ئەوان چاوەڕێی کازیوەن

پێشەکیی وەرگێڕ

هەر لە ڕێی واتساپەوە نامەی بۆ ناردم؛ باسی ناوەڕۆکی نوێترین ڕۆمانی خۆی کرد کە دووەم درێژترین بەرهەمییەتی لەپاش “کۆبانی” و گوتی: پێم خۆشە پاش بڵاوبوونەوەی بە زمانی عەرەبی، زۆر نەبات بە کوردیی سۆرانییش بڵاو ببێتەوە. پیرۆزباییم لێ کرد و گوتم: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەم. ژان دۆست، ڕۆماننووسی ناوداری کورد، لە نامەکانی پاشتردا بۆمی ڕوون کردەوە، ئەم باسەی بۆیە لەگەڵمدا کردووەتەوە، تا ئەگەر کاتم هەبێت، پێی خۆشە من ڕۆمانەکە وەربگێڕم. ڕاستییەکەی، سەرقاڵیی کار و پرۆژەی کتێبی نوێی خۆشم کە لەناو کاردا بووم تێیدا، وایان کرد پێی بڵێم: ببوورە سەیدا، ناتوانم. لە بەرانبەردا، لەپای ئەو هەموو خۆشەویستییەم بۆ پاشای ڕۆمان، پێم وا بوو، ئەوە خەڵاتێکی مەزنە پێشکەشم دەکات، کاتێک دەیەوێت لە کتێبێکدا ناوی من لەژێر ناوی خۆیدا بنووسرێت، بۆیە نەمتوانی ئەو وەڵامە لۆجیکییەی بدەمەوە، بەڵکوو گوتم: بەسەر چاو، ئەمە شانازییەکی مەزنە پێم دەبەخشیت.

“ئەوان چاوەڕێی کازیوەن” ڕۆمانێکی پڕ لە ڕووداوە کە بەشێکی زۆری ڕووداوەکان پشتیان بە ڕاستی بەستووە و لە ڕێی خەیاڵەوە ڕووداوی نزیک لە خۆیان داهێنراوە تا لە بەرهەمێکی ئەدەبیی ناوازەدا بەیەکەوە گرێ بدرێن.

بەگشتی، ڕۆمانەکانی ژان دۆست، بریتین لە باخێکی تژی میوەی جۆراوجۆر. لە ئاسمانەوە سەیریان بکەین، دەڵێی دارستانێکی چڕن، یەکیەتی و هاوبەش لە نێوانیاندا هەست پێ دەکرێت. بەپێچەوانەشەوە، لە ژێر زەوییەوە تەماشای بکەین، دەبینین، ڕەگی هەموو دارەکان دەچنەوە سەر یەک. کاتێک دێینەوە بۆ سەر زەی، دیارە کە قەدی هیچیان لەوی دیکەیان ناچێت. سەر بەرز بکەینەوە، گەڵاکانیش هەر یەکەیان جۆری جیاوازن و میوەکانیش هەر یەکە تامی تایبەتی خۆیان هەیە. ڕەگەکانیان بۆیە لەیەک دەچن، چونکە سەرچاوەی هەموویان سوودوەرگرتنە لە مێژوو. ئەدی بۆچی لە ئاسمانیشەوە هەست دەکەین هەمان سەوزییان هەیە؟ چونکە ئامانجی هەموو بەرهەمەکانی ئەم ڕۆماننووسە کوردە، گەیشتنە بە ترۆپکی مرۆڤبوون. ئەگەرچی قەدەری کوردبوون کردوویەتی بە ژاندۆست، بەڵام لە تەواوی بەرهەمەکانیدا، ژیاندۆستی و مرۆڤبوون ڕەنگ دەدەنەوە. مرۆڤ سەر بە هەر نەتەوەیەک بێت، هەڵگری هەر ئایینێک بێت، کام ڕەگەز بێت، لای وی یەکسانن. هەموو ئامانجەکەی، گەیشتنی مرۆڤە بۆ ئەو یەکسانییە.

