چاوی پڕ بووە لە فرمێسک. ترپەکانی دڵی، خەریکە سنگی شەق دەکەن. ھەناسەبڕکێ زمانی لێ بڕیوە و ئارەق بە گیانیدا دێتە خوار، زیاتر لەو خوێنەی لە دامێنی دەچۆڕێ و نازانێ تەلەفۆن بۆ کێ بکات.
لە کاتی تەنگانەدا، ناوی دۆستەکانیشت بیر دەچێتەوە. گومانت بۆ دروست دەبێ، بەڕاست کێ ئەوەندە نزیکە، لەم نەھامەتییە فریات بکەوێ. ئیتر لەو کاتەدا، ھێندەی تر کۆسپەکەت لێ دەبێتە کۆست.
ھەرچۆنێک بێت، دوای ئەوەی کەمێک بە قووڵی ھەناسەی ھەڵکێشا، وەک کەسێک ترازابێتە بیرێکەوە، یەکەم ھەنگاو پێش ئەوەی بە تەواوی بکەوێتە خوارەوە، دەست بۆ چواردەوری ڕادەکێشێ، بەڵکوو لە چڵەدارێک، شتێک، بگیرێ، تا ھیچ نەبێ لە نیوەشیدا بێت، بگیرسێتەوە، ئینجا ھەوڵی گەڕانەوە بۆ سەرەوە بدات، ئاوا دەستی دایە مۆبایلەکەی و دوای خواردنەوەی پەرداخێک ئاو کە لەبەر لەرزینی دەستی، نیوەی بە کۆشیدا ڕشت، ناوی چەند دۆستێکی بە مێشکدا ھات، تا دۆخە دژوارەکەی خۆی باس بکات و لێیان بپرسێ: بەپەلە بگاتە لای کام پزیشکە؟
تەلەفۆنی بۆ یەکێکیان کرد، گوتی: باوەڕ بکە کەس شک نابەم، دەبێ ببووری!
ئەو گومانەی لە دڵیدا بوو: “کەس بەڕاستیی دۆستی کەس نییە، مرۆڤ دەبێ تەنیا خۆی فریای خۆی بکەوێ.” ھێندەی تر قووڵ بووەوە، ئاخر چاوەڕێی دەکرد، ھیچ نەبێ بڵێ ئێستە دەگەمە لات، سا بەڵکوو پێکەوە کەسێکمان بۆ بدۆزرێتەوە. وەک بڵێی ھەرگیز نانی دەستی ئەمی نەخواردبێ و لە ڕۆژانێکدا، گیانی بەم نەبووبێ، ئاوا سارد و سڕ وەڵامی دایەوە.
وێڕای تۆخبوونەوەی بێئومێدییەکەی، تەلەفۆنی بۆ ھاوڕێیەکی دیکەی کرد کە پێش ماوەیەک قەرزی لەم وەرگرتووە، بەڵام پێوەندییەکەی بێ وەڵام بوو. بەدەم خۆیەوە گوتی: لەوانەیە لەوە بترسێ، داوای قەرزەکەمی لا بکەم، لەم ڕۆژەدا کێ قەرز بە کێ دەداتەوە، بە تایبەتی ئەو کە ناسراوە بەوەی قەرزکوێرە. کاتی خۆیشی کە دامێ، دەمزانی نایداتەوە، بەڵام گوتم قەینا، بۆ ڕۆژانێکی سەخت فریامان دەکەوێ. وا دیارە ئەوە ڕۆژە سەختەکەش ھات و ئەو ھیچی لەدەست نابێتەوە.
بە مێشکیدا ھات، پێوەندی بەو دوورە دۆستەوە بکات، پێش ماوەیەک داوای لێ کردبوو ھەندێ ئینجانەی بۆ بھێنێ. ئەگەرچی ئیشەکەی بە نیوەناچڵی بەجێ ھێشتووە، لەبەر ئەوەی ھێشتا پارەی وەرنەگرتووە، تا ڕادەیەک دڵنیا بوو وەڵامی دەداتەوە.
کاتێک خەڵکی پارەیان لای یەکێک بێت، لە سەرەمەرگیشدا بێت، زوو زوو دەگەنە لای. بۆ دڵھاتنەوە نییە، بۆ ئەوەیە بە مردنی ئەوان، خۆیان پارەکانیان لەدەست نەچێ.
دوورەدۆستی ئینجانەفرۆش، وەڵامی دایەوە. دۆخی خۆی بۆ گێڕایەوە و داوای لێ کرد ناونیشانی پزیشکێکی پێ بڵێ. ئەو گوتی: باشە چۆن نازانی؟ ناوی یەکێکی پێ گوت کە دەمێکە دەیناسێ و زۆر جاریش بۆ بابەتی خانووەکەی یان ناوبژی و قسەی خێر لەنێوان کوڕەکانیدا، پشتی پێ بەستووە. ڕاستە وەک پێویستیش نەبووە لەگەڵی، بەڵام خۆ لە ھیچ باشترە. ئیتر مرۆڤ لەکاتی شڵەژاندا، ھۆشی لای خۆی نابێ. ناھەقیشی نییە، ئاخر پێشتر چەند جارێک پشتی پێ بەستبوو، بەڵام لە ھەموویاندا نا ئومێدی کردبوو.
