ڕۆمانی حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم، یه‌کێکه له ئازاترین ڕۆمانه‌کانی کورد. له‌مێژه ویستوومه بیخوێنمه‌وه و هه‌ر ده‌رفه‌ت نه‌بوو تا ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو. بمزانیایه ئه‌مه‌یه، نه‌مده‌خوێنده‌وه. نا، ئه‌وه ڕاست نییه، ڕێک پێچه‌وانه‌که‌ی ته‌واوه، ده‌بوو زوو بیخوێنمه‌وه.. نازانم کامیان ڕاسته! که‌من ئه‌و ڕۆمانه کوردییانه‌ی ئاوامان لێ ده‌که‌ن و بۆ هه‌میشه له مێشکماندا شوێنێک داگیر ده‌که‌ن. ئه‌مه چی بوو خوێندمه‌وه!
تا ئه‌م ڕۆمانه بچووکه که به دوو ڕۆژ ته‌واو ده‌بێ، نه‌خوێنیته‌وه، نازانی بۆچی ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنه‌گر و ڕۆماننووسه، له‌نێو ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ی شێرزاد حه‌سه‌ن، حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم وه‌ک یه‌کێک له باشترین ڕۆمانه‌کانی مێژووی کورد هه‌ڵده‌بژێرن. ئاخر ڕۆمانێک قه‌ت بیرت نه‌چێته‌وه و کاتێک لێت ده‌پرسن چیت خوێندووه‌ته‌وه، یه‌کسه‌ر بێته‌وه خه‌یاڵت، چۆن ناخرێته ڕیزبه‌ندی باشترینه‌کانه‌وه!
ده‌ستپێکی رۆمانه‌که هه‌مان خاڵی کۆتایییه و کۆتایییه‌که‌ش هه‌مان خاڵی سه‌ره‌تایه، من گومانم له‌وه‌دا نییه که خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی رووداوه‌کانی ئه‌م ده‌قه لێکدی جیا بکاته‌وه و تووشی سه‌ره‌گێژکه نه‌بێ، پێویسته زیاتر له یه‌ک جار به‌سه‌ریه‌که‌وه بخوێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ته‌کنیکه‌ی نووسه‌ر کاری له‌سه‌ر کردووه، به‌وه‌ی زۆر به خێرایی رووداوه‌کان تێکه‌ڵ به یه‌کتر ده‌بنه‌وه و لێکتر جودا ده‌بنه‌وه و بیرێکی تیژی پێویسته تا ئاڕاستییه‌کان تێکه‌ڵ نه‌کرێن و هاوته‌ریب به رووداوه‌کان بڕۆی، زه‌مه‌نی رووداوه‌کانی حه‌سار، زه‌مه‌نێکی چڕ و پڕ و تێکه‌ڵه به‌وه‌ی که له یه‌ک ڕسته‌دا زه‌مه‌نی ئیستا و ڕابردوو به‌یه‌که‌وه حزوریان هه‌یه.
چۆن مرۆڤێکی ترسنۆک و ڕووخاو، ده‌توانێ باوکی بکوژێ و خوشکه‌کانی ڕزگار بکات؟ “خودایه که‌ی بێ و باوکم بکوژم تا بتوانم سه‌ربه‌ستانه ئافره‌تێک له باوه‌ش بگرم؟ که‌ی بێ و بتوانم ده‌رگاکانی حه‌سار واڵا بکه‌م برا هه‌ڵه‌ته و وێڵ گه‌رده‌کانم به خوشک و براکانی نێو حه‌سار شادبنه‌وه، بێنه‌وه و بۆن به باوه‌شی دایکانیان بکه‌ن و بگرین و باس له غه‌ریبیی شاران بکه‌ن…؟” (به‌شێک له ڕۆمانه‌که)
ڕۆمانی کوردیمان زۆر بینیوه، ده‌ست بۆ بڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌بات، موقه‌ده‌ست ده‌کوژێ، به‌ڵام کێ ده‌وێرێ ڕه‌وایه‌تی کوشتنی باوکی باس بکات؟ کێ ده‌وێرێ باسی سنگ و مه‌مکی خوشکه‌کانی بکات، چۆن بۆ مردووشۆره‌که‌ی باده‌ده‌ن و له یه‌که‌م نیگای ئه‌ودیو حه‌ساره‌وه، هه‌موویان له‌سه‌ر کێلی باوکیان، حه‌زی لێ ده‌که‌ن! ئه‌مانه جیهانه حه‌رامه‌که‌ی شێرزاد حه‌سه‌نه.
شێرزاد حه‌سه‌ن، ڕۆماننووسی ناوداری کورد، ساڵی 1952 له هه‌ولێر له‌دایک بووه، ده‌رچووی زمانی ئینگلیزییه. خاوه‌نی چه‌ندان چیرۆک و ڕۆمانی مه‌زنه، وه‌ک پێده‌شتی کارمامزه کوژراوه‌کان، ته‌می سه‌ر خه‌ره‌ند، حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم، ژنێک به‌سه‌ر مناره‌وه…
لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 7ی بەدەست هێناوە.