پێشه‌كیی كتێبەكە
“ئیمان و گومان” ته‌نیا بریتی نییه له كۆمه‌ڵێ گومان له‌سه‌ر بڕوا، به‌ڵكوو به‌شێكی زۆر له گومانه‌كانی سه‌ر ئایینیش ده‌خاته ڕوو. هه‌ندێ گومان و خوێندنه‌وه‌ی نوێیش سه‌باره‌ت به چه‌ند چه‌مكێكی ناو ئایینی ئیسلام، هه‌ر له‌م په‌رتووكه‌ی به‌رده‌ستتدا ده‌بینی. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو نوێیه‌ک ڕێژه‌یییه و ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌وه‌ی ئێسته نوێیه و لێره نوێیه، له كات و شوێنی دیكه، له‌مێژ بێت بوورا بێت.
ئه‌م كتێبه، ئه‌گه‌رچی قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی نییه، به‌ڵام بابه‌ته‌كانی ناوی، كۆكراوه‌ی كاری ساڵانێكه. چه‌ند دانه‌یه‌كی كه‌می، پێشتر له ڕۆژنامه‌كان بڵاوم كردوونه‌ته‌وه و زۆرینه‌یان بۆ یه‌كه‌م جار له‌م كتێبه‌دا ده‌كه‌وێته به‌ر چاوی خوێنه‌ر. هێنده‌ی قه‌باره‌ی كتێبه‌كه، بابه‌تی ترم هه‌بوون، ده‌بوو به‌شێك بن تێیدا، ئیتر له هه‌ڵمه‌تی پاكتاویدا، ئه‌وانم ده‌رهێنا. هۆكاره‌كه‌یش ته‌نیا بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه، پێم وا بووبێ، ئه‌وان شایه‌نی بڵاوبوونه‌وه نین، به‌ڵكوو به‌شێكی، هه‌ڵم گرتوون بۆ قۆناغێک دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه. ده‌مه‌وێ بزانم تا چه‌ند گومانكردن له به‌ها پیرۆزكراوه‌كان به‌م زمانه‌ی من قبووڵ ده‌كرێ. ئه‌گه‌ر هات و به هێمنی تێپه‌ڕین، ئه‌وانه‌ی ماون، چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌یان بۆ زیاد ده‌كه‌م و بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م ڕێیه به‌رده‌وام ده‌بم.
به‌داخه‌وه، نووسینی كتێب به زمانی گومان، له كتێبخانه‌ی كوردیدا ده‌گمه‌نه. هه‌میشه ئه‌وه‌ی ده‌نووسێ، له ناخێكی دڵنیاوه، ئایدیاكانی بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌یش وای كردووه، هه‌ركه‌س له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی بجه‌نگێ. ئه‌م كتێبه‌ی من، جه‌نگ نییه له‌گه‌ڵ كه‌س، جه‌نگی هه‌ر یه‌كه‌مانه له‌گه‌ڵ خۆمان، جه‌نگه له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و بڕوایانه‌ی پێشتر به شێوه‌ی بۆماوه‌یی یان قوتابخانه‌ی ژیانێكی پڕ له ئایین و ئایدۆلۆژیاوه وه‌ك به‌های نه‌گۆڕ خراوه‌ته به‌شی پشته‌وه‌ی مێشكمان، ئه‌و به‌شه‌ی ئیدی به ئه‌سته‌م زانیارییه‌كانی دێنه ده‌ر یان ده‌ستكاری ده‌كرێن و ده‌شبنه نۆستالیژیا.
