کوڕەکەی مەلا برایم

ھەستە کوڕم. خێراکە بانگ بدە، دەقیقەیەکیش لای داوە. بۆ دیسان دواکەوتی قەببەحەکەڵڵا.

گۆچانەکەی دەستی، ھەم چاویەتی، ھەم قاچێکی دیکەیە، پێش دوو قاچەکەی، ھەر بەربەستێک لە ڕێگەدا ھەبێت، پێی ئاگەدار دەبێتەوە. گەیشتە ناوەڕاستی حەوشە کە قەرەوێڵەکەی ئەسعەدی لێیە. لەوێ نییە. ھاوار دەکات: لە کوێ تۆپیویت، وا ڕۆژ بووەوە؟

سەمیعە.. حەلیمە.. یەکێکتان ھەستن بزانن ئەو ھەتیوە لەکوێیە.

حاجی فەتاح، لە دیواری حەوشەی مزگەوتەوە گوێی لە دەنگی مەلا برایمە؛ سەری بەمدیودا شۆڕ کردەوە: سەلاموعەلەیکوم مامۆستا، بچم بانگەکە بدەم؟

–               حاجی گیان تۆی؟ خوا جەزات باتەوە فریا بکەوە، ئەو نەعلەتییەی کوڕم نازانم چی بەسەر ھاتووە.

پێش بانگی ئێوارەی دوێنێ، ئەسعەد خەریکی لەبەرکردنی ئەلفییەکەی بوو، چونکە دەبوو ئەمڕۆ بگاتە بیارە و لە حوجرەکەی مامۆستا مەلا ڕەحیم دەست بە خوێندنەکەی بکاتەوە. سێ ڕۆژە گەڕاوەتەوە ئاوایی. ھێشتا مێرمنداڵە و سوختەیە، بیری خواردنی دەستی دایکی دەکرد. کاتێک دێتەوە، تا خەڵکی ئاوایی بزانن لەسەر ڕێچکەیە، مەلا برایم بانگ و قامەت بە تاقە کوڕەکەی دەخوێنێت.  خۆی ئیمامەتییەکەیان بۆ دەکات. بەدەم لەبەرکردنی مەتنەکانەوە، گەیشتە سەر کانی. کەمێک سەرنجی شل کرد، گوێی لە پێکەنینی قووڵ و قیژەیە. خێرا خزایە بن بناری دارێک و خۆی شاردەوە، ئیجا باشتر چاوی گێڕا، بزانێت ئەو دەنگە لە کوێوە دێت. شەپۆلی دەنگ لە ڕووبارەکەوە گوێیەکانی پڕ کرد. وەک بڵێی دەنگەکە گوریسێک بێت، دەستی پێوە بگرێت، ئاوا لەگەڵیدا ڕۆیشت.

لەپڕ کەوتە ناو دەنگەکانەوە.

سێ کچی تەمەنی نزیک یەک، خەریکی خۆشۆردنن.

یەکێکیان لەسەر تاشەبەردێک جلەکانی دەگوشێ و دەرپێیەکی ژنانەی لەپێدایە. ھەردوو مەمکۆڵانی بەدەرەوەن. قژە ڕەشە تەڕەکەی لەبەر ھەتاو بریقەکەی لە چاوی دەدات، کەوتوونەتە سەر گومەزی ھەردوو مەمکی و نایەڵێن بە گۆیەکانی دیار بێت.

یەکێکی دیکەیان لەناو ئاوەکەدا، چیچکان دانیشتووە. سەتڵێکی فافۆن لە تەنیشتیدایە؛ پشتی ڕووتە. لەناو سەتڵەکەدا، لفکەی کەفاوی دەردەھێنێ و ڕانەکانی پێ دەشوات. ژنێکیش بە پێوە کە دیارە تازە لە خۆشۆردن تەواو بووە بەڵام جارێ ھەر خاولییەکی بۆری لەخۆی ئاڵاندووە، خەریکی شانەکردنی قژی کەفاویی ئەوەیانە کە دانیشتووە.

چوارەمیان کە لە یەکەم نیگای کوڕەکەی مامۆستاوە دیار نەبوو، لەناو ئاوەکە مەلەی دەکرد. ئەو باش ئەسعەدی دیوە. وردە وردە نزیکی بووەوە. بەڵام کوڕە ھێشتا لەبەر دیمەنی ئەو سێیەی ئەوسەر، گوێی لە خشە و شەپۆل و شڵپەشڵپەکانی بەردەمی نییە و کەڕ بووە، حەپەساوە و زۆریش بۆی ڕوون نەبووەتەوە، ئاخر ئەمە یەکەم جارییەتی، سێ کچی ڕووت ببینێت.

