زۆر به ساده‌یی، خاڵبه‌ندی ڕازاندنه‌وه و جوانکاریی نووسینه، به‌ڵام چ جوانکارییه‌ک، له‌و جۆره نا ئه‌گه‌ر داشی نه‌نێیت، ڕسته‌که‌ت هه‌ر ده‌خوێندرێته‌وه، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر پێبه‌ندی خاڵه‌کانی خاڵبه‌ندی نه‌بیت، ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌و نووسینه‌ی داتڕشتووه، هیچ به‌هایه‌کی نه‌مێنێت و ڕه‌نگه ماناکه‌شی له‌ده‌ست بدات.
له نووسینی ده‌قێکدا، سه‌ره‌ڕای ڕه‌چاوکردنی کۆمه‌ڵێک یاسا و ڕێسای نووسین، وەک پێبه‌ندبوون به ڕێنووس و ڕێزمان که پێشتر به وردی له‌سه‌ریان ڕۆیشتم، نووسه‌ر ده‌بێ ڕه‌چاوی یاساکانی خاڵبه‌ندییش بکات، بۆ ئه‌وه‌ی ماناکه‌ی ده‌قه‌که‌ی، وەک خۆی بگات.
شتێکی زۆر گرینگ له خاڵبه‌ندیدا ئه‌وه‌یه، زۆربه‌ی هێماکانی له هه‌موو زمانه‌کاندا بارە بوونه‌ته‌وه و له زۆربه‌شیاندا وەک یەک مانا ده‌به‌خشن، ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی ئێجگار ئه‌رێیییه. واته ئه‌و خاڵبه‌ندییه‌ی لێره فێری ده‌بیت، هه‌ر زمانێکی دیکه‌یش بزانیت، به هه‌مان شێوه سوودی لێ ده‌که‌یت و ڕه‌نگه جیاوازییه‌کی که‌می هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له ناو یەک زمانیشدا، له هه‌ندێ هێمای خاڵبه‌ندیدا، به‌ڵام هێما زۆر سه‌ره‌کییه‌کان نییه، جیاوازی و ناکۆکی له نێوان ده‌زگه‌کاندا دروست بووه، به‌ڵام هه‌ر زوو به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند په‌ره‌گرافێکی نووسینی ئه‌و ده‌زگه‌یه، یان به‌رهه‌می نووسه‌رێک، ئیتر ڕێت بۆ ئاشنا ده‌بێت و ده‌زانی ئه‌و هێمایه که تۆ بۆ شتێکی تر به‌کاری ده‌هێنیت، ئه‌م بۆ خاڵێکی دیکه به‌کاری هێناوه و ئه‌مه‌ش له‌نگی دروست ناکات.
ئه‌و نیشانانه‌ی له خاڵبه‌ندیدا زۆر به‌کار دێن بریتیین له:
1- خاڵ “.”
یه‌که‌م و بناخه‌ی هێماکانی خاڵبه‌ندی، بریتییه له خاڵ، ئه‌ویش به‌م شێوانه به‌کار دێت:
– له کۆتاییی هه‌موو ڕسته‌یه‌کدا، جگه له پرس و سه‌رسڕمان:
خاکه‌لێو، یه‌که‌م مانگی کوردییه.
– له دوای یه‌که‌م، یان یه‌که‌م و دووه‌م پیتی ناوێک که به ته‌واوی ناوەکه نه‌هاتبێت و پێش ناوهێنانی پاشناوەکه‌ی بکه‌وێت:
ع. شه‌ره‌فکه‌ندی.
م. م. به‌درخان.
ع. ج. سه‌گرمه.
ع. ع. شه‌ونم.
– بۆ کورتکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک پیشه، ناسناو و ڕێکه‌وت، دوای یه‌که‌م پیت داده‌نرێت:
پەیامهێن (د. خ.): پەیامهێن دروودی خوای لێ بێت
پ. مارف خه‌زنه‌دار: پرۆفیسۆر مارف خه‌زنه‌دار.
د. سۆران: دوکتۆر سۆران عوسمان.
مادده‌کان ٧٠٠ ساڵ پ. ز. سه‌ریان هه‌ڵدا: پێش زایین.
