ئاوەڵناو (ھاوەڵناو)، یەکێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، وەسفی ناوێک یان جێناوێک دەکات، بەھۆیەوە دەبێتە تەواوکەری ناو یان جێناوەکە یان تەواوکەری ئاوەڵناوێکی تر، یان تەواوکەری کارێکی ناتەواو. ئاوەڵناو پێوەستە بە ناو و جێناوەوە و ھەردەم لەگەڵیاندا جێی خۆی دەکاتەوە.
ئاوهڵناو لە ڕووی جیاوازەوە جۆرەکانی دیاری دەکرێن:
- ئاوهڵناو له ڕووی واتاوه، چوار جۆری هەیە:
- ئاوهڵناوی چۆنییهتی: بهو ئاوهڵناوانه دەگوترێت که چۆنییهتی و نیشانه دهگهیهنێت و ههمهجۆره؛ لهوانه واتای ڕهنگ نیشان دهدات: “زهرد، شین، سوور، سپی…”، چهمکی دهوروبهر ڕادهگهیهنێت: “ڕاست، چهپ…”، سیفهت: “ڕهزیل، ڕووخۆش…” شێوه: “قهڵهو، پان، بهرین، لاواز…”.
- ئاوەڵناوی نیشانە: بەو ئاوەڵناوانە دەگوترێت کە دەستنیشانی ناوی کەسێک یان شتێک لە ڕستەدا دەکەن و دەبنە دوو پارچە، پارچەیەکیان دەکەوێتە پێش ناوەکە و پارچەکەی تر دەکەوێتە دوای. وەک: ئەم کوڕە زیرەکە. ئەو کچە جوانە. ئەم کوڕانە دواڕۆژن.
- ئاوەڵناوی نیسبی: ئەم جۆرە ئاوەڵناوە، واتایان بەستراوەتەوە بە وشەیەکی ترەوە و ڕاستەوخۆ مەبەستەکە دیاری ناکات، بەڵکوو لە ڕێگەی پێوەندی بە وشەیەکی ترەوە واتاکەی دەردەکەوێت. بەم پاشگرانەش دروست دەکرێت: “ی، ین، ە، انە، ەکی”. وەک: ھەولێری، بەردین، زستانە، پیاوانە، پوولەکی…
- ئاوەڵناوی نادیار: بەو ئاوەڵناوانە دەگوترێتک کە ڕاستەوخۆ دەلالەت لە شتێکی دیاریکراو ناکەن، بەڵکوو واتاکەی بە چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە بەستراوەتەوە. ئەمیش دوو جۆرە:
ئاوەڵناوی نادیاری جیاکەرەوە: “دی، دیکە، تر، کە” و ھەندێک جاریش “ئی، یەک” لەگەڵیان دێت. وەک:
ئیدی، لەگەڵ پیاوێکی دی کار دەکەم.
پێویستیم بە کەسی دیکە نییە.
ئیدی ناچمە شار (ئی+دی).
ئیدیکە نان ناخۆم (ئی+ دیکە).
لەگەڵ یەکدی دەچین بۆ ئاهەنگ (یەک+دی).
ئاوهڵناوی نادیاری دیاریکردن: “وا، ئاوا، وهها، ئاوها، ئهوها…” وەک:
کچێکی وام بینی، ههر وهسفی ناکرێ.
نازدار کچێکی ئاوایه.
- ئاوهڵناو له ڕووی پلهوه، چهند جۆرێکه:
- ئاوەڵناوی پلەی چەسپاو: بەراورد لە نێوان ھیچ کەس و شتێک ناکات، بەڵکوو پلەی نەگۆڕ و چەسپاوی ناوەکە یان جێناوەکە دەخاتە ڕوو: باش، خراپ، جوان، زیرەک، ئازا، خێرا…
- ئاوەڵناوی پلەی بەراورد: بەراورد لە نێوان دوو کەس یان دوو شت دەکات، کاتێک “تر” دەخاتە سەر وشەکەوە: باشتر، زیرەکتر، جوانتر.