ژان دۆست، لەوپەڕی بڕوابوونی بە مافی ڕەوای گەلەکەی کە دەبێت وەک گەلانی دیکە، خاوەنی ئاڵا و پاسپۆرت و ناسنامەی خۆی بێت، هەرگیز وای نەکردووە ببێتە نەتەوەپەرستێک، دژی نەتەوەکانی تر بجەنگێت یان ئەو نەتەوەیەی تەنیا لەبەر ئەوەی خۆی تێیدا لەدایک بووە، بە نەتەوەی هەڵبژێردراوی خوا بزانێت. تەنانەت ئەو نەتەوانەش کە کورد لەژێر سایەیاندا دەچەوسێتەوە، هەوڵ نادات بە زمانی دژەڕەفتار لەسەریان بنووسێت. ڕەنگە هۆکارێکی ئەوەی بە عەرەبی دەنووسێت و هەوڵ دەدات لەناو عەرەبدا بە باشترین شێوە بەرهەمەکانی بخوێندرێنەوە، بۆ ئەو ئامانجە بێت کە تێیان بگەیەنێت، دەکرێت ڕێیەکی دیکەی پێکەوەژیان تاقی بکەینەوە، بەبێ ئەوەی دژی یەک بین. جیران و هاوڕێ و دۆست بین، بەبێ ئەوەی ناسنامەی کەسمان لەوی دیکەدا بتوێتەوە؛ با هەر یەکەمان بە ناسنامەی خۆیەوە یەکدی بناسین.

ڕۆمانی “ئەوان چاوەڕێی کازیوەن” باس لە دۆخێک دەکات کە هەرگیز کورد و ئەوی تر بیریان لە ڕێگەیەکی ئاشتیی پێکەوەژیان نەکردووەتەوە، بەڵکوو ئەوی تر کە تورکیایە و ڕووداوەکان لە باکووری کوردستانن، تەنیا لە ڕێی دداننەنان بە ناسنامە و زمان و کولتوور، ویستوویانە بەزۆر لە خاکی ڕەسەنی خۆماندا، وەک ئەوەی خاکی ئەوان بێت، بە کولتوور و زمانی ئەوان بژین. تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن، دەربەدەرمان دەکەن بۆ ئەوەی زمان و کولتوورەکەمان لەبیر بچێتەوە. لە بەرانبەردا، خەباتێک لە دژیان دەکرێت کە هاوشێوەی ئەو شێوازە توند و ڕەق و سەختەیە، دەیەوێت بە هێزی شەڕ، مافەکان بۆ ئەم گەلە بگەڕێننەوە. ژان دۆست دەپرسێت، ئەدی چی دەبێت هەردوو لا واز لەم ڕێگە دژوارەیان بهێنن و ڕێگە ئاشتییەکە بەکار بهێنن، وەک چۆن زۆر میللەتی دیکەی دونیا، بە ئاشتییانە پێکەوە دەژین یان بە ئاشتی بڕیاری لێکجیابوونەوە دەدەن، بەبێ ئەوەی قەترەیەک خوێن بڕێژرێت! بۆچی مەرگدۆستی بۆ ژیاندۆستی نەگۆڕێن!

لە ڕۆمانەکەدا، گفتوگۆی نێوان ئەم دوو ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد، زاڵترین باس و کرۆکن. ڕەنگە خوێنەر بۆی ڕوون بێت کە نووسەر لەنێوان خەباتی چەکداری و خەباتی قەڵەم و ئاشتیانە و ژیاندۆستی، دووەمی هەڵبژاردووە، بەڵام بەوپەڕی دادپارێزی، هەموو ئەرگۆمێنت و بیانووەکانی ئەو بەرەیەشی لە ڕێی چەندان کارەکتەری جیاوازەوە هێناوەتەوە کە بۆچی کورد ناچار بووە ڕێی چەکداری بۆ گەیشتن بە مافەکانی هەڵبژێرێت.

ئامەد و نیشتمان، دوو پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکەن، بەڵام چیرۆکەکانی تەنیا لەواندا کۆ نەبوونەتەوە، چونکە ئەم ڕۆمانە، لەو جۆرە ڕۆمانانە نییە کە ژینگە و چیرۆک بۆ پاڵەوان دروست کرابێت، بەڵکوو چیرۆک و دۆخ، دەکەونە پێش پاڵەوانەکانەوە، ئەمەش وا دەکات، پڕ بێت لە پاڵەوانی تر کە بۆ شوێن و دۆخی دیکەی ناو ڕۆمانەکە پێویست بووە هەبن.

