پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕۆمانه‌که بدوێین، سه‌رنجی خوێنه‌ر ده‌خه‌مه سه‌ر خوودی ڕۆماننووسه‌که. هیوا قادر، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس بێت، شاعیره، بۆیه هه‌میشه سه‌لیقه‌ی شیعر به‌سه‌ر ڕۆمانه‌کانییه‌وه ده‌بینی و ئه‌و ناسکێتییه‌ی له هه‌ڵبه‌ستدا پێویسته، لێره‌ش نه‌یشاردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی ڕە‌نگه له ڕۆماندا زۆرتر ناوی دره‌وشاوه بووبێت. ئه‌و به ڕۆمانه‌کانی “منداڵانی گه‌ڕه‌ک”، “منداڵێک له‌سه‌ر مانگه” و “ماڵی پشیله‌کان”، به ته‌واوی له‌ناو خوێنه‌ری کورددا جێگه‌یه‌کی به‌رینی بۆ خۆی دروست کردووە.
خاڵێکی زه‌ق به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی هیوا قادر ڕوونه ئه‌وه‌یه، هه‌وڵی داوه زۆر گشتی‌تر بنووسێ له‌وه‌ی له‌ناو کولتووری کورده‌واریدا قه‌تیس بێت، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌وڵه‌یش، زیاتر به‌رهه‌مه‌کانی به‌جیهانی بکات و تۆ کاتێک ده‌یانخوێنیته‌وه، زۆر جار وا ده‌زانی به‌رهه‌مێکی ئه‌مه‌ریکای لاتین یان ئه‌ورووپیت له‌به‌رده‌سته، له‌پڕێکدا دێته‌وه ناو کولتووری خۆماڵی و بیرت ده‌هێنێته‌وه له‌کوێی. له ڕۆمانی “منداڵانی گه‌ڕه‌گ” به ڕوونی ئه‌و هه‌ستانه دێنه مێشکته‌وه.
گوڵ محه‌مه‌د، ئاشقی سیسیلیا ده‌بێت، ئه‌م به کولتوورێکی کورده‌واری و ئه‌ویش ڕۆژئاوایی، کچه‌که هێنده سه‌رسامی مه‌ینه‌تی و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی ژیانی ئه‌م کورده ده‌بێت، داوا له باوکی ده‌کات که ڕۆماننووسه، چیرۆکی ژیانی بکاته به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی، بگره له داوایش ده‌رده‌چێ، ده‌یکاته مه‌رج به‌سه‌رییه‌وه. باوکی سیسیلیا، ده‌خوازێ کچه‌که‌یان بێته‌وه ماڵه‌وه و له‌گه‌ڵیان بژی، ئه‌ویش ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر داواکه‌م جێبه‌جێ بکه‌ی، ئه‌وا دێمه‌وه.
له‌م ڕۆمانه‌دا، جیاوازی ژیان و کو‌لتوور و باری کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوات بۆ ده‌گێڕێته‌وه، لایه‌نی باش و خراپیان باس ده‌کات و له کۆتاییشدا نووسه‌ر لایه‌نگریی خۆی بۆ ڕۆژهه‌ڵات ناشارێته‌وه و ده‌یه‌وێ بڵێ، وێڕای هه‌موو لارییه‌کانمان، ئه‌وه ئێمه‌ین هێشتا پابه‌ندین به خێزانه‌وه و ده‌توانین نه‌وه‌ک خۆمان، کچ و باوکێکی ڕۆژئاواییش به‌یه‌ک بگه‌یه‌نینه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕۆمانه بکرێته فیلمێکی سینه‌مایی، یان زنجیره‌یه‌کی دراما، سیناریۆکه‌ی بینه‌ر ئێجگار سه‌رسام دەكات، چونکه تا نه‌گه‌یته دوا دێڕ و دوا لاپه‌ڕە، هه‌میشه ده‌بێ چاوه‌ڕێی دیمه‌نی داهاتوو بکه‌یت، ئه‌مه‌یش ئه‌وپه‌ڕی پێویستیی کاری هونه‌رییه و له ڕۆمانیشدا باڵایی ته‌کنیکه، بتوانی تاسووقه بۆ خوێنه‌ر دروست بکه‌یت.
ئه‌وانه‌ی ڕۆمانیان زۆر خوێندبێته‌وه، ڕه‌نگه پێیان ئاسایی بێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونیان له خوێندنه‌وه که‌مه، سه‌ره‌تا له‌و هه‌موو بازدانه تێ ناگه‌ن، له ژیانی گوڵ مه‌حه‌دی پێش ئه‌وه‌ی بچێته هه‌نده‌ران و ژیانی ئه‌وێی، تۆ ساتێک ژیانی ئێره ده‌خوێنیته‌وه، دوای چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک به‌بێ پێشه‌کی ده‌تباته ژیانی ئه‌وێ و سه‌رت لێ ده‌شێوێ. ئه‌م سه‌رلێشێوانه، به‌شێکه له چێژی ڕۆمانه‌که و هۆکارێکیشه که پێشنیاز ده‌که‌م بکرێته فیلم، چونکه بینه‌ر به ته‌واوی ده‌خاته ناو ڕووداوه‌کانه‌وه. ڕۆمانه‌که بۆ یه‌که‌م جار ساڵی 2010 چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه.
لە لیستی باشترین ڕۆمانەكانی كورد لە مێژوودا، پلەی 29ی بەدەست هێناوە.