گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌ – عه‌تا نه‌هایی

ڕۆمانی “گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌” یه‌کێکه‌ له‌ شاکاره‌کانی “عه‌تا نه‌هایی” ڕۆماننووسی به‌ ئه‌زموون و ناوبانگێکی زۆری هه‌یه‌ و ده‌یان و سه‌دان ستایشی له‌سه‌ر نووسراوه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕه‌خنه‌ی توندیش بێبه‌ش نییه‌. باس لەو تراژیدیایە دەکات کە بەسەر ژنێکی پەنابەر دێت لە ستۆکهۆڵم، ئەم ژنە پڕە لە خەون و خولیا و بەهرەی جیاوەز، لە کۆتاییدا دەبێتە قوربانیی دەستی کولتووری پیاوسالاری.
له‌ ڕووی ته‌کنیکه‌وه‌، ڕۆمانێکی دانسقه‌یه‌ و حه‌قه‌ ببێته‌ ڕێچکه‌ بۆ ڕۆماننووسی تازه‌پێگه‌یشتوو، هه‌ر خودی عه‌تا نه‌هایی شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌ بێت، به‌ڵام له‌ ڕووی فکره‌وه‌، من له‌گه‌ڵی نیم، ئه‌گه‌رچی له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ ستایشێکی زۆر کراوه‌. ته‌واوی ڕۆمانه‌که‌، ململانێی نێوان ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزمه‌ و له‌ کۆتاییدا، بیری چه‌پ به‌سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی زاڵ ده‌کات. من به‌ ته‌واوی هه‌موو بیرێک به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ییبووندا ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌.
ڕۆمانەکە لە نۆ بەش پێک هاتووە، سەرەتاکەی زۆر ئاڵۆزە، به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌و داڕشتنه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ بۆ ئێمه‌ی خه‌ڵکی باشوور زه‌حمه‌ت بێت، چونکه‌ پابه‌نده‌ به‌ زمانێکی لۆکاڵیی ده‌ڤه‌رێکی دیاریکراوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئایا ئه‌مه‌ کارێکی باشه‌ یان خراپ؟ ده‌بێ ڕه‌خنه‌گران قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن.
جوانیی ڕۆمانه‌که‌ له‌ ڕووداوه‌ له‌سه‌ریه‌که‌کانییه‌تی که‌ هه‌میشه‌ سه‌رنجت ڕاده‌کێشێ و ناچارت ده‌کات، وێڕای هه‌ر تێبینییه‌کیش هه‌ر ده‌بێ به‌رده‌وام بیت و به‌چێژه‌وه‌ ده‌یخوێنیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر له‌ به‌شی یه‌که‌مدا به‌رگه‌ بگرێ تا به‌ ته‌واوی له‌و جۆره‌ زمانه‌ ڕادێ، ئیدی دوای ئه‌وه‌ ده‌ستی لێی به‌رنابێت. ده‌ڵێن، ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌ورووپا ده‌ژین، ناچارن ڕۆمانه‌که‌ بخوێننه‌وه‌.
عەتا نەھایی، نووسەر و ڕۆماننووس و وه‌رگێڕی به‌ئه‌زموونی کورد، له‌ شاری بانه‌ له‌دایک بووه‌. خاوه‌نی چه‌ندان ڕۆمانی به‌ناوبانگه‌ وه‌ک “زریکە”، “تەنگانە”، “گوڵی شۆران”، “باڵندەکانی دەم با” و “گرەوی بەختی ھەڵالە”. زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانیشی کراونه‌ته‌ فارسی.

لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 6ی بەدەست هێناوە.

error: Content is protected !!