ئایا مه‌رجه ئه‌وه‌ی بڕوای به خوا بوو، بڕوای به ئایینیش هه‌بێ؟ له‌م كتێبه‌دا له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره گفتوگۆم كردووه. بۆچی مرۆڤی بڕوادار، ڕێگه‌ی ئایین ده‌گرێته به‌ر، بۆچی ژماره‌ی بێبڕواكان له جیهاندا، له زیادبووندان؟ لایه‌نی لاوازی بێ‌بڕوایی چییه؟ لایه‌نی به‌هێزی چییه؟ ئایینادران بۆچی وه‌ڵامی بێبڕواكانیان پێ نییه یان وه‌ڵامه‌كانیان لاوازه؟ بۆچی هه‌ر به‌و ده‌قانه وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌وی بێ‌بڕوا له بنه‌ڕه‌تا بڕوای پێی نییه؟ ئه‌ی بۆچی بێبڕواكان وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌ر نه‌بوونی میتافیزیك نییه تا به جارێ بابه‌تی بڕوا و ئایین ببڕێننه‌وه؟ ئه‌مانه و ده‌یان پرسیاری تر، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه‌ن.
پێویسته ئه‌وه بڵێم، ڕه‌نگه له هه‌موو یان زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌م كتێبه‌دا دێنه به‌رچاوی خوێنه‌ر، ئه‌و ڕایه‌ی بۆ دروست ببێت، زۆر به كورتی و سه‌رپێیی نووسراون. ئه‌م بۆچوونه، تێنه‌گه‌یشتنه له خودی كڕۆكی كتێبه‌كه. من لێره‌دا نه‌هاتووم هه‌وڵی گۆڕین یان ده‌ستكاریی بیر و بڕوای تۆ بكه‌م، به‌ڵكوو بریتییه له دروستكردنی گومان له ڕێی كۆمه‌ڵێ پرسیاره‌وه و وه‌ڵامه‌كانم بۆ خوێنه‌ر به‌جێ هێشتووه. بۆیه ئه‌گه‌ر تۆ له‌و كه‌سانه بیت ده‌ته‌وێ هه‌ر كتێبێك ده‌خوێنیته‌وه، ڕێچكه‌ت ببێ به‌و، ئه‌وا لێره‌دا من ئه‌وه‌م ناوێ، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه، ببی به خۆت، تاوه‌كوو له‌سه‌ر هه‌ر بڕوایه‌كی، ئه‌گه‌ر گۆڕیت یان مایته‌وه، به دیدی خۆت بێت نه‌وه‌ك نه‌ریتی بۆماوه‌یی.
له بابه‌ته‌كانی كۆتاییشدا، به زمانێكی ڕه‌خنه‌یی، كۆمه‌ڵێ بابه‌تی ناو ئایینی ئیسلامم زه‌ق كردوونه‌ته‌وه، وه‌ك هه‌ڵوێستی ئایینه‌كه به‌رانبه‌ر ئافره‌ت، دیارده‌ی له‌شفرۆشی له‌ناو وڵاتانی موسڵمان، گفتوگۆ له‌سه‌ر حوكمی خواردنه‌وه‌ی مه‌ی، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له ئایین و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه. ئه‌مه‌یش خۆی سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌ك بابه‌تی دیكه ده‌بێت له‌و ڕوانگه‌یه‌وه و دواتر به تایبه‌ت ده‌یانكه‌مه كتێبه‌وه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوێندن و پسپۆڕییه‌كه‌م له‌سه‌ر ئایینی ئیسلام و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی بووه، نه‌ده‌كرا له بابه‌تێكی ئاوادا به گشتی له‌سه‌ر بڕوا و ئایین بدوێم و به‌شێكی بۆ ئایینی ئیسلام چڕ نه‌كه‌مه‌وه. ئه‌وه‌یش ده‌زانم، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئایینی زۆرینه‌یه له كوردستان، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ر ئیسلامه، زیاتر مشت‌ومڕ دروست ده‌كه‌ن.
ئه‌م كتێبه، هه‌وڵی دورستكردنی مشت‌ومڕ نییه. بۆ ئه‌وه‌ی كتێبێك له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكێكی ئاوا بنووسم، ته‌مه‌نێك توێژینه‌وه و به‌دواداچوونی پێویست بوو. بڕوام وایه، ده‌بێ مرۆڤ هه‌وڵه‌كانی ته‌مه‌نی، پێشكه‌شی دوای خۆی بكات.