کەس ئاوڕێک لە دڵی ئەوەی تەنیشتی ناداتەوە

وا لە دەمژمێر یازدە نزیک دەبێتە، ھێشتا سمکۆ نەگەیشتووەتە دەوام. ھەرگیز نەبووە ھەشت و نیو لێرە بێت، بەڵام ھەر زۆر دوا بکەوێت، دەگاتە نۆ و نیو؛ دەبێ شتێک نەبووبێ؟ دیسان شەو زۆری نەخواردبێتەوە؟

–               ڕەھێڵ، دوێنێ سمکۆ لێرە بوو؟

–               بەڵێ. ئێوارەش دڕەنگ ڕۆیشتەوە. کاتێک من ئێرەم بەجێ ھێشت، ھەر ئەو و چایچییەکەی لێ مابوون.

دوێنێ بەھۆی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆیشتمە سلێمانی و ھاتمەوە. سمکۆ ڕاپۆرتێکی لەمەڕ ھاتن و نەھاتنی “بەشە بودجەی ئەم مانگە لە بەغداوە” لە سایتەکە بڵاو کردبووەوە، بەڵام بەتەما بوو لەسەر کاردانەوەکانی ئەم شەپۆلە دابەزینە نوێیەی نرخی نەوت ڕاپۆرتێکی دیکە بکات، ئەو بڵاو نەبووەوە، کەواتە دوێنێش کە لێرە بووە، سەرقاڵی شتێکی دیکە بووە.

–               کاک گۆران، ھاکا پەیدا بوو، بۆ سەری خۆتی پێوە دەیەشێنی؟

ھەمووی ھەفتەیەکە لێرە بوومەتە بەڕێوەبەری نووسین. دەزانم سەرنووسەر بە چاوێکی چاودێریی تیژ تەماشام دەکات، داخۆ ئاستی سایتەکە بەرز دەکەمەوە یان دادەبەزێت. بەڵێنم پێ دابوو، بەبێ پەنابردن بۆ ناونیشانی پرسیار و شۆک، تەنیا بە ناوەڕۆکی تۆکمەی پڕ لە زانیاری و لێدوان، لە ماوەی شەش مانگدا ماڵپەڕەکەی بۆ بخەمە ئاستێکی دیکە لەمەی ئێستە ھەیە. لە بەدبەختیی من، دوێنێ حەمە بەھۆی نەشتەرگەریی ژنەکەیەوە مۆڵەتی وەرگرت. وێنەگرەکەمان لە تورکیایە. ئەم ھەفتەیە تەنانەت شەپۆلی کۆرۆناش ھێورترە و ھیچ ھەواڵێکی ھێندە گرینگ نییە، بتوانین تایبەتمەندیی خۆمان لە ڕووماڵەکاندا دەر بخەین، ئەوەتا سمکۆشی ھاتە سەر.

سمکۆ ھاتە ژوورەوە. ژوورێکی نیمچە گەورەیە. مێزێکی سپی کە جێی ھەشت کورسی دەبێتەوە، ڕۆژنامەنووسانی بەشی ھەواڵ و سیاسەت لەسەری دادەنیشن. منیش بەزۆری لەگەڵ ئەوان دادەنیشم. دوو مێزی بچووکتریش لە بەرانبەر ئەم مێزە گەورەیەدان. یەکێکیان چوار کورسی لەسەرە کە ھەر چوار ڕۆژنامەنووسیشی لێیە، بەشەکانی وەرزشی، ھونەری و بابەتی لایفستایل بەڕێوە دەبەن. سێیان کچن. مێزەکەی تەنیشتیشی گەنجەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئەدمینی لەسەرە.

کورسییەکەی سمکۆ ڕێک لەسەر دەرگەی ھۆڵەکەیە. لە کاتێکدا جانتای لاپتۆپەکەی بەپەلە دانا، سڵاوێکی خێرای کرد، لەو جۆرەی ھەر دەبێ وەڵامی سڵاوەکە بدەیتەوە و ھیچی دیکە نەڵێی، چونکە بە تەواوی خۆی سەرقاڵی وایەری چارج و دانانی شتەکانی کرد و سەری بە لاپتۆپەکەیەوە شۆڕ کردەوە و ھاوارێکی کرد: نەریمان گیان قاوەیەکم فریا بخە.

ھەستام. گەیشتە لای دەرگە. نەریمان گیان بیکە بە دوو، لە ژوورەکەی من دایان بنێ.

