سەبارەت بە بڕوای فیۆدۆر دۆستیۆڤسکی، زۆر گوتراوە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەو هەموو ڕەخنەیەی دەگەڕێتەوە لە کڵێسا و پیاوانی ئایینیی گرتووە، لە بەرانبەردا هەندێکی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز لێی قووڵ بوونەتەوە و بەتەواوی لەوە دڵنیان، کەسێکی بێبڕوا نەبووە، ئەگەرچی سەبارەت بە ڕێگەی پێڕەوکردنی ئەو بڕوایەی لە گومانێکی زۆردا بووە، هەر ئەمەیشە وای کردووە، خۆی لە هەرسێ ئایینەکە (جوو، کریستیان و ئیسلام) شارەزا کردووە و کەسایەتیی پەیامهێنەکانی خوێندووەتەوە. فیۆدۆر لە کڕۆکەوە بڕوای بە خوا هەبووە، بەشێوەیەک وێڕای هەموو پێناسەکانی بۆ کەسێتیی تاکەکان، هەمیشە هەستی بە هێزێکی باڵا و جووڵێنەریش کردووە، تەنانەت لەو کاتەی کچەکەی و کوڕەکەی دەمرن، هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەو بڕوایەی ناکات.
ئێمە بۆ ئەوەی کۆدی بڕوای دۆستۆیڤسکی بدۆزینەوە، دەبێ لەنێوان دێڕی ڕۆمانەکانیدا بگەڕێین، هەروەها یاداشتەکانی هاوسەرەکەی و کچەکەی دەبنە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر سەبارەت جۆری بڕواکەی. ئەوەتا لە دوا ساتەکانیشدا داوا لە هاوسەرەکەی دەکات بڕوای بە خوا بتەو بێت و متمانەی پێ بکات، بەڵام ئەوانەی تەنیا ڕووکەشی ڕۆمانەکانی دەخوێننەوە، بەتایبەتی برایانی کارامازۆڤ، پێیان وایە کەسێکی تەواو ئەتێست بووە و بڕوای بە خوا نەبووە و بەرانبەر میتافیزیک لە هەڵوێستێکی سەنگەردا بووە.
ئەلبێر کامو، فەیلەسووف و نووسەری گەورەی بوونگەرایی فڕەنسی، هۆگری فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی بوو، بەشێوەیەک لە ڕۆمان و شانۆکانیدا ڕەنگی دابووەوە. تەنانەت کەسایەتیی ئیڤان کارامازۆڤ لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ هێندە کاریگەری لەسەری دروست کردبوو، نەوەک لە بەرهەمەکانی، لەسەر ژیانی خۆیشی بە ڕوونی دیار بوو. ئیڤان کەسێکی تەواو گوماناوییە بەرابنەر بڕواکان، هەر ئەمەیشە وای کرد کامو ڕێگەی بوونگەرایی هەڵبژێرێ و دواجاریش بە فەیلەسووفێکی بێبڕوا هەژمار بکرێ. کامو ئەمە ناشارێتەوە، لە “ئەفسانەی سیزیف” ـدا دەڵێ: دۆستۆیڤسکی لە برایانی کارامازۆڤ گوتوویەتی: “بابەتی هەرەگرینگ کە دەمەوێ باسی بکەم و لەم کتێبەمدا شیی بکەمەوە، ئەو بابەتەیە، لە ململانێ لەگەڵیدا بە شێوەی هۆشیاری یان ناهۆشی، لە ماوەی ژیانمدا تووشی چەڵەمە بوومەوە، ئەویش بریتییە لە بوونی خوا” بۆیە پێم وایە ئەستەمە تەنیا ڕۆمانێکی فیۆدۆر ئەو هەموو گومانەی بەرەو حەقیقەتێکی جوان و کۆتایییەکی بەختەوەر بردبێ.
کامو دەیەوێ ئەوە بسەلمێنێ، ئەو هەموو گومانەی دۆستۆیڤسکی، ئەگەرچی لە هەندێک ڕۆمانیدا وا دەردەکەوێ بەرەو حەقیقەتی بردبێ و گومانەکانی لەسەر خوا ڕەویبێتەوە، بەڵام ئەستەمە بڕواکردن بەو گوتەیە. بۆریس شلۆزەر، نووسەر و وەرگێڕی فڕەنسی، هاوڕای ئەلبێر کامو، بە هێنانەوەی هەمان بەڵگە، دەڵێ، دۆستۆیڤسکی خۆی لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤدا، هاوڕای ئیڤان کارامازۆڤی بێبڕوا بووە، نەوەک ئەلیوشای بڕوادار، ئاخر ئەو بەڵگانەی ئەلیوشا لەسەر بڕوا، سێ مانگی ویست تا فیۆدۆر ئامادەی کردن و نووسینی، بەڵام بەڵگەکانی ئیڤان لەسەر بێبڕوایی، تەنیا سێ هەفتەی ویست و هەمووی تەواو کردن، چونکە لە ناخیدا هەڵدەکوڵان و پێویستی بە کاتێکی زۆر نەبوو.
