بەڵگەنامەی مێژوویی لەسەر داگیرکاران لە چوار ڕۆماندا

ڕۆژێک دێت ئێمەش وەک جوو، هەموو ئەو تاوانانەی ڕژێم و دەوڵەتە داگیرکارییەکان بە درێژاییی مێژوو بەسەرماندا هێناویانە، قەرەبووی وەربگرینەوە و جیهان تێ بگەیەنین کە ئەوانە چ نەفرەتییەکن بەسەر مرۆڤایەتییەوە. وڵاتی ئەڵمانیا کە ڕەنگە جیهان بەبێ ئەوان بەتەواوی پەکی بکەوێت بەهۆی ئەو هەموو زانست و پیشەسازییە جۆراوجۆرەی پێشکەشی دەکەن، بەڵام هێشتا خەڵکی دونیا گەلی ئەڵمانیان خۆش ناوێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بەشێکیان باپیرانیان نازی بوون و ستەمیان لە گەلی جوو کردووە. ئەمە بە ئاسانی نەکراوە. هەموو جوویەک لە هەر شوێنێکی جیهان و هەر سەردەمێک بێت، بەشێکی توانا و کار و ژیانی بۆ سەرخستنی وڵاتی بەڵێنپێدراویان خەرج دەکات کە ئیسرائیلە. زانا بە زانستەکەی، ئەدیب، هونەرمەند، زەنگین و هەر پیشە و پسپۆڕییەکی دیکە بێت، بەشێکی تواناکانیان لەپێناو ئەو وڵاتەیە.

ڕاستییەکەی یەکەم ڕستەی یەکەم پەرەگراف کە نووسیم، تەنیا قسەیەکی شاعیرانەیە و باوەڕ ناکەم ڕۆژێک بێت ئێمەی کوردیش ئاوا وەک جوو فێر ببین لەو هەناسەیەش کە دەیدەین، خۆمان بە قەرزاری وڵاتەکەمان بزانین، ئەمەش داخێکی گرانە و هۆکارێکی سەرەکیی مانەوەمانە لەو دۆخەی تێیداین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا کەسانێکمان هەیە وەک مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا کە پەنجەمۆری خۆی داناوە و لەم وڵاتەدا کە تێیدا ستەمی داگیرکەری بینیوە، وەک بەڵگەی مێژوویی خستوویەتە ڕوو، ئەویش لە بازنەی باشترین کەرەستەی سەردەم کە بریتییە لە ڕۆمان. لەم سەردەمەدا، لەناو هەموو کایە ئەدەبییەکاندا، تەنیا ڕۆمانە بەهای جارانی خۆی لەدەست نەداوە. دەتوانین بڵێین بەپێچەوانەوە، بەهای ڕۆمان تا دێت زیاتر هەڵدەکشێت.

“بووژانەوەی ژیلەمۆ” بریتییە لە چوار ڕۆمانی مامۆستا سەلام، کە پێشتر هەموویانی بڵاوکردوونەتەوە و ئەمە یەکەم جارە لە کۆڕۆمانێکدا بە قەبارەیەکی گەورە و چاپێکی جوان لە شەش سەت و ئەوەندە لاپەڕەدا بڵاوی بکاتەوە. ڕۆمانەکان پشتیان بە ژیانی خەبات و چەرمەسەرییەکانی نووسەر خۆی بەستووە کە گێڕانەوەی نێوان ساڵانی 1977 بۆ 1979یە، بەڵام ئەگەرچی خۆی پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکانییەتی، نەهاتووە خۆی بکاتە چەقی باسەکان، بەڵکوو چەقبوون لای نووسەر و لە بەرهەمەکانیشیدا، تەنیا و تەنیا کوردستانە. نووسەر خۆی کردووە بە کەرەستەیەک بۆ پیشاندانی ئەو ژینگە و دۆخەی مرۆڤی کورد لەدەستی داگیرکە چەشتوویەتی، ئیدی لە زیندان و گرتووخانەوە بگرە، تا ئاوارەیی و ترس و تۆقاندنی ناو شار و پێشمەرگایەتیی شاخ، هەروەها بایەخێکی زۆری بە لایەنی دەروونی و شکاندنی ورەی تاکی کورد کردووە لەلایەن ڕژێمەکانەوە. ئەوەی لە ڕۆمانەکانیدا دەیبینین و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگریش بووە، کورد میللەتێکە، لەو کاتەی هەست بە هەڕەشە دەکات لەلایەن دوژمنەوە، زیاتر بیری خۆڕاگری تێیدا دەچەسپێت و لەسەر داوا ڕەواکانی مکوڕ دەبێت.

