1- نووسینی ژمارە بە پیت، دەبێت بە سەربەخۆ بنووسرێت و ژمارەکان نەکرێنە یەک وشەی لێکدراو. بەم شێوەیە:
- یەک، دوو، سێ… تا نۆ.
- دە، یازدە، دوازدە… تا نۆزدە. ئەمانە دوو ژمارەیین، بەڵام یەک وشەن.
- بیست و یەک، بیست و دوو، سی و چوار، شەست و حەوت… (چلونۆ، پەنجاوچوار… ئاوا هەڵەن.)
- سەت، دوو سەت، سێ سەت و حەفتا و چوار، شەش سەت و هەشتا و دوو…
- هەزار، دوو هەزار، چوار هەزار و نۆ سەت و چل و پێنج…
- سێ ملیۆن و حەوت سەت و نەوەت و دوو هەزار و چوار سەت و سی و سێ.
2- ژمارە لەگەڵ وشەیەکی دیکەی هاومەبەست کە بەیەکەوە وشەیەکی لێکدراو دروست دەکەن و بە جیا ماناکە نابەخشن، نابێت جیا بکرێنەوە.
وەک: سێبەردان، چوارباخ، چوارچرا، پێنجقۆڵی، سێگا، حەوتسەر، دووشەممە، پێنجشەممە…
3- دوو ژمارە لە تەنیشت یەک کە بۆ نزیکەیی دەنووسرێن، بەیەکەوە نالکێندرێن.
نموونەکان:
سی چل کەس دەبووین.
پازدە بیست ڕۆژی دیکەی ماوە.
چل پەنجا سەر مەڕ.
هەروەها ژمارەیەک دووبارە ببێتەوە، هەر بە جیا دەنووسرێت:
سێ سێ ڕیز بن.
یەک یەک وەرنە ژوور.
4- سەد یان سەت؟ ئێستە وشەی “سەد” باوترە. لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئاڤێستاییی کۆنە: “SATEM – سەتێم” هەر بۆیە لە زمانە ئارییەکانی دیکەشدا هەیە. بۆ گەڕانەوە بۆ بناغەکەی، ڕاستترە بڵێین “سەت” جگە لەوەی لە زمانی فارسییش جیامان دەکاتەوە.