زەنگینەکان ھەر وان، بۆ ئەوەی چینایەتی کۆتایی نەیەت و ئەوان ھەردەم لەسەرەوە بن و چینی بێنەوا ھەر پێویستییان پێیان بێت، تا ئەو کاتە لەگەڵت دەبن کە داواکانت، تیکە نانێک و بژێوییەکی کولەمەرگییە، کاتێک دەتەوێ تۆیش ھەڵبکشێی و ژیانێکی سەقامگیرت ھەبێ، لێت تێک دەدەن.
سەیرێکی کوڕە گەورەکەی کرد، تووڕەییی مێشکی پڕ کردووە و لە سووچێکی ژوورەکەی دانیشتووە و نازانێ چی بکات!
جار جار ھەڵدەستێ و بە ژوورەکەدا دێت و دەچێ و وەک شێری برینداری لێ ھاتووە کە خرابێتە قەفەسێکەوە. لە داخی ئەوەی سەفینی برای بەسەر دایکیدا ھێناوە، حەز دەکات ھەستێت و بیکوژێ، بەڵام لەبەر ئەو بەڵێنەی پێش چەند ساڵێک دابوویان کە چیتر لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت شەڕ نەکەن، ھەر وا خۆی دەخواتەوە و زوو زوو ھاوار دەکات، تکایە دایە ڕێگە بدە با تۆڵەی تۆی لێ بکەمەوە. پێی دەڵێ: ڕۆڵە، بیرت دێ نەفرینم کردووە، ھەر کوڕێکم بە ناوی منەوە یان لە پێناو ھەر ھۆکارێکی خۆی، شەڕ لەگەڵ ئەوی دیکە بکات، ئیتر من لە کوڕێتیی خۆم دەیسڕمەوە!
ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و ئەو گریانەی لە ناخیدا بوو، تنۆک تنۆک ھاتنە دەر و گوتی: بەڵام من دایکم دایک.
ئینجا پێی گوت، تۆ لە ماڵەوە بە، من دەچم بۆ لای دکتۆر، بزانم چیم بەسەر ھاتووە و ئومێدێکم ماوە! بەڵام پیران ڕازی نەبوو، گوتی دێم لەگەڵتدا. گوتی باشە با یەکێکیش لەگەڵ خۆمان ببەین. لە دۆخێکی وەک ئێستەی من، پێویستیم بە ژنێکی تر دەبێ لەگەڵم بێت، ئەویش دایک بێت و ئەم دۆخانەی بینیبێ. دوای ساتێک سڕبوون و داڵغەلێدان، گوتی قەینا ھەر تۆم بەسە، کەسم ناوێ!
نەیویست بە تەنیا بۆ لای پزیشک بڕوات، بەڵام وا ناکات چی دەکا؟ دراوسێکانی نەوەک مەردی ڕۆژی تەنگانە نین، بە بینینی قەڵس دەبن و چارەیان ناوێ. ھەیەتی و نییەتی، دراوسێی پشتەوەی، جار جار سەوزە و میوەی بۆ دەنێرێ و بەشە شەکر و برنجی مانگەکەی فریا دەخات. خۆ ئەویش لە خێری خۆی نایکات، لە حەوشەکەیان، دارگوێزێکی لێیە، ئەم پێی ناکرێ و خوڵقی نییە لێی بکاتەوە و بیفرۆشێ، ئەو بۆی دەفرۆشێ و بەشی خۆی لێ دەبا و لە بەرانبەردا، بەشی مەمرەوبژیی ئەم دەنێرێ، لە کاتێکدا خۆی زۆر زیاتر دەکات. خۆ ھیچ نەبێ ئاوا بەدەست خۆمەوە بێت باشترە لەوەی ساحێب خانووەکە بیفرۆشێ و بە خێر ھەندێکم بداتێ.
داگیرکەر نەوەک ساحێب خانوو. کاتی خۆی کە زەوییەکانی ئەم گەڕەکە بە یاسایی دابەش کران، ئەو دوو بێویژدانەی دائیرەی تاپۆ، بەشە زەویی ئەمانیشیان بەسەر دراوسێکانیدا دابەش کرد، ئامانجیان ئەوە بوو، خەڵکی ئەم گەڕەکە وەک گەڕەکەکەی خۆیان نەژین، ھەردەم لەسەر مشتومڕی بەشە زەوییەکانیان لە ناکۆکیدا بن و داوا لەوان بکەن ناوبژی لە نیوانیاندا بکەن، ئەوانیش ھەر جارە بە شێوەیەک ناوبژییەکە بکەن، گرینگ ئەوەیە چۆن بتوانن بەردەوامی بە شەڕەکە بدەن بۆ ئەوەی چاوەڕێی دەستی ئەوان بن.
ئەم دکتۆرەش کە ئێستە دەچێتە لای، کاتی دابەشکردنەکە منداڵێک بوو لە گەڕەکەکانی تازە دروست دەکران، بەڵام بەشێکە لە بەردەوامیدان بەو کێشەیە و پیشەی پزیشکییەکەی کردووە بە ھەلقۆستنەوە.