بەم دوایییانە، ڕۆمانی “قەپێلک”ـم خوێندەوە کە “مستەفا خەلیفە” کەسێکی کریستیانی سوورییە نووسیویەتی و ژیانی چەندان ساڵەی خۆی لەنێو گرتووخانەکانی ڕێژێمی بەعسی سووری گێڕاوەتەوە و نێوبانگێکی جیهانی هەیە و بەتەمان فیلمێکی هۆڵیوودی لێ بەرهەم بهێنن. چەندان جار لە کاتی خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەدا، خەیاڵ دەیبردمەوە بۆ ڕۆمانی “هەیئە”ی مامۆستا سەلام کە پێش چەندان ساڵ خوێندوومەتەوە. ئەوە با قسەی من نەبێت، بڕۆن هەردووکی بدەنە دەست گەورەترین ڕەخنەگرانی ئەدەبی، بێ دوودڵی، ڕۆمانی هەیئە بە تەکنیکێکی زۆر جوانتر نووسراوە و ئەو ئەشکەنجە و چەرمەسەرییانەی کوردێک کە ڕۆماننووس خۆیەتی بەدەستی بەعسی عێراقی چەشتوویەتی، زۆر سەختتر بوون لەو ئەشکەنجانەی کریستیانێک بەدەست بەعسی سووری بینیویەتی. خۆزگە خەمخۆرانی ئاوامان دەبوو، ئەم ڕۆمانە و سێ ڕۆمانەکەی دیکەی ناو “بووژانەوەی ژیلەمۆ”یان بۆ سەر زمانە زیندووەکانی جیهان وەردەگێڕا و بە شێوەی فرەوان لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کتێب بڵاو دەکرانەوە. هەڵبەت ئەم چوار ڕۆمانە تاقانە نیین و ڕۆمانی دیکەشمان زۆرن کە شایەنی ئەوەن بکرێنە جیهانی و دەبنە شایەتحاڵ و بەڵگە بەسەر داگیرکارانمانەوە.

ڕاستە مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا لەم چوار ڕۆمانەدا، لایەنی پەیامی بەسەر لایەنی تەکنیکدا زاڵ کردووە و ئامانجەکەی گەیاندنی وێنەکانی ئەو ڕۆژگارەیە، بەڵام لە ڕووی تەکنیکیشەوە لە ئاستێکی باڵادان و زۆر شارەزایانە زانیویەتی لە کوێ خەیاڵ دەفڕێنێت و ڕووداوەکان وەک کەرەستەی بەردەم بەرهەمەکی بەکار بهێنێت و هیچ کەرەستەیەکی خەسار نەکردووە، هەموویانی لە جێی خۆیاندا بەکار هێناون. هەروەها زمانی ڕۆمانەکە زۆر پاراوە و خۆش دێتە سەر زار و هیچ ڕستەیەکی ماندووت ناکات. بەگشتی زمانێکی ڕۆژنامەوانییانە بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵە. ئەمە ستایلی ئەلبیێر کامو، ئەدیبی مەزنی فڕەنسییە و بووە بە قوتابخانەیەک و سەتان ڕۆمانی دیکە لە جیهاندا لەژێر ئەو ستایلە نووسراوە کە دەکەوێتە بەرانبەر ستایلە شاعیرانەکە. لەو ڕۆمانانەی ڕستەی شاعیرانە بەسەریدا زاڵە، خوێنەر هەست دەکات زێدەگۆیی تێدا کراوە. نووسەری ئەم چوار ڕۆمانە ئەوەشی بە زیرەکانە هەڵبژاردووە، چونکە ڕستەی ڕۆژنامەوانییانە، زۆرتر جێی بڕوای خوێنەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆمانەکان پڕن لە ڕستەی تەزێنەر و سڕکەر کە تاهەتایە لە مێشکدا دەمێننەوە.

جگە لەم چوار ڕۆمانە، سەلام عەبدوڵڵا چەندان بەرهەمی دیکەی بڵاوکراوەی هەیە، خاڵی هاوبەشی هەموویان، چوسبوونی نووسەرە لەسەرە مافە ڕەواکانی گەلەکەی. لای مامۆستا سەلام، پرۆسەی نووسین تەواوکەری پرۆسەی خەباتە، لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەنی ستایلی تایبەتیی خۆیەتی و پێی دەناسرێتەوە، ستایلێک نزیکترە لە شێوازی کەڵەنووسەرانی ساڵانی حەفتا و ئەوانەی لەژێر سەردەمی زێڕینی کۆڕی زانیاریی کورددا گۆش بوون.

error: Content is protected !!