کاتێک لاپه‌ڕە‌ی دوای به‌رگی ڕۆمانی ” ئای له‌ڤیلیا له‌ڤیلیا” هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه، ده‌بینی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور، پێشکه‌شی هه‌ردوو نووسه‌ری ناوداری کورد “ڕێبوار سیوه‌یلی” و “به‌ختیار عه‌لی” کردووه. ئه‌مه‌ش ڕەنگه ئاماژەیه‌ک بێت که نووسه‌ر کاریگه‌ریی ئه‌وانی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌م ڕۆمانه‌دا که له لاپه‌ڕە‌یه‌کی دواتر، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که ده‌ست به گێڕانه‌وه‌کانی بکات، به گوته‌یه‌کی به‌ختیار عه‌لی و گوتەی چه‌ند که‌سێکی دیکه، ده‌ست پێ ده‌کات.
ده‌ستپێکی ئه‌م ڕۆمانه، چیرۆکی سه‌ره‌تای پاڵه‌وانه‌کانی نییه، هه‌ر بۆیه به چه‌ند ڕیز خاڵی له‌دوای یه‌کی بێ پچڕان، ئینجا ده‌نووسێ: “مه‌هابادی نه‌خشه خان، هه‌رچه‌ند ده‌چێته ئه‌و ژووره‌ی ئازووقه و له بن‌میچ و دیواره‌کانی ده‌ڕوانێت، ئێواره ته‌مومژاویه‌کی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ری بیرده‌که‌وێته‌وه و ده‌چێته خه‌یاڵی قووڵ قووڵه‌وه، که تیایدا نه‌وال جابری گۆرانیبێژ به دزیی خه‌ڵکه‌وه دوانه له‌یه‌کچووه‌که‌ی بوو و دایکی به په‌ڕۆی سپییی نه‌رمی وه‌کوو سه‌رتوێکی گامێش پێچاینی…” بۆیه هه‌ر زوو بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، نووسه‌ر له‌ڕێی ئه‌م ڕۆمانه‌وه، په‌یامی خۆیشی ده‌گه‌یه‌نێ و کاری ئه‌و ته‌نیا ته‌کنیک و هونه‌ری گێڕانه‌وه نییه، به‌ڵکوو خۆیشی وه‌ک نووسه‌ر ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی تێدایه.
به‌گشتی له ڕۆمانه‌کانی کاروان عومه‌ر کاکه‌سووردا، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێی گوتبی، من ده‌قێکی فه‌لسه‌فیت پێشکه‌ش ده‌که‌م، تۆ ده‌بێ بزانی، ڕۆمانێکی فه‌لسه‌فی ده‌خوێنیته‌وه. پڕن له هزر و تێفکرانی فه‌لسه‌فی، ئه‌مه‌یش وای کردووه، خوێنه‌ر نابێ به خێرایی به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانیدا تێپه‌ڕ بێت. ئه‌مه بۆیه نووسه‌ر به‌هۆی سه‌لیقه‌یی خۆی له ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه‌دا توانیویه‌تی تا قووڵاییه‌کانی هه‌ستی کاره‌کته‌ره‌کان بچێت و دونیابینیان وێنا بکات.
ڕۆماننووسی به‌توانا، زۆر جار له‌وه ده‌چێ، نه‌خۆشێک بێت تووشی شیزۆفینیا بووبێ، ئاخر ئه‌وه چ توانایییه‌که، بتوانی به‌ناوی هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان که ئێجگار له‌یه‌ک جیاوازن بنووسیت و به ته‌واوی بکه‌ویته ناو دونیابینیی هه‌موویانه‌وه ورده‌کارییه‌کانی ناخه جیاوازه‌کان هه‌ڵبده‌یته‌وه!
ڕۆمانی ” ئای له‌ڤیلیا له‌ڤیلیا” وێڕای گه‌وره‌یی و قووڵیی ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی که به 509 لاپه‌ڕە نووسراوه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه به‌ده‌گمه‌ن له کتێبخانه‌کاندا ده‌ست ده‌که‌وێ، زۆربه‌مان به شێوه‌ی ئۆنلاین و به پی دی ئێف خوێندوومانه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش گرفتێکی دیکه‌ی نووسه‌ری کورده و مرۆڤ زۆر جار بیر ده‌کاته‌وه، ڕه‌نگه سه‌ختترین ئه‌رک له کوردستاندا، نووسین بێت، چونکه هه‌رگیز نابێ چاوه‌ڕێی به‌ری ڕه‌نجی خۆت بیت.
لە لیستی باشترین ڕۆمانەكانی كورد لە مێژوودا، پلەی 30 بەدەست هێناوە.