سه‌رنج: خاڵ، ده‌بێت به وشەی پێش خۆی بلکێنرێت و بۆشایییەکی (سپەیس) له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوای خۆیدا هه‌بێت.
2- جووتخاڵ “:”
جووتخاڵ له‌م شوێنانه داده‌نرێت:
– له پێش ئاخاوتنێکه‌وه که وەک خۆی بگێڕدرێته‌وه، یان بگوترێت:
ئاسۆ گوتی: “من خه‌ڵکی کوردستانم.”
– له پاش وشەیەک یان باسێک که پێویستی به ڕاڤه و لێکدانه‌وه بێت:
میرنشینه کوردییه‌کان، بریتی بوون له: ئه‌رده‌ڵان، سۆران، بادینان، بابان، هه‌کاری و بۆتان.
– پێش هێنانه‌وه‌ی نموونه، له‌جیاتی: بۆ وێنه وەکوو، بۆ نموونه…، له‌م دۆخه‌دا ده‌توانرێت ته‌قه‌ڵێکیش دوای جووتخاڵه‌که دابنرێت:
ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردی، پڕه له ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه:- نالی، مه‌حوی، گۆران، هێمن و هتد.
– له نێوان کاته‌کانی دەمژمێردا هێمای جووتخاڵ به‌کار ده‌هێندرێت:
10:22
سه‌رنج: ده‌بێت به وشەی پێش خۆی بلکێنرێت و بۆشایییەکی (سپەیس) له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوای خۆیدا هه‌بێت.
3- بۆر “،”
بۆر، نیشانه‌ی پشوویه‌کی کورته، له‌و شوێنانە داده‌نرێت، وا له ڕسته‌که بکات ئاسان بخوێنرێته‌وه، واته یاسایه‌کی کۆنکرێتی نییه پێت بڵێت چۆن بۆر له ڕسته‌که‌تدا به‌کار ده‌هێنیت؛ هه‌ر که‌س به شێوه‌یه‌ک به‌کاری ده‌هێنێت، گرینگ ئه‌وه‌یه ڕوون بێت و به باشی تێ بگه‌یه‌نرێ. بۆر، چاره‌سه‌رێکی باشه بۆ ڕسته‌ی دوورودرێژی پشووبڕ. جیا له‌وه، له‌م شوێنانه‌ش داده‌نرێت:
– له‌دوای ناوی بانگکراوه‌وه:
کچینه، هه‌وڵ بده‌ن، به هه‌وڵدان ده‌گه‌نه ئامانج.
– له نێوان ناو و پیشه و پسپۆڕی یان پێناسه‌که‌ی:
مه‌ستووره‌ی کوردستانی، هۆنه‌ر و مێژوونووس له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌ژیا.
جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی پێشووتری عێراق.
جۆ بایدن، سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، ڕه‌تی کرده‌وه سه‌ردانی کۆریا بکات.
– له‌و شوێنانه‌ی که ژماردن و دووپاتبوونه‌وه‌ی تێدایه، بەڵام لە نێوان دوو وشەی کۆتایی و پێش کۆتایی، لەجێی بۆر، واوێک دادەنرێت.
خوێ، ڕۆن، پیاز، تەماتە و برنج، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن که پێویستن.
دووشه‌ممه، سێشه‌ممه، چوارشه‌ممه و پێنجشه‌ممه.
– بۆ جیاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی سه‌رسڕمان و وشه‌ی بانگلێکراو له ڕسته‌دا:
ئۆف، چ هه‌وایه‌که!
پێنووسه‌که‌م بده‌رێ، ئاسۆ.
– بۆ دابڕینی زنجیره وشەیەک له یه‌کتر که دوو دوو و پێکه‌وه به‌کار هێنرابن:
پێشمه‌رگه به برسییه‌تی و تینووێتی، به هیلاکی و ماندووێتی، کۆڵی لێ نادات.
– له دوای گێڕانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر قسه‌که‌ر، قسه‌یه‌کی کۆنی خۆی بگێڕێته‌وه:
خۆم گوتم، چێ‌کردنی دۆڵمه زۆر ئه‌سته‌م نییه.
– دوای وشه‌ی “به‌ڵێ و نه‌خێر”:
به‌ڵێ، نامه‌که‌م نارد.
نه‌خێر، له‌و کاته‌دا ناتوانم به‌شدار بم.
