چوار ساڵی زانکۆ ڕۆیشت، بەبێ ئەوەی ھیچ کوڕێک سەرنجم ڕابکێشێت و ببینە خۆشەویست.
نا، پێویستە ئەم ڕستەیە بگۆڕم، مادەم بڕیارم داوە لە دەفتەری یادەوەرییەکانمدا، ھەموو شتێک بە ڕاستگۆیی بنووسم.
چوار ساڵی زانکۆ ڕۆیشت، بەبێ ئەوەی ھیچ کوڕێک سەرنجی بۆ من ڕابکێشێت و داوای خۆشەویستیم لێ بکات.
ئەمەیان زۆر گونجاوە. ڕستەیەکە پڕ بە بەری ئەو چوار ساڵەیە کە ڕۆیشتن.
ئەو ڕۆژەی فایلە زەردەکەم پێ بوو، چووم بۆ کۆلێژی پەروەردە و خوێندکارانی قۆناغەکانی دیکە بە “قاز” ناویان دەبردین. ھەردی لە ژووری قوتابیان، خۆی پێ ناساندم، فایلەکەی لێ وەرگرتم و لەگەڵمدا ھات، تا ھەموو مامەڵە تەواو کران و لە بەشی کیمیا ناونووس کرام.
دەڵێم، ڕۆژێکی دەفتەری یادەوەرییەکانم بۆ دانەیەکی ئەستوورتر دەگوازمەوە و بە جوانتر دەیاننووسمەوە. خەتێک بەژێر “لەگەڵمدا ھات” دەھێنم، تا لەوێ بنووسم: “لەگەڵیدا چووم” ئاخر ئەمەیان ڕاستترە.
من ھیچم نەدەزانی، شوێنی کەوتبووم. ئەو ھەموو شتێکی بۆ کردم.
لە ڕێگەدا، دڵی دامەوە کە ئەوانیش لە قۆناغی یەک “قیقەقیق”ـیان بەسەردا کراوە و زۆرینەی ئەمانەی ئەمساڵ وەرگیراون، ئەم نەریتە دەگوازنەوە و تۆڵەی ئێستەیان لە نوێیەکانی ساڵی داھاتوو دەکەنەوە.
ھەردی، زۆر بە ئەتەکێت بوو. یەکەم جارم بوو لەگەڵ کوڕێکی غەریبە ھەنگاو بنێم و بدوێم. دەبوو بترسم. ئەوەندە بە ڕەوشت بوو، ئەو ھەموو ھەنگاوەی لە قاوشەکانی کۆلێژ بڕیمان، ھیچ ترسێکی لە ناخمدا دروست نەکرد.
کوڕان، ھەر کچێک جوان بێت، سەرنجیان ڕادەکێشێ و بە ئاسانی حەزی لێ دەکەن. ئەمە ھۆکاری سەرەکیی داھێنانی ماکیاج و تەنانەت نەشتەرگەریی جوانکارییە. پیاو جۆرە بوونەوەرێکی ڕووکەشن. ئێمە بە پێچەوانەوە، ھەر کوڕێک بزانێت مامەڵەمان لەگەڵدا بکات، سەرنجەکانی لەسەرمان ورد بێت و بە بایەخەوە گوێمان بۆ شل بکات و پرسیارەکانی لەو چوارچێوەیە بێت کە ئێمە دەمانەوێت بپرسێت، سەرسامی دەبین. لەگەڵ کۆمەڵێک وردەکاریی تر.
وابزانم ئەم ڕستەیەش زۆر گران و قاڵبی بوو. ڕەنگە لە دەفتەری داھاتوودا بیسڕمەوە. خۆم دژی ئەو دێڕانەم کە بەناوی ناودار و دانایانەوە دەکرێن و ئیدی بە کۆنکرێتی بڕیار لەسەر چەمکێکی ژیان دەدەن. ئەوەتا خۆشم خەریکە بە دوو دێڕ، ھەرچی ھۆکاری حەزی پیاوە بۆ ژن و ھەموو ھۆیەکانی حەزی ژنە بۆ پیاو، کورت دەکەمەوە.
بۆچی ھیچ کوڕێک لە زانکۆ سەرنجی بۆ من نەچوو؟
ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە نەمتوانیبێت ھەموو ڕۆژێک بە جلێکی نوێوە بچمە زانکۆ! ھیچ نەبێت دەمتوانی وەک ھاوڕێکانم بکەم، بەردەوام جلی یەکترییان لەبەر دەکرد؛ پارچەیەکی ئەمیان لەگەڵ پارچەیەکی ئەوی تردا، لەگەڵ پێڵاوەکەی خۆیان دەگونجاند و بەم شێوەیە بەردەوام لە ماوەی چوار ساڵی زانکۆ، نازانم فێری چی بوون، بەڵام دڵنیام بووبوونە فاشیۆن دیزاینەری باش کە ھەر بەوەی ھەیانە، ھەموو بەیانییەک دەبوو زیاتر لە دەمژمێرێک خەریکی ڕێکخستن و دیزاین بن.
نازانم بۆ تاقەتی ئەمەم نەبوو؟ لە کاتێکدا منیش حەزم دەکرد بەردەوام لە کافتریای کۆلێج کوڕێک ھەبێت لەگەڵی دابنیشم و زۆربەی جارەکان ئەو پارەی شەربەت و پسکیتەکەم بدات.
کاتێک زانیم ھەردی کەپڵی ھەیە و پێش ئەوەی من بێمە زانکۆ پێکەوە بوون، سەرئێشەیەک گرتمی، دوو ڕۆژ بەری نەدام.
