مرۆڤ چییه؟ ئایا هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له تاکه‌کاندا هه‌یه، وه‌ک خۆشه‌ویستی، توڕه‌یی، دڕنده‌یی، ئارامی، میهره‌بانی، کوشتن، سته‌م… هه‌مووی مرۆڤبوونی ئێمه نیشان ده‌ده‌ن؟ له “که‌وتنی ئاسمانه‌کان”ـدا پێمان ده‌ڵێ، ئێمه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به دوو پێ ده‌ڕۆین، مرۆڤ نین، خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی و ئاکاره مه‌زنه‌کان، ده‌مانکاته مرۆڤ.
ئه‌م ڕۆمانه، ئه‌وه‌نده قووڵ چووه‌ته ناو ورده‌کاریی جۆره‌کانی مرۆڤه‌وه، وه‌ک بڵێی ده‌یه‌وێ “فرۆید” بۆ کورد شی بکاته‌وه، هه‌ر بۆیه ڕه‌نگه وه‌ربگێڕدرێت بۆ سه‌ر هه‌ر زمانێکی دونیا، هه‌مان چێژی خوێنه‌رێکی کورد له ڕۆمانه‌که ببینن. له به‌رانبه‌ریشدا، ئه‌وه‌نده وه‌ستایانه کات و شوێنی به ڕووداوه‌کانی چیرۆکه‌که‌وه به‌ستووه‌ته‌وه، پێت وایه هه‌مووی یان زۆربه‌ی ڕاستییه. خۆی ئه‌م خه‌سڵه‌ته، به‌سه‌ر ته‌واوی ڕۆمانه‌کانی جه‌بار جه‌مال غه‌ریبدا زاڵه.
تارق کارێزی ده‌ڵێ: جه‌بار جه‌مال غه‌ریب به نووسینی رۆمانی “که‌وتنی ئاسمانه‌کان”، ده‌روازه‌ی رۆمان‌نووسین به‌ره‌و رووی که‌شی کورده‌واری و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، ده‌خاته سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت. ئه‌م رۆمانه هیی ئه‌وه‌یه به شایسته‌یییه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕۆمانێکی تر، نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی کورد بکات و بۆ هه‌موو زمانانی زیندووی جیهان وه‌ربگێڕدرێن.
یه‌کێک له‌و 100 پسپۆڕه‌ی بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌شداری کردووه، نووسی، ئه‌ز نه‌شێم بێژم کام ڕۆمانی جه‌بار جه‌مال غه‌ریب باشتره، به‌داوای لێبوردن له ته‌واوی کاره‌کانی تری، ده‌ڵێم “که‌وتنی ئاسمانه‌کان” به‌ڵام له‌وه دڵنیام، له‌ناو باشترین پێنج ڕۆمانی کورد، دوو تا سێ دانه‌یان به‌ر مامۆستا جه‌بار ده‌که‌وێ.
مرۆڤه سادییه‌کان چۆن ده‌بنه ئه‌و دڕه‌نده‌یه و ئیدی هیچ خۆشه‌ویستییه‌ک له ناخیاندا نامێنێ؟ ئه‌وه‌ی له وانه‌یه‌کی گرانی کۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسه‌کان تێی نه‌گه‌یشتووی، له‌م ڕۆمانه‌دا به ڕوونی پێمان ده‌ڵێ. به‌ڵام چۆن، وه‌ک خوێنه‌رێکی سه‌رزاره‌کی، ده‌توانی ته‌نیا چیرۆک بخوێنیته‌وه، له په‌ناشتا خوێنه‌رێکی ڕژد، له‌نێوان دێڕه‌کاندا، ئه‌وانه‌ی هه‌موو ده‌ست ده‌که‌وێ.
محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن نووسیویه‌تی: “ئه‌م ڕۆمانه، ده‌ستی خوێنه‌ر ده‌گرێ و ده‌یباته سه‌ر ئه‌و ڕاسته‌ڕێیه‌ی که پڕیه‌تی له‌و هێما جوانانه‌ی تا دوا وێستگه هاوڕێیه‌تی ده‌کا و ناهێڵێ به‌ملاوبه‌ولادا بچێ و ڕێی لێ تێک بچێ، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر هێمایه ئه‌رکی زمانه‌وانی خۆی به‌جێ ده‌هێنێ، خوێنه‌ر به ده‌ستخۆشییه‌کی زۆره‌وه سوپاسی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی زمان ده‌کات، چۆن ئه‌م جیهانه‌ی به وشه ڕازاندووه‌ته‌وه که تیایدا وه‌ک شاره‌زایه‌ک رێ ده‌که‌ی و سه‌رت لێ تێک ناچێ.”
خاڵێک حه‌زی لێ ناکه‌م، زمانی شیعره له ڕۆماندا، له که‌وتنی ئاسمانه‌کاندا، سه‌ره‌تا وا هه‌ست ده‌که‌ی ده‌یه‌وێ به‌و زمانه بڕوات، به‌ڵام هه‌ر زوو خۆی لێ ڕزگار ده‌کات. من که شه‌یدای “شێرزاد حه‌سه‌ن”ـم، هه‌رگیز له‌م زمانه شیعرییه‌ی ناو ڕۆمانه‌کانی نابوورم. که‌وتنی ئاسمانه‌کان، به شتێک زۆر سه‌رساممان ده‌کات، ئه‌ویش کتومتی ئه‌و وێنانه‌یه که ده‌یخاته به‌ر چاومان. ڕۆماننووس نابێ هیچ بپه‌ڕێنێ. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه کاتێک ده‌یخوێنیته‌وه “به ده‌ستی چه‌پ قه‌فه‌زه ته‌له‌که‌ی هه‌ڵگرتبوو، به ده‌ستی ڕاست جارێکی دیکه له پشتێنه‌که‌ی دڵنیا بووه‌وه” ئیتر بۆت ده‌رده‌که‌وێ، تۆ خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێکی وردی.
ئه‌م ڕۆمانه مێژووییی نییه، به‌ڵام باسی سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران-عێراق ده‌کات و هه‌رگیز ئاسان به‌سه‌ریدا باز نادات. نایه‌وێ بڵێ بابه‌تێکی سایکۆلۆجییت پێ ده‌ده‌م، به‌ڵام تۆ له‌کۆتایی ڕۆمانه‌که‌دا، پڕ کراوی له ناسینی ده‌روونه‌کان.
جه‌مال جه‌بار غه‌ریب، نووسه‌ر و ڕۆماننووسی ناسراو، خاوه‌نی چه‌ندان ڕۆمانی مه‌زنه، وه‌ک: سه‌رده‌می گریانی به‌لقیس، نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کان، دنیا له کتێبێک‌دا، که‌وتنی ئاسمانه‌کان، پێنجه‌مین کتێب…
لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 2ی بەدەست هێناوە.