ناو

بەشێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، ئەو وشەیەیە کە سەربەخۆ واتایەک دەگەیەنێت و بە کاتەوە نەبەستراوە: کاوە، ساڵ، بەرد، پیاوەتی، ھەولێر، گوڵ، پەپوولە، بەستەڵەک، ھەڵپەڕکێ..

ناو، بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن دەکرێت:

  • ناو لە ڕووی ژمارەوە: لە ڕێزمانی کوردیدا، ناو لە ڕووی ژمارەوە، بەسەر تاک و کۆ دابەش دەبێت:
  • ناوی تاک: بەو ناوانە دەگوترێت کە بۆ تاکە کەسێک یان تاکە شتێک بەکار دێت.

وەک: کوڕ، کچ، چەقۆ، ئاری، چرا، نازەنین…

  • ناوی کۆ: بەو ناوانە دەگوترێت کە بۆ کۆمەڵە کەسێک یان کۆمەڵە شتێک بەکار دێت.

لە زمانی کوردیدا، بە نیشانەی سەرەکی  “ان” ناوی تاک دەکرێتە کۆ. وەک: کوڕان (کوڕ+ان)، ژنان (ژن+ان). بەڵام ئەگەر کۆتاییی وشەکە بزوێن بێت، لە هەندێک دۆخدا “ی” دەچیتە نێوان وشەکە و نیشانەی کۆ. وەک: مامۆستایان (مامۆستا+ یان). لە هەندێک دۆخی دیکەدا، پیتە بزوێنەکەی کۆتاییی وشەکە هەڵدەگیرێت. وەک: قوتابخانان (قوتابخانە-ـە+ان).

هەروەها بە نیشانە ناسەرەکییەکانیش تاک دەکرێتە کۆ کە بریتین لە: “ات، هات، جات، وات، گەل“. وەک: باخات (باخ+ات)، دێهات (دێ+ هات)، سه‌وزه‌وات (سه‌وزه‌+وات)، میوه‌جات (میوه‌+جات)، کوڕگه‌ل (کوڕ+گه‌ل)…

  • ناو له‌ ڕووی ناسینه‌وه‌: ناو لە ڕووی ناسینەوە، بەسەر ناسراو و نەناسراودا دابەش دەبێت.
  • ناوی ناسراو: ناو بە نیشانەی “ـەکە” دەبێتە ناسراو، هەندێک جاریش بەهۆی “ـە” دەناسرێت. وەک: کوڕه‌که‌، چراکه‌، کچی ئازاد جوانە،
  • ناوی نه‌ناسراو: بەهۆی نیشانەکانی “ێک، ـەک” ناوی سادە دەکرێتە نەناسراو. وەک: کوڕێک، چرایه‌ک.  (وشەی چرا، بە پیتی بزوێن کۆتایی هاتووە، بۆیە “ی” بۆ زیاد کراوە، پاشان نیشانەی “ـەک”ی چووەتە سەر.)
  • ناو له‌ ڕووی هه‌بوونه‌وه‌،  چەند جۆرێکە:
  • ناوی ماددی: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ بوونێکی سه‌ربه‌خۆ و به‌رجه‌سته‌یان هه‌یه‌. وەک: دار، په‌نجه‌ره‌، کورسی، کتێب…
  • ناوی واتایی (مەعنەوی): به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ بوونێکی سه‌ربه‌خۆیان نییه‌، به‌ڵکوو له‌ هزر و خه‌یاڵدا په‌یدا ده‌بن. ئه‌میش دوو جۆره‌:

ناوی واتاییی بنجی: ئه‌و ناوانه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا واتاییین، وەک: شه‌رم، هێز، خه‌م، خه‌و، ڕه‌نج، جه‌نگ، ده‌روون، گیان، بڕوا…

ناوی واتاییی نابنجی: ئه‌و ناوانه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ماددیین، به‌ڵام به‌هۆی پاشگرەکانی: ی،ـەتی، یەتی، اتی، ێتی، ینی، اتی،یی…” لەگەڵ ناو یان هاوەڵناو، ده‌بنه‌ واتایی. وەک: برایه‌تی، پیاوه‌تی، ڕه‌شی، بڵندی، دانایی، پرسه‌، ناڵه‌، دزی…

یان بەهۆی پاشگری “ە” لەگەڵ ڕەگی کار، وەک: پرسە، ناڵە…

یان بەهۆی پاشگری “ار” لەگەڵ قەدی چاوگ، وەک: کردار، مردار…

یان بەهۆی پاشگری “ی” لەگەڵ ڕەگی کار، وەک: دزی.

