گوێم لە چرپە نییە، خۆمان وا بێدەنگ کردووە، وەک بڵێی ناو ئەم ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرە مرۆڤی تێدا نییە؛ ھەر کارتۆنی سابوونی حەلەبە، بەرەو ئەورووپا دەبرێت. دەنگی ھەناسە خەریکە کاسم دەکات. ھەریەکەمان بە کارتۆنێک دەورەدراوین. دەنگدانەوەی ھەناسە لەناو کارتۆندا، بەجارێ ٣٧ کەس بن و لە چوارچێوەیەکی مەتر و نیو بە سێ مەتر، ھێندە تۆقێنەرە، حەز دەکەی بە ھەردوو دەستت گوێیەکانت بگریت.
ئەگەر پێشتر دەستت لای سەرت نەبووبێت، ئێستە تازە نابێ بیجووڵێنی. ھەموو جووڵەیەک، ئەگەری ھەیە تەقەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەدا دروست بکات. پێویستە بۆ ماوەی زیاتر لە دەمژمێرێک ئارام بگرین، تا لە سەرە و پشکنینی ئەم بازگەیە نەجاتمان دەبێت، ئیدی دوای ئەوە دەتوانین نیوە ھەناسەکانمان بکەینەوە بە ھەناسەی قووڵ و ئیسراحەت، کەمێکیش جووڵە یان قسە بکەین، تا دەگەینە بازگەی داھاتوو.
کەمێک تورکی دەزانم، گوێم لێیە جەندرمەکە بە شۆفێر دەڵێ: ئەو بۆنە چییە، ئەوە بۆنی سابوون نییە؟
شۆفێر ھەوڵ دەدات بە پارە بێت یان ھەرشتێک ڕازی بکات تا بارھەڵگرەکە نەپشکنێت. وا دیارە گوێی نایبیستێ و لووتی پڕ بووە.
مەیدڕە تکایە. (شۆفێرەکە بە ھاوارەوە)
بە قەمەکەی چادری دڕی. ھەتاو ناوەوەی ڕووناک کردەوە. یەکێک لە سەرنشینەکان کە کچۆڵەیەکی ھەشت نۆ ساڵان بوو، لەگەڵ دایک و باوکی ھاتبوو، قیژەی لێ بەرز بووەوە. لە ماوەی چەند خوولەکێکدا وەک مێروو، پازدە بیستێکیان گەیشتنە سەرمان و ھەموو چادرەکەیان دڕی و ڕووت بووینەوە.
ئەو جەندرمەیە، بۆنی پیسایی منداڵێکی دەکرد، دایکی لە تەواوی ئەو ماوەیەی لە بازگەکە وەستاوین، دەستی بە دەمییەوە گرتبوو تا دەنگی گریانی نەچێتە دەرەوە. نەیزانی بۆنی گووەکەی لووتی جەندرمەی داگیر کردووە.
بۆ ساتێک، تەنیا خەیاڵم لای ئەو کچەی کارتۆنەکەی دراوسێمە. پێش ئەوەی سوار بین، چرپاندی بە گوێمدا: ئێستە عادە بووم، سانتیم پێ نییە. منیش پێم نەبوو. کاتێک ھەستایە سەر پێ، گیانی ھەمووی خوێن بوو. سەیریم دەکرد، وێڕای ئەو ترسەی ھەموومانی داگرتووە کە نازانین چیمان لێ دەکەن، ئەو شەرمێکی گەورەتر دایگرتووە و بیری ترسی نەماوە.
کاتێک قاچاخچییەکە گوتی: “تەنیا یەک جانتای بچووکتان پێ بێت”، زۆربەی شتەکانی پێم وا بوو گرینگ نین، فڕێم دا… بریا سانتییەکەم فڕێ نەدایە.
بیری یەکەم عادەیی خۆم دێتەوە. ھێشتا منداڵ بووم، لە قوتابخانەوە بە ڕاکردن لەگەڵ ھاوڕێکانم دەھاتینەوە ماڵەوە، وەک پیشەی ھەموو ڕۆژێکمان و ھەر جارە یەکێکمان لەم ئۆڵۆمپیادە ڕۆژانەیە یەکەم دەبووین، ھەموو گیانم لە خوار کەمەرمەوە تا قاچم بوو بە خوێن. بە گریانەوە چوومەوە ماڵەوە، دایە نازانم چیم لێ دێ، دەمرم.
من دەگریم و دایکم پێ دەکەنێ.
بردمییە گەرماوەکە و گوتی خۆت بشۆ، ئێستە خاولی و جلی خاوێنت بۆ دەھێنم. لەبەر دوشی گەرماوەکە سەیر دەکەم، گیانم ھەمووی سەلامەتە، تەنیا لە دامێنم خوێن دەچۆڕێ. یەکسەر زانیم ئەمە ئەو گەورەبوونەیە کە ھاوڕێکانم باسی دەکەن و ماوەیەکە یەک یەک بە سەرە پێی دەگەن و گاڵتە بە من دەکەن، بۆچی تا ئێستە وام لێ نەھاتووە. پێی دەڵێن سووڕی مانگانە. بەڵام نازانم بۆ وای پێ دەڵێن، داخۆ ھەموو مانگێک ئەمە ڕوو دەدات؟ ئەدی چەند ڕۆژی پێ دەچێت؟ واتە ئێستە دەتوانم شوو بکەم؟ ڕۆژێکیان گوێم لە دوو کچ دەگرت کە لە خۆم گەورەتر بوون، وایان دەگوت.
لەو بازگەیەدا، لە پیاوان جیایان کردینەوە و بردیانینە ژوورێکەوە.
