“ژیان بە شەلەشەل بەڕیوە دەڕوات، بەڵام پەکی نەکەوتووە..”لا 122
ڕۆمانی “پژمین”ـی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا کە ڕێک لەگەڵ سەرەتای کۆرۆنا و لە مانگی سێی 2020دا نووسراوە و دوای نزیکی ساڵێک بڵاو بووەتەوە، یەکەم ڕۆمانی کوردییە لەسەر ئەو پەتا گەورەیە، بەڵام بە کۆمەڵێک ڕووداوی تێکهەڵکێشکراو لە دەرەوەی پەتاکە و پەیامێکی نەگوتراوی تێدا ڕوونە، ئەویش ئەوەیە، هیچ کارەساتێکی گەورە، مرۆڤ لە ململانێ و هەوڵ و جەنگەکانی ڕاناگرێت. هەوڵی دۆزینەوەی خۆشەویست، جەنگی زلهێزەکان، ململانێی ئایین و ئایدیا پێچەوانەکان تا دەگاتە شەڕی بووک و خەسوو، مرۆڤ تا ئەو ساتەی دەشزانێت مردن زۆر نزیکە، لەسەریان دەکۆشێ. ئەمە هەمان ئەو پەیامەکەی کە لە زنجیرە درامای ئەمەریکیی بەناوبانگ “مردووە ڕۆیشتووەکان”ـدا بینیمان.
ئێمە ناتوانین ئەم ڕۆمانە بۆ سەر ڕێبازێکی گێڕانەوە پۆلێن بکەین. پژمین، تێکهەڵکێشی ڕیالیزم و سوریالیزمە و نووسەر بە بەرگێکی مۆدێرنەدا تێکی شکاندوون و وێنەی نوێی دروست کردووە، ئەمەیش هەر لە دەستپێکی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت. تەنانەت وەگێڕ (گێڕەرەوە) لەم ڕۆمانەدا لەسەر یەک شێواز تا کۆتایی ناڕوات کە ئەمە بناغەیەکی نووسینی ڕۆمانە، بەڵکوو لەمەشدا سەرکێشیی کردووە و لە بەشی یەکەمدا وەگێڕ، پاڵەوانێکی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە و ڕووداوەکانی خۆی و یادەوەرییەکان دەگێڕێتەوە. پاشان لە بەشی دووەمدا، دەگۆڕێ بۆ کەسی سێیەم و دەبێتە وەگێڕی کامێرا کە وێنەکان دەگوازێتەوە. لەمەش ناوەستێک، لە بەشی سێیەم دەبێتە وەگێڕێ هەمووشتزان. دیارە لەو بەشەدا کە ململانێی فیکری تێدا زەقە، نووسەر بەمەبەست ئەو جۆرەی هەڵبژاردووە و نەویستووە لەنێوان مام عەوداڵی خەیاڵی و مامۆستا ئایینییەکە، بێلایەن بێت. لە بەشی دواتر کە ڕووداوەکان بۆ سیاسەت و ململانێی دەسەڵات قووڵ دەبێتەوە، وەگێڕ کە دیسان کەسی سێیەمی تاکە، دەبێتە وەگێڕی سادە کە پێش ڕووداوەکان ناکەوێت و نایزانێت، ئەمەیش دیسان پەیامێکە لە نووسەر بۆ ئەو ململانێیانەی لەناو دەسەڵاتەکاندا ڕوو دەدەن و لەپڕ دۆخ هەڵدەگەڕێتەوە و شتی لەناکاو ڕوو دەدات.
بەگشتی ناتوانین بڵێین پاڵەوانی سەرەکیی ئەم ڕۆمانە، کەسێکە بە دیاریکراوی، تەنانەت “مامۆستا ڕێنوێنی دڵناسک”یش پاڵەوانی بەشدارە. من دەتوانم بڵێم پاڵەوانەکە کەسێک نییە، بەڵکوو “پژمین”ـە کە بەناو هەموو وێنە جیاواز و ژیانە پێچەوانەکاندا دەسووڕێ و پێمان دەڵێن لە هەر کوێ بن، پژمین کە مەبەستی کۆرۆنایە، یەخەی گرتوون، بەڵام وێڕای ئامۆژگاریی جیهانی بە شێوازێکی دیاریکراوی خۆپارێزی، هەر یەک لەو ژیانە جیاوازەی لە ڕۆمانەکەدا هەیە کە جاری وایە هەست دەکەیت لە پەردەی شانۆ دەچێت، بە شێوازی تایبەتیی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا دەکەن.
وێڕای ئەوەی ڕۆمانی “پژمین” باسی ڕووداوێکی دیاریکراوە کە کۆرۆنایە و لە ناونیشانەکەیەوە خوێنەر دڵنیایە ڕووبەڕووی ڕۆمانێکی ڕیالیزم دەبێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە، نووسەر هەوڵی داوە لە بەرگێکی ڕیالیزمدا، سوریالیزم بەتەواوی جێ بکاتەوە و لەناوەوەی ڕۆمانەکە ئیدی دڵنیا دەبیتەوە کە ئەمە ڕۆمانێکی سوریالییە، چونکە کات و شوێن بزرن، ناوەکان ئەفسانەیین: مامۆستا ڕێنوێنی دڵناسک، کاڵێی چاوکاڵ، پورەهەمینی دەرزی، مام عەوداڵی خەیاڵی، ئاغای مەملەکەتی گەورە و زۆر ناوی دیکە. دوای ئەوەی سەرنجت ئاوا دەبات، جارێکی دیکە پێشبینییەکانت دەشکێنێ. وێڕای ئەوەی وەک شتێکی نامۆ و نەناسراو باسی ڤایرۆسەکە دەکات، لەپڕ لە شوێنێکدا بە ڕوونی دەڵێ: کۆڤید 19، وێڕای ئەوەی هەرگیز ساڵی تێدا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێت دەڵێت ڕووداوەکان لە مانگی سێدان.
