ڕاستنووسی

پێشه‌کیی چاپی یه‌که‌م

ئەم کتێبەی لە بەردەستتدایە، داھێنان و ھەوێنی نووسەرێک نییە، بەڵکوو کۆکردنەوەی ھەوڵی دەیان ساڵەی پسپۆڕانی زمانە، پاشان کورتم کردوونەتەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی ھەموو ھیواخوازێک بە ڕاستکردنەوەی زمانی نووسینەکەی، بتوانێت بیخوێنێتەوە و سوودی لێ بکات. بە زمانێکی سادە نووسراوە، ئەوانەی ھیچ پسپۆڕییەکیشیان لەم بوارانەدا نییە، دەتوانن لێوەی فێر ببن و وەک ڕێنوێنی وەری بگرن.

ڕەنگە دوایین توێژ، بۆ ئەو نووسەرانە بن، ساڵانێکە لە بوارەکەدان، بەڵام وەک کەتەلۆگێکی ئامادە و خێرا تا جار جار بۆی بگەڕێنەوە، ئەوانیش سوودی لێ دەکەن. شتێکی سەیرە، ئەوانەی لە قوتابخانە بە عەرەبی یان فارسی خوێندوویانە و ئێستە بوونەتە نووسەر، زمانیان پاراوترە لەوانەی بە پرۆگرامی کوردی خوێندوویانە. زۆر بەداخەوە دەڵێم، ئەم کتێبە، زیاتر بۆ ئەم توێژ و نەوەیەیە کە دەبوو ھیچ کێشەیەکی ڕاستنووسییان نەبێت.

ڕۆژنامەنووسان سوودێکی زۆر لەم کتێبە دەبینن. ھەر دەزگەیەکی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێسای زمانی بۆ خۆی داناوە و زۆرێکیشی ھەڵەن، بۆیە ڕۆژنامەنووس دەکەوێتە گۆماوێکەوە، دوا جار ئەوەیش خۆی دەیزانێ، بەپێی ئەزموون بیری دەچێتەوە. تۆ دەتوانی ئەم کتێبە بکەیتە ھاوڕێی خۆت و ھەرگاڤ بۆی بگەڕێیتەوە.

یارمەتیدەری توێژێکی فرەوانی کۆمەڵگەیشە، ئەوانەی بەردەوام لەسەر ھەموو بابەتێک، بەھۆی گەشەسەندنی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، بۆچوونیان ھەیە و دەنووسن، کەچی زمانێکی ھێندە کڵۆڵیان ھەیە، ئەگەر پەیامەکەشیان بەرز بێت، ناتوانن بیگەیەنن.

بۆ ئەو کادر و ئەندامە چالاکانەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکانە، لە ھەر شوێنێک بن و ھەر چالاکییەکیان ھەبێ، گەورە بێت یان گچکە، دەبێ بتوانن ھەواڵ و ڕاپۆرتی کارەکەیان بگوازنەوە و ھانی خەڵکییش بدەن، بەشداریی ئەو جۆرە کارانەیان بن، بەڵام زۆر جار لەبەر شڵۆقیی زمانەکەیان، تەنیا بەھۆی ئەو وێنانەی بڵاوی دەکەنەوە، بۆت دەردەکەوێت چی کراوە. کێ تاقەتی خوێندنەوەی ئەو زمانە نەزۆکەی ھەیە؟ بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم کتێبە، ئێوەیش لە مەترسیی نەگەیشتنی چالاکییەکانتان بە خەڵکی، ڕزگارتان دەبێت.

پەتایەک لەناو نووسەرانی کورددا بڵاو بووەتەوە؛ بۆ ئەوەی خۆیان لەوە ڕزگار بکەن، گوایە زمانی یەکگرتوومان نییە و ھێشتا لەسەر ڕێنووسێکی ھاوبەش ھاوڕا نین، بیانوو بۆ ھەڵەکانی ناو نووسینی خۆیان دەھێننەوە، بگرە بە ڕاستتریشی دەزانن، لەکاتێکدا ئەکادیمیای کوردیمان ھەیە، توانیویانە بنەمایەک بۆ ڕێنووسی کوردی دابنێن و لەمێژیشە لە ڕووی ڕێزمانەوە، کاری ڕژد و باش کراوە و بوارەکانی دیکەیش بەردەوام لە گەشەدان.

ئەم کتێبە، کورتەیەکی گرینگترین پێکھاتەکانی زمان لەخۆ دەگرێت و ھەوڵی داوە ئەوەندەت پێ ببەخشێت، وەک خوێنەرێک کە سەرت ناپەرژێتە کتێبە سەرچاوەیییە گەورەکان، بەمە ھەنگاوێک لە زمانی نووسینەکەت بەرەو پێشەوە ببەیت و چیتر بەو زمانە کرچوکاڵەی ئێستەت نەنووسیت.

وشەکاری تا دەگاتە بایەخدان بە ڕەوانبێژی و ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھیچ وشەیەکی عەرەبی یان بێگانەی دی لە ڕستەکانتدا نەبێت و ھاوواتای وشەکان بەکار بھێنیت، ھەمووی بەشێکن لە جواننووسی. لەم کتێبەدا، ڕێنوێنیی ڕاستنووسیم داناوە، نەوەک جواننووسی؛ خۆت دەبێت فێری ئەوی تر ببیت.

خاڵێک ھەیە، دەبێ ددانی پێدا بنێم و نەیشارمەوە. ئەمەی لێرەدا ئامادەم کردووە، سەرەتا، سەرەقەڵەمێک بوو بۆ خۆم، تا زوو زوو لە کاتی ھەڵەکانمدا بۆی بگەڕێمەوە، ئیدی فرەوان بوو. پێم باش بوو، ئەم ماندووبوونەی کردوومە، پێشکەشی ئێوەیشی بکەم. بە مانایەکی تر، ئەوەی لێرەدا ئامادەم کردووە، وەنەبێ چیتر خۆم پێویستم پێی نەبێت؛ پێش ئێوە، دەبێتە کتێبی گیرفانی خۆم و ڕۆژانە کاتێک دەچم بۆ سەر کارەکەم، لەگەڵ خۆمی دەبەم، بۆ ئەوەی لە کوێ کەوتمە گومانەوە، ھەڵی بدەمەوە. تۆیش دەتوانیت وا بکەیت.

کوردۆ شابان

2019

error: Content is protected !!