- ئاوەڵناوی پلەی باڵا: بەراورد لە نێوان کەسێک لەگەڵ کۆمەڵە کەسێک یان شتێک و کۆمەڵە شتێک دەکات، کاتێک “ترین” یان “ین” ئەگەر خۆی “تر”ی پێوە بوو، دەخاتە سەر وشەکەوە: چەسپاوترین، چاکترین، زۆرترین…
- ئاوەڵناو لە ڕووی پێکھاتەوە، چەند جۆرێکە:
- ئاوەڵناوی سادە: لە یەک وشەی واتاداری سەربەخۆ پێک دێت. وەک: جوان، پاک، زیرەک، سوور، خراپ، بەرز، قورس…
- ئاوەڵناوی داڕژاو: لە وشەیەکی سادە و پێشگرێک یان پاشگرێک پێک دێت. بەم شێوانەی خوارەوە:
پێشگر+ ناو: بێکار (بێ+ کار)، بەھێز (بە+ ھێز).
ناو+ پاشگر: جیھانی (جیھان+ی)، زێڕین (زێڕ+ین)، شەرمن (شەرم+ن)، بەختەوەر (بەخت+ ـەوەر)، کرمۆڵ (کرم+ۆڵ)، پیاوانە (پیاو+انە)، کوڕانی (کوڕ+انی)، خێڵەکی (خێڵ+ـەکی)، ترسناک (ترس+ناک)، هاوینە (هاوین+ـە)، فێڵباز (فێڵ+باز)، سوودمەند (سوود+مەند)، خەمگین (خەم+گین)، درۆزن (درۆ+زن)…
پێشگری “نە، نا”+ ئاوەڵناوی سادە: نەخۆش (نە+خۆش)، ناپاک (نا+پاک).
ئاوەڵناوی سادە+پاشگر: ترشۆکە (ترش+ۆکە)، ڕووناک (ڕوون+اک)، گەڕۆک (گەڕ+ۆک)، باریکەلە (باریک+ـەلە)، نەرمۆڵە (نەرم+ۆڵە)، وردیلە (ورد+ یلە)، جوانکیلە (جوان+کیلە)…
پێشگر+ ڕەگی کار: نەمر (نە+مر)، بوێر (ب+وێر)، بکوژ (ب+کوژ)…
ڕەگی کار+ پاشگر: گەڕۆک (گەڕ+ۆک)…
- ئاوەڵناوی لێکدراو: لە دوو وشەی لێکدراو یان وشەیەک و ئاوەڵناوێک پێک دێت. بەم شێوانەی خوارەوە:
ناو+ناو: گەردنبلوور (گەردن+بلوور)، بەژنچنار (بەژن+چنار)…
ناو+ئاوەڵناوی سادە: ڕووخۆش (ڕوو+خۆش)، دەستدرێژ(دەست+درێژ)، دڵتەنگ (دڵ+تەنگ)…
ناو+ناوی بەرکار: سەرشکاو (سەر+شکاو)…
ناو+بە+ناو: قوڕبەسەر (قوڕ+بە+سەر)…
ئاوەڵناوی سادە+ناو: خۆشباوەڕ (خۆش+باوەڕ)، پڕسوود (پڕ+سوود)…
ئاوەڵناوی سادە+ە+ناو: کورتەباڵا (کورت+ە+باڵا)، پیرەمێرد (پیر+ە+مێرد)…
ناو+ ڕەگی کار: ئاشتیخواز (ئاشتی+خواز)، پیاوکوژ (پیاو+کوژ)…
ئاوەڵناوی سادە+ ڕەگی کار: دووربین (دوور+بین)، ڕاستگۆ (ڕاست+گۆ)…
ژمارە+ناو: دوودڵ (دوو+دڵ)…
ئاوەڵناوی سادە+ب+ڕەگی کار: زۆربڵێ (زۆر+ب+ڵێ)…
- ئاوەڵناو لە ڕووی ئەرکەوە:
ئاوەڵناو لە ڕستەدا دەتوانێت ئەرک ببینێت، بەڵام ناتوانێت ھەموو ئەرکێک لە ڕستەدا ببینێت، چونکە دیاریکراوە. بەم شێوەیەی خوارەوە:
– دەبێتە دیاریخەری ناو. وەک: ئەم گوڵە بکڕە. کوڕێکی زیرەک ھات.
– دەبێتە تەواوکەری دیاریخەری جێناو. وەک: ئێوەی تێکۆشەر سەردەکەون.
– دەبێتە دیاریخەر و تەواوکەری کاری ناتەواو. وەک: ڕزگار زیرەکە.
– دەبێتە دیاریخەری ئاوەڵناوی تر. وەک: کچێکی باڵابەرزی چاوشین ھات.