سه‌رنج: بۆر، ده‌بێ به وشه‌که‌ی پێشییه‌وه بلکێنرێ و بۆشاییی له‌گه‌ڵ وشه‌ی دواییدا هه‌بێ.
4- خاڵبۆر “؛”
خاڵبۆر، بۆ وچانگرتنێکی درێژتر له بۆری ساده به‌کار ده‌هێنرێت. زۆر جار، له‌و ڕستانه‌ی که زۆر لە یەک نزیکن له باتیی خاڵ داده‌نرێت:
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، کوردێکی زۆر چوونه هه‌نده‌ران؛ ئه‌وان ده‌توانن سوودێکی زۆر به گه‌له‌که‌یان بگه‌یه‌نن.
5- نیشانه‌ی پرس “؟”
نیشانه‌ی پرس، ده‌خرێته کۆتاییی ئه‌و ڕستانه‌ی پرسیاریان تێدایه:
پێنووسه‌که‌ت چی لێ کرد؟
ئایا ده‌زانی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی، لە چ ساڵێکدا ده‌رچوو؟
6- نیشانه‌ی سه‌رسڕمان “!”
له کۆتاییی ئه‌و وشانه، یان ئه‌و ڕستانه‌ی سه‌رسڕمان، یان په‌ژاره‌یی، یان هه‌ستێکی ده‌روونیی تێدایه، به‌کار ده‌هێنرێت:
چ هه‌ستێکی به‌سۆزە!
چه‌ند ده‌نگت خۆشه!
ئۆخه‌ی! ئاڵای کوردان هه‌ڵکرا.
ئای له‌و مانگه! چ جوانه!
7- جووتە که‌وانه‌ی بچووک “”:
له‌م شوێنانه به‌کار دێت:
– کاتێک بمانه‌وێت گرینگی بده‌ین به وشه‌یه‌ک، یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ک، یان ڕسته‌یه‌ک، ده‌یخه‌ینه ناو ئه‌و هێمایانه‌وه:
زانایان “زمان” به کۆڵه‌که‌ی نه‌ته‌وه داده‌نێن.
من “مێژوو” به چرای تاریکستانی داهاتوو ده‌زانم.
کاتێ بتوانین “ئه‌لفوبێ جۆربه‌جۆره کوردییه‌کان” بکه‌ین به یه‌ک، ئه‌و کاته گه‌لێک کێشه‌مان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
– گوتەیەک ڕاسته‌وخۆ ده‌گێڕدرێته‌وه و ناشکێنرێت و ده‌ستکاری ناکرێ:
گه‌نجه‌که گوتی: “ڕاست ده‌که‌یت، ئێمه یارمه‌تیت ده‌ده‌ین، من ڕۆبن هوودم.”
قازی موحه‌ممه‌د، چاونه‌ترس ڕووی تێ کردن: “ئێوه ئه‌مڕۆ قازی ده‌کوژن، سبه‌ینێ له هه‌ر دڵۆپه خوێنێکی من، سه‌تانی تر سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن.”
سه‌رنج: ئه‌گه‌ر ڕسته‌که به خاڵ، بۆر، هێمای پرسیار، هێمای سه‌رسڕمان و هتد کۆتاییی هات، ئه‌وانه‌ش ده‌خرێنه جووتە کەوانە بچووکەکەوە.
8- جووته که‌وانه‌ی گه‌وره ()
جووتە کەوانەی گەورە، بە چەند مەبەستێک بەکار دێت:
– وشەیەک، یان ڕستەیەک دەخرێتە نێوانی کە واتایەکی تایبەتیی دیکەی ھەبێت:
پیرەمێرد (حاجی تۆفیق) لە وەرگێڕانی ھۆنراوەدا، دەستێکی باڵای ھەبوو.
– ڕوونکردنەوەی پێش خۆی، واتە ئەگەر ئەوەی ناو کەوانەکەش نەخوێنیتەوە، ماناکە تێک نەدات:
شاری سلێمانی (باشووری کوردستان) سلێمان پاشای بابان بونیادی ناوە.
– وشەی بێگانە:
فەیسبووک (facebook) یەکەم تۆڕی کۆمەڵایەتییە لە ڕووی زۆرترین ھەژمارەوە.
