جێناو (ڕاناو)، بەشێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، لە جێی ناوی کەسێک یان شتێک دێت و دەبێتە جێگرەوەی ناوەکە. بە شێوەی کەسی یەکەمی تاک، کەسی یەکەمی کۆ، کەسی دووەمی تاک، کەسی دووەمی کۆ، کەسی سێیەمی تاک و کەسی سێیەمی کۆ.
بەکورتی، له سێ ڕوانگه‌وه له جێناو ده‌کۆڵدرێته‌وه: جێناو لە ڕووی واتاوە، جێناو لە ڕووی پێکهاتەوە و جێناو لە ڕووی ئەرکەوە.
- یەکەم: جێناو له ڕووی واتاوه، بریتییە لەم جۆرانە:
- جێناوی که‌سی: بریتییه له قسه‌که‌ر و گوێگر و نائاماده و ئه‌میش دوو جۆره:
جێناوی که‌سیی سه‌ربه‌خۆ: من، ئێمه، تۆ، ئێوه، ئه‌و، ئه‌وان. وەک: من ده‌چم، ئێمه ده‌چین، تۆ ده‌چیت، ئێوه ده‌چن، ئه‌و ده‌چێ، ئه‌وان ده‌چن.
جێناوی که‌سیی لکاو: له‌گه‌ڵ کاری ڕابردووی تێپه‌ڕ: م، مان، ت، تان، ی، یان. وەک: بردم، بردمان، بردت، بردتان، بردی، بردیان. کاری ڕابردووی تێنه‌په‌ڕ: م، ین، یت، ن. وەک: هاتم، هاتیت، هاتین، هاتن. کاری ڕانه‌بردوو: م، ین، یت، ن، ێت(ات). وەک: دەکه‌وم، دەکه‌وین، دەکه‌ویت، ده‌که‌وێت، ده‌که‌ون…
- جێناوی نیشانه: به‌و جێناوانه دەگوترێت که له‌جێی که‌سێک یان شتێک داده‌نرێ و ده‌ستنیشانی ده‌کات: ئه‌مه، ئه‌وه، ئه‌مانه، ئه‌وانه.
هه‌ندێک جار جێناوی نیشانه شێوه‌ی خۆیان ده‌گۆڕن: له‌مه، به‌وه، له‌مانه، له‌وانه.
- جێناوی خۆیی: خاوه‌نییه‌تی و خاوه‌نداری ده‌گه‌یه‌نێت: خۆم خۆمان، خۆت خۆتان، خۆی خۆیان. وەک: خۆم ده‌چم بۆ زانکۆ خۆی ده‌چێت بۆ زانکۆ، خۆتان ده‌چن بۆ زانکۆ…
- جێناوی هه‌یی: واتای خاوه‌ندارێتی ده‌گه‌یه‌نێت و خاوه‌نه‌که‌شی ده‌شێت ناو بێت یان جێناو، له نێو ڕسته‌دا ئه‌رکی ناو یان جێناوەکه‌ی پێ ده‌ستپێردرێ و له شێوه‌ی “ئی یان هی” ده‌بێ. وەک: ئه‌م کتێبه هی منه.
- جێناوی هاوبه‌ش: به‌و جێناوانه دەگوترێت که هاوبه‌شیی نێوان دوو که‌س یان دوو شت دروست ده‌کات. فۆڕمه‌که‌ی بریتییه له “یه‌ک” و “تر، دی، دوو”. وەک: نامه بۆ یه‌کتر ده‌نێرن، سکاڵا له‌سه‌ر یه‌کدی ده‌نووسن.
- جێناوی نەرێیی: بەو جێناوانە دەگوترێت کە نەرێییی کەسێک یان شتێک دەگەیەنن. فۆڕمەکەشی بریتییە لە “چ، ھیچ” و ھەندێک جار پێویستیان بە وشەکانی “کەس، کەسێ، کەسێک، شت، شتێ، شتێک، یەک، یەکێ، یەکێک” دەبێ. وەک: ھیچ کەس نەھاتووە، ھیچ شتێکم نەبینیوە.
