چەند تابلۆیەک لە بەرگی چیرۆکدا

لەبارەی “هۆڤ”ـی بەڵێن سابیرەوە

“هۆڤ” یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی “بەڵێن سابیر”ـی چیرۆکنووسە کە چاپی کردبێت، ئەگەرچی پێشتر چیرۆکی دیکەی هەبووە و خەڵاتی گەلاوێژیشی پێ وەرگرتووە. 115 لاپەڕەی قەبارە بچووکە و هەشت چیرۆک لەخۆی دەگرێت. ڕەنگە بە مەبەست لەسەر بەرگی کتێبەکە نەینووسیبێت: “کۆمەڵەچیرۆک” بەڵکوو نووسیویەتی: “چیرۆک” چونکە هەست دەکەیت هەموو چیرۆکەکان گێڕانەوەی چەند کارەکتەرێکن کە دوور نییە خۆی بن. هەڵبەت ئەوە ئەرێیی نییە هەوڵ بدەین بزانین کوێی چیرۆک یان ڕۆمانێک نووسەرەکە خۆیەتی و کوێی ئەندێشە و خەیاڵە. دەشزانین هیچ گێڕانەوەیەک نییە، نووسەر بتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی تێدا دروست نەکات.

بۆ ئەوەی لەسەر ئەم کۆمەڵەچیرۆکە بدوێین، دەبێت جارێکی دیکە ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەینەوە، خۆی چیرۆک چییە؟ بەکورتی، بریتییە لە گێڕانەوەیەکی ڕاستی یان خەیاڵی تا لە ڕێیەوە سەرنجی خوێنەر بە تەکنیکی جیاواز بورووژێنێت و لە پشت ئەو چێژەی پێی دەبەخشێت، هەروەها لەودیو ئەو زانیارییانەی پێی دەدات، مەبەستێکی هەیە و دەبێت بیپێکێت. لە “هۆڤ”ـدا، ئەم پێناسەیە نابینیتەوە.

لە ڕووی داڕشتنی چیرۆکەوە، سێ جۆرمان هەیە؛ جۆری یەکەم: بەسەرهاتێک هەیە، چیرۆکنووس پاڵەوانی بۆ دروست دەکات تا بیگێڕێتەوە. جۆری دووەم: کارەکتەرێک هەیە، چیرۆک و هەڵوێستی بۆ دروست دەکەیت. جۆری سێیەم: ژینگەیەک هەیە، کەسایەتی و ڕووداوی گونجاوی بۆ دروست دەکەیت. لە هۆڤدا، کەسەکان هەن، ژینگەیان هەیە، بەڵام چیرۆکیان نییە. بەڵێن زۆر جوان زانیویەتی کەسەکانت پێ بناسێنێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ تەکنیکە کۆنەکانی ناسینیان ببات و لە پەرەگرافێکدا پرۆفایلی هەر یەکێکیانت بۆ باس بکات، بەڵکوو لە درێژەی چیرۆکەکاندا هەستیان پێ دەکەیت و بەتەواوی دەیانناسیت. هەروەها لەبارەی دروستکردنی ژینگەوە، لێهاتوو بووە. دۆخی چەند ساتێکی نەخۆشێکی شێرپەنجە، هەرگیز لەوە جوانتر دروست ناکرێت. کاتێک دەیخوێنیتەوە، درۆی نییە بڵێم وەک شنەیەک ئازارەکەشی دەچێژیت.

“چووم ئاوم خواردەوە” ئەمە کورتترین چیرۆکە، پاڵەوان کەسی یەکەمە، دیارە کە هەستاوە و بۆ شوێنێک ڕۆیشتووە، ئامانجەکەشی ڕوونە کە بۆ ئاوخواردنەوە بووە و خواردوویەتیشییەوە. ئەم چیرۆکە بۆ ئەوەی پڕی بکەیت لە وردەکاری، دەبێت ڕوونی بکەیتەوە: خۆی لە کوێ بووە؟ چی لەبەر بووە؟ چۆن چووە؟ کاتەکە کەی بووە؟ ئەوێ کوێ بووە؟ ئاوەکە سارد بووە یان گەرم؟ خۆی حەزی لێیە چۆن بێت؟ پار کە لە هەمان شوێن ئاوی خواردەوە، کێی بینی؟ ئێستە ئەو کەسە لەکوێیە؟ گریمان لە دوکانێک ئاوەکەی کڕیوە، دوکاندارەکە کێیە؟ لەوانەیە دەرچوویەکی زانکۆ بێت و حەزی کردووە ببێت بە هونەرمەند، ئیدی ژیان گەیاندوویەتی بە کردنەوەی مینی مارکێتێت… لە ڕێگەدا کە چوو ئاو بخواتەوە، چەند جار پەشیمان بووەوە و ویستی نەچێت؟ چیرۆکنووس دەتوانێت “چووم ئاوم خواردەوە” بکاتە چیرۆکێکی تۆکمە و نایاب. بەڵێن سابیر، لە “هۆڤ”ـدا هەوڵی داوە، تەواوی ئەو پرسیار و شێوازانەی بۆ نووسینی چیرۆک بە مێشکتدا دێن، بەکار نەهێنێت و خۆی ڕێیەکی دیکە بدۆزێتەوە. تەنانەت گریمان چیرۆکەکەی بریتییە لە “چووم ئاوم خواردەوە” ئەو تەنیا “چووم”ـەکەی باس کردووە، “ئاوم خواردەوە”ی بۆ تۆی خوێنەر بەجێ هێشتووە.

