سێ هه‌نگاو و سێداره‌یه‌ک، ژاندۆست

کاتێک ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر ڕۆمانێکی ژان دۆست، گه‌وره‌ ڕۆماننووسی ڕۆژئاوای کوردستان بدوێم، په‌نجه‌کانم ده‌له‌رزن، ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌یکات، درێژه‌پێده‌ری خه‌باتی نه‌بڕاوه‌ی ئه‌دیبانی کورده‌ که‌ هونه‌ره‌که‌یان بۆ خزمه‌تی گه‌له‌که‌یان ته‌رخان کردووه‌. دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕێی پاڵه‌وانێکه‌وه‌ به‌ناوی “ماردین” له‌ ڕۆمانی “مژاباد” چیرۆکی کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد و گه‌وره‌یی قازی محه‌مه‌د ده‌نووسێته‌وه‌، به‌ ئه‌رکی ده‌زانێ، ئینجا بڕوات بۆ نووسینه‌وه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران.
ڕۆمانی “سێ هه‌نگاو و سێداره‌یه‌ک” دووه‌م ڕۆمانی ژان دۆسته‌ که‌ ساڵی 2007 به‌ عه‌ره‌بی و کرمانجی نووسیویه‌تی و دواتر کراوه‌ته‌ سۆرانی. تێدیدا تێکه‌ڵکردنی ڕیالیز و سوریالزم، به‌رهه‌مێکی تا ئاستی لووتکه‌ پێشکه‌ش کردووه‌ و ته‌واوی ژیانی شێخ سه‌عید، به‌ درێژایی خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی، له‌ شه‌وی کۆتاییی ژیانیدا، له‌ زاری خۆیه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.
له‌و رۆمانه‌دا، ناوی ته‌واوی که‌سایه‌تییه‌کانی سه‌روه‌ختی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌ تورکیا، پێش دروستبوونی سیسته‌می کۆماری و دوای کۆماری و سه‌روه‌ختی چوونی شاندی تورکیا بۆ رێککه‌وتننامه‌ی سیڤه‌ر، دواتر په‌یمانی لۆزان و ناپاکیکردن له‌ کورد و تا ئه‌و شوێنه‌ی ناوی ئه‌و که‌سه‌یش دێنێت که‌ ناپاکی له‌ شێخ سه‌عید ده‌کات و کارێک ده‌کات شێخ سه‌عید و یارانی له‌ شوێنێکدا چوارده‌وریان بگیرێت و دواتر له‌ سێداره‌ بدرێن.

ژان له‌سه‌ر دوا بیرکردنه‌وه‌کانی شێخ سه‌عید له‌ ڕۆمانه‌که‌دا نووسیوه‌تی: “شەنى خەیاڵى، خەرمانى حەفتا ساڵ تەمەنى کۆوەبوو سەر یەکى، لەبەر باى مردن کە نزیک دەبووەوە، شەن دەکرد. ئیدى شێخ کەوتە ناو گومانان کە ئەو شتانە لەم ماوە کورتەدا دەهاتنەوە یادى هەموو ڕاست نین، وەک خەون لە ئاسمانى خەیاڵیدا دەفڕن و لەسەر لقى هیچ دارێکدا نانیشنەوە. ئیدى ئەو مەزندەى کرد کە ژیانێکى نەژیاو دێنێتە پێش چاوى خۆى و لە خۆى دەپرسى: گەلۆ بڵێى خدرى بۆتى، خالسى بەدلیسى، ڕۆستەمى مەلازگردى و سەلیم زازى و ئەو هەموو شوێن و جێگە و کەسانەى لە دەشتى خەیاڵى ئەودا، لەم کورتە دەمەدا خێوەتى خۆیان پێاوەتەوە و تراویلکەن؟! ئەى پەریخان؟! پەریخان کە وەک مەشخەلێک دڵى ئەمى ڕووناک دەکردەوە، گەلۆ ئەویش خەیاڵ بوو؟!”

لە لیستی باشترین ڕۆمانەکانی کورد لە مێژوودا، پلەی 38ی بەدەست هێناوە.

error: Content is protected !!