پێش هه‌موو شتێک، به‌داخه‌وه وێڕای ئه‌م هه‌موو ده‌زگه‌ی چاپه، ئه‌م ڕۆمانه جارێکی تر چاپ نه‌کراوه‌ته‌وه و خوێنه‌ری نوێ ئاشنای نین. له‌ناو ئه‌و 100 که‌سه‌ی پسپۆڕن و شاره‌زای ڕۆمانن، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونێکی درێژ و ته‌مه‌نیان هه‌یه، شاره‌زای ڕۆمانه‌که بوون و زۆربه‌یان به یه‌کێک یان باشترین ڕۆمانی مێژووی کورد هه‌ژماریان کردووه.
“که‌ریم” پاڵه‌وانی سه‌ره‌کیی ڕۆمانی “ئه‌ژدیها”یه، ده‌یه‌وێ هه‌ڵبێت و چه‌ند کێشه‌یه‌کی له‌ڕێدا دروست ده‌بێ. که‌ریم، زیره‌کترین کوڕی شار و جوانترین و باڵابه‌رزترین نییه، وه‌ک له زۆر ڕۆمانی دیکه‌ی کوردی‌دا ده‌یبینین، کوڕێکی حه‌ماڵه و هیچ به‌هره‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه، تاکه توانای که هه‌یه‌تی، سێکسکردنه له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی “حاجی ڕه‌زای عه‌للاف” و “ئامینه خان”ی ژنی و کاتێکیش ده‌بێته پێشمه‌رگه، نه قاره‌مانێکی ئه‌وه‌نده مه‌زنه و نه هیچ داستانێکی تۆمار کردووه.
خوڵقاندنی پاڵه‌وانێکی ساده بۆ ڕۆمان که جه‌نجاڵیی ژیانی تووش ده‌بێ، ئه‌وپه‌ڕی هونه‌رکارییه و ڕۆمانه هه‌ره باشه جیهانییه‌کانمان بیر ده‌هێنێته‌وه. محه‌مه‌د موکری توانای هه‌یه، له که‌سێکی ئاوادا، یه‌کێک له باشترین ڕۆمانه‌کان دروست بکات. ته‌نانه‌ت له سێکسکردنیشدا، وه‌نه‌بێ زۆر بلیمه‌ت بێت، به‌ڵام ژن و کچه‌که‌ی حاجی ڕه‌زا ئیشیان به‌و ده‌ڕوا، “خدره زله” لە سێکسکردندا ناوبانگی ده‌رکردووه.
ئه‌م ڕۆمانه، پڕه له ته‌کنیکی جوان و هونه‌ری ڕۆمان که چه‌ندان توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی له‌سه‌ر کراوه. به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر که‌سی پاڵه‌وان که له ڕۆمانه‌که‌دا، خاڵی لاوازی چیرۆکه‌که‌یه، ئه‌گه‌رچی خاڵی به‌هێزی هۆنینه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌یه.
محه‌مه‌د موکری، نووسەر و ئەدیبی باشووری کوردستان (1943-2012) لە کەرکووک لەدایک بووە، هه‌ر که پێشمه‌رگه بووه، ڕۆمانێکی به‌ناوی “سه‌گوه‌ڕ” بڵاو کردووه‌ته‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری په‌یدا کردووه، ڕۆمانی “ئه‌ژدیها” باشترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی ناوبراوه. هه‌روه‌ها تۆڵه و هه‌ره‌س، دوو ڕۆمانی دیکه‌ی نووسه‌رن.
لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 5ی بەدەست هێناوە.