یاریکردن بە سەردەمەکان، خاڵێکی پرشنگداری ئەم بەرهەمەیە. شوێنەکان هەمان شوێنن، بەڵام لە سەردەمی جیاوازدا. تەنانەت ئامەد هێندە باش دەتوانێت بچێتە ناو سێ سەردەمەوە، ئاوات دەخوازێت، وەک چۆن دەتوانێت لە یەک کاتدا لە چەند سەردەمێکی جیاوازدا بژی، ئاوا بتوانێت لە یەک کاتدا لە چەند شوێنی جیاوازیشدا بژی. ئەوە لێهاتوویییەکی نەبڕاوەیە، بتوانیت خوێنەر لە سەردەم و ژینگەیەکەوە بۆ ئەوی تر بگوازیتەوە و لێی تێکەڵ نەبێت. وەگێڕ لە پاڵەوانێکەوە بۆ پاڵەوانێکی تر بگۆڕیت و هەر یەکەیان لە کاتی گێڕانەوەکەیدا هێندە بایەخی پێ بدرێت، وەک ئەوەی خۆی پاڵەوانی سەرەکی بێت.

پاش بڵاوبوونەوەی شەش کتێبم، ئەمە یەکەم جارە دێمە ناو ئەزموونی وەرگێڕانەوە. وەک هەر کارێکی تر کە جاری یەکەمت بێت، سەختیی خۆی هەیە. سەختییەکەی بۆ من، نەزانینی دابەشی لاپەڕە بوو بەسەر ڕۆژانی هەفتەوە کە هەموو وەرگێڕێک بەپێی پلانێکی ئاوا ئیشەکەی ڕێک دەخات، ئەگینا پێی تەواو ناکرێت. هەر لەبەر ئەمەیە، بە بەراورد بە وەرگێڕێکی بەئەزموون، ماوەیەکی زۆرم پێ چوو تا تەواوم کرد. وەک باسم کردبوو، فرەسەرقاڵییش لەولاوە بوەستێت.

لەم وەرگێڕانەدا، کۆمەڵێک ڕێسای ئاسان و سادەم بۆ خۆم کردبووە کۆنکرێتی، بۆ ئەوەی بیانگرمە بەر؛ زۆر گوێم بەو تیۆری و بابەتانە نەدا کە لەسەر هونەری وەرگێڕان باسی دەکەن. یەکەم ڕێسای بۆ خۆمم کردە مەرج، بریتییە لەوەی، بتوانم هەموو ئەوەی نووسەر گوتوویەتی، وەک خۆی وەری بگێڕم، هەر شتێکیش لە دەقەکەدا نەبوو، من زیادی نەکەم. ئەم کارە بەدەم خۆشە، بە تایبەتی بۆ یەکێک خۆی نووسەر بێت. ڕەنگە لە چەندان لاپەڕە و گفتوگۆ و شوێندا، خەیاڵم بۆ هەندێک زیادکردن ڕۆیشتبێت کە پێم وا بووە ئەگەر تێیدا بێت، جوانتر دەبێت، یان وای بۆ چووبم، پێویستە بە شێوەیەکی دیکە دابڕێژێرێت، بەڵام لە خۆمدا قووتم داون. ڕەنگە ئەمە کارە گرانەکەی هەر وەرگێڕێک بێت، چۆن وا بکات ئەمانەتی دەق بپارێزێت، لە هەمان کاتدا جێپەنجەی خۆشی دیار بێت. خۆ ئەوەش دەزانم، بەشێک لە وەرگێڕەکان، شێوازێکی دیکە بەکار دەهێنن. تەنانەت وەرگێڕان هەیە، حەقە لەسەر بەرگەکەی بنووسرێت: وەرگێڕان و ڕاڤەکردن.

