پێشەکیی كتێبەكە
بڕیارم دا، ناوی کتێبەکەم بەم شێوەیە بێت: “دەخوێنمەوە، کەواتە هەم”، بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەر یەکسەر بۆ ئەو گوتە ناودارەی دێکارت ڕابکێشرێ کە دەبێژێ: “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم”. لەبەر ڕادەی بەرزی بڕوام، بوونی حەقیقی پێوەستە بە بیرکردنەوە. پۆلێنی نوخبە و عەوام لە هەر بوارێکدا، سەر بۆ چینایەتیی جاران بکێشێ، لە بواری خوێنەواری و خوێندنەوەدا، پێم ڕەوایە. هەمیشە عەوامی نەخوێنەوار، بەلامەوە شایەنی سەرکۆنەن، تا ڕادەی گاڵتەپێکردن.
لە سەردەمێکدا دەژین، بەلێشاو زانیاری دێنە بەر چاومان، ئەمەیش وای کردووە، بیرکردنەوە و بڕیاردانیان شڵەژاندووە. ئێستە هەر گوتەکەی دێکارت بێ پاشکۆ، سوودی نییە، ئاخر بیرکردنەوە لەو بازاڕی زانیارییە سەیر و زۆر و بۆرەدا، ئاسان ناتگەیەنێتە کەنار، پێویستیمان بە هاوکارییە. چاو ڕۆژانە دەبینێ و گوێ دەبیستێ، پێویستە چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە، تا کەمێ مۆڵەت بە هزرمان بدات، کەمێ کاتی بۆ بیرکردنەوە هەبێ! تەنیا چارەیەکمان لە بەردەمە، ئەویش خۆ ڕزگارکردنە لەو هەموو ژاوەژاو و ڕەنگە چڵکنە، بگەڕێینەوە بۆ بۆنی کاغەز و لاپەڕەکان هەڵبدەینەوە و دەست بە خوێندنەوە بکەینەوە! بگەڕێینەوە بۆ ئەو هاوڕێیەی هەرگیز لێمان بێزار نابێ، گەرچی ناحەقیشی نییە، لەم سەردەمە بێ ئەمەکەدا، بێزاریش بووبێ.
بۆ ئەوەی خێرا مەبەستەکەم بگەیەنم، دەمەوێ هەر لە ناونیشانەوە پێت بڵێم، ئەو کردارەی دێکارت باسی دەکات، تۆی تاک، تا بیر نەکەیتەوە، ناتوانی بوونی خۆت بسەلمێنی! تا نەخوێنیتەوە، ناتوانی پێی بگەی. ئاخر چی بکەین، لە سەردەمی هەڕەمەکیی زانیاریدا، هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە، جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک لەو زانیارییانە، ئەگینا ئیدی بیرکردنەوە دەبێتە یەکێک لە کەلەپوورەکانی ڕابردوو، ئێمەیش دەبینە عەوام و وەک ئەوان، شوێن تەوژم دەکەوین. وەک ئەوان هەر ڕۆژە بە شەپۆلێکی سۆشیاڵ میدیا دەمارەکانمان گرژ دەبن، یان خاو دەبنەوە.
خوێندنەوە، پێویستییە یان چێژە؟ بەپێی سەردەم و کەس و شوێنەکان وەڵامەکەی دەگۆڕێ. پێم وا بێ، بۆ زۆرینە پێویستییە، بۆ ئەوانەیش خوێندنەوەیان کردووە بە بەشێکی ژیانیان، چێژە. من لەم کتێبەدا، ئەگەرچی بە چەندان دێڕ هەوڵم داوە سوودەکانی خوێندنەوەت پێ بڵێم، بەڵام چونکە لای خۆم خوێندنەوە پێش هەموو شتێک چێژە، زۆرترینی بابەتەکان لەو ڕوانگەیەوە خۆیان دەنوێنن. چێژی خوێندنەوە یان چێژی دەق، هیچی کەمتر نییە لە چێژی دانیشتن بەدیار خوانێکی بەلەزەت، یان چێژی لە ئامێزگرتنی یار، چێژی یەکەم ساتی باوەشی یەکەم کۆرپەت، چێژی ئەو ساتەی لە تاقیکردنەوەیەک یان کارێک سەرکەوتوو دەبیت. لەڕووی بڵندیی ئاستی چێژەکەیشەوە، لە هەموویان باڵاترە.
بەشێکی زۆری بابەتەکانی ئەم کتێبە، پێشتر بڵاوم کردوونەتەوە و هەندێکیشی بۆ یەکەم جار لێرە بڵاو دەبنەوە. هەندێک لە بابەتەکان، سوودوەرگرتنە لە بابەتی نووسەرانی تر، بەڵام لەبەر ئەوەی وەرگێڕانی کتومت نییە، ناویانم نەنووسیوە. ئەوەی گرنگە ناوی بێت، دەقەکانە، هەموویانم بە ئەمانەتەوە پاراستووە، ئەوی دی، مامەڵەکردن لەگەڵ دەقەکان و شێوازی بەکارهێنانیان لە بابەتەکاندا، وەک ئەو کەسە بەکارم نەهێناوە کە لەوەوە وەرم گرتووە، بۆیە ناویم فەرامۆش کردووە. هەڵبەت بۆ ئەوەیش لەگەڵ خۆمدا زۆر کەوتمە گفتوگۆوە، تۆ بڵێی ناوهێنانیان باشتر نەبووبێ؟
لەمێژە کتێب لەسەر کتێب و خوێندنەوە دەنووسرێ و ساڵانێکە لە کوردستانیش باوە. ئامانجی هەموویان، بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و ئاشکردنەوەی کتێبە و پیرۆزن، بەڵام هەندێکیان هەر لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا، دەبوو وات لێ بکات چێژی خوێندنەوەت بۆ دروست ببێت، بێزار دەبیت و خۆیشیت پێ تەواو ناکرێ. لە ترسی ئەوەی کتێبەکەم شتێکی وا نەبێ، پڕم کردووە لە ناونیشانی جۆراوجۆر و هەریەکەیشیان لە ڕوانگەیەکەوە هانی خوێندنەوەت دەدات. بەو هیوایەم پێکابێتم.