ئەگینا ئێستە ئەو لەوان زەنگینتر و دەستڕۆیشتووترە و ماڵی ئەمانیش ھەردەم ھەوڵیان داوە بەرژەوەندیی دکتۆر پێش بەرژەوەندیی ئەوانەی تاپۆ بکەوێ، بەڵام ئەو گوێ بەوە نادا، دەزانێ خۆشیان بێ و تاڵییان بێ، ڕێگەی تریان نییە، ھەر دەبێ بۆ لای ئەو بگەڕێنەوە.
کوڕە گەورەکەی گوتی: دایە با جارێ تەلەفۆن بۆ دکتۆر بکەین، ھیچ نەبێ سەرەیەکمان بۆ بنووسێ! تەلەفۆنیان کرد، وەڵامی نەبوو، دوای کەمێک سکرتێرەکەی تەلەفۆنی بۆ کردنەوە، گوتی: جارێ کاتی نییە و زۆر سەرقاڵە. ڕاستییەکەشی ڕەنگە مەبەستی لەوە بووبێ، ھەر نەیانبینێ. ئینجا ڕووی لە دایکی کرد: خۆ ھەر ئەم دکتۆرە نییە، با بچین بۆ لای دانەیەکی تر. لەم کاتەدا تۆ خوێن لە گیانت دەچۆڕێ و منداڵەکانیش لە ماڵەوە برسیانە، خۆ دەبێ شتێک یەکلا بکەینەوە. کە بیری برسێتیی منداڵە بچووکەکانی ھاتەوە، لە عەزرەتا گوتی: بۆ لای ھەر کەس بێت با بڕۆین.
گەیشتنە لای پزیشکێکی تر، ئەگەرچی بواری ئەویش نەبوو، بەڵام لە ڕکی دکتۆرەکەی تر، ھەندێک دەرمانی پێ دا و گوتی: بۆ ئەوەی منداڵەکانت لەم کاتەدا برسێتی نەیانکوژێ، چی لە باخە بچووکەکەی ماڵەکەتدا ھەیە، لێت دەکڕم و پارەی باشیشی پێ دەدەم. کێبەرکێی ئەم دوو دکتۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زانکۆیان. ھەر لەو کاتەوە خەریکی چاڵ ھەڵکەندنن بۆ یەکتری و دوای ئەوەی ھەریەکەیان بوارێکی بۆ خۆی ھەڵبژارد، ھەوڵیان دا، ھەرچی نەخۆشە، بە تەیابەتی نەخۆشەکانی ئەم گەڕەکە، بۆ خۆیان ڕابکێشن. ئەوانیش وردە وردە خەریکە دەچنە لای ئەم. ھیچ نەبێ باش شارەزای فێڵەکانی نەبوون و وەک پزیشەکەی تر بێویژدان نییە، یان با بڵێین بێویژدانییەکەی بە شێوەیەک نییە ئاوا بیانتەزێنێ! ئیتر سەردەمەکەش وای لێ ھاتووە، دوو نامرۆڤانەترین مرۆڤ بوونەتە پزیشک و بە ناوی چارەسەرییەوە، کەوتوونەتە گیانی خەڵکی ئەو گەڕەکانە و جگە لە بەرژەوەندیی خۆیان، ھیچی دیکەیان مەبەست نییە.
یەک دوو ڕۆژی پێ چوو، تەنی باش نەبوو، منداڵەکانیشی داوا و بیانوویان نابڕێ و ناھەقیشیان نییە. زوو زوو، ڕوو لە کاکیان دەکەن و دەڵێن: ئەوەی ڕوو دەدات، بەھۆی تۆوە بوو. ئەویش دەڵێ، ڕاست دەکەن، بەڵام دەبێ بیریشتان بێ، سەفین نەبوایە، ئەوەی من بۆم دانابوون، ژیانی دەگۆڕین. ئەی بۆ باسی ئەو ناکەن و ڕووی گلەییتان نابەن بۆ لای ئەو؟ ئەمە چەندەم جارە ئاوامان لێ بەسەر دێنێ! من لەبەر دایکم ناوێرم ھیچ بڵێم، خۆ ئێوە دەبوو دەنگتان لێوە بێت. پێم سەیرە شتێکتان پێ نەگوت!
دوای ڕۆژی سێیەم، سکرتێری دکتۆرەکەی چاوەڕێی بوون، تەلەفۆنی کاکیان کرد، گوتی: دکتۆر ناتوانێ بتانبینێ، بەڵام خۆم دێم بۆ ماڵتان، بزانم چیمان پێ دەکرێ. دکتۆر باش دەزانێ، ھەر بۆ ئەوە نییە، باری تەندروستییەکەی دایکی بۆ سەقامگیر بکات، دەیەوێ تێشی بگەیەنێ، بۆچی ئاوای بەسەر ھات، ئەوە فیتی کێ بوو سەفینی ھان دا ئاوا لە دایکی بکات!
٢٠١٧