جەندرمەیەکی ئافرەت، کاتێک ئەو کچەی بینی، چووە دەر و ژنێکی لەگەڵ خۆی ھێنا. ژنەکە خاولی و ھەندێک جلی پێ بوو. لەگەڵ خۆی بردی. ڕێک ئەو دیمەنەی دایکم بیر ھاتەوە، کاتێک خاولی و جلە خاوێنەکانی دامێ، ھەر لە گەرماوەکە پێی گوتم، ئیتر گەورە بووم، پێویستە زۆر ڕاکەڕاک نەکەم، سواری پاسکیلی براکەم نەبم، دەبێت عەجوول نەبم، بە ناز و شەرمەوە قسە بکەم، ئیتر لەگەڵ کوڕانی گەڕەک یاری نەکەم و کاتێک میوانمان دێت، بەبێ ئەوەی پێم بڵێت، ئاویان بۆ بگێڕم و خزمەتیان بکەم، تا بزانن ھەست بە بەرپرسیارییەتیی ماڵ دەکەم. زانیم ئەو گوتانە، پڕۆڤەی دەرچوونە لە ماڵی باوکم و ھەوڵی دۆزینەوەی مێردە.
زۆر دڵم بەو جەندرمە ژنە خۆش بوو، لە دڵی خۆمدا گوتم، ئەدی بۆ دەڵێن ھەموویان دڕندەن؟ دڵخۆشییەکەم تەواو نەبوو، دەستیان کرد بە سووکایەتی. دوو ژنی پیرمان لەگەڵ بوو، عەرەبییشیان نەدەزانی، ھاواریان بەسەریاندا دەکردن: بە کوردی قسە مەکەن.
سەرەی من ھات. ناوت چییە؟
ویستم یەکسەر وەڵام بدەمەوە، وەک ئەو یەکەم ڕۆژەی چوومە قوتابخانە و بە تامەزرۆیییەوە بە مامۆستام گوت. بیرم ھاتەوە، پێویستە پێیان نەڵێم ناوم چییە. من ناوەکەشم دەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە.
دووپاتی کردەوە، ناوت چییە، تۆ کێی؟
چاوم پڕ بوو لە ئاو، ھەمان دیمەنی “جگەرخوێن” ھاتەوە بەر چاوم، کاتێک کارمەندی ناسنامە پێی دەڵێ تۆ کێی، یەکسەر بە حەسرەتەوە وەڵامی دەداتەوە و “شڤان پەروەر” کردوویەتی بە گۆرانی: “گەلی سەرفراز، دۆست و ئاشتیخواز، ئەم خۆش مرۆڤین، نە ھیرچ و ھۆڤین، لێ چی بکەین بێ شەڕ، دژمن ناچی دەر…”
ئەوەی ئێستە لەسەرمە بیکەم، نەیەڵم بەھۆی ناوەکەمەوە، ئەو جەندرمەیە گاڵتە بە ناسنامەم بکات. ئێستە تانک و زرێپۆشەکانی ئەوان لەو شوێنەی ناوەکەیم ھەڵگرتووە، خەریکی کوشتنی چڵە زەیتوونەکانین.
نەخێر، پێویستە ھیچی پێ نەڵێم.
خۆم وا پیشان دا کە لاڵم. ڕووی لەوانەی دوامەوە کرد و ھاوارەکانی بەسەر من دەیکات، ھێندەی تر تۆقاندوونی: کەستان ئەمە ناناسن؟
کەسیان نامناسن.
دوو کچی ھاوڕێم کە ئەوانیش دەیانویست چەند ڕۆژێکی دیکە ھەڵێن، دەچووم ماڵئاواییان لێ بکەم. تا ھاتمەوە، گەڕەکەکەمان مووشەکباران کرا. بەسەر خوێنی ھەڵڕژاو و پارچەی لاشەی دایک و باوکمدا ھاتمەوە. دەنگی قیژەی خۆم و گەڕەکم بیر نایەتەوە. نازانم ئەوە چ ئازایەتییەک بوو کەوتە گیانمەوە، بەتەنیا دەستم بە ڕاکێشانی ھەردووکیان کرد، تا لە شوێنێک بیاننێژم، پێش ئەوەی دوو سێ کەسی دیکە پەیدا ببن و یارمەتیم بدەن!
ڕەنگە ئەمە ئەو ئازایەتییە بێت کە لە دەماری ھەموو کوردێکدا ھەیە، تەنیا لە کاتی ئاوادا ھەست دەکەین ھەیە. ئەو خاولییەی دایکم بۆ یەکەم ڕۆژی عادەییم بۆی ھێنام، لەژێر خۆڵدا دۆزیمەوە، تەکاندم و دامێنیم پێ شاردەوە، پێش ئەوەی بیاننێژین و بۆ تاھەتایە ماڵئاوایییان لێ بکەم.
ئێستە تەنیا برا گەورەکەم و خاڵێکم ماون.
خاڵم لە ھەولێر دەژی. خۆی زەنگین بوو، لەوێ دوکانی لەفەی داناوە. برا گەورەکەم لە ئەڵمانیایە. دوای دوو ھەفتە لە کارەساتەکە، توانیم پێوەندی پێوە بکەم. ئەو ھەموو ڕێگەکانی دەربازبوونمی ئامادە کرد و پارەی قاچاخچیشی داوە.
جەندرمەکە بە نائومێدی پاڵی پێوە نام، جارێ بچمە دواوە، تا جارێ ئەوانی دیکە بەڕێ بکات. کچەکەی عادە بووبوو، جلێکی دیکەیان پێ دابوو، لە دواوی دواوەی ڕیزەکە وەستابوو. چرپاندی بە گوێمدا: بۆ ناوت پێ نەگوتن، ناوت چییە؟
-عەفرین.
ئاداری ٢٠٢١