–               کاک سمکۆ، زەحمەت نەبێت.

باش دەیزانی بابەتەکە چییە. چوومە ژوور، لە پشت مێزەکەی خۆم دانەنیشتم، لەسەر یەکێک لە کورسییە تاکەکانی بەردەمی دانیشتم و ئەو خۆی بە ژووردا کرد. بەرانبەرم دانیشت. بیست سی چرکە، ھیچم نەگوت، ئەویش سەیری نەدەکردم، سەری شۆڕ کردبووەوە و تاوێ قاچی ڕاستی و تاوێ ئەوەی تریانی بە خێرایی دەلەقاند.

–               ھا سمکۆ، چیتە؟

–               (بە دەنگێکی بەرز) چی چیتە؟

نەریمان لە دەرگەی دا، دوو قاوە و دوو ئاوی ھێنا. تا داینان و چووە دەر، ھیچمان نەگوت.

پازدە ساڵە سمكۆ ھاوڕێمە. دەماری دەناسم. کاتێک دەنگ بەرز دەکاتەوە، یان کەتنێکی کردووە، یان دیسان ڕابردووی وازی لێ ناھێنێت. ڕیشە تەنکەکەی گیف بووبووەوە. لەم کاتەدا وا باشە بە پرسیارێک شۆکی بکەم، پێش ئەوەی مۆڵەتی درۆی پێ بدەم.

–               دیسان شەونمە؟

سەیرێکی کردم. ویستی شتێک بڵێت. ھەوڵی دا بڵێت وا نییە، بەڵام دەزانێت ناتوانێت درۆ بۆ من بکات، ئاخر یەکسەر دەزانم کەی ڕاست و کەی درۆ دەکات. تیشێرتە زەیتوونییە ملخڕە بێ ملوانەکەی، بە پێچەوانەوە لەبەر کردبوو. خۆم لە تورکیا بۆم ھێنابوو، بۆیە دەمزانی. کەسێکی دیکە بەسەر چاکەتەکەیەوە ھەستی پێ ناکات.

–               لاپتۆپەکەت بپێچەوە و ھەستە بڕۆ ماڵەوە.

سەیرێکی کردم. ویستی سوپاسم بکات. دیسان ھیچی نەگوت. قومێکی لە قاوەکەی دا، دەبە ئاوەکەی ھەڵگرت و ڕۆیشت.

***

من و سمکۆ، پێکەوە بەشی ڕاگەیاندنمان لە زانکۆی سەڵاحەددین تەواو کردووە. لە قۆناغی یەک، جوانترین کچی پۆلەکەمان کە سۆنیا عەباس بوو، وەک ئێمە نەھاتە ناو کاری ڕۆژنامەوانییەوە، بەڵکوو لە خوێندنەکەی بەردەوام بوو، ئێستە خوێندکاری دوکتۆرایە، من زۆر سەرسامی بووبووم. ئەو، وەک زۆربەی کچانی پۆل و تەنانەت ھەموو بەشەکان، شێتی قۆزێتیی سمکۆ بووبوو. سمکۆ لەوانەیە کە کچان بۆی مەست دەبن. باڵایەکی بەرز، قژێکی پڕ و ناوچاوانێکی گرژ، دەنگێکی دلێر و تا بڵێی قۆشمەچی. منیش وەک ھەر کوڕێکی دیکە، ھیچ شتێکی وای سەرنجڕاکێشم نەبوو، بەتایبەتی لەو قۆناغەدا. ھیچ نەبێت لە بەراوردی نێوان من و ئەو، باوەڕ ناکەم کچان سەرنجیان بۆ لای من چووبێت. بە دەمی خۆم نەبێت، ئێستە باشترم. سمکۆ بەھۆی پەڕپووتییەکەیەوە، ئێستە خراپترە.

لەگەڵ سۆنیا زۆر نزیک بووین. لەبەر ئەوەی ھەرگیز باوەڕی نەدەکرد من وەک خۆشەویستێک سەرسامی بووبم، وای کردبوو، شەرم لەنێوانماندا نەمێنێ. تەنانەت چەند جارێک بە گاڵتە پێمی گوت: گڕم گرتووە بۆ سمکۆ، شتێکی پێ بڵێ با ئاگایەکی لێمان بێت. نەمدەگوت. دوا جار زۆر بە فەرمی گوتی: گۆران، تکایە ئەوەم بۆ بکە، بزانە سمکۆ خۆشەویستی ھەیە؟ ئەگەر نییەتی، با دەستپێشخەری بکەم. ئیتر زانیم بۆ من ئومێدێک نەماوە، بە سمکۆم گوت.