کچەی ناو ئاوەکە، ھەستایە بەردەمی كە ڕێك بەر تیشكی خۆری گرت و وەك تارمایییەكی ناڕوون دەركەوت، گوتی: ئەوە چی دەکەی؟

لە ماوەی چاوقوچانێکدا، ئەسعەد لە بەردەمیدا تەنیا چەپکێک تووکی گڤی ڕەشی لە نێوان دوو ڕاندا بینی، قسەی بۆ دەکات و دەڵێت: “ئەوە چی دەکەی؟”

ھەرگیز ھیچ ئەژدیھایەکی نەبینیبوو، لە نێوان دوو ڕاندا بەو ھەموو ڕیشەوە بەسەریدا ھەڵبشاخێت. ئەو تەنیا باوکی حافزی بینیوە بە ڕیشی سپیی گڤەوە، لە نێوان تێکەڵبووی ڕیش و سمێڵ، ھاواری بەسەردا دەکات!

ئەمەیان چی بوو؟

سەری بەرزتر کردەوە. ناوکی کچەی بینی، وایزانی دەججالە، گەیشتووەتە سەری. کاتێک قسەی دەکرد و دەستەکانی دەجووڵاند، ناوکیشی دەکەوتە جوولە. لە تاکە چاوێک دەچوو، لە ناوەڕاستی سەرێکێکی گەورە.

 ئەسعەد تۆقی، ھەرگیز ترسی لەو جۆرەی نەدیبوو. بە پشتدا کەوت. لەبەر تیشکی ھەتاو کە ڕاستەوخۆ بەرانبەری بوو، سەری کچەی نەدیت.

ھاوار و قیژەی ئەسعەد گەیشتە ئاسمان. ھەوڵی دەدا ڕابکات. ئەژنۆی نەبوو؛ ھەر دەکەوت بە زەویدا. شەڕواڵەکەی بە تەواوی تەڕ بووبوو؛ لەشی قورس کردبوو. کتێبە پەڕە زەردە پەڕپووتەکەی دەستی کەوتە ناو ئاوەکەوە و ھێندەی تر تۆقی، ئاخر دەزانێ ئەگەر یەک پەڕی خەسار بێت، مامۆستا مەلا ڕەحیم فەلاقەی دەکات.

لەتاو کتێبەکە، دەعبا سەیرەکەی بیر نەما. پەلاماری ئاوەکەی دا، کتێب پەڕ پەڕ بوو. مەرەکەبی شین، جۆگەلەی کرد.

لە پەل و پۆ کەوت و لە جێی خۆی دانیشت. ئیدی گویی نەدایە، با ئەو دێوەزمەی بەردەمی، بەو دەمە تووکنە گڤەوە، بێت بیخوات. لە دۆخێکی ناھەمواردا بوو، لە نێوان ئاگایی و بێ ئاگاییدا.

–               ئەسعەد، ئەوە چی دەکەی لێرە؟ (حەلیمە وای گوت)

کچەی بەدیار سەتڵە ئاوەکەوە بوو، حەلیمەی خوشکی بوو. پەلی گرت و بردییە لای خۆیان. ھەموویان خۆیان گۆڕیبوو. کوڕەی دەعبادیو، زمانی لاڵ بووە. چاوێکیشی لەسەر پەڕەی خووساوی کتێبەکەیەتی کە ھەندێکیان بەسەر بەردا گیرساونەتەوە و تاکە تاکە پیتیان پێوە ماوە، ئەوانیش ھاکا لەگەڵ شەپۆلێک، دەستیان بە مەلە کرد.

چاوێکی بۆ چواردەوری گێڕا. سەیرێکی ھەموویانی کرد. دەبینێت چوارن نەوەک سێ. دەیویست بڵێ، ئەی دێوەزمەکە کوا، بەڵام بێدەنگ بوو.

حەلیمە، ئەسعەدی ھێنایەوە ماڵەوە. ھەر ئەوەندەی ئاگا لێیە.

ئێوارە بۆ نانخواردن دیار نەبوو، بەیانییەکەشی ئەوەتا نوێژ تەواو بووە و ڕۆژ بووەتەوە، کوڕەی تۆقیو، کەس نازانێ لە کوێیە.

ئاداری ٢٠١٩ 

error: Content is protected !!