- جێناوی چه‌ندێتی: به‌و جێناوانه دەگوترێت که ڕێژه‌ی که‌سه‌کان یان شته‌کان دیاری ده‌کات و چه‌ندێتی و پرسیار ده‌به‌خشێت و فۆڕمه‌کانی بریتیین له: “چه‌ند، چه‌نده، چه‌ندی، هێنده، ئه‌وه‌نده، ئه‌مه‌نده…”. وەک: ئه‌وه‌نده‌م نه‌ماوه. چه‌ندی تێ ده‌چێ؟.
- جێناوی دیار: بەو جێناوانە دەگوترێت کە ژمارەی کەسەکان یان شتەکان دیاری دەکات و فۆڕمەکانی بریتیین لە: “ھەموو، گشت، ھەر، تەواو”، ھەندێک جاریش کەرەستەی “کەس، شت”ی پێوە دەلکێ. وەک: ھەموویان ئامادە بوون، ھەموو کەسێک دەگرێتەوە، گشتیان دەرچوون.
- جێناوی نادیار: ئەو جێناوانە دەگرێتەوە کە بۆ کەسێک یان شتێکی نادیار دەگەڕێنەوە و فۆڕمەکانی بریتیین لە: “فڵان، فیسار، کابرا، ھین، کەسێک، شتێک، وانێک، یەکێ…” وەک: فڵان کارەکەی کرد. ئەمڕۆ یەکێک خۆی کوشت. کارزان ھینەکەی خوارد.
- جێناوی پرسیاری: ئەو جێناوانە دەگرێتەوە کە پرسیار لە کەسێک یان شتێک دەکەن: کێ، کام، کامە، کامەیان، بۆ، چەند، چی، کوێ، کەی… وەک: کێ نەھاتووە؟ کامە گوڵ جوانە؟
- جێناوی لێکدەر: ئەو جێناوانە دەگرێتەوە، لەجیاتی ناوی کەسێک یان شتێک بەکار دەھێندرێن کە پێشتر ناوی ھاتبێت و فۆڕمی لێکدەرەکانیش بریتیین لە: “کە، ی کە”. وەک: ھەولێر کە پایەتەختی کوردستانە، شارێکی خۆشە. ئەو قوتابییەی کە نەھاتبوو، دەرکرا.
- دووەم: جێناو له ڕووی پێکهاته‌وه: بەسەر سێ جۆردا دابەش بووە:
- جێناوی سادە: لە یەک وشەی واتاداری سەربەخۆ پێک دێت. وەک: کێ، کام، ئەو، ی، ھی…
- جێناوی داڕژاو: لە وشەیەکی سادە لەگەڵ پێشگرێک یان پاشگرێک یان ھەردووکی پێک دێت. وەک: ئەمە، ئەوە، ئەمانە، کامە، کامەیە…
- جێناوی لکێدراو: لە دوو وشەی واتادار یان زیاتر پێک دێت. وەک: ھەموو شتێک، ھەموو کەسێک، ھەر کەسێک…
- سێیەم: جێناو لە ڕووی ئەرکەوە:
بەشە ئاخاوتنی جێناو دەتوانێ لە ڕستەدا ئەرک ببینێت، واتە ببێتە: بکەر، بەرکاری ڕاستەوخۆ، بەرکاری ناڕاستەوخۆ، نیھاد، گوزارە، تەواوکەری ناو، تەواوکەری کاری ناتەواو… وەک:
کاتێک جێناو ئەرکی بکەر دەبینێ: من نان دەخۆم.
کاتێک جێناو ئەرکی بەرکاری ڕاستەوخۆ دەبینێ: من ئەوم بینی.
کاتێک جێناو ئەرکی بەرکاری ناڕاستەوخۆ دەبینێت: بە تۆ دەڵێم.
کاتێک جێناو ئەرکی نیھاد دەبینێ: خۆی جوانە.
کاتێک جێناو ئەرکی گوزارە دەبینێ: نامەکە ھی ئەمانەیە.