بەڵگەیەکی دیکە سەبارەت بە بێبڕواییی فیۆدۆر، ئەو نامانەیەتی کە هەرگیز بۆ ئەوە نەینووسیبوون تا بڵاو ببنەوە، تێیاندا، لەنێوان دێڕەکاندا گومانێکی زۆر دەبینی. لە هەندێ نامەیدا، خوێنەر هەست دەکات دۆستۆیڤسکی شتێک دەڵێ، بەڵام شتێکی دیکەی شاراوە هەیە نەیگوتووە و لە ناخیدا هێشتوویەتییەوە. بۆ نموونە لە نامەیەکدا بۆ فسیفۆلۆد سۆلۆفیۆف نووسیویەتی: “ئەگەر هەموو ناودارەکان وەک ڤۆڵتێر بوونایە، ئەوەی بڕوایان پێیەتی، هەموویان بەبێ گاڵتەکردن و هێما و ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بنووسیایە، ئەوا بڕوام پێ بکە، هەرگیز دەیەکی دەیەکی ئەو ناوبانگ و سەرکەوتن و کاریگەرییەی هەیانە، نەیادەبوو… بەگشتی مرۆڤ حەزی لە دوا وشە و بۆچوونی گوتراو نییە”.
ئەم پەرەگرافە لەنێو نامەکانی دۆستۆیڤسکی، جێگەی پرسیاری زۆرە. دەبێ مەبەستی چی بووبێ، ئایا باسی خۆی بێت؟ ئەدی بۆچی بە تایبەت ناوی ڤۆڵتێری هێنا؟ کەواتە هەڵوێستی دۆستۆیڤسکی لەسەر بڕوا چییە؟ ئایا لەسەرمانە لە ڕووکەشی هەندێک لە ڕۆمانەکانی بڕوانین و بە بڕوادار هەژماری بکەین، یان بچینە قووڵایییەکی تر و لەنێو دێڕەکاندا شیکردنەوە بۆ گومانەکانی بکەین، تەنانەت ڕەنگە لە گومانیش چووبێتە دەرەوە و بێبڕوا بووبێت، بەڵام نەیویستبێت ئاشکرای بکات، بۆ ئەوەی خوێنەرانی تووشی شۆک نەکات؟ خۆ ئەگەر ئەم بۆچوونە هەڵبژێرین، ئەو نامەیە باشترین بەڵگەیە لەسەری، هەروەها فەیلەسووفێکی وەک کامو کە بە تەواوی دڵنیایە فیۆدۆر بڕوادار نەبووە، تۆ بڵێی لەخۆوە وای گوتبێ؟
فرانسوا ماری ئاروێ، ناسراو بە ڤۆڵتێر (1694-1778ز)، نووسەر و فەیلەسووفی ناوداری فڕەنسی، بە ڕەخنە توندەکانی لە نەریتی کۆنی وڵاتەکەی ناسراوە، بەتایبەتی ئەو ڕەخنە جەرگبڕانەی ڕووبەڕووی کەنیسە و سیستەمی ئایینی دەکردەوە و لەپێناو ئازادیی بڕوا و شکۆمەندیی مرۆڤ دەینووسی و یەکێک بوو لەو فەیلەسووفە ڕۆشنگەرانەی بەرهەمیان زۆر بوو، لە بەرهەمەکانیشیدا هیچ خاترانەیەکی بۆ ئایین و نەریتەکان نەدەهێشتەوە، هەر ئەمەیشە وای کردووە، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی وەک لووتکەی ئازایەتی ناوی بهێنێ.