زمان لەم کاری وەرگێڕانەدا، ئاڵۆز و گران نییە. هەموو توانایەکم خستووەتە گەڕ، وشەی ناکوردی و زمانی دیکە بەکار نەهێنم، بەڵام لەم هەوڵەمدا زێدەڕۆییم نەکردووە، وەک لە نووسینەکانی خۆشمدا هەمان خەسڵەت پێڕەو دەکەم. واتە نەگەڕاوم وشەی زۆر نامۆی نێو فەرهەنگان دەربهێنم، تەنیا بۆ ئەوەی زمانزانیی خۆم دەربخەم، بەڵکوو هەموو ئەو وشانەم داناون کە لە زاری خەڵکی ئێستە دەردەبڕدرێن و تێی دەگەن. لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەکارهێنانی هاومانای وشەیەک بە چەند شێوەزاری جیاواز، بەڵام ئەویش لە پەراوێزدا شێوە باوترەکەم داناوە. تەنانەت بۆ ئەوەی گەیشتنی مانا پێش هەموو شتێک بێت، ئەو وشانەی ناکوردین، بەڵام لای خوێنەر لە وشە کوردییەکان باوتر و ناسراوترن، سڵم نەکردووەتەوە و بەکارم هێناون.

لەم وەرگێڕانەدا، پەراوێزێکی زۆر دەبینیت. ڕەنگە بەمە بێدەنگیم لە هەندێک شوێندا شکاندبێت و جێپەنجەم تێدا دەرخستبێت. پەراوێزەکان، یان هاومانایەکی دیکەی وشەیەکەی بەکارهاتوون، یان ڕاڤەی بابەتێکن، پێم وا بووە ئەگەر ئەوە بۆ خوێنەر باس بکەیت، باشتر لە ڕۆمانەکە تێ بگات، یان باسکردنی زیاتری ئەو ناو و ڕووداو و شوێنانەیە کە ژان دۆست لە ڕۆمانەکەیدا تەنیا ناوی بردوون یان زۆری لەسەر نەنووسیون.

ڕۆمانەکە پڕە لە ڕستەی جوان و دانایی. نزیکە بڵێم، هەموومان کاتێک کە ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، یەکێک لەو شتانەی بۆی دەگەڕێین، دۆزینەوەی ڕستە دانایییەکانە. بەشێک لەو ڕستانەی خۆم لەم ڕۆمانەدا پێم جوان بوون، دەرم هێناون و لە کۆتاییی کتێبەکەدا دامناون.

ژان دۆست، بەم شێوەیە دەنووسرێت: “ژاندۆست”، بەڵام دیارە یەکەم جار کە ناوی نووسەر هاتووەتە ناو خوێنەرانی سۆرانییەوە، لە عەرەبیەوە وەرگیرابێت و بووە بە “جان دۆست”. حەزم دەکرد لەسەر بەرگی ڕۆمانەکە بە شێوەی ڕاست بینووسم، بەڵام پاش گفتوگۆ لەگەڵ خۆی، وای پێ باش بوو تازە هەر بەو شێوەیە بێت کە خوێنەران لەسەری ڕاهاتوون.

لە ماوەی گەشتی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانەدا، سەتان نامە و گفتوگۆم لەگەڵ نووسەردا گۆڕیوەتەوە. لە هەر شوێنێک لە مانای پەرەگرافێک گومانم هەبووبێت، بۆی گەڕاومەتەوە. لە هەر شوێنێک وشەیەکم بە شێوەیەک بەکار هێنابێت کە ڕەنگە ڕێک وەک عەرەبییەکە نەبێت، بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ خۆیدا، ئەمەش زیاتر لە دەقاودەقی گواستنەوەی ماناکانی ناو ڕۆمانەکە بەهێز دەکات.

چاپی کوردیی سۆرانیی ڕۆمانی “ئەوان چاوەڕێی کازیوەن” بە بەراورد بە چاپی عەرەبی، کەمێک درێژترە. ئەو دەزگە وەشانە عەرەبییەی ڕۆمانەکەی بڵاو کردووەتەوە، لە هەندێک شوێندا داوایان لە نووسەر کردووە، لایان ببات، چونکە بوێریی زیاد لە پێویستی تێدا بووە و گوایە بۆ کۆمەڵگەکەیان ڕەوا نییە. کاتێک بۆ جاری دووەم ژان دۆست ڕۆمانەکەی بۆ ناردمەوە، ئەو شوێنانەی سوور کردبوو، بۆ ئەوەی ئەگەر پێم خراپ بوو، منیش لایان ببەم. هیچیم لا نەبردووە؛ هەموو بڤەکانیشم وەک خۆیان داناوە. ڕۆمان بە بوێرییەکانییەوە جوانە.

کوردۆ شابان

error: Content is protected !!