ئەم هەوڵە زۆرەی نووسەری “هۆڤ” تا هەرگیز ئەو شتانە نەڵێت کە تۆ چاوەڕێ دەکەیت بیڵێت، چیرۆکەکانی زۆر کورت کردوونەتەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو کورتبڕییەک، پوخت بێت. لەوانەیە لە هەندێک شوێندا، هێندە ئاڵۆز بووبێت، جگە لە دروستکردنی ژینکە، هیچ چیرۆکێکی تێدا نەبینیتەوە.

“هۆڤ” لە شیعری هایکۆ دەچێت. کورتە، بەڵام هەردەم لەو شوێنەی کە وا دەزانیت دەیەوێت ئەوە بڵێت کە چووەتە مێشکتەوە، نایڵێت، شتێکی دیکە دەڵێت کە شۆکت دەکات. ڕێک هەمان ئەو هەستەی هایکۆ لە دێڕی کۆتایی پێت دەبەخشێت، ئەمەش هونەرێکی باڵایە و ئاسان نییە بتوانیت هەرگیز ئەوە نەڵێیت کە خوێنەر چاوەڕێی دەکات.

ئەم جۆرە چیرۆکە لەناو کورددا کەمە، بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە خوێنەر حەزیان لە چیرۆکێکە خۆشیان پێشبینییان بۆی هەبێت، شتێکی لەبارەوە بزانن و بیانگەیەنێت بە ئەنجامێک، بەشێکیشی لەبەر ئەوەیە کە هێشتا نووسەرانی چیرۆک نایانەوێت بپەڕنەوە بۆ ئەم جۆرە نوێیە کە لەناو فارسدا زۆر هەیە و لە عەربیشدا تێی کەوتووە. من چەند چیرۆکێکی لەو جۆرەی “عاسم ئەلپاشا”ـم لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی. جا هەر لەبەر ئەوەی ئەم چیرۆکانە کەمن، کەسانی  وەک بەڵێن سابیر، دەتوانن ببنە پێشەنگ تێیدا.

لە “هۆڤ”ـدا، وەک تەواوی ئەم ڕێبازە نوێیەی چیرۆک، ڕستەی دانسقەی جوانت دەست ناکەوێت تا دەری بهێنیت و وەک پەند بینووسیتەوە، بەڵکوو سادەنووسی زاڵە بەسەریدا، بەڵام تابلۆی هێندە جوانی تێدایە، هێندە بە وردی و سەلیقەوە چووەتە ناو شوێنەکان و تەنانەت ناو هەست و نەستەکانی مرۆڤەوە، سڕت دەکەن. مرۆڤ بەگشتی بوونەوەرێکی ڕاڕایە. ئێمە لە ژیانماندا تەنیا کۆتاییی شتەکان دەگێڕینەوە، دوای ئەوەی گەیشتووین بە ئاکام، بەڵێن بەپێچەوانەوە، هاتووە ڕاڕایییەکانی مرۆڤت بۆ دەگێڕێتەوە.

لە ڕووی زمانەوە، “هۆڤ” وەک پێشتر گوتم، پشتی بە سادەنووسی بەستووە؛ ڕێنووسەکەی زۆر باشە، کەمترین هەڵەی تێدایە. ڕێزمانەکەی زۆر خراپە، لە هەندێک شوێندا کوفری گرامەری کردووە. کێشەکە لەوەدایە، بەڵێنیش وەک زۆر ئەدیب و شاعیری دیکەی کورد، وا دەزانێت دەتوانێت بەسەر ڕێساکانی زماندا باز بدات کە ئەمە هیچ سوودێکی پێ ناگەیەنێت. واتە لە هەر شوێنێکدا کە هەڵەی گەورەی ڕێزمانی کردووە، خۆی باش دەزانێت ڕاستەکە چۆنە، بە مەبەست وای کردووە. لە ڕووی خاڵبەندییەوە، کارەساتە. پێویستە شارەوانی لەسەر ئەو هەموو خاڵ و فاریزە زیادانەی دایناون، باجی لێ بستێنن کە تامیان لە چیرۆکەکانی نەهێشتووە.

بەگشتی، کاتێک “هۆڤ” دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت نووسەرێکی شارەزا نووسیونی کە هیچ وشەیەکی بەبێ چەند جار بیرکردنەوە دانەناوە. لەوە ناخۆشتر نییە، چیرۆکێک یان ڕۆمانێک بخوێنیتەوە کە نووسەرەکەی، خۆی لە ژیانیدا شەش کتێبی باشی نەخوێندبێتەوە.

error: Content is protected !!