جووتەوشەی لێکدراو

جووتەوشەی لێکدراو، یەکێکە لە تایبەتمەندییە جوانەکانی زمانی کوردی کە بە دەگمەن زمانی دیکە بەو شێوەیە بتوانێت دوو یان چەند وشەیەک بکاتە یەک وشەی سەربەخۆ یان دوو وشەی پێوەست بە  یەک کە بەردەوام لە وتووێژی ڕۆژانەدا بەکار دێن و کەرەستەیەکی گرینگ و پڕ بایەخی زمانی کوردیین. لەسەر ئەم شێوانەی خوارەوە خۆیان دەنوێنن:

  • ئامرازی “و”ی بەستنی نێوان دوو وشەی پێوەست بە یەک و لێکدراو، ھەردوو وشەکە بە یەکترییەوە دەلکێنێت و ھەمووی دەبنە یەک وشە.

وەک: زەبروزەنگ، کەشوھەوا، گەشتوگوزار، کاروبار، دەنگوباس، ئەلفوبێ، ھاتوچۆ،  گژومۆن، ھاروھاج، مشتومڕ، گڕوگاڵ، جموجۆڵ، وتووێژ، خەستوخۆڵ، نەرمونۆڵ

  • ئامرازی “ـی” به‌ستنی نێوان دوو وشه‌، به‌ یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌لکێت و له وشەی‌ دووه‌م جیا ده‌بێته‌وه‌.

وەک: ئاسمانی شین، گوڵی سوور، چاوی کاڵ، خوشکی تۆ

  • ئامرازی “ـه‌”ی به‌ستنی دوو وشه‌ی لێکدراو و پێوه‌ست به‌ یه‌که‌وه‌، هه‌ردوو وشه‌که‌ به ‌یه‌که‌وه‌ ده‌لکێنێت، به‌و مه‌رجه‌ی پێکه‌وه‌ مانایه‌کی سه‌ربه‌خۆ بده‌ن.

وەک: گوڵه‌گه‌نم، مانگه‌شه‌و، به‌رده‌باران، گه‌رمه‌تا، ئه‌سپه‌شێ، كۆمەڵەچیرۆک، جووتەوشە..

  • ئامرازی “ـه‌”ی به‌ستنی نێوان ناو و ئاوه‌ڵناو، به‌ یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌لکێت و له‌ وشەی دووه‌م جیا ده‌بێته‌وه‌.

وەک: شاره‌ وێرانه‌که‌، منداڵه‌ لاساره‌که‌، ماڵه‌ گه‌وره‌که‌، چاوە شینەكە، كوڕە قۆزەكە، كچە مۆدێلستەكە

  • هەندێک جووتەوشە کە هەردوو وشەکە دووبارەی یەکن، مۆرفیمی “او، اگە، ـەو، ان” دەچێتە نێوان یان کۆتاییی وشەکانەوە، دەبنە یەک وشە.

نموونە: پێچاوپێچ (پێچ + او + پێچ)، دەماودەم، پشتاوپشت، دووراودوور، قووناوقوون، قوڕقوڕاگە (قوڕ + قوڕ + اگە)، ماڵەوماڵ (ماڵ + ـەو + ماڵ)، شارەوشار، بەرانبەر (بەر + ان + بەر)، سەرانسەر، لێوانلێو

  • هەندێک جووتەوشە، بەتایبەتی بۆ یارییەکان، بەهۆی پاشگری “ێن” دەبنە یەک وشە.

وەک: غارغارێن، تۆپتۆپێن، بازبازێن، پەتپەتێن

  • کاتێک وشەیەک بە مەبەستی ڕوودانی لەدوای یەکی شتێک دووبارە دەبێتەوە، بە جیا دەنووسرێن.

وەک: جار جار، زوو زوو، وردە وردە، پەیتا پەیتا، هەنگاو هەنگاو، هێواش هێواش، هێدی هێدی، نەرمە نەرمە

  • کاتێک  وشەیەک دووبارە دەبێتەوە و پیتی “ـە” دەکەوێتە نێوانیان کە زۆبەی جار دەنگی سروشتیین، ئەوا بە یەکەوە دەلکێندرێت.

وەک: تەقەتەق، گرمەگرم، دەنگەدەنگ، گارەگار، نەڕەنەڕ، ورتەورت، وژەوژ، گڤەگڤ، زیڕەزیڕ، زەڕەزەڕ، وەڕەوەڕ، جیقەجیق، بۆڕەبۆڕ، قیژەقیژ

error: Content is protected !!