ڕه‌نگه پێت بڵێم، ڕۆمانی “سه‌رده‌می گریانی به‌لقیس” چیرۆکێکی خۆشه‌ویستییه، زۆر تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی نه‌بیت و بڵێی بابه‌تێکی سواوه و هه‌زاران ساڵه ده‌گوترێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشتر به‌رهه‌می “جه‌بار جه‌مال غه‌ریب” نووسه‌ر و ڕۆماننووسی به‌ئه‌زموونت خوێندبێته‌وه، ده‌زانی له‌و ناونیشانه باوه که خۆشه‌ویستی و بۆ یه‌کتری بوون یان نه‌بوونی دوو دڵداره، توانیویه‌تی شتێکی زۆر تازه به‌رهه‌م بهێنێ. ڕێک ئه‌و پێناسه‌یه بۆ ئه‌م ڕۆمانه گونجاوه.
خاڵێکی جوانی به‌رهه‌مه‌کانی جه‌بار جه‌مال غه‌ریب ئه‌وه‌یه، تۆ به‌رهه‌مێکی کوردیی خۆماڵی ده‌خوێنیته‌وه. لای من ئه‌مه سه‌نگی مه‌حه‌که. ڕۆماننووسی زۆر باشمان هه‌یه و ستایشی زۆریش ده‌کرێن، به‌ڵام کاتێک له ڕوانگه‌ی ته‌کنیکی نووسینه‌وه لێیان ده‌ڕوانی و ده‌بینی به ستایلێکی ئه‌ورووپی، یان لاساییی دۆستۆیڤسکی و تۆلیستۆی ده‌کاته‌وه، یاخوود پێی خۆشه وه‌ک گاربێل بنووسێ، ئیدی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی چه‌ند مه‌زنیش بێت، له‌به‌رچاوت گچکه ده‌بێته‌وه.
ڕۆمانی سه‌رده‌می گریانی به‌لقیس، کێ ناگریێنێ؟ مه‌گه‌ر که‌سێک دڵی ئیدی کۆنکرێت بێت، جا که‌ی دڵی ئاوا ڕه‌ق له کورددا هه‌یه؟ به‌لقیس کاتێک دێته هه‌ولێر، ده‌چێته سه‌یداوه، ورده‌کاریی سه‌یداوه و هه‌ولێر هێنده به ڕاستگۆیانه کراوه، هه‌ندێک جار نازانی تۆ وشه ده‌خوێنیته‌وه و تابلۆ دروست ده‌که‌ی، یان سه‌یری تابلۆ ده‌که‌یت و ده‌ینووسیته‌وه؟ ئه‌مه هه‌ر بۆ هه‌ولێر نییه، باسی هه‌ر شارێک و هه‌ر کۆڵانێک له‌م ڕۆمانه‌دا کرابێت، هێنده‌ی حه‌سره‌ته‌کانی به‌لقیس به وردی به ده‌ماره‌کانتدا دێن و ده‌چن.
ئه‌م ڕۆمانه، وه‌ک چۆن ناونیشانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی چیرۆکی عیشقه، به‌ڵام به‌شێکه له مێژوویه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک نزیک، بێبه‌ش نییه له فه‌لسه‌فه، بۆ نه‌وه‌یه‌ک ده‌بێته نۆستالژیا و وه‌ک گۆرانیی حه‌سه‌ن زیره‌ک و ماملێ، به‌ره‌و منداڵییان ده‌باته‌وه، بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه، یەکێکە لە جوانترین په‌نجه‌ره‌کان به‌ڕووی دوێنێدا.
لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 12ی بەدەست هێناوە.