ده‌زگه ته‌ناهییه‌کانی به‌عس (ئه‌من) خه‌ڵکیان ده‌تۆقاند.
بۆ نووسین به کوردی، پێویسته ته‌خته‌کلیل keyboard))ێکی کوردی دابەزێنیت.
– ساڵی دەستپێک و کۆتاییی ڕووداوێک، یان ساڵی لەدایکبوون و کۆچکردنی کەسێک، وەک:
سنووری دەوڵەتی حەسنەوی (٩٤١ ـ ١٠١٤) پارە و پوولیشیان ھەڵکەندبوو، ھەمەدان، مەھاباد، کرماشان و شارەزوور بوو.
تێبینی: کەوانە کە دادەخرێت نابێت بکلێنرێت بە وشەکەی پاشیەوە، بەڵام ئەگەر وشەکە ھێشتا تەواو نەبووبوو دەبێ پێوەی بلکێندرێ.
سەرنجێکی گرینگ، زۆر کەس جووتە کەوانەی بچووک “” و جووتە کەوانەی گەورە ( ) بە ھەمان مانا بەکار دەھێنن. پێویستە ئەوە ڕوون بێت، جووتە کەوانەی بچووک بۆ گرینگیدانە بە وشەیەک یان دەقێک.
9- هێڵ یان ته‌قه‌ڵ –
– بۆ جیاکردنه‌وه‌ی دوو که‌سی گفتوگۆکه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی هێنده نه‌نووسرێت “گوتی”، وەک:
سۆز ڕووی کرده ئاکۆ:
- ئاکۆ، گوێت له سه‌ربازه‌کانه؟
- به‌ڵێ، دیاره هه‌ر به دوامان ده‌گه‌ڕێن.
- تۆ بڵێی بماندۆزنه‌وه؟
– له نێوان ژماره و ژمێرراودا، ئه‌گه‌ر که‌وته سه‌ره‌تای ڕسته‌وه، وەک: 5-
– ده‌توانرێت بۆ جیاکردنه‌وه‌ی خاڵ و تێبینییه‌کان دابنرێت.
10- سێ خاڵی تەنیشت یەک “…”
– لەکاتی ھێنانەوەی نموونە، کاتێک خۆی زیاترە و تۆ بەوەندە کۆتایی پێ دەهێنیت، سێ خاڵ لە تەنیشت یەک دادەنێیت، یان دوو خاڵ و دەنووسی “..ھتد.” یان “..تاد.”
زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستانم بینیوه: ئامه‌د، ماردین، ئۆرفه، مه‌هاباد…
– له بری وشه، یان ڕسته، که قرتێنراوه و نامانه‌وێ بیخه‌ینه ڕسته‌وه، به‌کار دێ:
زۆر تووڕه بوو، ده‌ستی به جنێودان کرد: س…باب، وه‌ره خواره‌وه.
– یان بۆ کورتکردنه‌وه که زۆرجار له ڕۆماندا به‌کار ده‌هێنرێت:
فریام بکه‌ون! فریام بکه‌ون! فر…
11- هێڵی لار (/)، (\) :
– بۆ نووسینی ڕێکەوت کە بە ژمارە دەنووسرێت، کەڵک لە ھێڵی لاری (/) وەردەگرین:
شاری کەرکووک لە ١٠/٤/٢٠٠٣ ڕزگار کرا.
– بۆ نووسینی “دابەشکردن” لەناو دەقێک کە پیتی تێدا بەکار ھاتووە، کەڵک لە ھێڵی لاری (\) وەردەگرین:
خێراییی تێشک (٣٠٠ ھەزار کم\چرکە)یە.
– بۆ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی وشه‌ی پاش لاره‌که، لقێکه له وشه‌ی پێشی:
کوردستان/ هه‌ولێر/ شه‌قامی 60 مه‌تری/ به‌رانبه‌ر ئیسکان.
کتێبی ڕاستنووسی/ بەشی ڕێنووس/ مەنووسە، بنووسە.
– بۆ گرینگی‌دان و سه‌رنج له‌ناو نووسینێکدا. بۆ نموونه له ته‌نیشت ئه‌م وشانه داده‌نرێت، ئینجا ڕسته گرینگه‌که‌ی پاڵی ده‌نووسرێت:
تێبینی/
سه‌رنج/
ئاوڕ/