ھەموو ئێوارەیەک کە بۆ بەشە ناوخۆیی دەگەڕامەوە، دایکم تەلەفۆنی دەکرد. لەبەر ئازاری سەرم ئەو ڕۆژە نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە. بەھار دوای من دەگەڕایەوە. ھەر ھاتەوە (بە حەپەسانەوە): شنە ئەوە بۆ وەڵامی سەرگوڵ خان نادەیتەوە، نازانی دایکت چۆنە؟
ڕەنگە ھەر لە خەفەتی ھەردی بێت، چوار ساڵی زانکۆم بڕی و ئەوەندە خۆم بە قاڵبی حەزی کوڕانی زانکۆ نەگونجاند تا دانەیەکیان حەزم لێ بکات.
پرۆسەی حەزلێکردن ھەر دەبێت وا بێت. ئەوە گریمان من سەرسامی کوڕێکی تر بوومایە، بەڵام ئەو ھیچ سەرنجێکی بۆ لای من نەبوایە؟ دەبوو چی بکەم؟
ئێمە خۆمان وەک شیرینی و خواردن دێتە بەر چاو. بەپێی کوالیتیی خۆڕازاندنەوە و خۆنواندنەکانمان، کوڕان دێن بۆ خواردنمان. وەک چۆن مریشکێکی برژاو، ھەرگیز بە برسییەک ناڵێت وەرە بمخۆ، ئێمەش چۆن دەبێت بە پیاوێک بڵێین خۆشم دەوێی، جگە لەوەی وەک مریشکەکە، ھەوڵ دەدەین جوان ئاڵ بووبین تا بەڵکوو بە چاوی برسییەوە سەیرمان بکات.
من ھەرگیز لە زانکۆ، ئەو خواردنە خۆشە نەبووم. کچانی ھاوڕێم بە بێتەنسیق و تەنانەت تۆزێک نەفامیش منیان دەبینی. ڕەنگە ئەوانیش ڕاست بکەن. ئێستە کە پێنج ساڵە زانکۆمان تەواو کردووە و مامۆستام لە شارەدێیەک، ئەوان ھەموویان شوویان کردووە. ھەندێکیان پێویستیان بەوە نەبووە کار بکەن، خەریکی بەخێوکردنی منداڵن.
ئێرە ھەلێکی گونجاو بوو بۆ من، کوڕێک سەرنجی بۆ لام بچێت و منی خۆش بوێت. ھەلەکە ھاتە دی. لەگەڵ مامۆستا لوقمان کە ئەو ھەر لەم ناوەندییە وانەی کوردی دەگوتەوە. بووینە خۆشەویستی یەک و بوومە “تاقانەی دڵ”ـی.
من لێرەش ھەر کچەکەی سەردەمی زانکۆم کە زۆر حەزم لە خۆگۆڕین نییە. ڕەنگە شتیک خراپتریش بم.
تاکە ئومێد کە منی کردە تاقانەی دڵی پیاوێک ئەوە بوو، تاکە مامۆستای کچ بووم لێرە. ھەمووی شەش مانگی نەبرد، پرۆسەکانی دانیشتن بەدیار چای فەڕاشی مەکتەب، تا پیاسەی ناو حەوشە، خۆشەویستی و ھەموو ھەنگاوەکانی ترمان بڕی.
بەڵێ، ھەموو ھەنگاوەکانمان بڕی. ھیچ شتێکمان نەھێشتەوە.
زۆر جار دەڵێم، ڕەنگە ئەو کچانەی زانکۆ کە پیم وا بوو لە شکۆی خۆیان دەشکێنن تا ببنە مرۆڤێکی ڕووکەشی بۆ کوڕان، ڕێگەکەیان زۆر لەوەی من ڕاستتر بووبێت. ئەوەتا گشتیان لە ماڵی خۆیاندان، من نەبێت.
ئێستە لوقمان ژنی ھێناوە و منیش گەڕامەوە بۆ قۆناغی پێشتر.
ئایا پێویستە ھەموو شتیک لەم دەفتەری یاداشتەدا بنووسم؟
نەخێر نەگەڕامەوە بۆ قۆناغی پێشتر. ڕۆیشتم بەرەو داڕووخانێکی گەورە.
وام دەزانی، کاتێک لوقمان پێم دەڵێ تاقانەی دڵم، ئیدی ھەموو شتێک لەگەڵ خۆی دەھێنێ. ھیچی نەھێنا جگە لە ھەزاران وشە کە بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو، ڕۆژانە دەیکرد بە گوێمدا و لەگەڵیاندا دەبوومە مەل و دەفڕیم.
ھیچی نەھێنا.. ھەموو شتێکم بۆ برد.
تا ئەو ڕۆژەی گوتی “پێویستە ئیتر پێوەندییەکەمان ڕابگرین، چونکە بەتەمای ژنھێنانم” پێم وا بوو، “تاقانەی دڵم” بڕیارێکی خوایییە و سرووشی بۆ ھاتووە و جێبەجێی دەکات.
ژنھێنانەکەی ھێندە جێی بایەخ نییە، ئەوەندەی بیر لەوە دەکەمەوە، بە ھەموو پێوەرێک، منی وەک بەرەڵایەک دیوە، بۆیە دوای ئەوەی چەندان جار بردمییە سەر جێگە، ژنێکی دیکەی دیتەوە بۆ جێگیربوون لە جێگەکەی.
ئەوە سێ مانگە مەکتەب کراوەتەوە. لە ھاوینەوە کە ژنەکەی گواستووەتەوە، خۆشی بۆ ناوەندییەکی شار گواستووەتەوە. سێ مانگە لوقمانی لێ نییە. وەک بڵێی ژنی نەھێنابێت، وەک بڵێی منی بە بەڕەڵا نەدیتبێت، وەک بڵێی ھێشتا تاقانەکەی دڵی بم، بیری دەکەم.
کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