ئەگەر کۆی بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیمان لەبەردەست بێت و بەو چاوە لێی ورد ببینەوە تا بەهۆی بەرهەمەکانییەوە بزانین بڕوادارە یان بێبڕوا، ئەوا نە دەکرێ وەک کامو و شلۆزەر یەکسەر بڕیار لەسەر بێبڕوایی ئەو بدەین، نە دەشکرێ بڵێین بڕوادار بووە. هیچ نەبێ ئەگەر بڕواداریش بووبێ، لە گوومانێکی زۆردا بووە و گومانەکانی بۆ خوێندنەوەی بابەتی ئایینیی بەلێشاو ڕایکێشاون. خۆی ئەم دڵنیانەبوونە لەسەر بڕوای دۆستۆیڤسکی کە تا ئێستەیش بۆچوونی جیاوازی لەسەر دەنووسرێ، بەشێکە لە بلیمەتی و لێهاتوویی ئەو نووسەرە گەورەیە.
ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ و نامەکانی، دوو هۆکاری سەرەکی و بەڵگەن بەدەست ئەوانەی پێیان وایە فیۆدۆر بێبڕوا بووە، بەڵام هەر لەو نامانەیشدا، هەر ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤیشدا، دەکرێ خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ بکرێ و بەو دیوەدا بشکێنرێنەوە کە بڕواداریی ئەو دەسەلمێنێ. لە ڕۆمانی هەژاراندا، نووسەر وەک کەسێکی ئاشتیخواز و گەڕان بەشوێن ئاشتیدا، ڕەنگە وەک بڕوادارێک ببینرێت، بەڵام لە ڕۆمانی تاوان و سزا، دیسان گومانەکان زەق دەبنەوە.
ئەوەی کە ڕوونە و حاشاهەڵنەگرە، دۆستۆیڤسکی کەسێکی ئاشتیخواز بووە و لەناخیدا ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیری هەڵبژاردووە، تینووی ئارامیی بووە، هەر ئەمەیشە وای کردووە، ئەوانەی پێیان خۆشە بە بڕوادار ناوی بهێنن وەک عارفێک وێنای بکەن، لە کاتێکدا بەردەوامیی ئەو گومانانەی نایشارێتەوە و لەڕێی پاڵەوانی ڕۆمانەکانییەوە دەری دەبڕێ، جارێکی دیکە دەمانهێنێتەوە بۆ بۆچوونێکی تر.
ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی هێندە نزیکە لێمان، ئەوەندە لەخۆمان دەچێ، بۆیە لەکاتی خوێندنەوەیان تووشی سڕبوون دەبین، داخۆ چۆن توانیویەتی لە دووری دوورەوە، پێش چەند سەدەیەک، باسی ئێستەی ئێمە بکات لەم سەردەمە و لەم دوورەڕێگەیە، بەبێ ئەوەی پێشتر خۆمان پێ ناساندبێ، یان سەردەمەکانمان لەیەک نزیک بێت. ئەو گومانانەی فیۆدۆر لە ڕێی پاڵەوانی ڕۆمانەکای دەیخاتە دڵمانەوە، هەمان ئەو گومانانەیە کە خۆیشمان پێشتر دەرکمان پێ کردووە، بەڵام نەمانزانیوە بیخەینە ڕستەوە یان تابلۆی لێ دروست بکەینە و خاڵی بۆ دابنێین، هەر بۆیە ئەو ئازایەتییەی ئەو لە ڤۆڵتێری دەبینێ، ئێمە لە مرۆڤناسینەکەیدا لەخۆی دەبینین.
دۆستۆیڤسکی لە نامەیەکدا کە ساڵی 1854 بۆ نەتالیای ناردووە، نووسیویەتی: “دەمەوێ سەبارەت بە خۆم پێت بڵێم، من کوڕی سەردەمی خۆمم، کوڕی گومان و جێنەبوونەوەی ئیمانم تا ئێستە، تەنانەت ڕەنگە بگاتە بێبڕوایی، بەڵێ ئەوە دەزانم! ئای چەندە ئەو لە ڕابردوو و ئێستەیشدا ئەم دۆخەی تێیدام ئەشکەنجەم دەدەن و تینووی بڕوام، بڕوایەک هەمیشە لە هەناومدا پەرە دەستێنێ، هێندەی پەرەسەندنی بەڵگەی پێچەوانە و گومانەکانم”.
ئەم دۆخە دژبەیەکەی تووشی دۆستۆیڤسکی بووەتەوە، هەڵوێستێکی مرۆڤانەیە و ڕەنگە بڵێین زۆربەمان تووشی دەبینەوە، بەڵام ئایا ئێمەیش دەتوانین لە گەشتی گەڕانە بەشوێن ئیماندا، بەرهەمی گەورەی لێ بونیات بنێین و چاوەڕێی گەیشتن و نەگەیشتن نەکەین؟
دۆستۆیڤسکی و بڕوا

بڵاوی بکەرەوە لە