پاڵکەوتووە؛ سەری بەسەر سینگی ئەو ژنەوە ناوە کە پێی وایە ئەگەر قەدەر باشی لەگەڵ بھینایە، دەبوو ئەمە ژنی بێت. ئەو دەست بەسەر قژی ئەمدا دەھێنێ و ھیچ ناڵێت؛ دەیەوێت چێژ لە ساتەکانی دوای ئەم جووتبوونە ببینێت کە ساڵانێکە لە مێردەکەیەوە دەستی نەکەوتووە. بۆ مێردەکەی، تەنیا خۆبەتاڵکردنەوەیە، ھەرگیز بە خەیاڵیدا نایەت، داخۆ ژنەکەشی گەیشتووە بە چێژ و ڕەحەتبوون یان نا. ئەم ساتەی ئێستە تێیدایە، زێڕینە، جار جار جگەرەی دەستی خۆشەویستەکەی وەردەگرێت و خۆیشی قومێکی لێ دەدات.
قومەکانی ژنەکە، تەواوکەری ڕەحەتبوونەکەیەتی. قومەکانی پیاوەکە، تەواوکەری ناڕەحەتییەکەیەتی.
لەسەر خۆشترین باوەشدا پاڵکەوتووە و نەفرەت لە ڕۆژگار دەکات، درەنگ بەدەمییەوە پێکەنی. نەفرەت لە حیزبەکەی دەکات، ئاخر زۆر کەسی دیکە پێش وی خران، نەفرەت لە حکوومەت دەکات، نەفرەت لە ژنەکەی دەکات…
ئەو لە سەرەوە، سەری شۆڕ کردووەتەوە و یاری بە گوێ و دەموچاوی ئەم دەکات و جار جار ھەردوو مەمکە شۆڕبووەکەشی لە تەوێڵی دەدات، وا دەردەکەوت زۆر گوێ بەم قسانە نادات، چونکە کەوتووەتە ژێر چێژەوە؛ کەچی کاتێک ناوی ژنەکەی ھێنا، لێی پرسی: ئەگەر من ژنت بوومایە، ژیانت خۆشتر نەدەبوو؟
– چووزانم، لەوانەیە دواجار، دوای منداڵبوون و ئەرکی ماڵ، بووبوویتایە بە ژنێکی ڕێک وەک ئەو.
ئەم وەڵامە بێزارکەرە، زۆر جیاواز بوو لەو کاتەی بەسەرییەوە بووە و لە لووتکەی چێژدا بووە. توند دەیکێشا بە سمتیدا و دەیگوت: بۆ ئاوا جوان و سێکسیت، سەرگوڵ بەساقەت بێت، ڕۆژێک خۆشیم لێی نەدی. ھەموو جارێ ئەم قسانە دەکات و دەیەوێت باسی ئەوە بکات چۆن ھێناوێتی، بەڵام ڕەحەت دەبێت و لەگەڵیدا دەمیشی وەک بڵێی ئامێرێکە بە چووکییەوە بەستراوە، لە کار دەوەستێت و دۆستەکەی ھەر نەیزانی ئەم ژنەی چۆن ھێناوە.
– ئێ خۆ منیش مێردم ھەیە و منداڵیشم ھەیە، ئەی بۆ ھێشتا تەڕ و جوانم، ئەوەتا شێتم بوویت؟
– چووزانم بۆ مێردەکەت چۆنیت. کێ ناڵێ شوققەکەی تەنیشتمان ھیی ئەو نییە و وەک من خەریکی ژنی پیاوێکی تر نییە کە ئەویش لەدەست تۆ ڕای کردبێت!
– (بە توڕەیییەوە) با بچین بزانین، لەوانەیە ژنەکەی تۆی لا بێت!
وەک جاری پێشوو، ھەر ئەوەندەیان خۆش بوو کە بەسەر یەکەوە بوون. دیسان دەمەقاڵێی دوای جووتبوون، لێی تێک دان و بەپەلە ھەستان خۆیان گۆڕی. بەبێ ماڵئاوایی ڕۆیشت. ھەریەکەیان بە ئۆتۆمبێلی خۆی و بە جیا چووبوون، تا زۆر ئاشکرا نەبن. ئەم ناچارە پاکی بکاتەوە. قوتووە بیرە و زەرفی چپس و ھەرچییەکیان لەو ناوە فڕێ داوە، کۆی بکاتەوە. لەوانەش گرینگتر، کۆندۆمە تۆواوییەکەیە.
لەگەڵ ئیبراھیمی شەریکی کۆمپانیا، پێکەوە شوققەکەیان کڕیوە. حەفتەیەک لای ئەمە، حەفتەکەی دیکە لای ئەوی ترە. دانەیەکی ئاواشیان بە ھەمان سیستەم لە ئیستانبووڵ ھەیە. بەڵام لەوێ کەمتر بۆی دەچن و مەرجیش نییە ئاوا سەرەکە ڕێک بێت. ھەر یەکەیان بەپێی دەرفەتی خۆی دەڕوات.
دەستی بۆ پاکەتە مارلیبۆرۆکەی درێژ کرد؛ نامەیەکی بۆ ھات. مۆبایلەکەی لە تەنیشت پاکەت، کلیلی وەنەوشە و چەرخەکەیەوە بوو. ویستی بایەخی پێ نەدا.
دیسان بە توڕەیییەوە ملی شکاند، ئینجا ھێشتا نەگەیشتووەتەوە ماڵەوە، داوای لێبوردن دەکات. بەدەم خۆیەوە وای گوت.
ئەو نەبوو، ژنەکەیەتی، ئەم پەیامەی بۆ ناردووە: ئەمڕۆ پێنجشەممیە ویستم بیرت بھێنمەوە، پێنجشەممەی پێشووش جوولەکەمان نەکوشت. لەگەڵ ئیمۆجییەکی ماچدا.
تشرینی دووەمی ٢٠٢٠