  • ناو له‌ ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه‌، بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبێت:
  • ناوی گشتی: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ یه‌ک ڕه‌گه‌زن. وەک: ڕووبار، چیا، ده‌شت، کوڕ، کچ…
  • ناوی تایبه‌ت: به‌ ناوی گیاندار و بێگیانی دیاریکراو دەگوترێت. وەک: سیروان، سه‌فین، هه‌ڵگورد…
  • ناوی کۆمه‌ڵ: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ له‌ ڕواڵه‌تدا تاکن به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆکدا کۆن. وەک: هۆز، له‌شکر، توێژ، ده‌سته‌، پۆل…
  • ناو له‌ ڕووی پێکهاته‌وه‌، بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبێت:
  • ناوی سادە: لە وشەیەکی واتاداری سەربەخۆ پێک ھاتووە، بە مەرجێ وشەکە ناو بێت. وەک: ئازاد، ڕزگار، دار، بەرد، کەو…
  • ناوی داڕژاو: بەو ناوانە دەگوترێت کە لە وشەیەکی سادە لەگەڵ پێشگرێک یان پاشگرێک پێک دێت. بەم شێوانە:

ناوی سادە+پاشگرەکانی: “گەر، دار، ساز، بەند، وان، چی، باز، کەر، مەند…” وەک: ئاسنگەر (ئاسن+گەر)، ھونەرمەند (ھونەر+مەند)، کارساز، پینەچی، سەرباز، یاریکەر، سەردار…

ئاوەڵناوی سادە+ پاشگرەکانی: “ی، یی، یەتی، ایەتی، ایی، ێنە، انە…” وەک: گۆجی (گۆج+ی)، تووڕەیی (تووڕە+یی)، برایەتی، مەردایەتی، پاکانە…

کاری سادە+پاشگرەکانی: “ار، مان” وەک: وتار (وت+ار)، دروومان (دروو+مان)…

ڕەگی کار+پاشگرەکانی: “ـەر، یار” وەک: نووسەر (نووس+ەر)، پرسیار (پرس+ یار)…

ئاوەڵکاری سادە+پاشگرەکانی: “ار،ـەوا، وەک: بنار (بن+ار)، پێشەوا (پێش+ەوا).

پێشگرەکانی: “پێ، تێ، ڕێ…”+ڕەگی کار. وەک: پێویست (پێ+ ویست)، پێوەند…

  • ناوی لێکدراو: بەو وشانە دەگوترێت کە لە دوو وشەی واتاداری سەربەخۆ یان زیاتر پێک دێت. بەم شێوانەی خوارەوە:

ناوی سادە+ناوی سادە. وەک: شاهەنگ، مارماسی..

ناوی سادە+و+ناوی سادە. وەک: شاخوداخ، ئاخوئۆف…

ناوی سادە+ناوبەند+ناوی سادە. وەک: بەردەنوێژ، کولێرەبەڕۆن…

ناوی سادە+ناوبەند+ئاوەڵناو. وەک: مێرگەسوور…

ئاوەڵناوی سادە+ ناو. وەک: ڕەشماڵ.

ئاوەڵناوی سادە+ناوبەند+ ناوی سادە. وەک: ڕەشەبا…

ناوی سادە+ڕەگی کار. وەک: دارتاش، دڵخواز، برازا…

ناوی سادە+ناوبەند+قەدی چاوگ. وەک: دستوبرد.

