پێشگر، پاشگر و لێکدراو

له‌ ڕێنووسی ئه‌لفوبێی ئارامیدا، به‌ ته‌واوی پێشگر، پاشگر و لێکدراو له‌گه‌ڵ ئه‌لفوبێی لاتینی جیاوازن‌ و جۆریشی زۆرن‌. ئه‌م به‌شه‌م بۆیه‌ جیا کردووه‌ته‌وه‌، چونکه‌ یه‌کێکه‌ له‌و خاڵانه‌ی له‌ کاتی ڕێنووسدا، زۆرینه‌ به‌سه‌ریدا دەڕۆن و به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ینووسن. هه‌ڵه‌کان چین، ڕاستییه‌که‌ چۆنه‌؟ لێره‌دا هه‌مووی ده‌خه‌مه‌ ڕوو:

1-     پێشگر

کورته‌به‌شێکن، ده‌لکێن به‌ کار یان چاوگ و له‌ وشه‌ی ساده‌وه‌ ده‌یانکه‌نه‌ داڕژاو و به‌سه‌ر دوو کۆمه‌ڵەدا‌ دابه‌ش ده‌بن:

–       پێشگری ساده‌: دا، ڕا، وه‌ر، هه‌ڵ، ڕۆ، ڕێ، پێ، تێ، لێ…

نموونه‌ له‌سه‌ر دۆخی چاوگ: داکردن، ڕاخستن، وه‌رگه‌ڕان، هه‌ڵکردن، ڕۆچوون، ڕێکردن، پێخستن، تێخستن، لێوه‌شان

کاتێک دۆخه‌که‌ی بۆ کار ده‌گۆڕێت، ده‌بنه‌ دوو به‌ش:

به‌شی یه‌که‌م: “دا، ڕا، وه‌ر، هه‌ڵ” به‌ هه‌مان شێوه‌ی چاوگ، به‌ وشه‌ی دوای خۆیانەوە ده‌لکێن.

وەک: داده‌که‌نم، ڕاده‌که‌م، وه‌رده‌گرێت، هه‌ڵده‌واسێت

به‌ڵام کاتێک ئەم جێناوی لکاوانەیان ده‌چێته‌ سه‌ر: “م، مان، ت، تان، ی، یان“، جیا ده‌بنه‌وه‌.

وەک: دام که‌ند، ڕامان کرد، وه‌رت گه‌ڕاند، هه‌ڵتان واسی، ڕای کرد، وه‌ریان گرت.

به‌شی دووه‌م: “ڕێ، پێ، تێ، لێ.. “.  ئه‌مان له‌ دۆخی کاردا، جێناوی لکاویان پێوه‌ بێت یان نا، جیا ده‌بنه‌وه‌.

وەک: ده‌ست پێ ده‌کات، ڕێ ده‌که‌م، تێ ده‌که‌ن، سه‌رم لێ شێواوه‌.

–       پێشگری ناساده‌: پێدا، تێدا، پێڕا، تێوه‌، تێڕا، لێڕا، پێوه‌، پێک، تێک، ڕێک، وێت…

نموونه‌ له‌سه‌ر دۆخی چاوگ: پێدابردن، تێداچوون، پێڕاگه‌یشتن، تێوه‌گلان، تێڕابردن، پێوه‌دان، پێکهێنان، تێکدان، ڕێکخستن، وێکچوون

پێشگره‌ ناساده‌کان هه‌موویان له‌ دۆخی کاردا جیا ده‌بنه‌وه‌.

وەک: ڕێک دەخەم، ڕێکم خست، پێڕا گەیشتم، تێکم دا، تێوە دەگلێ

2-     پاشگر

پاشگره‌کان بریتیین له‌مانه:‌ “دا، ڕا، وه‌، ـه‌وه‌” له‌ هه‌موو دۆخێکدا به‌ وشه‌کانی پێش خۆیانه‌وه‌ ده‌لکێن. له‌ زۆربه‌ی دۆخه‌کانیشدا، پێش وشه‌که‌ “له‌” هه‌یه‌:

دا: خه‌مێکم له ‌دڵدایه‌. زۆر که‌س ئه‌م پاشگره‌ له‌گه‌ڵ کاری ڕابردووی “دا” له‌یه‌ک جیا ناکه‌نه‌وه‌. کاری دا، به‌ وشه‌ی پێش خۆی نالکێندرێت. وەک: تیرێکی له‌ دڵم دا، ڕووی دا، من دەنگم بە ئاشتی دا…

ڕا: له‌خۆڕا، له‌ ئامێدیڕا.

وه‌: له‌وێوه‌ هاتووین.

ـه‌وه‌: به‌ که‌وش و کڵاشه‌وه‌.

تێبینی/ زۆر جار ئەگەر وشەی پێش پاشكری “دا” ناو بوو، دەنووسن: لە توویتەر-دا، لە تەلەڤزیۆن-دا… ئەو خەتی جیاكردنەوەی پێویست نییە. لە زمانی كوردیدا، پێشگر و پاشگر دەچنە سەر ناویش. ئاوا ڕاستن: لە توویتەردا، لە تەلەڤزیۆندا…

3-     وشه‌ی لێکدراو

بریتییە لە دوو وشەی مانادار، لە کاتێکدا پێکەوە دەلکێندرێن، مانایەکی سەربەخۆ دروست دەکەن. بەڵام کاتێک دەکەونە دۆخی کارەوە، ئەوا وشەکان جیا دەکرێنەوە؛ وشەی یەکەم وەک خۆی دەمێنێت و وشەی دووەم دەکرێتە دۆخی کارەوە.

وەک: ڕێک دەکەوین، پێکیان ھێنا، پێک نەھاتن، یەکیان نەگرتووە، دەستمان نەکەوت.

هه‌مان ئه‌و وشانه‌ له‌ دۆخی چاوگدا، پێکه‌وه‌ ده‌لکێن:

ڕێککه‌وتن، پێکهاتن، یه‌کگرتن، ده‌ستکه‌وتوو، پێکهاته‌.

error: Content is protected !!