ماڵی پشیله‌کان، هیوا قادر

ماڵی پشیله‌کان، ئه‌گه‌رچی ڕۆمانێکی تازه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گران و شاره‌زایانی ڕۆمانی ڕاکێشاوه‌ و له‌ناو خوێنه‌رانیشدا بایه‌خی زۆری پێ دراوه‌. هه‌ر له‌ ناونیشانه‌که‌یه‌وه‌ سه‌رنج ڕاده‌کێشێ. ڕۆمانه‌که‌ 315 لاپه‌ڕه‌یه‌ و ده‌زگه‌ی ئه‌ندێشه‌ بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌.
خاڵێکی گرنگی ڕۆمانه‌که‌ به‌لای خوێنه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یە، ڕۆماننووس نه‌هاتووه‌ هه‌موو شتێک بۆ خوێنه‌ر ڕوون بکاته‌وه‌ و به‌ فه‌نتازیایه‌کی جوان، ناچارت ده‌کات خۆشت به‌شێکی ته‌واوکردنی چیرۆکه‌که‌ بیت. ئه‌م جۆره‌ نووسینه‌ی ڕۆمان پێی ده‌گوترێ، ڕێزگرتن له‌ هۆش و کاتی خوێنه‌ر.
خاڵێکی ڕه‌خنه‌ش له‌ ڕۆمانه‌که‌ ئه‌وه‌یە، ئه‌گه‌رچی کوردییه‌، به‌ڵام زۆر به‌ ئه‌ورووپییانه‌ نووسراوه‌ و تێیدا ده‌ستوپه‌نجه‌ و سه‌لیقه‌ی کوردی تێدا نابینیته‌وه‌، وه‌ک بڵێی هیوا قادر مه‌به‌ستی بێت، بۆ زمانی جیهانیی وه‌ربگێڕدرێت و ئه‌وانیش به‌ هه‌مان چێژه‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌.
ته‌واوی ڕۆمانی “ماڵی پشیله‌کان” به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێکی کورتدا دابه‌ش بووه‌، ئه‌مه‌یش لێزانییه‌کی دیکه‌ی نووسه‌ره‌، بۆ ڕزگاربوون له‌ بێزاری و وه‌ڕسبوون، ئه‌گه‌رچی چیرۆکه‌کانی له‌ناو ڕۆمانه‌که‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن، نایه‌ڵن ئه‌و هه‌ستی بێزارییه‌ت بۆ دروست ببێ.
هیوا قادر، شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی کورد، ساڵی 1964 له‌ شاری سلێمانی له‌دایک بووه‌. خاوه‌نی چه‌ندان چیرۆک و ڕۆمانه‌ و له‌ هه‌موویان به‌ربڵاوتر بریتین له‌ ماڵی پشیله‌کان، منداڵانی گه‌ڕه‌ک و مناڵێک له‌سه‌ر مانگ.

لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 15ی بەدەست هێناوە.

error: Content is protected !!