باپیرم، لە جەنگی ئینگلیز و عوسمانییەکان بەشداری کردووە. دەزانم بۆ تورکی خۆش دەویست، بەڵام نازانم بۆ ئەڵمانی خۆش دەویست. لەم سەردەمە بژیایە، دەبوو خۆی بۆ یەکێکیان یەکلا بکاتەوە. پێم وایە ھەر ئەوەندەی لێ زانیوە، ئەگینا لە سەردەمی خۆشیدا ھەر نەدەبوو ھەردووکیانی بەجارێک خۆش بوێت. باپیرم، نە ئینگلیزی خۆش دەویست، نە شێخ مەحموود. ئەویانی بە داگیرکەر و کافر ناودەبرد، ئەمیانی بە ستەمکار دەزانی. کەچی وەک ھەر کەسێکی ئەو سەردەمە و تاڕادەیەکیش ئێستە، کاک ئەحمەدی شێخی خۆش دەویست. ھەر شەو دادەھات، چیرۆک و ئەفسانەی ئەم خۆشەویست و دژانەی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە و ھەردەم شتی نوێی پێ بوو. ئەو تا ھەولێری دیوە، کەرکووکیش، کەچی نازانم ئەم ھەموو گوتە و زانیاری و حەکایەتەی بەو نیمچە خوێنەوارییەوە لەکوێ بوو. ئێمە بەردەوام گوێمان لێ دەگرت، باوکم و مامەکانیشم گاڵتەیان لێ دەھات. گاڵتەیان لێ دەھات، چونکە گاڵتەی لە شۆڕشی کوردی دەھات.
باپیرم، ڕۆژێکی بەھاری ساڵێک پێش ڕاپەڕینەکە مرد. دوا چیرۆکی کە بیرمە، دەیگوت ئەوەی پێش دوو ساڵ بەسەر ھەڵەبجەدا ھات، خەتای شۆڕشگێڕەکانی کورد بووە. ئەو پێی وا بوو، ئێران و عێراق، بۆ بیانوویەک گەڕاون لەو ناوچەیە کیمیا تاقی بکەنەوە، کوردیش بیانووەکەی بە ئاسانی داونەتێ.
بۆ ئەوەی ئێمە ئەم چیرۆکانەی باپیرم نەچێت بە گوێماندا، باوکم بەردەوام چیرۆکی شۆڕش و خەباتەکانی کوردی بۆ دەگێڕاینەوە. چیرۆکەکانی باپیرم، دوژمن و دۆست، ھەر بێگانە بوون. ئیدی عوسمانی دۆست بێت یان ئینگلیز دژ. تاکە دوژمنی نێوخۆیی، شێخ مەحموود بوو. لە چیرۆکەکانی باوکمدا، دوژمن و دۆست، ھەمووی کورد بوون. شێخ سەعید، کورد خیانەتی لێ کرد؛ قازی موحەممەد، کورد خیانەتی لێ کرد؛ مەلا موستەفا بارزانی، بە ھەمان شێوە دۆستەکانی ناو حیزبەکەی لێی ھەڵگەڕانەوە و خیانەتیان لێ کرد.
لەناو ئەم چیرۆکانەی باوکمدا، شەڕی ناوخۆی بەسەردا ھات. لەمیشدا باوکم دەیزانی کێ کوردە خاوێنەکەیە و خێ ناپاکە و ھۆکاری شەڕەکەیە. من ئیدی تاقەتی گوێگرتنم نەما، ئەم شارەش خۆی تاقەتی ژیانی نەمابوو. ڕێی ئەسینام گرتە بەر، بە سەت دەردەسەری، گەیشتمە وڵاتی بریتانیا. یەکێک لە دوژمنەکانی باپیرەم. تێیدا جێگیر بووم. ھەر لەوێ کچێکی تورکم ھێنا. ڕەنگە باپیرەم بمایە، ئێستە زۆر دڵی پێم خۆش بوایە. کوڕێکمان بوو، لەسەر داوای ژنە دیندارەکەمەوە، ناویمان کرد بە مەحموود. بۆ ئەمەیان دەبوو زوو باپیرم تێ بگەیەنم، لە خۆشەویستیی شێخ مەحموود نییە، ژنەکەم لەبەر سوڵتان مەحموود ناوی لێ ناوە.
دوای دە ساڵ، واتە ساڵی ٢٠٠٦ بە بی ئێم دەبڵیوویەک، خۆم و ئیسرا و مەحموود، بەرەو ئیزمیر کەوتینە ڕێ، تا ھەفتەیەک لە ماڵی خەزوورم بین، پاشان بەرەو سلێمانی بێینەوە. لەوێ، برایەکی ژنەکەم ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕان، بە ناچاری بەرەو مانچستەر گەڕاینەوە.
من جگە لە چیرۆکەکانی باپیرم و باوکم، زۆر گوێم بە ھەواڵی سیاسی نەدەدا. لێرەدا دەکرێ وەک بوونەوەرێکی دەگمەن لەناو کورددا ھەڵکەوتبێت، ناوم بھێنرێت. بەڵام بیری نەتەوەییم ھێندەی تێدا بوو، دڵم بە ڕیفراندۆمەکە خۆش بێت. دوو ھەفتە پێش بیست و پێنجی ئەیلوول، بەرەو سلێمانی جانتامان پێچایەوە. لەو کاتەدا، ژنەکەم دوای بیست ساڵ، جارێکی دیکە دووگیان بوو. بڕیارم دا، ناوی بنێین کوردستان. ھەر سواری فڕۆکە بووین، زۆر پێش وادەی خۆی، کەوتە ژانەوە. بە ناچاری دابەزین و فڕۆکەش لە گەشتەکەی بەھۆی ئێمەوە، نزیکی دەمژمێرێک دواکەوت.
کچێکمان بوو. ژنەکەم بە ھیچ جۆرێک ڕازی نەبوو ناوی کوردستان بێت. دەیگوت ئێمە دەچینەوە تورکیا، ئەو ناوە بۆ ئەوێ باش نییە، با من تورکیش بم. وەک چۆن مەحموودی ھەڵبژارد، ئەمیشی کرد بە “سونگوڵ”.
پاش چەند مانگێک لە ڕیفراندۆمەکە، پاش بیست و یەک ساڵ، بەرەو سلێمای گەڕامەوە.
ژنەکەم کوردی نازانێت. مەحموودیش زیاتر بە ئینگلیزی دەدوێت، تورکییەکەشی لە کوردییەکەی باشترە. ئەمە وای کرد لەگەڵ باوکم و برا و خوشکەکانم بە زەحمەت لەیەک تێ بگەن. منداڵەکانیان ھەموویان ئینگلیزییان دەزانی، نزیکی ھەمان ئەو ئینگلیزییەی ئێمە لە بریتانیا قسەی پێ دەکەین.
ئێوارە، پاش نانخواردن، بۆ شیری سونگوڵ، لە ماڵی باوکم ھاتمە دەر. کاتێک گەڕامەوە، ئامانجی برام لەوێ بوو. بەسەر گفتوگۆی ئەواندا ھاتمەوە. باوکم باسی خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەری دەکرد. سەیرێکی ئامانجم کرد، گوتم: سەرەداوێکی سەرکەوتنی بێ ناپاکی لە چیرۆکەکانی باوکم سەری دەرنەکرد؟
گوتی: تا ئێستە ھەموو شتێک خراپە.
ئۆکتۆبەری ٢٠١٩