چۆن دەنووسن؟

پێم وایە هەر نووسەرێک ئەم كتێبە بخوێنێتەوە، چێژی لێ دەبینێت، چونكە بەراورد لەنێوان خۆی و ئەزموونی ئەو نووسەرە مەزنانە دەكات كە لە ناویدا باس كراون، چۆن دەستیان بە نووسین كردووە، نەریتەكانیان چی بووە و زۆر لایەنی تر. هەروەها بۆ خوێنەرانیش بەچێژە، چونكە حەز دەكەن بزانن چۆن نووسەران گەیشتوون بەو ئاستەی ئێستەیان.
جگە لەوە، كتێبەكە پڕییەتی لە ڕێنوێنیی نووسەرە مەزنەكان لەسەر شێوازی نووسین و بەهێزكردنی ئەو توانایە. هەر بۆیە جیا لە چێژەكەی، سوودێكی گرینگیشی هەیە. من ئەم كتێبە بە درێژەی پرۆسەیەک دادەنێم بۆ هەر كەسێک كە دەیەوێت دەست بە نووسین بكات. سەرەتا كتێبی “دەخوێنمەوە كەواتە هەم” بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئاشنای ئەو جیهانە بێت و بشزانێت لە چ جۆرە كتێبێكەوە دەست پێ بكات، پاشان كتێبی “ڕاستنووسی” بخوێنێتەوە و ناوەرۆكەكەی وەک ناوی خۆی لەبەر بكات. دوای ئەوە ئەم كتێبە بخوێنێتەوە، ئیدی پێم وایە ئەركێكی گەورەم لەسەری ئاسان كردووە و خستوومەتە سەر ڕێچكەكە. ئیدی نووسەریش هەر ئەوەندەی زەحمەتە بچێتە سەر ڕێچكە، پاشان خۆی توولەڕێی خۆی دەدۆزێتەوە.

error: Content is protected !!