سمکۆ، وێڵ و شەیدای کچێک بوو کە منداڵی گەڕەکەیان بووە و لە قوتابخانەی سەرەتاییش پێکەوە بوون. کاتێک گەورەتر بوون، ئەمان ماڵیان لە کۆیە نەما و ھاتوونەتە ھەولێر. سمکۆ لە قۆناغی ناوەندی کە ئیتر کاتی ھاتووە باسی خۆشەویستی لای کچێک بکات، لە سەردانێکدا بۆ ماڵی مامی کە ھەر لە گەڕەکە کۆنەکەی جارانی ئەمان بوون، “شەونم” دەبینێ. دڵی خورپە دەکات، بۆ بەیانی دەیەوێت قسەی لەگەڵ بکات، بە ڕێکەوت شەو لەگەڵ ئامۆزاکانیدا، کاتێک باسی کوڕان و کچانی گەڕەک دەکەن، یەکێکیان دەڵێ: دانا و شەونم قلی یەکن.

سمکۆ واز لە ھەنگاونان بەرەو شەونم دەھێنێ.

دوای چەند ساڵێکی دیکە، دیسان ھەر لە سەردانێکیدا بۆ کۆیە، شەونم دەبینێ. سڵاوی لێ دەکات و ھەر لە بەردەرگەی ماڵی خۆیانەوە ئەحواڵی دەپرسێ. شەونم پێی دەڵێ، وازی لە خوێندن ھێناوە و ئێستە دەستگیرانی ھەیە.

سمکۆ، شەونم لەبیر خۆی دەباتەوە.

لە قۆناغی یەکی زانکۆ، لەو کاتەی من سەرسامی سۆنیا بووم و ئەویش شێتی سمکۆ بووبوو، بیستبووی کە شەونمی دراوسێی جارانی، لە مێردەکەی جیا بووەتەوە، ئێستە دەیەوێت لێی نزیک ببێتەوە، بۆیە چاوی نە سۆنیای دەدی، نە ھیچ کچێکی دیکەی زانکۆ.

کەواتە درۆ بوو، ھەرگیز لە بیری نەچووبووەوە.

لە قۆناغی دووی زانکۆ، ڕۆژێکی سمکۆ بە خەمباری خۆی بە ھۆڵی وانەدا کرد. لە تەنیشت یەک دادەنیشتین. لەسەر کاغەزێک نووسیم: “چیتە؟” و خستمە سەر مێزەکەی ئەو. لەژێریدا نووسی: “شەونم شووی کردەوە” ئیتر زانیم ڕۆژەکە خۆش نابێت، ئاخر ئاگام لێ بوو چەندە وێڵی ئەو کچە بوو.

زانکۆمان تەواو کرد. سۆنیا شووی بە حەیدەر کرد کە پێشتر دوو جار داوای پێوەندی لە گێلاس کردبوو کە ئێستە ھاوسەری سمکۆیە. گێلاس و سمکۆ، کوڕێک و کچێکیان ھەیە. گێلاس بۆیە بە حەیدەر ڕازی نەبوو، چونکە دەیویست من لێی نزیک ببمەوە. ئەمەم بەھۆی سۆنیاوە زانی. سۆنیا بۆیە چاوی منی نەدەدی، چونکە چاولەڕێی سمکۆ بوو. سمکۆ بەھۆی شەونەمەوە، کاتێک باسی سۆنیام بۆ دەکرد، گاڵتەی لێ دەھات.

***

دەوام تەواو بوو، شەو چوومەوە ماڵەوە. بە “کانیاو”ـم گوت، دیسان دەمارەکەی سمکۆ لێی دایەوە. ئەمڕۆ نەیتوانی دەوام بکات، مۆڵەتم پێ دا. کانیاو ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و گوتی: “ئیدی ڕابردوو ناسڕێتەوە.”

تەلەفۆنم بۆ سمکۆ کرد: سڵاو، چیتە؟

لە ماوەی ھاوڕێیەتی من و سمکۆدا، سەدان جار گوتومە: چیتە؟ ئەمە پاتەبووی پرسیارێکی بنەڕەتیی منە لەوی دەکەم. ئەوەی جێی سەرنجە، ھەموو جارەکان، یان نەبێتە زێدەگۆیی، زۆربەی جارەکان، ھۆکاری پرسیاری “چیتە؟” ھەر شەونم بووە.