“خوێندنەوەی کتێب، مرۆ لە کۆمەڵگە دادەبڕێت، بەشێوەیەک ئەگەر هەنگاوێک مرۆڤەکان لە یەکتری نزیک بکاتەوە، دەکرێ دوو هەنگاویش دووریان بخاتەوە..” لا 119.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا، هەوڵی نەداوە پڕی بکات لە گوتی قورس کە قووت نەدرێن، بەڵام تژییە لە گوتەی دانایی کە بەپێی ئاستی جیاوازی کەسەکان دانراون و زیرەک بووە لەوەی کێ چی بڵێت. بۆ نموونە ئەو گوتەیەی سەرەوە مام عەوداڵی خەیاڵی گوتی کە کەسێکی خوێنەرە و هەردەم سەری لەسەر کتێبە، واتە ناچێت کەسێک کە پێشتر ئاستی و کەسێتی بۆ ئاشکرا کردووی، بە قسەی بریقوباق لێت بکاتە فەیلەسووف، بەڵکوو گوتەکان بەپێی قەبارەی کەسەکان و ئەمەی زۆر بە وردی کردووە.
هەروەها لایەنی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاریی پاڵەوانەکانی باش ناسیوە. بۆ نموونە وێنەیەکی دروست کردووە کاتێک پورە هەمینی دەرزی، بووکەکەی بە نیمچە ڕووت دەبینێ، گومانێک دەخاتە مێشکتەوە کە ڕەنگە ئێرەیی بەو جەستە ڕێک و تازە و تەڕە ببات و خۆی بەرەو کۆتایی دەڕوات. هەر لێرەدا بەراوردێکی جوان سەرنجی ڕاکێشام کە بۆچی گەنجان زۆر دەخەون و پیر خەویان کەمە: ” سەرەنجام ئەو گەنجە لە دونیای خۆیدا دەژی، دونیایەک لە هی پوورە هەمین ناچێت، تژییە لە جووڵە و وزە، دونیایەک پڕییەتی لە چێژی پێخەف، بە پێچەوانەی پوورە هەمینەوە کە لەدەست پێخەفەکەی هەڵدێت…” لا 90.
وەک خوێنەرێک لەناو چیرۆکەکاندا، حەزم لەوە نەبوو کە بەشەکان هیچ پێوەندییەکیان بەیەکەوە نییە و تەنیا “پژمین” خاڵی هاوبەشە، بەڵام پێش ئەوەی بەپەلە بڕیار بدەم، دواجار بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.
دۆزینەوەی خۆشەویستی لە دۆخێکدا کە مەرگ لە هەموو شتێکی دیکە نزیکترە، بەخشینی هیوا بە قوتابییەکەی و هاندانی وێڕای ئەوەی ڕەنگە تووشی پەتاکە بووبێت و ڕەنگە بشمرێت، هەروەها ناوەکانیان بۆچی هەریەکەیان ئەو پاشگرە ئەفسانەیییەیان هەیە، جێکردنەوەی ململانێی باوک و کوڕ و پەشیمانبوونەوەی دوای مردنی باوک کە شتێکی سروشتییە و ددانپێداننەنانی ئەو پەشیمانییە و چەندان وردەکاریی دیکە، خاڵی جوانی تری ڕۆمانەکەن.
لەڕووی داڕشتن و خاڵبەندییەوە، لە ڕۆمانە زۆر بەناوبانگ و ناودارەکانیش باشترە، هەڵبەت بێ هەڵە نییە و بەهۆی نزیکیمەوە لە نووسەر دەزانم دەیتوانی ئەو هەڵانەش کە هەیە، نەمێنن.
ئەگەر بە حەزی من بوایە، پێم خۆش بوو خۆخوێندنەوە و ئەندێشەکان کەمتر بوونایە و ئەو شوێنەی بە ڕووداو و وێنەکان بدایە زیاتر، هەڵبەت ئەمەش کێماسی نییە، بەگشتی ڕۆمانە سوریالییەکان بەو شێوەیەن و نووسەریش کە کاریگەریی بەختیار عەلی پێوە دیارە، سەرسامی ئەو جۆرە گێڕانەوەیەیە.
وەک خوێنەرێک چێژم لە ڕۆمانەکە کرد، پەروەردەی زمانی نووسەر کە تێکهەڵکێشی لادێ، شار، ڕۆژنامەوانی، وتاری سیاسی و بابەتی ئەدەبییە، زەنگینییەکی تەواوی تێدا دروست کردووە و زمانێکی شیرینی بەرهەم هێناوە.
ڕۆمانەکه ماڵی وەفایی چاپی کردووە، 330 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندە.
ڕۆمانێک، مانا بە دۆخە بێماناکان دەبەخشێت

بڵاوی بکەرەوە لە