ڕۆمانی گابۆر، یه‌کێکی دیکه‌یه له‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه دانسقانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه پێشکه‌شی خوێنه‌ری کورد کراوه و هه‌ر جارێک له پێشانگه‌یه‌کی کتێب له باشوور داده‌نرێ، هه‌ر زوو هه‌موو دانه‌کانی ده‌فرۆشرێن و نامێنێ. نۆره‌ی چاپه‌که‌ی گه‌شتووه‌ته چواره‌م و ئه‌ویش ئێسته ته‌واو بووه، به‌و هیوایه‌ی زوو چاپێکی تری بکرێته‌وه.
به‌رهه‌مه‌کانی سه‌ید قادر هیدایه‌تی، جیا له‌وه‌ی ته‌کنیکێکی سه‌رنجڕاکێشیان هه‌یه و هه‌میشه له‌نێو لاپه‌ڕه‌کاندا ده‌تهێڵنه‌وه، به کوردییه‌کی خۆش نووسراون، ڕه‌نگه ده‌ربڕینه‌کانی که‌مێک بۆ ئێمه‌ی سۆرانیی باشوور جیاوازی هه‌بێ، به‌ڵام چێژێکی زۆر له‌و جیاوازییه ده‌که‌یت، حه‌ز ده‌که‌ی خۆیشت فێری بیت و جارجار وا بنووسی.
ڕه‌نگه ئه‌وه زێده‌گۆیی نه‌بێ، ئه‌گه‌ر بێژین، گابۆر به‌رهه‌مێکی ده‌گمه‌نه له‌ناو کۆی ڕۆمانه کوردییه‌کان. کۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه، به تایبه‌ت پێناسه‌یان پێ به‌خشیوه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه کاتێک ده‌یخوێنیته‌وه، گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که سه‌رنجت ڕاده‌کێشێ. تاوێ که‌سی یه‌که‌می تاک ده‌دوێ و باسی خۆی ده‌کات، تاوێ ڕوو له که‌سی دووه‌م ده‌کات و ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه. پاشان تۆ هه‌ر به یه‌که‌م دێڕی ده‌ربڕینی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌زانی ئه‌وه پیره یان گه‌نجه، توڕه‌یه یان له‌سه‌رخۆ.
کاتێک تۆ ڕۆمانی گابۆر ده‌خوێنیته‌وه، ده‌کرێ دوای ته‌وابوون بڵێی، من دوو ڕۆمانم خوێنده‌وه، ئاخر دوو چیرۆکی ته‌واو سه‌ره‌کی و لێک جیاواز تا کۆتایی ده‌تبه‌ن و هه‌رجار دیمه‌نه‌کان به‌لایه‌کدا ده‌گات، پێش ئه‌وه‌ی ڕووداوی دواتری ئه‌میانت پێ بڵێ، ده‌چیته‌وه لای چیرۆکه‌که‌ی دی و له کۆتاییدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه. ناوی کاره‌کته‌ره‌کان له گابۆردا، ئێجگار کورده‌واری و خاکین، ئەمەیش بەشێکە لەو چەندان جۆر چێژەی لە ڕۆمانەکە پێی دەگەی.
سه‌ید قادر هیدایه‌تی، نووسەر و رەخنەگر و ڕۆماننووس، یه‌کێکه له‌و نووسه‌ره ده‌گمه‌نه به‌ختیارانه‌ی زوو به‌رهه‌مه‌کانی ده‌گاته لای خوێنه‌ر و ناوبانگ په‌یدا ده‌کات. گابۆر و تۆقی عه‌زازیل، جووته ڕۆمانی هه‌ره‌ناسراوی هیدایه‌تین و حه‌قه هه‌موو خوێنه‌رێکی کورد پێیان ئاشنا بێت.
لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 11ی بەدەست هێناوە.