–               تاقەتت ھەیە بچین بۆ ئیسکان؟ سمکۆ وای گوت.

ڕووم لە کانیاو کرد، بزانم پێشتر وادەی ھیچ شتێکمان داوە و بیرم نەمابێت، تا بزانم دەتوانم بچم بۆ ئیسکان. دیار بوو شتێکی وا نەبوو. ھەستام و ڕۆیشتم. گەیشتمە ئەوێ، ھێشتا لەسەر شەستی بووم، تەلەفۆنم کرد: لەکوێی؟

–               ئیسکان زۆر قەرەباڵغە، وەرە بۆ بەیزادە.

دانیشتین. یەکسەر پرسیارەکەم گوتەوە: چیتە؟

–               شەونم تەلەفۆنی بۆ کردم.

زەردەخەنەیەکی شادی لەبەر خاتری ئەو گرتمی، چونکە دەزانم ئێستەیش خۆشی دەوێ. با ھەردووکیان خێزاندار و منداڵیان ھەبێت، ھەر دڵی بە تەلەفۆنی ئەو خۆش دەبێت.

–               پیرۆزە، چاوت ڕوون. (بەپێکەنینەوە) نا، گوێت ڕوون.

–               (ھەناسەیەکی ھەڵکێشا) دەزانی بۆ تەلەفۆنی کرد؟

–               چووزانم!

ھیچی نەگوت. لە قاتی سەرەوە، لە سووچەکەی خوارەوە کە ھەردوو لای پەنجەرەیە، دانیشتبووین. ئەو ڕووی لە ئیسکان بوو؛ من پشتم لە پەنجەرە بوو، ڕووم لە مێز و کورسییەکانی بەردەمم بوو. دەیویست خۆی بە سەیرکردنی شەقام و ئۆتۆمبێل مژوول بکات و ھیچ نەڵێت.

–               پێم بڵێ، چیتە؟ نەدەبوو ئێستە دڵت خۆش بێت؟

–               دوێنێ سەت و ھەشتا و سێ خوولەک بە تەلەفۆن قسەمان کرد. زۆر لە ژیانی خۆی بێزارە. مێردێکی کەرتڕی خراپی ھەیە. وەک ئاژەڵ سێکسی لەگەڵ دەکات و ئاگای لە ھەست و نەستەکانی نییە. ھەر وا دەکەی میوانی بۆ دەھێنێتەوە ماڵەوە و دەبێ خەریکی خزمەت بێت. تاقەتی ژیانی نەماوە و دەیەوێت بچێت بۆ لای خوشکەکەی لە سوید و واز لە منداڵەکانیشی بھێنێت.

–               ئێ ئەمە بۆ تۆ دەرفەتێکی باش نییە، تا ئەو پێوەندییەی ھەموو تەمەنت خەونت پێوە دەدی، دروستی بکەیت؟

–               پێوەندی چی، ئەو بۆیە تەلەفۆنی کرد، دەیەوێ بۆچوونی من وەربگرێت، داخۆ عەیب نییە ئێستە تەلەفۆن بۆ دانا بکات و داوای لێ بکات جارێکی دیکە پێوەندی ببەستنەوە؟

پاش بێدەنگییەکی سامناک، سەیرێکی سمکۆم کرد و گوتم: دەزانی نەدەبوو ئیوە ھەرگیز لە کۆیە ماڵتان بگوازنەوە؟

ئەگەر ھەر لەوێ بوونایە، پێش ئەوەی شەونم دڵی بەلای ھیچ کوڕێکدا بڕوات، تۆ دڵیت دەگرت. ئەگەر تۆ دڵی ئەوت بگرتایە، ئێستە سۆنیا بە من ڕازی دەبوو. ئەگەر سۆنیا بە من ڕازی بوایە، بە ناچاری نەدەبووە ھاوسەری حەیدەر. ئەگەر من و سۆنیا ھاوسەر بووینایە، ئێستە گێلاس ژنی حەیدەر دەبوو. کانیاویش ئەمشەو ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و گوتی: “ئیدی ڕابردوو ناسڕێتەوە.” دڵنیام ئەویش کەسێکی لە من باشتری ھەبووە و بە ناچاری شووی بە من کردووە.

ئابی ٢٠٢٠

error: Content is protected !!