پێش چه‌ند ساڵێک، کورد به ڕۆمانی “میرنامه”ی ژان دۆس، ڕۆماننووسی ناوداری ڕۆژئاوای کوردستان شاد بوو که چیرۆکی ژیانی ئه‌حمه‌دی خانی ده‌گێڕێته‌وه و جیا له‌وه‌ی ڕۆمانێکی مه‌زنه، پڕییه‌تی له‌و زانیارییانه‌ی پێشتر نه‌بیسترابوو. ئه‌م جاره خوسره‌و جاف، مه‌زنێکی دیکه‌ی کوردی له ڕێی ڕۆمان گه‌شانده‌وه که بریتییه له “نالی” پاشای شیعر له کرمانجیی خواروو، یان ده‌کرێ بڵێین نالی و مه‌ستووره.
“مه‌ستووره که حه‌سنا و ئه‌دبیبه به حیسابێ، هاته خه‌وم ئه‌مشه‌و به چ نازێک و عیتابێ”، ئه‌مه سه‌ره‌تای ئه‌و شیعره هه‌جوه‌ی نالییه بۆ مه‌ستووره خانمی ئه‌رده‌ڵانی و ئێمه هه‌ر وامان بیستووه، ئه‌وه به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه ڕاگه‌یاندنه‌وه بووه که له نێوان ئیماره‌تی بابان و ئه‌رده‌ڵاندا هه‌بووه و نالی ڕاوێژگارێکی مه‌زنی ئیبراهیم پاشا بووه و مه‌ستووره‌ش خۆش هه‌موو شتێکی ئه‌وێ بووه. به‌ڵام چیرۆکێکی دیکه هه‌یه که تازه ساغ بووه‌ته‌وه و نزیکتره له ڕاستی ئه‌وه‌یه، چیرۆکێکی خۆشه‌ویستیی قووڵ له‌ودیو نالییه‌وه بۆ مه‌ستووره شاراوه‌ته‌وه و هه‌موو شیعره دڵدارییه‌کانی به‌سه‌ر ئه‌ودا گوتووه. ئه‌م چیرۆکه قووڵه‌ن له ڕۆمانی “شازاده و شاعیر”دا گێڕدراوه‌ته‌وه و شاکارێکی کوردی لێ به‌رهه‌م هاتووه.
ئه‌م ڕۆمانه ساڵی 2018 چاپ بووه و نوێیه، هێشتا زۆرێک له خوێنه‌ران و ڕه‌خنه‌گران پێی ئاشنا نین، ئه‌گینا ڕه‌نگه پله‌یه‌کی زۆر له‌پێشتری وه‌ربگرتایه.
نه‌وشیروان مسته‌فا که وه‌ک زۆرینه‌ی خه‌ڵکی نازانێ بۆچی نالی ئه‌و شیعره‌ی به‌سه‌ر مه‌ستووره‌دا گوتووه، له کتێبی “به‌ده‌م ڕێگاوه گوڵ‌چنین” نووسیویه‌تی: نالی بێگومان له‌م شیعره مه‌به‌ستی ستایش و په‌سه‌نی مه‌ستووره نییه، به‌ڵکوو ئه‌م شیعره‌ی بۆ ئابڕوبردنی مه‌ستووره و ئه‌تککردنی هه‌ڵبه‌ستووه. ئه‌بێت چی پاڵی به نالیه‌وه نابێت سووکایه‌تی به مه‌ستووره بکات، ئاره‌زووی شێتانه‌ی گه‌نجی و حه‌زلێکردنی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی سه‌رده‌می فه‌قێیه‌تی نالی بووه له سنه! ئه‌گه‌ر وایه خۆ میره‌کانی بابانیش له سلێمانی هاوسه‌ری جوان و کچی جوانخاسیان زۆر بووه، بۆچی نالی خه‌وی به که‌سیانه‌وه نه‌دیوه و ناوی که‌سیانی نه‌هێناوه؟ یان ئه‌میش تێچینێکه و له‌و ناکۆکییه درێژه‌ی له نێوان بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رده‌ڵان و بابان‌دا هه‌بووه بۆ شکاندنی یه‌کتری؟ یان حه‌سوودیبردنه به پایه‌ی بڵندی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌ستووره؟ ره‌نگه نالی هه‌ر خۆی بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بداته‌وه. نالیش نه‌ماوه – ئه‌گه‌رچی نالی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به مه‌به‌ستی جنێوپێدان باسی سێکسیبوونی مه‌ستووره‌ی کردووه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌وره‌ترین ستایش بۆ ژنێکی ئینگلیز ئه‌وه‌یه پێی بڵێ: سێکسترینی ژنان. به‌هه‌رحاڵ ئه‌و رووداوه بۆ خوێنه‌ر به‌جێ ده‌هڵێن که چۆن هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌کات.
ڕاسته نالی نه‌ماوه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه کۆمه‌ڵێ شاره‌زا و خاوه‌نی ئه‌م ڕۆمانه، ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌یان بۆ خوێنه‌ر شی کردووه‌ته‌وه.
خوسره‌و جاف، مێژووناس، زمان‌زان، هونه‌رمه‌ند و ئه‌ندازیاری ناوداری کورد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه بنووسێته‌وه و له قۆناغی پێشتردا زانیارییه‌کان ساغ بکاته‌وه، چوار ساڵی گه‌ره‌ک بووه. تۆی خوێنه‌ر له‌ناو ڕۆمانه‌که‌دا، هه‌ست به ته‌واوی هه‌موو ئه‌و ئه‌رکانه ده‌که‌یت که له‌پێناو نووسینی ڕۆمانه‌که کێشاویه‌تی و تورکیا و ئێران گه‌ڕاوه تا هیچ نه‌مێنێ له‌سه‌ر نالی نه‌یزانێ، به‌ڵام سه‌د بریا بگه‌یشتایه‌ته مه‌دینه‌ش، ئاخر دوایین ته‌مه‌نه‌کانی له‌وێ خه‌رج کردووه و ده‌شڵێن، له‌ناو کتێبخانه‌ی ده‌ستنووسی ئه‌و شاره‌دا، شیعری نه‌بیستراوی نالی تێدایه.
ئه‌م ڕۆمانه، ته‌نیا زیندووکردنه و ساغکردنه‌وه‌ی ژیانی نالی نییه، به‌ڵکوو ده‌بێ وه‌ک به‌شێک له ئه‌رشیفی مێژووی سلێمانی ته‌ماشا بکرێ و سوودی لێ وه‌ربگیرێ، به تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه سه‌ختانه‌ی نالی تێدا بووه.
لە لیستی باشترین ڕۆمانەكانی كورد لە مێژوودا، پلەی 50ی بەدەست هێناوە.