، کاتێک لەگەڵ نەتەوەی تردا دەدوێین.
چوارەم: ڕەنگە گرنگترین هۆکاری خوێندنەوەی مێژوو ئەمەیان بێت، ئەویش وەرگرتنی پەندە لە ڕابردوو. ئەوانەی مێژوو دەخوێننەوە، ئەو گوتەیەیان باش لەبەرە کە دەڵێ: “مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە” ئەوانەی شارەزان، فێر دەبن چۆن نەیەڵن شکست و نسکۆ و کارەساتەکان دووبارە ببنەوە، تەنیا قارەمانییەتییەکان خۆیان نوێ بکەنەوە. ڕەنگە ئەم خاڵە بۆ ئێمەی کورد لە هەموو خاڵەکانی دی زیاتر جێی بایەخ بێت، چونکە ئێمە ناچار کراوین بە مێژوویەکی تاڵ. ئەگەرچی لە ڕابردوویەکی دووردا، خاوەنی ئیمبراتۆڕییەت بووین و حاکمی بەشێکی زۆری جیهان بووین، بەڵام لە ڕابردوویەکی نزیکدا، هەمیشە چەوسێندراوینەتەوە، وێڕای ئەوەی هەمیشە خەباتمان کردووە بۆ ئەوەی لەدەست ستەم ڕزگارمان بێت. ئەو هۆکارانە چین کە هەر وا دەکەن ستەم لەسەرمان بەردەوام بێت، وێڕای ئەوەی لە خەبات نەوەستاوین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا لای ئەوانەیە کە شارەزای مێژوون. تەنیا ئەوانە دەتوانن نەیەڵن مێژووە تاڵەکان دووبارە ببنەوە کە ئاگایان لە ڕابردووە.

error: Content is protected !!