چاوگ، وشەیەکە بۆ دروستکردنی کار و ناو کە لە ڕستەدا کردەوەیەک پیشان دەدات، بەڵام ئەو کردەوەیە ناخرێتە پاڵ کەسێک یان شتێک، ژمارە و کاتیشی تێدا نییە.
بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن دەکرێت:
یەکەم: چاوگ لە ڕووی پێکھاتەوە.
دووەم: نیشانەی چاوگ.
سێیەم: قەدی چاوگ.
چوارەم: ڕەگی چاوگ.
- یەکەم: چاوگ لە ڕووی پێکھاتەوە، دەبێتە سێ جۆر:
- چاوگی سادە: وشەیەکی واتاداری سەربەخۆیە و بە “ن” کۆتایی دێت. وەک: مردن، بردن، سووتان، ڕووخان، کەوتن، خەوتن…
- چاوگی داڕژاو: لە چاوگێکی سادە و پێشگر یان پاشگر یان ھەردووکیان پێک دێت:
پێشگر+ چاوگی سادە: ڕۆچوون (ڕۆ+چوون)، داخستن، بەردان، تێکردن…
چاوگی سادە+پاشگر: بردنەوە (بردن+ەوە)، شکاندن…
پێشگر+چاوگی سادە+پاشگر: تێکردنەوە (تێ+ کردن+ەوە)، بەردانەوە…
- چاوگی لێکدراو: لە دوو وشە یان زیاتر پێک دێت، یەکێکیان چاوگە:
ناوی سادە+چاوگی سادە: دەستکەوتن (دەست+کەوتن)، شەڕکردن، یارمەتیدان…
ناوی داڕژاو+چاوگی سادە: گەرمابوون (گەرما+بوون)، چڵکاوخواردن، ڕێگەگرتن…
ناوی لێکدراو+چاوگی سادە: ماڵئاواییکردن (ماڵئاوایی+کردن)، ماستاوخواردن…
دووبارەکردنەوەی ناو+چاوگی سادە: کونکونکردن (کونکون+کردن)، کونکونبوون…
ناوی داڕژاو+چاوگی داڕژاو: جێگەکردنەوە (جێگە+کردنەوە)، چڵکاوخواردنەوە…
ناوی سادە+ چاوگی داڕژاو: دەستھەڵبڕین (دەست+هەڵبڕین)، چاوپێکەوتن…
فرێزی ناوی+چاوگی سادە: لەھۆشچوون، لەبیرکردن…
فرێزی ناوی+ چاوگی داڕژاو: بەبیرھاتنەوە، لەبیرکردنەوە…
ئاوەڵناوی سادە+چاوگی سادە: بڵندکردن، خۆشکردن…
ئاوەڵناوی داڕژاو+چاوگی سادە: بەھێزکردن، نەخۆشکەوتن…
ئاوەڵناوی لێکدراو+چاوگی سادە: دڵخۆشکردن، دڵشادبوون، ڕووڕەشکردن…
دووبارەکردنەوەی ئاوەڵناو+چاوگی سادە: وردوردکردن، پارچەپارچەبوون…
ئاوەڵناوی سادە+چاوگی داڕژاو: نوێکردنەوە، تیژکردنەوە…
ئاوەڵناوی داڕژاو+چاوگی داڕژاو: بەھێزبوونەوە، بەپیرچوونەوە…
ئاوەڵناوی لێکدراو+چاوگی داڕژاو: دڵخۆشکردنەوە، دڵساردکردنەوە…
ئاوەڵکاری سادە+چاوگی سادە: زۆرکردن،کەمکردن…
ئاوەڵکاری داڕژاو+چاوگی سادە: لەناوچوون، لەناوبردن…
وشەیەک مانای سەربەخۆی نەبێت+چاوگی سادە: وازھێنان، نقوومبوون…
ئامرازی سەرسڕمان+چاوگی سادە: داخخواردن…
ئامرازی سەرسڕمان+چاوگی داڕژاو: ئاخهەڵکێشان…
پارتیکل+چاوگی سادە: خۆزگەخواردن…
- دووەم: نیشانەی چاوگ، لە زمانی کوردیدا، بە پیتی “ن” کۆتایی دێت و لەگەڵیدا یەکێک لەم پیتانە دێت: “وو،ی،د،ا،ت”، بەیەکەوە پێیان دەگوترێت نیشانەی چاوگ و هەرەیەکەیان ناوێکیان بەپێی پیتەکەی پێش “ن” هەڵگرتووە:
چاوگی واوی: چوون، بوون…
چاوگی یائی: کڕین، بڕین، سڕین…
چاوگی دالی: کردن، بردن، مردن…
چاوگی ئەلفی: سووتان، شکان…
چاوگی تائی: کەوتن، خەوتن…
- سێیەم: قەدی چاوگ، تەنیا لە لابردنی “ن”ـی چاوگەکە دروست دەبێت:
چاوگ قەدی چاوگ
هێنان هێنا
شکان شکا
بردن برد
خواردن خوارد
سووتان سووتا
ڕژان ڕژا
دزین دزی
کڕین کڕی
شوشتن شوشت
کەوتن کەوت
- چوارەم: ڕەگی کار، ئەو بەشەیە کە لە چاوگ وەردەگیرێت و دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی چاوگ و وەکوو مۆرفیمێکی بەند سەیر دەکرێت و بە تەنیا بەکار نایەت:
- ڕەگی ڕابردوو: تەنیا بە لابردنی پیتی “ن”ی چاوگ دروست دەبێت. وەک: چوون/چوو، کڕین/کڕی، بردن/برد…
- ڕەگی ڕانەبردوو، بە لابردنی مۆرفیمەکانی ڕەگی ڕابردوو، ڕەگی ڕانەبردوو دەردەهێنرێت. وەک:
چاوگ ڕەگی ڕانەبردوو
کێڵان کێڵ
هێنان هێن
شێلان شێل
شکان شکێ
برژان برژێ
خنکان خنکێ
کڕین کڕ
بڕین بڕ
لەرزین لەرز
چوون چ
بوون ب
فرۆشتن فرۆش
گرتن گر
بیستن بیست
بەستن بەست
خواستن خواز
کوشتن کوژ
ڕۆیشتن ڕۆ
خوێندن خوێن
مردن مر
چاندن چێن
سەندن سێن