کاری ڕابردوو+ناوبەند+ڕەگی کار. وەک: ھاتوچۆ، گفتوگۆ…

ئاوەڵکار+ناوی سادە. وەک: پێشنوێژ، بەرماڵ…

ئاوەڵکار+ناوبەند+ناوی سادە. وەک: پاشەڕۆژ…

ئاوەڵکار+ناوبەند+وشەیەکی بێ واتا. وەک: قەرزوقۆڵ، گوڵوموڵ…

ڕەگی کار+ناوبەند+وشەیەکی بێ واتا. وەک: کوڵوکۆ…

ناو+ناوبەند+هەمان ناو. وەک: قرچەقرچ، چەقەچەق، جیڕەجیڕ…

وشەیەکی بێ واتا+و+ ناوی سادە. وەک: گژوگیا، فڕوفێڵ…

  • ناو له‌ ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه‌، بەسەر چوار جۆردا دابەش دەبێت:
  • نێر: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ تایبه‌تن به‌ نێر یان بۆ ڕه‌گه‌زی نێر به‌کار دێن.

ناوە نێرینەکان، وەک: ئازاد، کاروان، سەنگەر، هیوا…

ناوەکانی تایبەتن بە نێر، وەک: برا، باوک، خاڵ، مام، کوڕ…

گیانلەبەری نێر، وەک: که‌ڵه‌شێر، به‌ران، ئەسپ، گا…

پیشەکانی زیاتر بۆ نێر ناسراون، وەک: فیتەر، گۆشتفرۆش، نانەوا، ئاسنگەر، گاوان، پاسەوان…

  • مێ: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ تایبه‌تن به‌ مێ یان بۆ ڕه‌گه‌زی مێ به‌کار دێن.

ناوە مێینەکان، وەک: سۆزان، نەشمیل، کەڤی…

ناوەکانی تایبەتن بە مێ، وەک: دایک، خوشک، کچ، پوور، خاڵۆژن، نەنک…

گیانلەبەری مێ، وەک: مریشک، مەڕ، مانگا، مایین…

پیشەکانی زیاتر بۆ مێ ناسراون، وەک: ته‌شیڕێس، جلشۆر، مامان…

  • دوولایه‌ن: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌کار دێن. وەک: قوتابی، ئامۆزا، که‌و، ورچ…
  • بێلایه‌ن: به‌و ناوانه‌ دەگوترێت که‌ ڕه‌گه‌زی تێدا نییه‌. وەک: دار، به‌رد، کورسی، مێز…
  • ناو لە ڕووی ئەرکەوە: لە ڕستەدا ناو ئەرک دەبینێت و دەبێت بە: بکەر، بەرکار، نیھاد، گوزارە، تەواوکەری کار… ھتد.

لەسەر بکەر دەوەستین: ناو ئەگەر کارێک ئەنجام بدات، ڕۆڵی بکەر دەبینێت. بکەر کەسێکە یان شتێکە، کارەکە ئەنجام دەدات. وەک: شێرزاد چوو بۆ بازاڕ. (شێرزاد، بکەرە)، باران باخچەکەی تێک دا (باران، بکەرە)، پەنجەرەکە شکا (پەنجەرە بکەرە)، کەپرەکە ڕووخا، شیلان نانی خوارد…

بکەر لە زمانی کوردیدا پێنج جۆری هەیە:

  1. بکەری ڕێزمانی: کەپرەکە ڕووخا.
  2. بکەری لۆجیکی: تریفە هات.
  3. بکەردیار: ڕێزان چێشتەکەی خوارد.
  4. بکەرنادیار: کامەران کوژرا.
  5. بکەرنادیاری ئاماژەپێکراو: کامەران بە دەستی سامان کوژرا.

نیهاد: وشەیەکە سیفەتی کارێکی دەدرێتە پاڵ، کاتێک  پەیدا دەبێت کە کاری ناتەواو لە ڕستەکەدا هەبێت.

کاری ناتەواو چییە؟ ئەو کارانەیە کە بە تەنیا بەکار نایەن، بەڵکوو دەچنە پاڵ وشەیەکی ترەوە و لە چاوگی “بوون” دروست بوون. وەک: شێرزاد زیرەک بوو.

هەر کارێکی ناتەواو کە پێویستی بە نیهاد هەبێت، گوزارەشی لەگەڵدا دێت. گوزارە، شتێکە دەدریتە پاڵ نیهاد و لەگەڵ کاری ناتەواو، ڕستەکە تەواو دەکەن.

قوتابییەکە زیرەکە. کاری ناتەواو بۆ کاتی ئێستە. قوتابییەکە نیهادە، زیرەکە، گوزارەیە.


error: Content is protected !!